شاعیر: بەختیار زێوەر کتێب: دیوانی بەختیار زێوەر سەرناو: گۆرانیی سەرچنار ئاوەکەی سەرچنار چاوگەکەی نیشتمان لای منی دەردەدار تۆی شیفابەخشی گیان *** یەک دڵۆپ ئاوی تۆ گەر بگاتە دەمم لائەبا بێ درۆ دەستبەجێ گشت غەمم *** سەیر ئەکەم پڕ بەهەشت خاوەنی چیمەنی بۆیە هەروەک بەهەشت گوڵشەنی دیمەنی *** ئاوەکەی سەرچنار کەوسەری سەرزەمین تۆ دەسی کردگار پێتی بەخشیوە ژین *** هەڵقوڵە هەر بە جۆش ڕێڕەوت گەوهەرە ئاوی پیرۆز و خۆش لوتفی خوات لەسەرە *** تۆم هەبی پاک و ڕوون جێگە سەیرانی عام بۆ تەواوی دەروون ناچمە لوبنان و شام *** ئەودەمەی جار بە جار دێمە سەیران لەلات بانگ ئەکەم پڕ بە زار گەییمە ئاوی حەیات ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ بەهاری ١٩٤٦ ئەرێ لە تەختی بەندەنا بووە بە مێرغوزار لە دۆڵ و شیو و چەمەنا ڕەوانە جۆیبار لە مێرگ و دەشت و گوڵشەنا شەماڵی بێ قەرار چییە چ باسە گوڵ ڕوان بەدەستە چەشنی ئاهوان بە ڕاز و عیشوە و و دوان هەموو لە دەوری شار ئەڕۆن بە کەیف و بێ جەخار *** ئەرێ مەلانی زەرد و سوور لە بۆشیی ئاسمان هەموو بە دەنگی پڕ سروور بە شەو یا بەیان چییە کە دێنەوە لە دوور بە دەستەی بێ وچان لە بن چیاوە کانیاو بە ڕەنگی شیری تازەساو جگەلەوەی ئەدا لە چاو لە وەرد و ناو بەیار بە پێچ و دەورە دێتە خوار *** وەلێ بەهاری نازەنین ئەکەوتە ناو وڵات لە ئاسمان هەتا زەمین ئەگۆڕێ کائینات مەل و گوڵ و دڵی حەزین هیوا پەیا ئەکات لە هاژەهاگی ئاوی چەم لە پێکەنینی گوڵ بە دەم ئەبیسترێ و ئەڵێ بە جەم کە دەستی کردگار بە ڕێکی دەرئەخا نیگار *** منیش هەموو دەمێ لەلام بەهارە فەسڵی خۆش بە نەشئەی دڵ و غەرام ئەکەومە عەیش و نۆش ئەمانە خۆشە بەڵام لەکن سەری بەهۆش بەرامبەری جیهان و ژین لەبۆ ئەوەی کە باش بژین ئەبێ بە هەوڵ و ڕاپەڕین بە ڕەنج و ئیش و کار بەهار بکەین بە دوو بەهار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەسەر سەگرمە ئەم جێیە کوێیە من لێی دانیشتووم یاران پێم بڵێن تا نەڕۆیشتووم چوار دەوری داوم دەوەن و کانی دارستانێکە سڕی یەزدانی فەرشم شاخێکە بڵند و نازدار شەماڵی لەنجە ئەکا بە نزار ئەم لام سەنگاوە، ئەو لام قەرەداغ جێگایەکی خۆش، هەوایەکی ساغ چامان لێ ناوە ئەڵێی سەیرانە خەمێکمان هەبێ دووریی یارانە چین چین ئاسکە دێنە بەرچاوم سڵ ناکەن ئەڕۆن، بۆ سەیر وەستاوم قاسپە قاسپی کەو لەبن درەختا دەنگی پەلەوەر لە چیای سەختا قیژەی مناڵ و باڕەی بزن و مەڕ ئەم جێیە چۆڵەی کردووەتە مەحشەر تیپ تیپ کچە جاف ناسک نازەنین کە دێن بەرەو ڕووم دەمبەپێکەنین منیش عاشق و پەروانەکەی یار زامی دڵەکەم دێتەوە ئازار شیعر ئەخوێنمەوە، گۆرانی ئەڵێم ناڵەی خۆم ئەکەم، لە دووریی لەیلێم فایق وڵاتت دوڕڕو گەوهەرە سەرچاوەی ئاوی چەشنی کەوسەرە شاخی سەگرمە قوللەی ئیڤڵە فەرەح بەخشی گیان، موونیسی دڵە ئەهلی هەموو کورد، شیرین کردارن قەومێکی نەجیب، هەموو نازدارن گیانت دابنێ لەبەر ڕێیانا خاکی ڕێگابە لەسەر ڕێیانا میللەت و وەتەن بۆ تۆ مەقسوودە لەسەر ئەو دووانە بکوژرێی سوودە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەستەی جووتیار سەبارەت: ١٩٤٧/١٢/٠٩ سلێمانی ئەم زنجەی خۆم ناگۆڕمەوە بە تەلار نان و دۆی خۆم نادەم بە خوانی زۆردار داسی خۆم نانێم لە گەردنی هەژار هێزی شان و قۆڵم نادەم بە بێگار من سەربەستم ئیش بە دەستم زۆر بەکار من جووتیارم من جووتیارم من جووتیار کێڵگەی وڵات بۆ میر و بەگ ناکێڵم بشمکوژن زەویی خۆم جێ ناهێڵم تۆ ئەوەشێنم ئاڵتوونە شوێن هێڵم زۆردار واز دێنێ و بسکەی دێ سمێڵم گەنم و جۆی خۆم نادەم بیکەن بە عەمار گرانی پێ ساز بکەن سەرمایەدار بێ خەم ئەبم لەو خاوەنی سامانە بووژانەوەی ئێمەی لەلا گرانە لەسەر ڕەنجی ئێمەش خاوەن دیوانە حەقی ئەو نەوعە کوشتن و زیندانە چونکە چاوبرسی و خوێنمژە و نالەبار لەسەر شانی گەلی هەژار بووتە بار ئەو ڕۆژە ڕوونەی گشت گەلی کوردستان بۆ هەقی خوراو سەرجەم دێنە هەستان لەبن دێتە دەر فێڵی پوول پەرستان کلکە قنگەی بێگانەش دێتە وەستان کورد پێ ئەگا بۆ خۆی ئەبێتە سەردار لە چەرمەسەری ژیان ئەبێ ڕزگار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ساقی نامە ئەو پیاڵە مەیەی ساقی بۆت هێنام کاتێ خواردمەوە ئاگری تێ بەردام ئێستەش هەر سەرم لەوە سووڕماوە بۆ چ ئاو ئاگری لەمن بەرداوە ساقی فیداتم دەروون سووتاوم بۆ مەزە ماچێ نەدەی فەوتاوم زوو دەمت بێنە تێر تێر ماچی کەم ئەوسا بۆم تێ کە دەم دەم و کەم کەم ساقی تۆ کەوا شۆخ و شیرینی کە دێیتە لەنجە ڕێگری دینی جارێ بە عیشوە جارێ بە بادە حەسرەتی دڵم هەموو بە با دە ساقی بەهارە وەک جانی جانان پیاڵەکەت دانێ و بگرە یەک وچان نەختێ تەماشای دەشت و چیا کە دنیا گوڵزارە بەزمێ بەرپا کە نەغمەش شیرینە بە ئاوازی بەرز دوو بەستەی کوردی بڵێ لە سەد تەرز نەک من، دنیایەک دڵی مەحزوونە با دەرکەین لە دڵ ئەو خەمە دوونە جارێ ساقی بە، جارێک دلبەر بە جارێک موغەننی فەرەح ئاوەر بە ساقی دەمێکە یارم تۆراوە غەمی فیراقم ئێجگار کێشاوە ئیمڕۆ تووشت بووم خێرم تووش بووە هەر بە ئەووەڵ پێک فەرقم کردووە ئەگەر ئەمجارە تازەی کەیتەوە غەمی دووریی یار دوور ئەخەیتەوە ساقی ها پارە ئەوە بازاڕە شەرابێ بێنە بڵێ هی پارە بێ غەل و غەش و پەمەیی و ساف بێ مەقبوولی گەنج و پیر و ئەشراف بێ نەشئە شکێنی شەمپانیا بێ لابەری غەمی هەردوو دنیا بێ هێندەم بۆ تێکە سێ ڕۆژ سەرخۆش بم لارەلار بڕۆم هێندە بێ هۆش بم ساقی زەمانی شادی کردنە سبەی دووسبەی نۆرەی مردنە بۆ ئیمڕۆ خۆشە ژیانی مەستی چونکە ئەبەخشێ هەوای سەربەستی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سکاڵای دڵ بۆ ئەستێرەیەکی هاوڕێم سەبارەت: ١٩٤٤/٠٦/٠١ بەکرەجۆ ئەی ئەستێرەی پرشنگدار ڕێ نیشاندەری ڕێبوار عالەم نووستوو تۆ بێدار ئاسمان ئەبڕی بە شەوگار *** دوای زەردەپەڕ تا گزنگ چ جوانی چەشنی ئاورنگ ڕشێنەی شەوق و پرشنگ ئەدەی لەسەرم و سەر سنگ *** ئەی گەوهەری ئاسمانی سەرچاوەی نوور و جوانی تێ ئەگەم بە پەنهانی کە ئاواڵێکی گیانی *** تۆ ئەڕۆی بە لەنجەولار جریوەت دێ و بەختیار ئەزانی منی هەژار لەناو خەم ناگرم قەرار *** ئەی هاوڕێکەی شەوگارم من پەست و شەو بێدارم گوێ بگرە لە هاوارم تێ بگە لە ئازارم *** ئەم عەربەی تۆ ئەیبینی پڕ هەڵڵایە و خودبینی هەیە بۆ خۆشی ژینی تاڵان ئەکا هاودینی *** هەر هەژارە قوڕبەسەر بێ باربۆ بێ یارمەتدەر کەچی پیاوی خاوەن زەڕ بێ بەزەیی بێ خەبەر *** نەماون ئەو پیاوانە لە نەبوونی و تەنگانە بۆ دۆست و بۆ بێگانە خزمەت بکەن مەردانە *** ڕاستی بەڵێن و پەیمان درێغ چوونەوە ئاسمان لای خزم و هاوڕێی ژیان بێ باوە و ناو و نیشان *** لای گەلێکی کەم ڕووربین ئێستاش خۆشە نەزانین چونکە باسی تێکۆشین بکەم لێم ئەکەن نەفرین *** نەک شەو ڕۆژیشمان تارە زۆرمان بێ هۆش و کارە ڕووناکیی زانین دیارە ڕوو تێکردنی عارە *** لە ژینی وا بێزارم بۆیە وا گرفتارم هێندە دڵ پڕ جەخارم مائیلی کۆچ و بارم *** ئەی هاوڕێکەم دڵ پەستم هیچ لەم عەردە ناوەستم بۆ ئەوەی لێرە هەستم زووکە دەس بەرە دەستم *** بمبە بۆ ئاسمانی شین بمگێڕە تا ماومە ژین بام دووربم لەسەر زەمین بێمە شادی و پێکەنین *** خۆ ئەگەر ئەوە نابێ تۆ شاد با حاڵم وابێ دوعای چاکت لای خوا بێ بەڵکوو بۆ من گیرابێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ مناڵان سەبارەت: ١٩٤١/١١/٢٠ سلێمانی ئەی خاکی پاکی نیشتمان ئەی خاوەنی ناو و نیشان ئەی بێشەی شێری ژیان وا چاکە بۆ من تاکوو مان قوربانی تۆی کەم جیسم و جان ئەی نیشتمان... ئەی نیشتمان سیروان و زەڵم و تانجەڕۆ لام سەلسەبیلە بێ درۆ باخێکی زۆر خۆش ڕەنگ و بۆ وەختێ ئەبینم خاکی تۆ گۆپکەی هیوام دێتە چرۆ ئەی نیشتمان... ئەی نیشتمان شارت بەوێنەی مێرغوزار دێت بووەتە هاوینەهەوار دەشت و چیات جێی ئیفتیخار بۆ کوردی کەمدەستی هەژار گیانم فیدات لەیل و نەهار ئەی نیشتمان... ئەی نیشتمان ئەی دایکی بێ هاوڕەنگ و تاک بۆ بێ کەسیت بووم دەردناک شەرتە هەتا ئەمنێنە خاک قوربانی تۆی کەم گیانی پاک بۆ خزمەتت نابم هیلاک ئەی نیشتمان... ئەی نیشتمان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەشوێن سامان ئەی درهەم و ئەی دینار تاقانەی کۆشک و تەلار هێزی بەردڵی هەژار شەمامەی یار و ئەغیار هەڵسووڕانی ئیش و کار لە خۆتان دێ بێ ئازار شیرینیی ئێوەی نازدار کێوی دێنێتە ژێر بار من ناڵێم دووسەد هەزار بەڵام دیناری شینکار کە ڕووی تێ کردی یەکجار ئەتبا دیارە و دیار ئینسانێکی نالەبار هیچ نەزان و بێ دەمار هەروەک ئەفەندیی ناوشار بۆت ئەکا بە خوێندەوار هەر پارەیە بێ شومار ئەیبەخشن میر و توجار بۆ ژیانی بێ غوبار قەڵایەکە پڕ نیگار دوژمنێکی هەرزەکار کە ژینت لێ بکا تار بۆی بەرە وەکوو سەردار ئیتر ئەژیت بەختیار ئەی دەوڵەمەندی ناودار پێی ڕابوێرە بە ویقار بەڵام وریابە جار جار لای خوا نەتکا شەمەزار ئەی گەنجی لە گیان بێزار ژیر بە و بەهۆش و بەکار پارەی خزم و کەسوکار نەتبا بۆ کۆڕی قومار ئەی بەختیاری لاسار لای زۆربەی خاوەن ئەفکار ئەمڕۆ پاوەن و دۆلار بوونە سەرچاوەی ئەسرار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەحواڵی شەربەکەم ئەی شەربەکەم ئەی ڕەفیقی فائیق ئەی بێ غەم و هەم لە گشت عەلائیق ئەی سەنعەتی شاری جوانی بەغداد وەی لابەری تێنوێتیی پەریزاد بۆ نازکی هەروەکوو بلووری غەم لابەر و، باعیسی سرووری من خزمەتی تۆ بە فەرز ئەزانم هەر ڕەونەقی تۆ ئەبێ نیشانم جوابم بەرەوە ئەکەم سوئالێ ئەم حەسرەتە با نەنێمە چاڵێ بۆ چ دائیمی خاڵییە دەروونت سەرەڕای ئەوە گەرمە ئاوی ڕوونت ئەو پارەیە دام بە تۆ خەسار بوو یا تالیعی من خراپ و زار بوو وەڵامی شەربەکە: ئەی فائیقی کیسە پڕ لە درهەم وەی زاڵمی بێ غەمی موعەللەم ئەوسا کە منت کڕی لە بەغداد دوورکەوتمەوە لە خزمی دڵشاد چۆن تۆ دڵت وەک تەنوورە بۆ خوێش بۆ گەرمی منیش وەهایە ئەندێش وەک تۆ لە فیراق ئەڕێژی فرمێسک تەبعەن کە منیش هەمە ڕەگ و ئێسک ئاو دێتە دەرێ لە هەردوو چاوم دڵ گەرمم و لەت بووە هەناوم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی وڵاتم ئەی وڵاتم سەبارەت: گۆڕین لە جەمیل سدقی زەهاوییەوە ئەی وڵاتم، ئەی وڵاتم نشتمانێکی چ جوانی مەستی حوببی تۆم سەراپا تۆش قوبووڵ کە حوببی جانی *** ئەو دەمەی دڵ پڕ زووخاوم بۆ سروورم تێ ئەکۆشی خۆ ئەگەر خەو بێتە چاوم جێگە خەوبینینی خۆشی *** گۆشت و ئێسقانم لە تۆیە خوێنەکەش وا جێی دەمارە شەوکەت و شانم لە تۆیە ژینی بەرزیشم لە دیارە *** ئێسکی ئەجدادم لە تۆدا دیارە وا گشتی ڕزیوە تۆ لەش و گیانت بە من دا ژینی خۆم لەم خاکە دیوە *** من کوڕێکی گیان فیداتم تۆش تەواو دایکێکی چاکی من کە سەربەستە حەیاتم هەوڵ ئەدەم بۆ تۆ بە پاکی *** بۆ ئەوەی تۆ پڕ سەفابی خۆشە لام سەختی کە چابی هەر ئەکەم مەدحت کە جوانی وەختی ئێوارە و بەیانی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی پەپوولەی هەژاری ڕەنگاوڕەنگ ئەی پەپوولەی هەژاری ڕەنگاوڕەنگ بفڕە بۆ خۆت بەسەر گوڵ و چەمەنا لە شەقەی باڵ بدە بە سەد ئاهەنگ لە دەرودەشت و ناو چیا و دەوەنا *** چەندە جوانە کە ئەفڕی پێچاو پێچ هەر هەناسەی لە شوێنێ میوانی ڕێی فڕینت بڵند و خوار و خێچ بێ وەی و شادمان و خەندانی *** خۆزگە دوو باڵی چەشنی تۆم دەسەکەوت پێی بچوومایە ناو چەمەن بەبەیان گوڵ زیارەت بکەم بەڕیز شەش و حەوت هەڵمژم بۆن و ماچ بکەم پەڕەیان *** خۆزگە وەک تۆ بە تاقی تەنیایی ڕامبواردایە دوور لە خەڵقی زەنجین جێم چەمەنزار ئەبوو بە شەیدایی بێ غەم و دەرد و دوور لە بوغز و قین *** خۆزگە وەک تۆ لە گۆشەی دنیا تێ بگەیمایە چەندە سەربەستی بێ غەم و کەڵکەڵەی جیهان و سزا وەکوو تۆ دوور ئەبووم لە دڵپەستی *** ئەی پەپوولەی هەژاری ئێسک سووک تۆ بەسەزمان و هێمن و مەزڵووم بیری گەورەت هەیە و سەرێکی بچووک فەلسەفەی ژین لە تۆ بووە مەعلووم *** ئەی مەلی بێ هەوا و کیبر و غوروور بفڕە بۆ خۆت بە عەرد و ئاسمانا بفڕە بۆ خۆت بەزەمزەمە و بەسروور کەمە هاوتات لە کردەوەی جوانا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بێ شەوقە قەمەر وەختێ کە هەڵدێ لە هیلالا بێ شەوقە قەمەر وەختێ کە هەڵدێ لە هیلالا مۆمێکە لە چاو حوسنی ڕوخی دڵبەری والا شێتی لەبی تۆم، وێڵم و مەجنوونی بیابان پەروانەیە دڵ، وێڵە بەدووی دیدەیی کاڵا عەیشم هەنموو غەم، بێ خەو و خۆراکە وجوودم تۆش کافری ڕەحمت نییە یەک ئان لە خەیاڵا مردن بەشی گەورەی منە لەم ڕێگەیە قوربان ڕەحمێ بکە تۆش بمخەرە دەر لەم بنی چاڵا لەم ڕێگەیی پڕ تاب و غەمە فایقی زێوەر سووتانە بەشی، مردنە حیسسەی لەمە ئاڵا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وتاری کوردێک سەبارەت: ١٩٤٧/٠٨/٢١ بام ڕۆژانەکەم یەک دوو قڕان بێ خواردنم وەکوو سەپان و شوان بێ با لەشم ڕووت و دەردم گران بێ بەڵام تا مردن بێ درۆ کردن عەشقی نیشتمان دەرناکەم لە گیان بام بۆ زۆرداران بچەوسێمەوە با لە بێگاریان نەحەسێمەوە شپرزە نابم هەڵ ئەسێمەوە چونکە تا مردن بێ درۆ کردن بەرزیی وڵاتم بۆتە ئاواتم هەرچەند جێگەی خەڵق کۆشک و تەلار بێ جێی منیش قۆختە و زنج و دەوار بێ بەڵام پێویستە کە شوێنم دیار بێ بە بوون و نەبوون بە پەستیی گەردوون لە خزمەت کردن نابم تا مردن بە قسە و نووسین بە دەست و زوبان هەوڵ ئەدەم کوردی نەبەردی زەمان بخەمە سەر ڕێی بڵندی ژیان هەتا کورد زوبان لە خۆشیی ژیان بێ بەهرە نەبن چ پیاو و چ ژن ئەمەوێ عالەم تێ بگەێنم بیری نوێ لەناو کوردا ئەچێنم ڕەگی بیری کۆن لەبن دەردێنم دەسیسەی ناپاک ئەنێمە ژێر خاک ئاواتی دوژمن دەردێنم لەبن نامەوێ بژی کۆنەپەرستی ئاو ئەدەم بە خوێن گوڵی سەربەستی پێم قووت نادرێ دیلی و ژێر دەستی بە دەنگی دلێر وەکوو بێچووە شێر هاوار ئەکەم من بڕووخێ دوژمن بەڵام پێویستە ئاوەڵەکانم بە کوڵ ئەوانیش شان بەنە شانم بۆ بەرزیی کورد و بۆ کوردستانم هەتا پیر و جوان یەکدڵ یەکزوبان بەختی نەکەین خۆ نابین سەربەخۆ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەورۆزی ١٩٤٨ سەبارەت: ١٩٤٨/٣/٢١ سلێمانی بڕوانە ئاسمانی شین بڕوانە دەشتی ڕەنگین بڕوانە گوڵ و نەسرین بەهەشتێکی زۆر شیرین *** ئەڵێن ئەمڕۆ بەهارە وڵات بووکی نازدارە ڕازاوەی کردگارە دڵخۆشیمان لێ دیارە *** بڕوانە لاوانی ژیر یەکدڵ وەک حەلقەی زنجیر ڕۆڵەی نیشتمانی پیر بەبەرزیی وڵات هاوبیر *** ڕوو لە دەشت و سەیرانن دڵخۆش و شادمانن چونکە گەنجی مەیدانن ئەمڕۆ بە جەژن ئەزانن *** کیژۆڵەکانی نازدار خانمۆڵەی شیرین کردار چاوەڕوان بوون کە بەهار لەسەر بەندەن بێنە خوار *** بەڵام سوپاس بۆ یەزدان نەورۆزی دیسان ڕەخسان ئێمەش ئەیکەین بە سەیران بۆ کوردو بۆ کوردستان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەیداخ سەبارەت: وەرگێڕراوی شیعری ئەحمەد شەوقییە بۆ بەرزیی وڵات بەیداخ نیشانە بۆ سەلامی ئەو وەستان زۆر جوانە منداڵی ساوای ناو نیشتمانە بوەستن بانگ کەن لەدەشت و لە دەر خوا بیپارێزێ ئاشتی بێ یا شەڕ تاجی دەوڵەتی ئێستا و لەمەوبەر خۆشەویست بووە و بڵند و سەروەر دەستدار و بێ دەست ئەکا موزەففەر بوەستن بانگ کەن لە دەشت و لە دەر خوا بیپارێزێ ئاشتی بێ یا شەڕ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی فیداکارانی میللەت شێر مەردانی وڵات سەبارەت: لەسەر شیعرێکی مستەفا ئەفەندی کوڕی مەلا عەلی عیرفان ئەی فیداکارانی میللەت شێر مەردانی وڵات ئەی ڕەئیسانی دیانەت ساحیبی سەوم و سەڵات بۆ نیساری بێ وجوودە لیرە و ڕوپیە و مەنات «ڕوو لە خوا کەین بۆ مەلیک داویە لەدەس زیللەت نەجات کەس نەبێ چاوی لە ڕوتبەی خزمەتی کەین بێ خەڵات» تاکو دوێنێ بوو لە مەیدانا ئەتانوت ئێمە جووین سەیری ئەمڕؤ کەن هەموو سەربەست و ساحێب ئابڕووین وا لە بادەی یەکیەتی سەرمەستی فیکری هاتوهووین «گشت فیداکاری ئەوە ئێستاکە وا سەربەست کە بووین ناوی تەئریخی لەجێی ڕوتبەی فەریقی بێ لەلات» گەر نەکەین ئیسپاتی مەوجوودییەت ئەمڕۆ ئێمە چین پشتیوانێکمان هەیە وەک کێوی ئاسن وا مەتین من کە فەردێکم لە کورد بڕوا بکەن ئەی موسلمین «خزمەتی میللەت لەلام فەرزە بەتەسدیق و یەقین نەک بەدەم یاخۆ زوبان بیللاهی وامە تا مەمات» خاکی کوردستان مەحەلی عیلم و دارولفەن ئەبێ مەوقیعی ئەهلی کەمال و بۆ هونەر مەسکەن ئەبێ هەرچی وێرانێکی تیایە هەروەکو گوڵشەن ئەبێ «سەد شوکر شوعلەی چراخان ڕۆژ بەڕۆژ ڕەوشەن ئەبێ بەرقەرار و پایەدار بێ ساحێبی شەوق و حەیات» عیبرەت و دەرسە لەلای ئەهلی نەزەر وەزعی زەمەن دەرنەچن بۆ عەسری کۆن لەم وەختەدا هەوڵێ بدەن دەست لە مل یەکتر بکەن بۆ حیفزی گوڵزاری وەتەن «دیم نموونەی میللەتی غەیرە کە چۆن خزمەت ئەکەن زابتان و کاپیتان هەروەک نەفەر پۆل پۆل ئەهات» ئیتتیحادێکمان ئەبێ بێ شوبهەیە بێ ڕەیب و شەک میر و ئاغا فەرقی نامێنێ لەگەڵ خەڕڕات ولەک سەیری لەن چۆن ئەجنەبی حوکمی گەیاندە سەر فەلەک «بۆ تەرەققی موڵک و میللەت جانفیدا بوون یەک بەیەک ئیتتحادە یەکیەتی ئینسان ئەباتە ڕۆژهەڵات» فایق ئەمڕۆ گەرچی عالەم پڕ لە ئاشووبە و فیتەن حەز ئەکەم دایم لە ڕێی خاک و وەتەندا جان و تەن کوللی یەکیان پەنجەبازی کا لەگەڵ موڵکی خوتەن «مەقسەدی زاتیم نییە غەیری وەتەن ئیللا وەتەن چون فیدایی میللەتە وافی بەتەحقیق و سەبات» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە عەشقی حوسنی خەتوخاڵی نێرگسی شەهلات لە عەشقی حوسنی خەتوخاڵی نێرگسی شەهلات ئەسیرە چەن دڵی زاری فەقیر و چەن شەهلات خەیاڵی خامە ئەگەر بێتە وەسفی تۆ خامە هەزار هەزاری زوبان شێتە بێتە نەغمە سەرات چ دڵبەرێکی عەجەب دڵبەرێکی ئەی جانا لە نازی دیدەیی بازت دڵان ئەبێتە فیدات ئەگەرچی ئێستە هەڵات ڕؤژلە گەل بەعیشوە، بەڵام کە حوسنی تەلعەتی تۆی دی خەجاڵەتانە هەڵات مەڵێن لە زەربەیی غەمزەی چ کەس بەرین لە برین نیشانی زامی دیارە لە پیر و جوانی وڵات ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەرە ئەی دلبەری حەمیدە سیفات سەبارەت: ١٩٣٩/٠٦/٠١ ئاڵتوون کۆپری وەرە ئەی دلبەری حەمیدە سیفات موو کەمەر، لەب شەکەر، ئەنیسی حەیات بەکەلامت شیفای دڵم بۆ دێ بەنیگاهت بەجێ دەیێ ئاوات بەقسەی من بکەی زەرەر ناکەی چونکە من خادیمم بەعەزم و سەبات جەوری تۆ خۆشە لام بەڵام جارێ بێ ویساڵم نەکەی هەتاکو مەمات دەردی عەشقت کوشندەیە گیانە پێم کەرەم کە دەوا تەبیبی نەجات من دەماغم لە حوببی تۆ مەستە نامەوێ زەوقی عەتر و نوقڵ و نەبات سەیری چیهرەت ئەکەم ئەوەند پاکە سوورەتی خۆم دیارە وەک میرئات بەقسەی خەڵکی خۆت مەتۆرێنە دڵی فایق ئیتر مەڕەنجێنە جاربەجارێ بەدیت ئەکەم لە خەوا لە خەوی خۆش ئەبم لە نیوەشەوا وا تەسەوور ئکەم پەشیمانی لەو سزایەی بووەتە هەدەر بە هەوا دڵنەواییم ئەدەی لە هیجرانم پاش ئەوەی دڵ کە کەوتە ساز و نەوا بارک الله چ پاکە گیانی تۆ گوێ لە کەس مەگرە توبێ زاتی خوا لە ڕقی دوژمنان وەرە چابە هەر لە هیجرانی تۆیە دیدە ڕوا سەردەمێ یار و هاودەمی من بووی پێم بڵێ بۆچی ئیکە بۆت نەلوا وا بزانم ئەبێتە دوژمنی تۆ هەرکەسێ لەو جەمالی پاکە دوا تا لە دنیایی ڕۆشنا ماوم شەڕ و خێرت ئەنێمە سەرچاوم کەوتە یادم مەحەببەتی جاران ئیلتیفات و موساحەبە و عینوان عیشووە و خەندە و تەبەسسومەکەت مەحرەمی بەندە باخسووس قوربان ئەو هەموو عەیش و نۆشە چوو لە دەسم بێ پەنا ماوم ئێستە سەرگەردان چۆن لە دووریت دڵم نەناڵێنی چۆن لە هیجرەت سەرم نەبێ حەیران چۆن هەناسەی دەروون نەگاتە فەلەک چۆن جگەر لەت نەبێ لە داخی نیهان چۆن نەڕێژم لە دیدە خوێناوێ سەرزەمین تەڕ بکا وەکو باران من ڕجات لێ ئەکەم ئیتر بەسمە ئەم هەموو زیللەتە کە دیومە عەیان ئێستە وەختی ویساڵی یارانە عەسری بیستەم بەکەیفی ڕەندانە تا هەوای عەشقی تۆ لەسەرما بێ غەم لە دڵدا ئەبێ تەوەلا بێ گیان دەبێ دائیما موفەڕڕەح بێ تاجی زیللی ئەگەر لەسەر نابێ ئێستە باکم لە تەعنی خەڵق نییە لوتفی تۆ زەڕڕەیێ ئەگەر مابێ بە سەری تۆ قەسەم نییە شک بەم غەیری حوببت شتێ لە دڵما بێ ئاخ لە دەس جەوری تۆ چ بێدارم عاشقانت نزیکە شەیدا بێ من لە دووریت دڵم بووە بە تەنوور تۆش ئەڵێیت ئەم هەژارە ڕیسوا بێ بۆ هیلاکی ژیان و زاماریم چاری دەردم مەگەر لەمەولا بێ تۆ حەبیبی بەڵام وەفا ناکەی تۆ تەبیبی کەچی دەوا ناکەی بۆیە پێم خۆشە گریەیی خوێنین شۆرەزاری دڵم ئەکا ڕەنگین وەکوو گوڵ پێی دەپشکوێ گیانم چەشنی باران لە بۆ زەویی هاوین تۆ لە بیرم نەچووی هەتا زیندووم من لە بیرت ئەچم بەبێ تەحسین وەرە لابە کودوورەتی قەلبم دڵنیام کە لە فیرقەتی پڕ کین وەرە با دوژمنان موکەددەر بن ڕابوێرین بە شادی وەک پێشین وەرە ئەی نەونەمامی پڕ عیشوە چاوەڕوانت ئەکەم بە قەلبی حەزین بە قودوومت سەرم لە ڕێتایە گیان ئەکەم پێشکەشت بە سەد تەمگین چاوەڕوانت ئەکەم بەخەو تاوێ تۆش مەوەستە وەرە لە ناکاوێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەتەببوعات چوومە بنچینەی علوومی ڕەمل و جەفر و جەلجەلووت تێگەیشتم زەڕڕەیێ نەفعیان نییە هەروەک سرووت ویفقی سێ سووچ و لەگەڵ چوارسووچ وپێنج سووچم کە دی سووچەکانیان تێ گەیشتم، ئەی برا، لووت و بزووت چەند کەڕەت نووشتەی ڕەشیم نووسی چ سوودێکی نەبوو جەلبی دڵدارم ئەکرد ئەمما ڕەقیب بۆ لام بزووت بۆ عەزیمەت خوێندنی جیننی لە وەختی نیوە شەو مەستەکی و جاوی ئەسووتان دانە دانە و جووت بەجووت تەلتەهیش یا تەیرەهووج سێ چوار هەزارێکم ئەخوێند فائیدی چی هیچ نەهات بۆ لام جنۆکەی ڕووت و قووت تازە وا بام دایەوە و بادانەوەش عەیبی نییە شوێن کڵاوی سەخری جیننی ناکەوم وەک مایە پووت تۆ مەچۆرە لای قەشە و مالووم و مەلا، گەورە کچ کردەوەی جوانت ئەبێتە واسیتەی تەعجیلی شووت ڕەمڵ و قاڵ نامە و مەلای دین تێکدەری ژن تەفرەدەر دەستەڵاتم بێ بەجارێ ئەیخەمە ناو چاڵەقووت دار و بەردی شەخسەکانی کەس نەناس و بێ ئەساس وا لەجێی خۆی تەخت ئەکەم ئەیکەم بەدەشتی جێگە جووت لەم پڕوپووچانە ڕزگارم بووە و جارێکی تر دەست لە ئیشی توڕڕەهات ناکەم بە زاتی لایەمووت خۆزگە وەک من تێ گەییوم کوردەواریش وا ئەبوو ئەم قڕوقێڵانە بۆ نانە بە تەحقیق و سوبووت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تا پێ ئەگەم ئەخوێنم سەبارەت: بۆ قەرائەتی کوردیی منداڵان تا پێ ئەگەم ئەخوێنم واز لە خوێندن ناهێنمم خوێندنە چرای ژینم بۆ خۆ و دوژمن ناسینم بۆ دوا ڕۆژی ڕووناکم ئەبێتە هاوڕێی چاکم خوێندەواران بەڕێزن گورج و تێر و بەهێزن بەرامبەر چەرخی گەردوون هەیانە بازنی ئاڵتوون هۆزێکی نەخوێندەوار هەرگیز ناژی بەختیار چونکە بێگانەی زۆرزان لەپڕ لێی دێتە مەیدان هەر بە بێگار ئەیکوژێ خوێنی لەشی ئەمژێ دەغڵودانی ئەفڕێنێ ئەیبا خۆی پێ ئەژێنێ بام ئەو هۆزەش ڕیسوا بێ هیچ بە تەنگەوە نابێ ئینجا هەتا بمێنم تێ ئەکۆشم ئەخوێنم دوا ڕۆژ وەک ڕۆڵەی دڵسۆز ئەبمە پشتیوانی هۆز بۆ سەربەستیی کوردستان بەختی ئەکەم ماڵ و گیان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تۆپەکەم سەبارەت: گۆڕینی هەڵبەستی «کرتی ما لحالها»ی محەمەد بەهجەت ئەسەرییە تۆپەکەم شیرینە شکڵی، شەکرە سێوێکە خڕ و جوان سێوەکە ئەخورێ بەڵام ئەو، بۆ گەمە ئەیهێنمە مەیدان دائیما بۆ یاری ئەیبەم، بۆ هەوا ئەڕوا کە لێی دەم دەرئەچێ گەر پێمی لێ خەم، دەنگی وەک تیر دێتە گوێمان بێنەوە ئەی تیپی لاوان، با بە دەست بیگرین هەموومان یا فڕێی دەین و بچین بۆی، شەق شەننێنە خۆش و ئاسان با هەموو بەش بین بە دەستە، دابنێین چاودێر لە خۆمان هەرکەسێ سەرکەوت بەنازە، زۆر بەدەستە شێری مەیدان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جەوابی مەتەڵ شارێکی خۆشناو سەبارەت: هەڵهێنانی مەتەڵی ساڵح زەکی بەگی ساحێبقران جەوابی مەتەڵ شارێکی خۆشناو وا عەرزت ئەکەم ئەی حورمەت گیراو لە شاری کوردان جەننەتی سانی ئەگەر حەز ئەکەی ئەتۆ بیزانی ئەووەڵی «بێ»یە ئاخرەکەی «هێ» بێ چەندە خۆشە بانە ئاوا بێ «با» بۆ موسبەتە «نە» بۆ مەنفییە بانە دوو هیجا و چوار حەرفییە ئەووەڵی لابەی «ئانە»ی قیمەتدار دیوار بڕمێنی «بنە»ی قووەتدار «هێ»ی لێ لابەری بانێکی بەرزە یاخوا مەحفووز بێ لە بەڵا و تەرزە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ جلخوارەکان سەبارەت: بۆ ئەو کەسانەی مەیلی عوسمانی و گەڕانەوەی تورکیان بووە خاڵۆی تورکمان نەوەی جەنگیزخان بۆچی مەحزوونی کەوتوویە کێوان ئەملات بەهەشتی کوردەوارییە ئەولات عەرەبن زۆری شارییە سەرم سوڕ ماوە واقم وڕ ماوە تێم بگەیێنە چیت لێ قەوماوە؟ کەوتە پێکەنین خاڵۆی منەووەر وتی بە سەری ڕەشاد و ئەنوەر بە گۆڕی غازی و قەبری یوزدەمیر ئەمڕۆ دڵخۆشم ئەبمە جیهانگیر وا تورک دێتەوە بۆ ناو وڵاتمان بە گەورە و بچووک ئەکا خەڵاتمان ئەی ئەرقەداشلەر ئەی ئەرقەداشلەر گوێم لێ ڕابگرن وەک بەیتی عەنتەر وتم هەموو تورک پانزە ملیۆنە فەتحی ئەم ڕۆژەی ئوسلوبی چۆنە وتی فابریقە و تەیارەی هەیە مودەررەعات و سەیارەی هەیە سێ ملیۆن عەسکەر هەمووی پیادە ئەوەندەی تریش سواری ئامادە تۆیی سەحرایی و تفەنگی نایاب وا موهەییایە ئەگاتە پەنجاب ئەسکەندەروون و سووریەش ئەگرێ ئەنجا چاوێکیش لە عێراق ئەبڕێ بابە بێدەنگ بە تورک جیهانگیرە ئەمە ئیرسێکی باووباپیرە ئەی ئەرقەداشلەر ئەی ئەرقەداشلەر گوێم لێ ڕابگرن وەک بەیتی عەنتەر وتم تورک ئێستە لەوەی لاداوە وتی میساقی میللی هەرماوە وتم نایەوێ خۆی بفەوتێنێ وتی ئاخری شەڕ دەقەومێنێ وتم بەتەنیا شەڕی بۆ ناکرێ وتی ئەو قەومە گوێ لەوە ناگرێ وتم خۆ کەرکووک لەسەر عێراقە وتی نەوتەکەی مایەی مەراقە وتم ئەی خاڵۆ عەقڵت نەماوە هەرچی دەفەرمووی خەیاڵ پڵاوە تورکی بێچارە مەشغووڵی خۆیە تۆش وا ئەزانی دڵی لای تۆیە ئەی ئەرقەداشلەر ئەی ئەرقەداشلەر گوێم لێ ڕابگرن وەک بەیتی عەنتەر هۆ خاڵۆ خاڵۆ تۆ زۆر شێواوی تۆش وەکوو ئێمە برا خنکاوی تا تورک لێرە بوو هەمووی دوژمن بوون ئێستە کە ڕۆیی سینە کون کون بوون وا ئەوان نایەن ئێوە ئوغرکەن بەڵکوو ئەنقەرە ش وەک خۆتان کەرکەن بەخوا گەر تورک ئێوەی دەسکەوێ لێتان مەعلووم بێ ناگەنە شەوێ من پێتان ئەڵێم خەیاڵتان خاوە تورک مەیلی ئێوەی ئێستە داناوە ئەگەر لانەدەن لەم فکرە بۆشە برایەتیتان یەکجار ناخۆشە ئەی ئەرقەداشلەر ئەی ئەرقەداشلەر گوێم لێ ڕابگرن وەک بەیتی عەنتەر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ژیانێکی بێ غەم خوا بیدا بتبێ هەندێ دێمەکار بنەتۆی خۆت جووتە گای بەکار دوو مانگا و بیست سەر بزن و دە سەر مەڕ ژنێکی دڵسۆز بۆت بێنێتە بەر دوو بەڕە و چیغێ لەگەڵ چەرداخێ لە شارەزوور بی یا پەنا شاخێ لە تواناشا نەختێ بەخۆ بی لە دوای هێڵی خۆت مەستی هۆ هۆ بی بۆ خوێندەواریش هێندە بتوانی ژین بخوێنییەوە و مەعنای بزانی ئەگەر ئەمانە بۆ تۆ یەکگیر بێ دەوڵەمەندی با ناوت فەقیر بێ هیچ لازم ناکا خاوەن ئوتێل بی بەدوای ئاواتا هەمیشە وێڵ بی ژیانت پڕە لە شادی و خۆشی لە ڕەنجی شانت ئەخۆی ئەنۆشی نانێکت ئەبێ دەستدار و بێ دەس دێن لەوێ ئەیخۆن بە کەیف و هەوەس چونکە ژیانی ئێستەی شارستان هەرکەس لێی دوور بێ نابینێ زیان ڕۆژی کاسبی هەر دەس بڕینە خزم و برایی بۆ ورگە شینە خوێندن بۆ ناو و مەئمووریەتە نەک بۆ خزمەتی موڵک و میللەتە پارەداریش بی ئەبێ مەغروور بی باشتر ئەوەیە کە لە شار دوور بی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ لاوانی کورد زینەتی دیوانی کوردە، هیممەتی لاوانی کورد لائیقە ئەلحەق کە بێتە مەفخرە و عینوانی کورد حەمدولیلا نەجم و ئیقبال و سەعادەت تالیعە وا منەوەر بوو بەجارێ زولمەتی دەورانی کورد بارەکەڵڵا ئەی وەتەن پەروەر کە سەعی و غیرەتت بویتە نووری قەلب و بیناییی هەموو چاوانی کورد کەس نەڵێ ئەمڕو وەتەن وێرانی دەستی زیللەتە دەم بە دەم زاهیر ئەبێ مەعموورەیی عیرفانی کورد چارەیی دەردی جەهالەت عیلمە، ئێوەش لاوەکان عیسایی موعجیزە شیعارن بۆ بڵندیی شەئنی کورد لەکە نەکەیت لە کورد، تا ئێوە هەن دەرناکەوێ پاک و بێ عەیبە دامانی کورد تا مانی کورد سا بە دڵ هیممەت بکەن بۆ نەشری عیلم و مەعریفەت تا موبەدەل کەن بە ڕووناکی شەبی هیجرانی کورد تەیری هیممەت بێ تەئەمول سەر لە علوییەت ئەدا هائیلی پەروازە بۆ کەیوانەیی کێوانی کورد هاتفی عەرسەی بەلاغە؟ وا بەدەنگی بەرز ئەڵێ زینەتی دیوانی کوردە، هیممەتی لاوانی کورد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دوو مەیموونی چێشت لێنەر سەبارەت: وەرگێڕراوی شیعری کامیل گەیلانییە دوو مەیموونی زرنگ و جوان باش ڕاهاتبوون بۆ خۆیان خانوویەکیان بۆ خۆیان کرد چێشت لێنان فێربوون دەستوبرد لە ژیانا زۆر وریا بوون بۆ باربۆی یەک وەک برابوون ئیشی سەختیان ئاسان ئەکرد ڕێیان بە گشت هیوا ئەبرد هێندە یەکتریان خۆش ئەویست یەک لە یەک هەر چاکەی ئەبیست یەکێتی هی هەردوو لا بوو لە پێکەنین ئاشکرا بوو دڵپاک و دڵداری یەک بوون هەردوو لە یەک یەکجار مەمنوون لاسایی ئینسانیان ئەکرد هەر بە قسە ڕێیان نەبرد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ لاوەکانی سەر ئێستگەی ڕادیۆی کوردستان لە یافا دوێشەو لە دەستی پەستی پەنام بردە ڕادیۆ ڕوانیمە ئێستگەکانی وڵاتانی سەربەخۆ هەریەک بە ڕەنگێ دەنگی ئەهات پڕ لە جوستوجۆ یافام کە کردەوە بە هیوای دانس و تیاترۆ سۆزێکی نیشتمانی لە یافاوە هاتە گوێم لەرزیم و ڕاپەڕیم لە قسەی ڕۆڵەکەی ئەوێم بانگمان ئەکەن بە کوردیی پەتی وەک برا بژین بۆ دوودڵی و خراپە نەچین چونکە تیا ئەچین ڕێی یەکیەتی بە ئێمە ئەڵێن فەرزە گوێ گرین لەم ڕۆڵە کوردە دڵ بەپەرۆشانە ئافەرین هەی هەی چ بەرزە سەیر و هەوای ڕۆڵەکەی وڵات حەیفە بەغەیری ئێستگەیی یافا ببێ لەلات ڕەمزێکی کوردە دەنگی هەموویان شەپۆڵ شەپۆڵ چالاک ئەگاتە شاریی و کوردانی شاخ و چۆڵ گۆرانە چاوی دوشمنی کورد پڕ بکا لە خۆڵ گەر بێ و بچێت و بەستە بڵێ جاربەجار ڕەشۆل ئەوسا ئەبێتە سەیر و سەفا بۆ هەموو کەسێ شادی ئەبارێ گەر بەری بۆ ڕادیۆ دەسێ ئەی ژین وەرە بە عەشقی نەسیمی بەیانیان پێشکەش بکە سوپاسی من و هۆز و نیشتمان بۆ لاوەکانی ئێستگەی کوردی بە دڵ بە گیان ئەم خزمەتەی ئەوانە کەوا کورد ئەدا نیشان عەرزیان بکە کە بیری کەسی ئێرەیان نەکەن ئەو ئیشەیان نموونەیە بۆ بەرزیی وەتەن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەوگاری دڵداری سەبارەت: ١٩٤٦/١١/٠٢ سلێمانی دیسانەوە شەو هاتەوە بۆ عاشقی غەمبار بتلێتەوە تا ڕۆژ بە جەخاری دڵی زامار بێچارە بناڵێنێ وەکوو بولبولی گوڵزار پڕ سۆز و بەئازار ناکام و بەبێ یار *** هەرچەندە وەک ئەستێرە شوناسێکی جیهانی ئەڕوانمە ئاسمانی هیوای پڕ لە نیهانی لێم دیار نییە بەختی منی بیمار هەی هەی کە منی زار بەدبەختم و بێدار *** شەوگار دە بڕۆ ڕەش لادە لە چاوم من خۆم بە گەلێ دەردەوە باش تێوە گلاوم تۆش هەروەکوو مێمڵ مەبەرە ڕێگری دیدار بەس بمخەرە هاوار دڵ پەستم و دووچار *** گوێم لێیە نزیک دەنگی نەی و عوود و سەمایە بەزم و چەقەنە و بستە و بەستەی لەگەڵایە ئەو شادییە لای من بووەتە شیوەنی شەوگار بێ دیدەنی دڵدار شادی نییە یەکجار *** ئەی دڵ کەمەکێ ئۆقرە ئەگەر بگری بەیانە ڕۆژ بێتەوە گوڵزاری هیوای پڕ لە ژیانە لەم تاسە و ناکامییەی ئەمشەو ئەبی ڕزگار دەروازەیی ئەسرار ئەکرێتەوە ئەوجار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: فڕۆکە دێوێکە گیانی تیا نییە ئەکشێ بە چەشنی مار بێ دەست و قاچ و خوێنە بەبێ گۆشت و بێ دەمار ناو جەرگی پڕ لە ئاگرە هەردەم کە دێتە ئیش خۆراکی ئاوە بێ دەم و دان بێ سمێڵ و ڕیش هەرچەندە بێ پەڕە کە لەگەڵ کەوتە ئاسمان شەش ڕۆژە ڕێگە زوو ئەبڕێ ناگرێ وچان ناڵین و گرمەگرمی لە هەستان و ڕۆینا هەورە برووسکەیەکە بەسەر گیانی دوژمنا ئەم دێوە گەورە بەچکەیی زانینە ئەی هەژار زانینە دێو لە ئاسن ئەکا باڵەکەی لە دار زانینە گیان ئەخاتە لەشی دار و بەردەوە زانینە زێڕ و زیو کە دەرێنێ لە هەردەوە زانینە شاخی گەورە وەکوو لۆکە شڕ دەکا زانینە جەرگی شەو کە بە ڕووناکی پڕ ئەکا دەریا کە بوو بە ڕێگەیی ڕۆژ و شەوی هەموو زانین نەبێ کە هێزی ئەوەی بێ مەگەر چ بوو زانستییە چرایە وەکوو زێڕی باخەڵە گیانی وڵاتە بۆ سەر و گوێی دوژمنی پەڵە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پەیامێک بۆ یار بە چاوت سوێند ئەخۆم ئەی یاری نازدار دڵم لای تۆ بوو، تاکو پار و پێرار بەڕۆژ هەر هاتوچۆم بوو بۆ تەماشات بەشەو وەک کۆترێ بووم دەم بەهاوار وەها جێگیر بوو وێنەی تۆ لە سەرما خەو و خۆراک نەمابوو لام بەیەکجار بەڵێ خۆش بوو لەلام ئەو تۆزە ژینە کە ڕامانبوارد بەکوێریی چاوی ئەغیار خودا هەڵناگرێ تۆیش دڵنەرم بووی بەرامبەر من بەگوفتار و بەکردار بەپەنهانی لە گۆشەی چاوەکانت دەمم شیرین ئەبوو مانگی هەزار جار لە تاریکیی شەوا هەروا لەبیرمە من و تۆ پێکەوە بووین وەک گوڵ و خار ئەوەندە لوتفی تۆم دیوە ئەگەر بێی لەتم کەی جومگە جومگە نیمە ئازار بەڵام ئێستا ئەبێ تۆ لێم ببووری وەکوو جاران کە نیمە مەیلی دیدار شەوێ ڕێم کەوتە لای هەندێ برادەر بەکوردی تێگەیشتووی ئەهلی ناو شار یەکێکیان پێی وتم وەک سەرزەنشتێ بەسێتی سەرپەرشتی خاڵ و ڕوخسار گریمان پەیڕەوی ئێمە نەزانی بەئەشعار و بەکردار و بەئاسار لەبەرچی بولبولی خۆش خوانی یاری لە جیاتی نیشتمان و کوردی غەمبار لەسەر تۆ فەرزە بۆ بەرزیی وڵاتت شەو و ڕۆژ هەر بنووسی نەسر و ئەشعار کەچی تۆ شیعرەکانت بووەتە گاڵتە بەباسی وردە خاڵ و زوڵفی دڵدار وتم یاران بەپارە و عیلم و خزمەت منیش خۆ نیمە عیلم و زێڕ و دینار بەڵام شەرت بێ هەتا ماوم لە دنیا بەکردار و بەئەشعار و بەئەفکار درێغی قەت نەکەم بۆ نیشتمانم هەوڵ دەم من بەنووسین و بەگوفتار لەمن دڵگیر مەبە ئەی یاری گیانی لە عەشقی نیشتمان کەوتوومە هاوار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گۆرانیی گۆیژە شاخی ڕەنگاوڕەنگی گۆیژە باعیسی کەیف و سروور هەردەمە بەرگێ ئەپۆشێ، گا سپی، گا سەوز و سوور وەسفی قەومی کورد ئەکەی تۆ بەم هەموو ڕەنگانەوە ڕەنگی سوورت شاهیدە بۆ کورد کە قەومێکن جەسوور بەرگی بێ گەرد و سپیشت زاهیرە هاوار ئەکا قەومی کورد دڵ ساف و پاکە میللەتێکە بێ قسوور بەرگی سەوزیشت ئەڵێ ئەم خاکە هەر شینایییە پڕ لە دەغڵودان و کانی سەر بەڕزق و پڕ لە نوور ئەی وەتەن! شایانی فەخری، واجبە مەدحت بکەم دار و بەردت عەینی گەوهەر، خاک و خۆڵت وەک بلوور لە بەیازی مامۆستا حەمە بۆردا(هۆشەنگ) ئەم هەڵبەستە بەهی بەختیار زێوەر دانراوە و نووسراوە بەهەڵە دراوەتە پاڵ بێکەسی مەزن. ناوبراو دەڵێ من زۆر زۆر دڵنیام کە ئەم هەڵبەستە هی بەختیار زێوەرە، چونکە چەند جار لە خۆیم بیستووە کە وتوویەتی ئەم هەڵبەستە بەهەڵە بەناوی (بێکەس)ەوە بڵاوکراوەتەوە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: موتریبا بێنە پێشێ عوود و تار موتریبا بێنە پێشێ عوود و تار خاڵییە مەجلیسم لە گشت ئەغیار دەسی پێ کە بە حەنجەرەی داوود تا لە دڵدا نەمێنێ هیچ ئازار با هەموو کەس بزانێ بێ خەفەتین چاوی دوشمن ببێتەوە شەوی تار کۆمەڵێکین بەری لە گشت هەم و غەم مەستی بادەی دەسی شەریفی یار گەرچی زستانە بەفر ئەبارێ، وا وەختی بەزمە بەچەشنی فەسڵی بەهار غەمی هیچم نییە لە دونیادا غەیری یادی ڕۆخ و لەبی دڵدار موتریبا خۆش بڵێ بە نەغمەتەوە لیس فی الدار غیرە دیار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جەژنی قوربان سەبارەت: ١٩٤٤/١١/١٤ سلێمانی وا بەرە جەژنانە ئەڕوانم زەمین بەرگی سەوز و سووری شادیی کردەبەر کیژ و کوڕ دڵخۆش و دەم پڕ پێکەنین هەرزەکار بۆ شایی بەستوویە کەمەر گیانلەبەر گەورە و بچووک هەرچی ئەژین هەستی خۆشی کردووە و کەوتووەتە فەڕ جەژنی قوربانە وڵات سەیرانییە هەر بەشی من دەرد و سەرگەردانییە وەک مەلێکی چوست و چالاکی چیا سەردەمێ ئاسمانی شادی بوو بەجێم بێ خەفەت ئەفڕیم لە گەردوون دڵنیا تا لە پڕ کۆسپێکی مەینەت هاتە ڕێم شاپەڕی باڵی شکانم جیا جیا ئێستە نازانم لە کوێ کەوتووم و کێم ئەی فەلەک تۆ هەر نەوەک بۆ من وەهای بۆ گەلی بێ دەسەڵات خاوەن سزای جەژنی قوربانە بەڵام کوردی هەژار جەژنی هەر نوێژکردن و نان خواردنە هەرچی خوا فەرموویەتی نایهێننە کار هەر لە جەژنا دوودڵی و شەڕ کردنە چۆن دڵم خۆش بێ ئەبینم چەند هەزار ئیشی هەر ناکۆکیی و ناوبردنە تا وڵات جەژنی وەهابێ ساڵ بە ساڵ ئەم دڵەم جەژنان ئەبێتە کۆی زوخاڵ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وام لە بەحری ئەلەما ناگەمە سەر خەتتی کەنار وام لە بەحری ئەلەما ناگەمە سەر خەتتی کەنار زار و غەمگینە دڵم، بوومەتە قەقناس و غوبار خادیی سروەیی تۆم، بۆم بکە تەدبیر و چار ای صبا نکهتی از کوی فلانی بمن آر زار و بیمار غمم، راحت جانی بمن آر خۆت ئەزانی چییە دەردم بکە تەدبیری مراد بکە چارم بەشنەی خۆت بکە تەنویری مراد بۆ ئەوەی بژیەمەوە بیگرە نێچیری مراد قلب بی حاصل ماارا بزن اکسیر مراد یعنی از خاک در دوست نشانی بمن آر ئێشی دڵ عاجزییە دائیم و دەرهەم هەر مەست چەشنی مەخمووری شەراب، بووم لە فیراقا سەرمەست چونکە دائیم لە غەمام شادییەکم نایەتە دەست در کمین گاه نظر با دل خویشم جنگ است زابرو غمزه ی تو تیرو کمانی بمن آر وا ئەسیرم بەجەماڵی ڕوخی تۆ تازە سەنەم نییە قووەت لە زوبانا کە تەواو شەرحی بدەم دڵبەرا! وەختە بڕۆم ڕاکەمە دنیایی عەدەم در غریبی و فراق و غم دل پیر شدم ساغر می ز کف تازه جوانی بمن آر ساقیا! بێنەرە مەیدان مەیی مەقبووڵی زەمان ڕامەوەستە توخوا تێی بکە فنجان فنجان تێ کە بۆ ڕەخنەگریش تامی بچێتە ژێر دان منکران را هم ازین می دو سه ساغر بچشان وگر ایشان نستانند روانی بمن آر وا بەهارە هەموو دنیا ئەچنە سەیری چەمەن عاشقان بەزم ئەکەن و ئەهلی ڕیا تاعەت ئەکەن گوڵ و لالە و سەمەن و سونبول و نێرگس هەموو هەن ساقیا عشرت امروز به فردا مفگن یا ز دیوان قضا خط امانی بمن آر بەسزا و جەور و جەفاکەت دڵمت کردووە کفت چ نیگارێکی نە ئەمدەیتێ بەڵێنێک و نە گفت فایقا مەستی بکە سەر لە خەمی بادەیی مفت دلم از دست بشد دوش چو حافظ میگفت کی صبا نکهتی از کوی فلانی بمن آر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زینەتێکی هەیە سلێمانی سەبارەت: ١٩٤٠/١١/٠٦ سلێمانی زینەتێکی هەیە سلێمانی وەسفی ناکا زوبان بە ئاسانی کە تەماشا ئەکەم سەفای جوانی مورغی ڕۆحم ئەڵێ بە پەنهانی ئەی وەتەن، ئەی وەتەن چ شیرینی چەندە دڵگیر و چەندە ڕەنگینی مەنزەری دەشتی وەیس و کانێسکان باغی میللی کە عەتر ئەکا پەخشان گۆیژە و گردی یارەو و سەیوان لادەبا حەسرەتی دڵی ئینسان ئەی وەتەن، ئەی وەتەن چ شیرینی چەندە دڵگیر و چەندە ڕەنگینی هەر بەیانی کە زوو لە خەو هەستی سەیری دونیا بکە بەبێ هەستی شنەیەکی نەسیم بە سەرمەستی تەوقیێکت لەگەڵ ئەکا دەستی ئەی وەتەن، ئەی وەتەن چ شیرینی چەندە دڵگیر و چەندە ڕەنگینی شاخەکەی بانگ ئەکا کە چەند جوانم بێنە سەر مەنزەری درەختانم بەفرە پۆدرەی ڕۆخی درەخشانم پەلکە زێڕینە پرچی سەر شانم ئەی وەتەن، ئەی وەتەن چ شیرینی چەندە دڵگیر و چەندە ڕەنگینی هێندە لام خۆشە ئەم زەوی و زارە لای دڵی من بەهەشتی ئاودارە خۆزگە خۆشتر ئەبوو بە یەکجارە مەدەنییەت ئەگەییە ئەم شارە ئەی وەتەن، ئەی وەتەن چ شیرینی چەندە دڵگیر و چەندە ڕەنگینی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەد شوکری خودا پاکە دەروونم لە عەداوەت سەد شوکری خودا پاکە دەروونم لە عەداوەت وەک بەعزە کەسێ نیمە دڵی پڕ لە قەساوەت ئەحواڵی سیاسەت نە ئەپرسم نە ئەزانم عاشق بە قسەی عاقڵ و دانایی زەمانم قەت چەرخی فەلەک ناکەمە دوژمن بە ژیانم چۆن دێت و دەچێ لەککەیی ئەو ناخەمە شانم قەرزی ئەم و ئەو ناخەمە پشتگوێ بە فڕوفێڵ بۆ نانی بەلاش نیمە خەیاڵێ کە ببم وێڵ سواڵی عەرەق و ئەلبیسە و قۆندەرە ناکەم مەیلی شەڕە جرت و قسەیی مەسخەرە ناکەم خوو نادەمە سەر کۆنکەن و سەر پۆکەر و ڕامی گوێ نادەمە سەر شیعر و غەزەلیاتی غەرامی ئەم ڕێیە کە گرتوومە لەلام ڕاست و ڕەوانە بەم ڕەنگە ژیانی بەشەرییە چ جوانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەبەر ئاوێنە سەر لە بەیانی کە لە خەو هەستام بۆ خۆ ڕێکخستن کوڕێکی وەستام ئیتر لەبەردەم باڵا ئاوێنە ئەکەومە گرمە بگرە و بۆم بێنە تاوێک گیرۆدە بە ڕیش تاشینم دەمێک خەریکی موو هەڵپاچینم دوای ئەوە ئەچم سەر و ڕووم ئەشۆم سەرم دابێنم چیم هەبێ ئەیخۆم لەبەر ئاوێنە هێندە بەتینم ساتێکم ئەوێ بۆ جل گۆڕینم ئنجا کە وێنەی خۆم دێتە بەرچاو ئەڵێم بوومەتە لاوێکی تەواو خۆم بە خۆم ئەڵێم وا بووم بە ئینسان ئەتوانم بچم بۆ گەشتی شاران بەڵام پاش نەختێ کە ئەچمە بازاڕ هەندێ تووش ئەبم لە ئەهلی ناوشار هەرچەند بە سوورەت وەک من باڵا نین بەڵام بەسیرەت دڵسۆز و گیانین ڕووخۆش و هێمن زوبانیان شیرین بۆ فەرمانی خەڵک دەم بە پێکەنین هەر ساتەی ئیشێک ئەگرنە ئەستۆ کە سوودی هەبێ بۆ بێگانە و خۆ هێندە لاوچاکن بۆ بێ دەسەڵات هەوڵ ئەدەن بۆیان بگەنە ئاوات کە ئەوانەم دی دڵم دێتە جۆش ئەچمەوە ماڵێ هەروەکوو سەرخۆش لەبەردەم باڵا ئاوێنەی ناوماڵ ئەکەومە دەریای بێ بنی خەیاڵ تێ ئەگەم بەرگی نهێنیم ماوە وەکوو ئەمەیان جوان ڕێک نەخراوە جا بەدڵ ئەڵێم ئەی مینای گوڵگوون تۆ بۆ من دەرخە ناڕێکیی دەروون بزانم ڕاستم یاخۆ چەوێڵم ناشیرین یاخۆ شیرینی خێڵم وەک سەرم بۆنی ئەڕوا بیست هەنگاو وڵات پەرستیش ئەزانی تەواو وەک دەم و چاوم بریقەدارە پرشنگی زانین لەناویا دیارە وەک بە دەم ئێجگار قسەم بەسۆزە ئامانجەکەشم پاک و پیرۆزە؟ وەک دانم سپی لێویشم ئاڵە مژینی خوێنی کورد لایان تاڵە وەک مل هەڵپێچێ سوورە وەک خوێناو بۆ ڕێی سەربەستیش خۆی ئەخاتە داو وەک گوڵی یەخەم جوان و بێ گەردە دڵیشم وایە یاخۆ پڕ دەردە وەک لەپێش ئیشا جگەر خوێنینم کە چوومە سەرئیش باشی ئەبینم بەڵام سەد ئەفسووس هەرچەند ئەڕوانم ئەوانەی وتم نایدا نیشانم خۆزگە مینایەک ئەبوو پاک و ڕوون نیشانی ئەدام ناڕێکیی دەروون تا وەک خەریکی سەر و ساچاخم کەمێک خەریک بم لەگەڵ دەماخم لەبەر ئەو ڕێک خەم کردەی ناشیرین بەرگێک بپۆشم سەرتاپا ڕەنگین ئەوسا ئەمبینی هێندە لاوچاکم لە کوردستانا کوڕێکی تاکم ئیتر ئاوێنەم بۆ ئەبوو بە دووان ئەو بۆ ئاشکرا ئەم لە بۆ نیهان ئەو وەختە زۆر جوان ئەهاتمە بەرچاو ئەگینا هێشتا ماومە ببمە لاو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شێرە شێرە سەگێکە هی دۆستێکی من تا بڵێی وریا و زیرەک و هێمن هەروەک یاساوڵ شەو تا بەیانی لەبەر دەرگایە بۆ پاسەوانی ئیتر خاوەن ماڵ بێ خەم بێ حەسحەس بۆ خۆی لێی ئەنوێ و ناترسێ لە کەس هێشتا نەمدیوە سەگی وا ئەمین هیچ هەڵپە ناکا لەبۆ شت دزین بام سەری تەبەق هەر بەرەڵڵا بێ دەم بۆ نان نابا لەبەر لووتیا بێ ئەبێ هاوڕێکەم خۆی بەشی دانێ چونکە سپڵەیی و مووشە نازانێ بە دوو نانی جۆ و کەمۆڵەیەک ئاو قانیعە و هەڵمەت نابا بۆ پڵاو هێند بەوەفایە کە بوویتە یاری کە دیتی خۆی دێت بۆ لات بە یاری هێشتا تووتک بوو کە منی دیبوو منیش بە خۆشی خۆم پێ ناسیبوو موددەتێ ڕابوورد کە دیم لێی ترسام ئەو منی ناسی و هەڕای کرد بۆ لام قرووسکە قرووسک هەروەک زوبان زان تێی ئەگەیاندم جەفای لێک بڕان ئیتر نازانم یاران چۆن حەیوان ئەبێتە خاوەن ئەخلاقی وا جوان بەڵێ هەندێکی هی مامۆستایە بەڵام زۆریشی هەر لە خودایە زۆری وا هەیە بە ناو ئینسانە لێی ورد بیتەوە جان کوڕی جانە ئەگەر ناودەمیان پڕکەی لە هەنگوین لە تۆ بترازێن ئەکەونە نەفرین بێ وەفا و سپڵە خائین نالەبار کەموکووڕیی پیاو ئەبەن شاربەشار ماڵی خزم و دۆست وەک گەزۆ و مازوو ئەفڕێنن ئەیخۆن بە زۆری بازوو شیرازەی دۆستی لایان پساوە کەمترین هەڵەی تۆی لەبەر چاوە بە قسە هیچی نەهێشتووەتەوە بەڵام بۆ کردە زوو لێبووەتەوە دیار بێ و دیار نەبێ ئەیەوێ کە پیاو لە هیچە کەوشی بخاتە سەرچاو لای تێگەیشتوو سەگێکی هەژار بەشەڕەفترە لە سەد بەدکردار هەرچەند ئەوانە وەک پیاو خوڵقاون بەڵام تا وا بن لای من گڵاون شێرە تاو توو ناکەم بەوانە هەرچەند حەیوانە کردەوەی جوانە ئەشێ هەرکەسێ کە وا بێ خێرە پێی بڵێی درێغ نابی بە شێرە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئاواتی شەوێک سەبارەت: ١٩٤٤/٩/١ سلێمانی شەوێک ناوجەرگی ئاسمان ڕۆشن بێ وەک قەڵای مەردی دۆست و دوژمن بێ ئەستێرەی ئاسمان بە جریوەجریو پرشنگ بگرنە کەژ و دۆڵ و شیو بووکی مانگ لە کەل چاو هەڵبهێنێ تریفە تریف ڕووی خۆی بنوێنێ جار جار لە ناکاو کزەی بای شەماڵ ببێتە هاوڕێی سایەقەی ساماڵ گیانلەبەر لەژێر تارای شەوا بێ سەرجەم لە گرمە و پرخەی خەوابێ ئاواتم وایە لەگەڵ نازدارێ هەردوو یەک بگرین لەناو گوڵزارێ کام نازدار ئەوەی ئەگەر پێی شادبم لە بەندی خەم و خەفەت ئازادبم وەکوو دوو دڵسۆز هەتا بەیانی سکاڵا بکەین بە شادمانی لەسەر مەخمەڵی گیا و سەوزەڵانی شەونلخون کێش بین بۆ کامەرانی شەرابمان عەتری پەڕەی گوڵان بێ ساز و سەمتوورمان دەنگی مەلان بێ مەزەمان ماچی لێوی نازدار بێ پەرداخمان پیاڵەی چاوی دڵدار بێ لەبەردەممانا خوڕەی ڕووبار بێ لە چاوی مەستی هەستیم لێ دیار بێ ئای چەندە خۆشە لای منی هەژار ئەو شەوە بۆ خۆم ئەژیم بەختیار سەرم کەڵکەڵەی ژیانی نابێ دڵم ئارەزووی جیهانی نابێ سامانی زۆرم نایەتە بەرچاو بیرم دوور ئەبێ لە خەیاڵی خاو سا فەلەک خۆ تۆ خۆشیت هەیە و ئێش هەلێکی وەهام بۆ بێنەرە پێش با شەوێک لە سای تۆدا وەک شابم تووشی ئاوات و بەرزی هیوابم بەڵام سەد ئەفسووس بۆ تۆی نالەبار ڕەگی پیاوەتیت نابزوێ یەک جار کەواتە تەنیا ڕێی ڕاست و گوشاد مردنە بمکا بەو ئاواتە شاد تا ئەوسا گیانم لە سزادایە ژینی گیان لەوێ جووتەی هیوایە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەوبینینی کوردەواری عەقیدەیەکی خراپ و بەرباد لەناو میللەتا ماوە بێ بنیاد ئەویش عەقیدە بە خەوبینینە گوایە هەموو کەس پاک و بەدینە حەزرەت کە فەرمووی رؤیا الصالحین دەلالەت ئەکا لە پیاوی بەدین ئەنبیای کیرام، ئەولیای کیبار خەویان تەواو بوو بە ئەمری جەببار هەموو خەوێکیان ئەمری یەزدان بوو کە هاتنەدیشی یەکجار ئاسان بوو ئەمڕۆکە عیلم لە موعجیزاتە سەیری خەو کردن زۆر خەرافاتە بەڵام ئێستاکە لەوسا جیایە نە عەسری نەبی و نە ئەولیایە ئەم عەسرەی ئێمە خۆخۆیی باوە ئەو کەرامەتەی پێشوو نەماوە تەسەووراتی وەختی بێداری دێتەوە خەومان وەکوو هۆشیاری زۆر جار هەندێ کەس کە خەو ئەبینێ بۆی پەیا ئەکات ئیبن سیرین ێ بە سەد ڕەنگ مەعنای لێک ئەداتەوە هێشتا دڵیشی ئاو ناخواتەوە لە هەڵەبجە بووم ڕێم کەوتە مزگەوت دووانم دی یەکەم زوبانی نەسرەوت وتی لە خەوما لەوحەیەکم دی ڕەنگی ڕەش بەڵام بە خەتی سپی لە ناوەڕاستی وەها نووسرابوو فڵان کەس هاکا تووشی قەزا بوو وتم ئەم خەوە نابێ بە ئەساس هیچ دڵی خۆیشت مەخەرە وەسواس وتی وا چاکە خەبەر بنێرم ئاگای لە خۆی بێ من خاوەن خێرم ڕۆژی قەزاکە بیست و سێی مانگ بوو شوکور ئەو پیاوەش لە قەزا دەرچوو عەوامی ئێمە چونکە جاهیلن دائیم تالیبی فیکری باتیلن یەکێ عاقڵ بێ گوێ ناداتە خەو ناشپرسێ مەعنای چییە لەم و لەو شاعیری مەشهور کە نالیی ناوە ئەم شیعرە جوانەی بۆمان داناوە: «تەعبیری خەیاڵ و خەو ئەگەر بێتە حیسابێ دەروێش و گەدا شاه و، ئەبێ شاه گەدا بێ» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: باوەڕ مەکە بە ڕیشی درێژ پرچی گرژ و لوول باوەڕ مەکە بە ڕیشی درێژ، پرچی گرژ و لوول ئیمانی پوختی مەتڵەبە ئەمری خودا و ڕەسوول سۆفی وەرە بەحەزرەتی شێخ سوێندی تۆ ئەدەم بەسیە گورێز و خەڵوە و دانیشتنی مەلوول بەم گرمەگرم و دەنگە کە عالەم لە خەو ئەکا ئایا کەلامی ئێزەدی بۆ تۆ ئەکا نزوول ڕێیەکی ڕاستە دینی موبینی محەمەدی ئیفراتی ناوێ، لادە لە فیکری بەد و فزوول ئنجا بە سیدقی سافەوە ڕەنجێ بدە هەتا یەزدانی پاک موعاوینی تۆ بێ على الأصول دەروێش لە داخی حاڵەتی تۆ دڵ موشەووەشە بەم زیللەتە سەعادەتی دونیات ئەکا ئوفوول فایق دەمێکە تەرکی خەرافاتی کردووە ئیمانی ساغە، بۆچی لە ڕێی حەق بکا عدول ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خواوەندی جوانی لای خوداوەندی شیرینی جوانی ملکەچ وەستابووم بە پەرێشانی بە دڵی پاک و سەری بێ غوروور ورد ئەبوومەوە لە جوانی پڕ نوور لەپڕ شەماڵێ هەڵی کرد لە من هات دای لە هەستم بردی شنەشن بۆ ناو ئاسمانی بیری بێ پایان فڕاندی ساتێ لێی نەگرت وچان ئێستە لەوێدا کەوتووەتە شادی مەستی دڵداری و نەشئەی ئازادی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وا بزانم خەو بوو لە بێشەڵانی سەر لووتکەی شاخێ لە شادی هەڵمدابوو بەیداخێ جێیەک بوو کۆنە ئێڵاخی شاهان ئاوەڵی هەوری بەرزی ئاسمان ئاوی وەک چاوی قرژاڵ ڕووناک بوو دەرمانی دڵی تەنگ و غەمناک بوو بریسک و هوڕڕی هەروەک مرواری بەنرخ بوو بەڵام کەم بوو کڕیاری بۆنی کەنێرە و گوڵەبەڕۆنە هەنگی کێش ئەکرد لە دوور بەو بۆنە بەیان لە دەنگی مەلی ناو نزار لە خەو هەڵئەستام گوێم ئەگرت زۆر جار نە ساز و سەمتوور نە عوود و کەمان خۆشییەکی وای نەئەدا بە گیان بای شەماڵ فێنک ئەهات بەرەو ڕووم زۆر بۆنی خۆشی ئەسوو لە کەپووم لە دامێنەوە چەم و چغورد بوو ڕێبازی جاف و گۆران و کورد بوو جگە لەوانەش کە مانگ هەڵ ئەهات بە پرشنگی نوور ئەیکردم خەڵات سەرم بە وێنەی قوتووی وێنەگر ئەو دیمەنانەی ئەگرت کوتوپڕ لەناو شۆراوی قوڵکەی چاومدا ئەیشتنەوانێ تا خۆی دەرئەدا بە شەو یەک بە یەک ئەیخستە بەرچاو شەویش بەوانە دڵ ئەکەوتە داو لەوێ بەتەنیا کە دوورە شار بووم بۆ خۆم ئاسوودە زۆر بەختیار بووم ڕۆژێک کە ڕوانیم کچێک چواردە ساڵ هاتە لام دانیشت بۆم بوو بە ئاواڵ بە قسەی شیرین بە عیشوەداری خستمیە گێژی دەریای دڵداری دوو هاوڕێی دۆست و دوو یاری گیانی کەوتینە سەیران بە شادمانی دڵپاک بێ کینە لە گوڵ ڕەنگین تر ڕەوشتی لە خۆی زیاتر شیرینتر بە شۆخوشەنگی بە چاوی بادام دڵەی هەژار و بێ هۆشی بادام بەڵێ لەپێشا هەرچەند تەنیا بووم بە ڕاستی خاوەن سەیر و سەفا بووم کە ئەو هات ئێجگار دڵشادی کردم لە تەنیایی ژین ئازادی کردم بە شەو دائەنیشت لە ژوور سەرینم خوا خوام بوو نەڕوا یاری شیرینم بەیانێک بێ من ڕووی کردە ناودێ هەر چاوەڕوان بووم بێتەوە لەوێ بەڵام ڕۆژ ڕابوورد شەوی سەختم بوو بە شەو هەر دەنگی پەپووی بەختم بوو نەگەڕایەوە گیانی شیرینم سەری خۆم هەڵگرت بچم بیوێنم ئەمە چەند ساڵە بۆی سەرگەردانم لە کوردستانا وێڵی شارانم نازانم چووەتە کام دێ کام هەوار چۆن منی جێ هێشت بە ئێش و ئازار تۆ بڵێی یاران بۆ جارێکی تر یەک بگرینەوە هەردوو کوتوپڕ بەڵام داخەکەم خەتا هی ئەو بوو نایبینمەوە وا بزانم خەو بوو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە کوێی ئەی شادمانی ئەی هیوای بەرزی ژیانی دڵ لە کوێی ئەی شادمانی ئەی هیوای بەرزی ژیانی دڵ لە کوێی ئەی تاقە ئەستێرەی بەیانی کامەرانی دڵ لە باخێکا هەتا چاو بڕ ئەکا گوڵ چەتری هەڵدابێ لە ناوەندی گوڵا چەند دلبەری پڕ عیشوە وەستابێ بە بەزم و ڕەزمەوە زۆر کەس لەوێدا مەست و شەیدا بێ کە ئەڕوانم دڵم هەر پەستە نەشئەی تیا پەیا نابێ لە کوێی ئەی شادمانی ئەی هیوای بەرزی ژیانی من لە کوێی ئەی تاقە ئەستێرەی بەیانی کامەرانی من گەلێ جار وا ئەکەومە گێژەوە خۆم ڕێ بە خۆم نابەم ئەڵێم با مەینەتی دنیا بە جامێ مەی لە دڵ لابەم لە کاتێکا کەوا سەرمەستی نۆشی ئەو مەیی نابەم کەچی دەردی دڵم زیاتر ئەبێ بۆ کوێوە هانا بەم لە کوێی ئەی شادمانی ئەی هیوای بەرزی ژیانی دڵ لە کوێی ئەی تاقە ئەستێرەی بەیانی کامەرانی دڵ لەلای من وا بووە تا ئێستە واشی تێ ئەگەم جارێ لە سیمای دڵبەران با چەشنی مانگ بێ شادی نابارێ بە پارەش نایەتە بەرهەم لە دڵ دەرکردنی خارێ بەڵام گەر بەختیار بیت شادمانیت دێتە ئاقارێ لە کوێی ئەی بەختیاری تۆی دەوای دەردی ژیانی من لە کوێی ئەی تاقە ئەستێرەی بەیانی کامەرانی من لەلای من بەختیاری چووەتە ناو پرشنگی ئازادی لە هەرجێ دەرکەوێ نامێنێ بەدبەختی و بێدادی ئەوی بچنێتەوە پرشنگی ئازادی، بڕە شادی لە دەس پەستی زەمان و زۆری بێگانە نییە دادی لە کوێی ئەی ڕۆژی ئازادی ئەتۆی نووری وڵاتی من لە کوێی چاوت هەڵێنە بۆ ژیان و بۆ حەیاتی من لە کوێی وا چاوەڕوانم ڕوو لە خاکی نیشتمانم کەی بە تیشکی بەختیاریت چارەی زامی نیهانم کەی لە قووڵکەی پەستییا ڕام کێشە دەربەستی ژیانم کەی هیوای دواڕۆژ و هەستی پڕ لە کەللە و ناخی گیانم کەی لە کوێی ئەی عیلم و عیرفان چونکە هەرتۆی نوور و هاتی من دەسا چاوت هەڵێنە بۆ ژیان و بۆ نەجاتی من ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەسەر لووتکەی بڵندی پیرەمەگروون سەبارەت: ١٩٤٦/٠٧/٠٨ واژە، سنگێ، گردەزبێر، گۆرانگە لەسەر لووتکەی بڵندی پیرەمەگروون کە لای من بووەتە شاخی زیو و ئاڵتوون شەوێک دیم دوو پەریی پڕ سۆز و مەحزوون ئەیان وت تێ بگە ئەی چەرخی گەردوون ئەگەرچی ڕۆژهەڵاتین و کەساسین لە ڕۆژئاوایی جوانتر دوڕ شوناسین ئەزانین یەکیەتی شێوەی برایە دەسیسە و تەفرەدان جورم و سزایە بەڵێنی هیچ و پووچ داوی بەڵایە ئەوەی کۆنەپەرستە بێ ڕەزایە وەکوو جاف سینە ساف و شێوە خاسین لە ورتەی تانە و ئاژاوە کاسین ئەزانین ئێرە خاکی نیشتمانە ئەوی تیا دائەنیشێ خانەدانە درشت و وردی تامەزرۆی ژیانە هەموو دیلی و کەلەبچەی لا گرانە بمانناسە براخاس و هەباسین شەو و ڕۆژ هۆگری هەوجاڕ و داسین ئەزانین تۆی ناکۆکی چ ڕەنگە ئەوەی بۆمان ئەچێنێ زۆر دەبەنگە هیوای تێکچوونی ئێمە و سەر بە جەنگە بە ڕاوێژ ئیش نەکەین لای ئێمە نەنگە لەگەڵ دۆست و برا دڵ پڕ سوپاسین لەگەڵ دوژمن لە جەنگا بێ هەراسین نەزانین هۆزی ئێمە زۆر هەژارە لە چاو هۆزانی غەربا نادیارە بەڵام ئەمڕۆگەلێکی زۆر بەکارە بە ئامانجی بڵندی بەختیارە بە ڕووسووری وەکوو لالە عەباسین لەسەر بستێ زەوی دڵ گەرمە پاسین ئەزانین عیلم و فەن هۆی پێکەنینە هەچی هۆزێ کە نەیبێ بێ نگینە بناغەی پایە بەرزیی سەرزەمینە نەوەک هۆی خاک کڕین و خوێن مژینە ئەوەی وابێ لەگەڵیا بێ تەماسین دەسەو چەک ڕووبەڕوو یان بۆی مەڵاسین ئەزانین مەبدەئی چاکە دیموکرات بەبێ ئەو مەبدەئە ناگەینە ئاوات دیموکرات جوانترە بگرە هەزار قات لە ئیستیعمار و فاشیستی خەرافات بەڵێ بۆ هەر شتێ خاوەن ئەساسین لەبەر بووکی وڵاتیشا کراسین بەڕاستی ئەم قسانە دڵمی جووڵان کە ڕوانیم لای نەدیوی پشتی ئەکوان بەشێکی زۆر فریشتەی پاکی یەزدان بە ئاڵایەکەوە هاتن بە گریان بەوانیشیان ئەوت زؤر بێ قیاسین مەترسن پشتی ئێوە و ئێوە ناسین بەدڵ هەستام بچم بۆ لای ئەوانە بەڵام خەو ئەو قولی ئێسک گرانە وەهای بادام کە سەیرم کرد بەیانە منیش هێندەم لە گوفتاریان ڕەوانە لە ناپاک وایە کوردی بێ حەواسین بەڵام لای پاک جەوان مەرد و بە باسین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەناو دۆڵی مێرگەپان سەبارەت: ١٩٤٥/٦/٢٩ سلێمانی لەناو دۆڵی مێرگەپان کوێستانەکەی کوردستان ئەڕۆیشتم سەرگەردان سەرمەستی دیمەنی جوان لەم بن دار بۆ ئەو بن دار وەک سەر لێشێواوی یار سەرەوژوور و سەرەوخوار ئەمکێڵا هەردە و نزار لەم کانی بۆ ئەو کانی وەک موغناتیسی گیانی بە هێزێکی ئاسمانی ڕائەکێشرام پەنهانی پیرەمەگروونی شیرین بە ڕەند و بەفری زیوین بریسک و هووڕی ڕەنگین ئەیدا لە گەردوونی شین لەپڕ شەماڵی نازدار پڕ لە بۆنی گیای نزار بۆ سوپاسی کردگار ئەشنایەوە جاروبار پەپوولەی جوان و ڕەنگین مەل بە ئاوازی شیرین ڕمزن لەبۆ خۆشیی ژین شاد ئەکەن دڵی غەمگین دیمەنی ئەم وڵاتە کە کانگای پیت و هاتە چاوگەی هەوڵ و خەباتە بەڵگەی نەمری ئاواتە هەی هەی لە شوانی ڕەبەن چەند بەجۆشە تەن بە تەن وەک بگێڕێ زەماوەن قریوەی دێ لە بەندەن جار بە جار شمشاڵی جوان ڕووئەکاتە ئاسمان مارشی سەربەستیی ژیان لێ ئەدا بە سەد عینوان منیش بە نەشئە و خەیاڵ لێم ڕوابوو پەڕ و باڵ بۆ ماهی زەرد و سەر یاڵ فڕکەم ئەکرد بێ ئاواڵ ناکاو دەنگێکی پەنهان هەروەک سروشتی یەزدان بانگی کردم ئەی جوان خاس بڕوانە مێرگەپان سەیر ئەکەم زۆر هەرزەکار هەموو چالاک و هوشیار لەسەر دێبەر لە شوێن بار هەڵئەسووڕێن بێ قەرار ئیشکەر کاسب گورج وگۆڵ لێیان هەڵماڵیوە قۆڵ بەراو و دێم شیو و دۆڵ ئەکێڵن بۆ پارەی مۆڵ ئەمبینی کاکەی جووتیار هێند کاسبە و بەدەمار لەسەر دەستەدووێ هەوجاڕ چەماوەتەوە بێدار خۆ دەستە کچی نازدار کە جوانترن لە هی شار هێند سەربەستن و بەکار پۆل پۆل ئەچوون بۆ بژار نە بە سووراو و نە سپیاو گۆڕیویانە دەم و چاو بە کردە و جوانیی تەواو ئینسان ئەخەنە ناو داو لە کوێستانی خوار و ژوور لەگەڵ وەنەوشە و چنوور هەر لادێیی بێ غروور ڕائەبوێرن بە سروور بە هەوڵ و بە ڕەنجی شان پەیا ئەکەن بەرگ و نان هیچ کول نابن بۆ فەرمان لەش سووکن و بەسەزمان ئەمویست تا ژینم ماوە لەو جێ خۆشە و سەرئاوە گەر مشتێ پارەم داوە زنجێک بکەم لەو ناوە زنجێک جوان و سادەکار خاڵی لە نەخش و نیگار نەک وەکوو کۆشکی زۆردار بکرێ بە خوێنی هەژار ئنجا بە زۆری بازوو خۆم ببوژێنمەوە زوو لەسەر لەشێکی ماندوو دەس بەرم بۆ ئارەزوو ئەوسا بە گیانێکی پاک ئەمتوانی بژیم بێ باک ئەمتوانی بڵێم زۆر چاک سەربەستم نابم بە خاک ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کاغەزێک بۆ باوکم لە بەغداوە سەبارەت: بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە بابە! ئەگەرچی ساکنی بەغدادی دڵبەرم هەرچەند ئەنیسی ئەهلی موجیدد و دلاوەرم ئەمما کە یادی ئەو وەتەنەم دێتەوە خەیاڵ دڵ عاجزە، موشەووەشە فیکرم، موکەددەرم بابە! بە یادی ئەو وەتەنە و ئاو و خاکەکەی زەڕڕاتی لەش بە یەکتر ئەڵێن من موعەتتەرم یادێکی مەعنەوی شک ئەبەم لەو وڵاتەدا تەئسیر ئەکاتە سەر دڵی زاری موحەققەرم ئەو خاکە پێم ئەڵێ بە تەبیعەت کە گەوهەرم ئەو ئاوە پێم ئەڵێ بە تەبیعەت کە کەوسەرم ئەو کوردە پێم ئەڵێ کەیومەرس و سکەندەرم ئەو ئەهلە پێم ئەڵێ بە شەجاعەت کە حەیدەرم بەخوا لە دووریی ئەو وەتەنە و ئەهل و خاکەکەی ڕۆژم بە مانگە، مانگ بە ساڵ، تاجەکەی سەرم ئەم جەژنە دێمەوە بە لیقای شاد ئەبم ئەگەر چەرخی فەلەک خەراپی نەکا هەرچی شک بەرم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شێوەت کە هەڵی داوە لەسەر چاوی خەیاڵم سەبارەت: ١٩٤٢/٠١/٠٣ چوارتا شێوەت کە هەڵی داوە لەسەر چاوی خەیاڵم یادت لە دەروونمایە و پێی شاه و قەڕاڵم نامەت لەبری تاجی سەرم زینەتی گیانی هێشتاکو ئەڵێی نۆکەرم، ئەی هەشت بێ بەماڵم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: فایەقی بەدبەخت سەلامون عەلەیک فایەقی بەدبەخت سەلامون عەلەیک بۆ چی شێواوی، کەی پەرێشانم نەمناسیتەوە وەمزانی غەیرەیت خۆ تێپەڕ نەبووم ڕۆحی ڕەوانم هەزار سەلام و ڕەحمەتت لێ بێ جا گوێ ڕابگرە بۆ داستانم بەهار و هاوین پایز بێ غەم بووم ئێستا موتیعی ئەمری زستانم ئەمری پێ کردم هاتم بۆ بەغداد ئەڕۆم میوانی بەحری عومانم کۆمەڵی لاوان تا بێ گەرم ئەبن پاشەڕۆژی کورد ڕوونە ئەیزانم بەفرەکەی زستان کڕێوە ئەکات کیژی جاف ئەڵێت حووری عەدنانم شاخی دەماغ بەرز خاکی لە سەر تەرز بێشەی شێر ئەڵێ تەختی سڵێمانم سەرچاوەم پاکە، پیاوم بێ باکە کوردم غەمناکە بۆ نیشتمانم دەشتی بەرانان، ئاوی پڕ ئیحسان هەورامان ئەڵێ کێوی جارانم یاری ئەربابم دڵخۆش و شادن عالەم کش و مات، ئیتر نازانم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕووباری سیروان بینای چاوانم ڕووباری سیروان، بینای چاوانم ڕۆحم قوربانت، دەردت لە گیانم هاتوچۆ ئەکەی سەلامت کوانێ یاخۆ تۆش ئەڵێیت مەست و حەیرانم دڵم پێت خۆشە خەڵقی وڵاتی ئەحواڵیان چۆنە گەلی لاوانم تانوپۆ ڕەنگین، کیژی عێلی جاف بۆم بەیان بکە حاڵی کوێستانم شاخی ڕەنگاوڕەنگ، خاکی پڕ ئاهەنگ جەنگەڵی شێران، چۆنە مەیدانم سەرچاوەی ئاوات، هیممەتی پیاوت کوردی بێ باوت ماوە بیزانم دەشتی پڕ گەوهەر، ئاوی وەک کەوسەر نەشئەی نەشکاوە کۆی هەورامانم سیروان ئەحواڵی یار و ئەربابت حەوادیساتی ناو کوردستانم بۆم بەیان بکە شێواوە حاڵم تەسکینی بدە بە دەرد و ژانم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مامۆستای دڵسۆز مامۆستا گیان تۆ لای من زۆر پیرۆزی تۆ لە باوکم زیاتر بۆ من دڵسۆزی جوان هەست ئەکەم بە زوبانێکی شیرین پێم ئەبەخشی زانستی خۆت چین بە چین هێزی دڵ و دماغت هێندە بەرزە وتارەکەم هەستیم دێنێتە لەرزە تۆ بە بیری ڕووناک ڕێگەی ژیانم ڕۆشن ئەکەی چەوتیم ئەدەی نیشانم ئاگام لێیە بەباسی کرداری جوان ئەمخەیتە سەر شەقامی ڕاست و ڕەوان زۆر حەز ئەکەی وەک دانیشتووی ڕۆژئاوا خۆم و هۆزم بەرز بینەوە بێ داوا لە مەیدانی ژیانا سەربەخۆبین زانا و هوشیار لەگەڵ یەک بێ درۆبین مامۆستا گیان تۆ پێشەوای جوانانی چرای ڕووناکیی خاکی کوردستانی لە نیشتمانا سەرکردەی زانستیت بنچینە دانەری قەڵای سەربەستیت بەڵام سەد ئاخ ئەوەمان ناتەواوە لای کورد هێشتا قەدرت باش نەزانراوە ئەمجا تۆش گەورەم چونکە ئێجگار ژیری لام وایە لەم حاڵە کەمێ دڵگیری باوەڕ ناکەم ئەوەش عەزمت بشکێنێ دانا هیچ کاتێک عەزمی نانەوێنێ ڕۆژێک ئەبێ قەدرت بگرن بە چاوان لەبەر دەمتا بوەستن تیپی لاوان هەیکەلێکت بۆ بکەن گشتی ئاڵتوون گوڵبارانی بکەن بە شەوقی دەروون هیوای من و تۆ ئەوسا دێتە مەیدان کوڕنووش بەرن بۆ هەیکەلت پیر و جوان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەڕ من مەڕم زۆر خۆش ئەوێ بە دڵ و بە گیان شیرەکەی گوانی ئەدۆشین پاک و جوان ماست و ماستاو و کەرە و کەشک و فرۆی لێ ئەکەین، ئەیخۆین پەنیر و مەشکە دۆی خورییەکەی ئەبڕین و ئەیشۆین پاک هەمووی بۆم ئەڕێسن کیژ و ژن تاو تاوی مووی پاش ئەمە ئەیبەم لە بۆ جۆڵایی شار تار و پۆی بچنێ بە ئیشی وردە کار ئەیچنێ لێی بۆ جلوبەرگی کوردان شاڵ و چۆخە و ڕانکی نایاب و جوان ساڵێ بەرخێکمان بە دیاری پێ ئەدا گۆشت و قاورمەی ئەخۆین و بێ سەدا ئەم هەموو نەفعەی هەیە ئەی کاکە گیان بۆیە زۆرم خۆش ئەوێ بە دڵ و بە گیان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چۆلەکە سەبارەت: گۆڕینی هەڵبەستی «أتا عصفورة الهوى»ی جەمیل سدقی زەهاوییە من وەکوو بێچووە چۆلەکەی خۆشی هەموو بەیانی بۆ خۆم ئەخوێنم کە شەو تێ پەڕی دنیا ڕووناک بوو دڵخۆشم بۆیە واز لە خەو دێنم *** چاوت هەڵبڕە خوشکی نازەنین زەردە و پرشنگی ڕۆژ پڕ دنیایە سەیری تیشکی ڕۆژ بکە چەند جوانە دنیای داگیر کرد خۆشی ئێستایە *** تەماشای دنیا بکە بەیانە چاوت تێر نابێ ئەوەندە جوانە هەموو پارچەیەک لە شاخ و لە دەشت بە دڵ مەسروورە و بە دەم خەندانە *** گوڵ پێ ئەکەنێ بەرامبەر بولبول لەناو باخانا بە دڵی بێ غەم شەماڵیش لقی دار دێنی و دەبا لەسەر شاخ و دەشت، لەناو شیو و چەم *** پێش ئەوەی بولبول هەستێ بخوێنێ بەو دەنگە خۆشە بە بەزمی ڕەنگین تۆش هەستە لە خەو هەردووکمان ئەچین لەگەڵیا ئەڵێین یاخود گوێ ئەگرین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: میللەتێک هیوای بەرزیی ژیان بێ سەبارەت: ١٩٤٨/٠٢/٠٩ سلێمانی میللەتێک هیوای بەرزیی ژیان بێ تینووی ئازادی و دیلی زەمان بێ بەندی و هەژاریی زۆر لا گران بێ هێزی مەردانەی کە هاتە گەردش وەک ئەتۆم زەمین دێنێتە جونبوش میللەتێک زۆربەی نەخوێندەوار بێ چەوساوەی دەستی سەرمایەدار بێ جەرگ هەڵکزاوی ئاگری زۆردار بێ کە جووڵایەوە وا خۆی ئەنوێنێ کە تۆڵەی ڕۆژی ڕەشی بستێنێ میللەتێک مێژووی ڕووناک و جوان بێ ئەولای ئەردەڵان ئەم لای بۆتان بێ کانگای ئاڵتوون و نەوت و سامان بێ هیچ هێزێک نییە ڕێی بباتە بەست بە زانست و فەنن خۆی ئەکا سەربەست میللەتێک چاوی لە خەو هەڵهێنێ ببینێ دوژمن زۆری بۆ دێنێ ستەمە سەری بۆ دانەوێنێ بێگومان ژیان لە خۆی تاڵ ئەکا تا لاشەی دوژمن لەناو چاڵ ئەکا میللەتێک نەوەی کاوەی ئازا بێ بۆ سەرکەوتنی خۆی دڵنیا بێ بۆ ژیانیشی دڵ پڕ هیوا بێ زۆری پێ ناچێ ئەگاتە ئاوات ئاڵای سەربەستی بە خوێن هەڵ ئەکات ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەم کوردە کەوا ئێستە لە هەر مەرتەبە دوونن ئەم کوردە کەوا ئێستە لە هەر مەرتەبە دوونن هەر مایلی بێ عیلمیی و دواکەوتن و بوونن ئیمڕۆ لە جیهانا نییە ئینسانێ بەبێ ئیش خەڵقی وەتەنی ئێمەیە بێ کار و چەتوونن تا فیکری بەدی مەسکەنی ناو میللەتی کوردە باوەڕ بکە تا ڕۆژی حەشر خوار و زەبوونن ئەی قەومی زەلیل عەسری تەقەددوم سەرە ڕێتە ئەم عالەمە هەر پێش ئەکەون مەستی فنوونن عەیبە، حەسەد و بوغز و نیفاق ڕۆژی نەماوە عیلم و عەمەلە ڕۆحی بەشەر، زینەتی ڕوونن بۆ خزمەتی ئەمڕۆ و سبەی سەیری غەرب کەن یەک لەحزە نەبوون غافڵ و ئەربابی شئوونن تۆش نۆرەتە ئەی میللەتی مەزڵوومە هونەر کەی خاوەن دڵ و گیان و هونەر و گەرمییی خوونن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەو کەسانەی گاڵتە بەم کوردە بکەن بێجا ئەکەن سەبارەت: بۆ ڕۆژی ڕەشی شەشی ئەیلوولی ١٩٣٠ ئەو کەسانەی گاڵتە بەم کوردە بکەن بێجا ئەکەن تەرکی ئادابی مرووەت، فیکری بێ مەعنا ئەکەن قەومی کورد ئاساری چاکەی زۆرە، تەئریخ شاهیدە نەگبەتی ڕووی کردە ئێمە بۆیە ئیستیهزا ئەکەن نامدارانی وڵاتمان گەه لە شەرق و گەه لە غەرب جونبوشی شێرانەو و تەسخیری بێ هەمتا ئەکەن خۆ کەریم خان و سەلاحەددین و شاهانی بەبان لاپەڕەی تەئریخی کورد وەک کاغەزی بەیزا ئەکەن قەهرەمانانی وەتەنمان بۆ بڵندیی خاکمان مل بە سێدارەی بڵندی تورکی بێ پەروا ئەکەن زۆر نییە خۆم دیم ڕژابوو خوێنی لاوانی وەتەن هەروەکو جۆگا لەبەر دەرکی سەرا حاشا ئەکەن ئێمە ئەولادی ئەوانەین تێ بگەن ئەی دوژمنان حەملەیی شێرانەمان هەر ماوە یاخو ڕائەکەن ئارەزووی فەردێکی میللەت وایە بۆ خاکی وەتەن خوێنی بڕژێ هەروەکو پێشوو شەڕ و دعوا ئەکەن ئەی وەتەن بێ غەم بە هەر تۆڵەت ئەسێنن لاوی کورد عەهدە ناوەستن هەتا ئەم واجبە ئیفا ئەکەن خوایە بتبینم وەتەن خاکت بەخوێنی دوژمنت ڕەنگی سوور بێ چونکە وا فیتنە و جەدەل بەرپا ئەکەن موتمەئیننم نامری با جەستەکەیشت خەستە بێ هەر ئەبێ ئەو ڕۆژە هەڵبێتن کە ئاڵات وا ئەکەن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵم ئەسیری کەمەندی یەکێکە بێ ئاین دڵم ئەسیری کەمەندی یەکێکە بێ ئایین بەتیری غەمزەیی خونکاری جەرگی کردە برین بەخەندەیی لەبی ئاڵی ئەسیری کرد گیانم بەچیهرەیی وەکو ڕۆژی بووە بە ڕۆژی زەمین فیدایی خاکغ قەدەمتم دە زوو بکە چارەم نەماوە تاقەت و هۆشم لە تاوی شین و گرین منم کە بەندەی دەرگا و موخلیست قوربان لە دەرحەقی منی مسکین مەکە بەیانی کین بڵێ بەشیری برۆت بەسیە با نەڕێژێ خوێن نەماوە موسلیم و کافر، بەجارێ گشتی بڕین ئەگەرچی فەرز نییە ئامین بەڵام لە عەشقی تۆ لەباتی جارێ هەزار جار بەدڵ ئەڵێم ئامین لە فایقی مەگرە مەستی خوردە ساڵێکم باڵای مەبینە، ئەویش تیفلی عەشقە نازەنین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: من و بولبول وەرە ئەی بولبولی دڵگەرمی بێ تین ئەوەندە مەفڕە بۆ لای گوڵ بەناڵین لەسەر ئەو بنچکە نەختێ بوەستە پشوویەک بە لە ناڵە و گریەو و شین سکاڵای خۆت مەکە زۆر شارەزاتم لە عەشقا تۆ کە شای من ئەبمە فەرزین وەرە با واز لە یار و گوڵ بهێنین بچین بۆ ناو نزار و شاخی ڕەنگین تەماشایەکی تاڤگە و شاخی قەندیل لە دڵدا نەخش ئەکا خۆشیی هەوای ژین لەوێ دەم تەڕ بکە و نەختێ بخوێنە کەلاوکەل بۆی ئەچین بۆ دەشتی پێنجوین سەهەند و قەڵبەزەی ئەم نەختە خاکە ئەماڵێ حەسرەتی ئینسانی غەمگین لە خۆشیی ئەم وڵاتە نازەنینە بە سەد ڕەنگ بۆم بخوێنە بەرز و شیرین منیش ئەوسا بەبەستەی نیشتمانی کەژ و دەشت پڕ ئەکەم تا گونبەدی شین ئەگەر بێ و خوو بدەینە عەشقی وا ڕاست ئەبینە مایەیی تەقدیر و تەحسین وەرە بولبول، وەرە بولبول من و تۆ گوڵ و یار بەربدەین ئەم عەشقە بگرین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یادی بیست ساڵەی ڕۆژنامەی ژین پیری ژیر ئەی خاوەنی ژین و ژیان ئەی یەکە دڵسۆزی خاکی نیشتمان هەوڵ ئەدەی بەم پیرییە کوردی هەژار سەرکەوێت و دەرکەوێت بێتە مەیان تۆ لە ڕێی زانستی یا بۆ هۆزەکەت ناتە ئەستۆی خۆتەوە ئەرکی گران دانەیەک ڕۆژنامەی کوردی نەبوو ئەودەمە دەنگی ژیان کەوتە جیهان دەنگ و ڕەنگێکی هەبوو پڕ سۆز و جۆش وەک جگەر سووتاوی ژێر دەستی زەمان هێندە دڵ پڕ کوڵ بوو بۆ ڕێی یەکیەتی بووبووە بەیداخی بەرزی کاریان ویستیان لەو جێگە بەرزە ڕای گرن خۆت فڕاندت تا گەیشتە جێی ئەمان جاری دوایی هاتەوە ئەمما چلۆن جوان و شیرینتر لە جاران بێگومان غایەتی هەر ناوی خۆی کردبووە ژین وەرنە ئامانجی وەکو ئەو بێ زیان پڕ لە ئەشعار پڕ قسەی کور؟ د پڕ لە باسی عەنعەنەی چەرخی بەیان پڕ لە باسی ڕاستی و دۆستایەتی پڕ لە باسی کردەوەی شیرین و جوان سەد سوپاس ئەمڕۆ لە چەرخی بیستەما خۆی گەیاندە ساڵی بیستەم بێ وچان پیری ژیر عەرزت ئەکەم تاقانەکەت جێگەی شانازییە بۆ کورد زوبان چاوەکانت ڕوون کە ئەمڕۆ جەژنتە جەژنی ئەو پیرۆز و کوردیش کامەران ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کوردینە وەرن با لە خەیاڵی هونەرا بین کوردینە! وەرن با لە خەیاڵی هونەرا بین بۆ عیلم و ئەدەب گورج و لە ڕێگەی سەفەرا بین بۆ ئەم وەتەنەش هەر لە فیدای ڕۆح و سەرا بین مەشغووڵی عەمەل، تالیبی ئەخلاق و برا بین چەند خۆشە لە خاکی وەتەنا نوور و چرا بین ئەم ڕۆژە وەتەن ناڵەیی بۆ ئێمەیە یاران! هاواری وەهایە کە بکەین سەبقەتی جاران کەمتر نییە ئەولادی لە کەس، شاری لە شاران ئەمما سەد ئەسەف نایەتە گوێ گریەو و زاران تاکەی لە تەوەلای وەتەنی وەک کوچەرا بین مەعلوومە زەمان پیاوی کەر و ئەحمەقی ناوێ ئەم عەسرە نەفام و هەزەل و سەر ڕەقی ناوێ هەمسایە و ئەربابی عیلم ناحەقی ناوێ ئەقوامی زەکی ڕۆژی خراپ و شەقی ناوێ نۆبەی هونەرە با لە غەمی ڕێ گوزەرا بین ئەم عەسرە زەمانێکە تەقەددوم غەمی عامە هەر وەلوەلەیی عیلمە کە ئوممێدی تەمامە جاهیل نییەتی مەلجەئو، پابەند و غولامە ئەو قەومە کەریمە بەتەمای ئیش و کەرامە ئەم دەورە لەبەر چی لە شەری بێ سەمەرا بین ئوممێدی دڵم هەر وەتەن و لاوی وڵاتە ئەو لاوە کە غایە و ئەمەڵی بەرزیی حەیاتە ئەی کوردە وەرە نۆبەیی تەرفیع و نەجاتە عالەم هەنجوو نجەشغووڵ و لە ئیشا؟ شونجاتە ئێمەش لە جەهل دا شەو و ڕۆژ مەست و خەرابین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گفتوگۆ لەگەڵ شاخی سوورکێو کەژی سوورکێو لەبەرچی لووتی خۆت بەرز کردووە لێمان سەرت ڕووت کردووە وەختە بگەیتە مەرتەبەی کەیوان دڕندەی سەرزەمینت بۆ چ حەشارداوە لەناو خۆتا لە خۆت گرد کردووە هەرچی کە بووەتە دوژمنی ئینسان بەهارانیش هەرەس دێنی بەسەر ڕێبواری کوردانا بەزستانیش بەسەرماکەت ئەخەیتە کاروان گریان لەبەرچی بوویتە کانگای جەردە و دز دائم الاوقات حەیاتی قەومی کوردت خستووەتە تەهلوکە و گیاندان ئەوەند مەغروور مەبە، دەعیە و تەکەببور هێندە مەنوێنە لە شاخی ئەلپ و ڕۆشۆز فەزڵی تۆ زیاتر نییە قوربان زەمانێ دێ لەشت کون کون ئەکەن بۆ ڕێی شەمەندۆفەر ئەبیتە ڕێگەیی مۆتۆڕ و ڕێبازی هەموو کوردان قەدت قەدبڕ ئەکەن بۆ ئەبنییەی زۆر خۆشی وەک ئۆتێل سەرت چاک تەخت ئەکەن بۆ ڕێگەیی گوڵزار و باغستان دڕندە و وەحشیانت پێستی ئەگروون بۆ لەبەرکردن دز و جەردەت هەموویان ئەبنە چایچی و خانچییی کاروان بەڵام ئەوسا ئەبیتە مەنبەعی کەیف و سرووری خەلق ئەبیتە جەننەتێکی بێ میسالی ئەهلی کوردستان لە چوار ئەترافەوە عالەم بەدەستە دێنە سەیرانت ئەچیتە ڕیزی شاخی ئەوروپا و کێوەکەی لوبنان ئەوا من پێم وتی تۆ قەت لە یادت دەرنەچێ سوورکێو لە فەسلی ئاتییا ئەم موشکیلاتە حەل ئەبێ ئاسان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەهەشتێکی ون بوو گیانەکەم هاوڕێی ژیانم نازەنین کوا لە کوێی دڵ بووەتە کانی ئاگرین بێرەوە وا لەشکری دەرد و جەخار جێی بەمن لێژ کردووە ئەمڕۆ بەقین بێرەوە وا کۆشکی شادیم دەم بەدەم وردە وردە ڕووئەچێ بۆ ژێر زەمین بێرەوە هەرچەند ئەزانم دیدەنیت ئەم دڵە ناخاتەوە سەر پێکەنین وا زەمان ئەمڕۆ بەپەنجەی نەگبەتی جەرگی کون کردم وەکو دێوی لەعین ئەو بەهەشتەی کیژ و کوڕ ڕووی تێ ئەکرد بۆ ئەوەی هاوین بەخۆشی تیا بژین دڵ ئەڵێ یادێکی ڕابووردووی بکەین یادی پێنجوین دڵ ئەخاتە سەر فڕین دێتەوە یادت چ خۆش بوو دیمەنی بەرز و شیرین هەروەکو خولدی بەرین دێتەوە یادت هەوای چوارباخەکەی چۆن دەوایەک بوو لەبۆ قەلبی حەزین دێتەوە یادت چ خۆش بوو ئاوەکەی سارد و شیرین هەروەکو ئەسکەنجەبین دێتەوە یادت نزار و شیوەڵی پڕ لە مەل بوو پڕ گوڵاڵە و یاسەمین دێتەوە یادت بەشەو لەو خاکەدا چۆن لەگەڵ شادی ئەچووینە ناو کەمین دێتەوە یادت بەڕۆژ هەر کوێ ئەچووین چەپڵەڕێزان بوو زەماوەن هەڵپەڕین چەندە خۆش بوو لەو کەلانە دەنگی مەل ڕووی ئەکردە سەر زەوی و ئاسمانی شین ئای چ خۆشمان ڕابوارد ئەو موددەتەی شاری پێنجوینمان ئەکردە جێنشین هەر پەنا شاخێک ئەچووین دەنگی ژیان گوێی دڵی سەرمەست ئەکردین چین بەچین هەر مرۆڤێکمان ئەدی هەستێکی پاک کوردپەرستی زیاد ئەکردین زۆر بەتین هەر سەراوێکی ئەچووین نەشئەی وڵات ئەم دڵەی ئێمەی ئەخستە ڕاچەنین هەر گوڵستانێکی ڕوومان تێ ئەکرد کەڵکەڵەی عەشقی ئەخستینە فڕین نازەنین دەستی شکاوم داخەکەم ئێستە پێنجوین دڵ ئەخاتە سەر گرین ئەو تەلارانەی کە ئەت دی بەرز و خۆش ڕۆچووە و بووەتە کەلاوەی نائەمین ئەو چەمەنزارەی هەوارگەی ئێمە بوو وا پەپوو تیایا ئەخوێنی پڕ بەبین ئەو سروور و شادییەی لەو جێیە بوو ئێستە بووەتە باوکەڕۆ و هاوار و شین ئەو مرؤڤانەی لەوێ بوون شادمان ئاوەکی کەوتوون و بێ بەخت و نگین بەم بەرە جەژنانە ماڵوێران هەژار نا بەدڵ ناچار هەموویان دەرپەڕین بوومەلەرزە وای سەرەوژێر کردووە بگرە قەت نابێتەوە مەڵبەندی ژین بابچین توخوا بەرامبەر جێگەکەی تێروپڕ بگرین بەجەرگی پڕ برین بابچین چونکە بەهەشتی ئێمە بوو شیوەنێکی بۆ بگێڕین ماتەمین بابچین بۆ دڵنەوایی ئەهلەکەی ڕووبکەینە کوردی پڕ عەزم و بەننین یەک بەیەک پێیان بڵێین دڵسۆزەکان ئەم برایانە بەنامووسن بەدین وا فەلەک دووچاری کردن قەت نەکەن زوو فەرامۆشیان بکەن بێگانە نین ئەم برایانە هەموو دەستی قەدەر ناو دڵی توێ کردن و جەرگی بڕین بێنەوە بۆ کۆمەکی و باربۆی ئەوان ناو تەلار و ناودەوار و زنج بچین بۆ هەموویان یامەتێکی وا بدەین جەرگیان ساڕێژ بکا وەک پەنسلین سا بەقوربانی هەمووتان بم بەدڵ ڕۆژی باربۆیانە با ڕوو سوور ببین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: داوێ بۆ تاوی پەرچەمی تۆ یاری مەستە چاو داوێ بۆ تاوی پەرچەمی تۆ یاری مەستە چاو بازی دڵی نەزان بوو بەتاو هات و کەوتە داو ڕەنگ زەردم ئێستە تاوی نەماوە دڵەی هەژار ئنجا وەرە بزانە چلۆنە کزەی هەناو هەردەم لە دوورەوە کە گوڵی ڕووت بەچاو ئەکەم وام مەست ئەکا نزیکم ئەکا سەر بنێمە جاو پیاوکوژ نەبووم بەبەندەوە بەند بووم بەمانگ و ڕۆژ دڵسۆزبە، ڕەنجی ئەم هەموو ڕۆژەم مەدە بەئاو کوێستانی بن چیاکەی قەندیلە جێگەکەم هاوڕێم شەماڵ و، تاڤگەی ئاو، شوێنی بێ هەتاو جارێک وەرە بەلەنجەوە دەستێ بخەینە دەست ئەم جێیە خۆشە مەینەتی دڵمان ئەکا بڵاو چەند ڕۆژێ پێکەوە لەبن ئەو شاخە سەیر ئەکەین کاتێ بەجێم بهێڵی ئەڵێم کامی دڵ تەواو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پایزی زستانی سەبارەت: ١٩٤٦/١٢/٢١ سلێمانی ١ وا گەڵاڕێزانە گیانە بۆ چەمەنزار هاژە هاژی بای خەزانە ڕووبەڕووی شار ئەو درەختانەی کە سەریان زۆر بڵندە ئەو گوڵانەی ڕەنگ و بۆیان زۆر پەسەندە ئەو مەلانەی جێگەیان کا و سەهەندە هاتنی پایز لەبەر دڵیان گرانە چونکە توندی و گرژ و مۆنی پڕ جیهانە ٢ بایەکەی پایز بە جارێ دێتە سەرمان خۆڵ و پووش دێنێتە خوارێ بۆ گوزەرمان پۆتەڵاکی دار ئەژاکێنێ بە یەکجار ڕووی گوڵان زەرد هەڵئەگێڕێ وەک ستەمکار شادمانیی مەل ئەخاتە ناو دڵی غار چنگ لە هەرچی گیر بکا مانی نەمانە بەم کزە ساردەی نیازی پڕ زیانە ٣ هەر کە پایز بێ سەروشوێن ڕۆی لەبەر چاو لەشکری زستانی پڕ قێن دێن بەپڕتاو هێزی وەیشومەی لەژوور سەرمان ئەوەستێ هاتوچۆی پێدەشت و سەربەندەن ئەبەستێ چین بە چین ئەم ناوە بەفری تێ ئەبەستێ تیشکی ڕۆژ ئەشکێتەوە گەرمی نیهانە ڕۆژی گورجی و ڕێ بڕین و پێ لێ نانە ٤ بەفری زستان تۆقی پایز توند و پڕ هێز بۆ وڵاتی کوردی ئازیز ئەچنە پارێز شاخەکانمان ئەبنە کۆگای بەفری ئەستوور ناوی ڕووبارمان کە دێت وەک ئەرخەوان سوور نیشتمانی کوردەواری خوار هەتا ژوور تۆف و بەفر و با لەلامان خۆش و جوانە چونکە کوێستانین و ڕەمزی نیشتمانە ٥ پایزی زەرد با بە عینوان کاری وا بێ بگرە لامان خۆشە زستان بەفر و با بێ ئەو کەسەی سەرسامە لێمان دڵنیا بێ جەستە خۆشەی مەینەت و دڵ هەڵکزاوین بەم کەژ و کێوانە سەربەرزی تەواوین بۆ سەر و ژوور کەی هیوا خێچکە بەتاوین بەفر و با ڕێی ئێمە ناگرێ تاکوماوین چونکە هەوڵی ئێمە بۆ بەرزیی ژیانە چوست و خوێن گەرمین و دڵمان شادمانە تیر ببارێ کردوکۆشمان بێ وچانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نامەیەک بۆ هاوڕێیەک پایزە برا دۆستی شیرینم بە دووریت هەتا بڵێی غەمگینم لەوساوە کە وا لە تۆ بڕاوم مات و زەبوون و خەستە هەناوم بەینی من و تۆ برای شیرینم بە جوغرافیا زۆر کەم ئەبینم ئێوە لە بەغدا لەسەر ڕووبارن کە خەیاڵ ئەکەم هەمووتان دیارن وا شەو هات بەڵام شەوێکی خۆشە مانگە شەو دنیا هەمووی خامۆشە نامەم ئامادە بۆ شاری بەغدا یا مانگ یا سیروان یەکێکیان ئەیبا ڕێگە ڕۆینم لەم ژوور گەرمیانە پێباز پەیکوڵی، بانی خێڵانە عەشرەر بە عەشرەت تیرە بە تیرە گەڕانی ناو جاف ئێجگار دڵگیرە ئەڕۆم ئەگەڕێم بە سەیر و سەلما خوا بە نسیبی ئێوەشی بکا بن شاخی بەمۆ دەشتەکەی پێباز پڕ لە کیژی جاف ناسک و نازناز بە تیلەی چاوان جەرگم زامارە بە لار و لەنجە دڵ پڕ هاوارە خڕەی هەیاسە، زڕەی کەمەرە بۆ دڵی فایق چەرخ و چەمەرە بە زوڵفی ئەمان بەستەی زنجیرم یارەکەی خۆمیان بردووە لە بیرم لەناو شاتری و هۆزی گەڵاڵی ئێستە کەوتوومە بەرگی عەوداڵی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەیران چەند خۆشە زوو هەستی بەری بەیانی تاریک و لێڵ دەرچی لە ئاوەدانی ورد ورد بڕۆی لە دەشتەوە بۆ نزار گوێ بگری لە ئاهەنگی دەنگی باڵدار یاخۆ ڕووبکەیتە سەر فەراغ ڕووبارێ ئاوی وەکوو مرواری بێتە خوارێ خۆی پڕ لە ماسی دەوری بێشە و سەوزی دەنگی کناچەی پۆڕ ببیەی بە بەرزی یا ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان و قوربان وەختێ ناو شار ئەبێ بە شایی و لۆغان چەند خۆشە دەوری پیرمەسوور لای هەستیار بێ غەم ئەڕوا زەرد و سوور بە لەنجەولار یاخۆ بەهاری ساڵانی ڕابردوو کە ژن و پیاو لە سەیران بوون چوارشەمموو ژیانێکی خۆش و بە فەنتازی بوو نە باسی فاشیستی و نە هی نازی بوو چەند ساڵە هیتلەر لێمان بووەتە شەیتان بە زوڵم و زۆر ئاگری شەڕی هەڵگیرسان خۆی ماڵ وێران و قەومی سەرگەردان کرد گوایا ئیشی چاکی بۆ ئەڵەمان کرد ویستی دنیا داگیرکا، خۆی پاشا بێ بابە لە پاشای وا هەزار حاشا بێ ئێستە نازی لە برسا سەگ ڕاو ئەنێ هێتلەر ڕۆژی سەد جار خۆی لە جاو ئەنێ ئەمەریکا و ئینگلیز و ڕووس سەرکەوتوون نازی و فاشیستی تووشی گیانەڵا بوون بەم زووانە خوا بیکا تەسلیم ئەبن ئەمجا فێری ئەخلاق و تەعلیم ئەبن ڕۆژی تەسلیمیان جەژنە بۆ کوردستان لەگەڵ سوێندخواران کورد ئەچێ بۆ سەیران بەخوا زۆر خۆشە لای کورد مژدەی زەفەر بۆ سوێندخواران خوایە زوو بچێتە سەر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پەپوولە و گوڵ سەبارەت: ١٩٤٢/٠٧/١١ سلێمانی پەپوولە: ڕۆژ باش ئەی خوشکی تازە ساڵ ئەتبینم وەک بووکی ناو ماڵ باران هەر لە تۆ ئەبارێ شەونم ڕووت ئەشوا بە جارێ ئاوت ئەدا و جوانت ئەکا گوڵ: ڕۆژ باش و ژیانت چا بێ دوور بی لەوەی دڵ تێک ئەدا سەرم سووڕماوە تێ ناگەم تۆ تەیری یان گوڵ لێرەدا جوابێ بدە من تێ بگەم پەپوولە: ئەبینی من گوڵم ئەفڕم لە باخانا گوڵێک ئەگرم ئەو گوڵە تێر تێر ماچ ئەکەم بۆنی هەڵئەمژم دەمبەدەم کە خۆشم ویست ئەچم بۆ لای گوڵ: خۆشی بۆ تۆ وا سووک باڵی ئەفڕیت بۆ هەرلا عەوداڵی بۆ لای گوڵی جوانی بۆن خۆش سەلامی من بکە پێشکەش لەپاش ماچ کردن بێرەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شیوەنی دڵ سەبارەت: ١٩٤٤/٠٥/٠٨ سلێمانی کە تەماشای گوڵ ئەکەم ڕۆژی بەهار شادمان دیارە بە دەم پێ ئەکەنێ بۆن ئەبەخشێنێ وەکوو پەرچەمی یار پاڵ بە پەستی و غەمی دنیاوە ئەنێ *** وەرە بڕوانە دڵی من گوڵەکەم چەندە تاریکە کە بووەتە شەوەزەنگ وەختە ڕێ و شوێنی ژیانم هەڵە کەم سەرزەمین هێندە لە چاوما بووە تەنگ دڵەکەم ڕییوە ئای بۆ دڵەکەم بە بەهاریش نییەتی نەشئە و دەنگ *** کە تەماشای دڵ ئەکەم پڕ لە جەخار گەشە ناکا بە تەماشای چەمەنێ لە هەوارگە و چەم و هاوینەهاوار تاکوو بێ دەردی پەرەی لێ ئەسەنێ *** خوایە چی بکەم ئەمە دەرمانی چییە بچمە کوێ کێ هەیە فریای بکەوێ گیانە ئەی دڵ ئەمە گریانی چییە بۆچی ئۆقرەت نییە تا نیوە شەوێ تێ گەیشتم ئەمە ئەفغانی چییە دیارە هەر دیدەنی دڵداری ئەوێ *** بەسە ئەی دڵ خەفەت و ناڵەیی زار شتی وەک تۆ ستەمە ڕووی بدەنێ خۆت مەسووتێنە بە ئاواتی نیگار من مەفەوتێنە لەبۆ گوڵبەدەنێ *** ئەچمە کونجێکەوە تا ماوە ژیان دائەنیشم خەم ئەخۆم مات و حەزین سەری خۆم کز ئەکەم و سیڕڕی نیهان بێ توانجی ئەم و ئەو گردەنشین ئەوە خۆشە نەوەکوو ئەهلی زەمان پێم بڵێن تێک چووە نەیماوە نگین *** بەختیاری ئەکەمە پێشکەشی یار ڕەنجەڕۆییش بەشی من بێ تەمەنێ بە کوڵ ئەگریم و ئەڵێم دیدە خومار کوشتمی و کەس نییە تۆڵەم بسەنێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گریمان گریمان پارەت هەزار کلوور بێ شەو لە ژوور سەرت ساز و سەمتوور بێ بە ڕۆژ دیوانت پڕ زەرد و سوور بێ هاوڕێی ژیانت بەگ و مەئموور بێ گیانەکەم ئەگەر خۆت بێ قیمەت بی نرخێکی نییە خاوەن سەروەت بی گریمان ئەمڕۆ مەردی مەیدان بی خاوەنی نان و خوانی دیوان بی پیاوێکی بۆشناخ زۆر قسەزان بی شارەزای قانوون شیرین زوبان بی ئەگەر دەروونت پاک نەبێ تەواو ئەمانە هەستیت ناگۆڕن تەواو گریمان هەموو ئەوروپا چووبی گەلێک ڕەوشت و زانین فێربووبی بە وردبوونەوە وەک ئەرەستوو بی بە دەم بۆ وڵات پڕ ئارەزوو بی کە قازانجی خۆت پێش خست لە هی گەل ئەزانرێ دزی و ئەگەرێی بۆ هەل گریمان کاسب یا دووکاندار بی خەریکی سەودا و جوابی کڕیار بی بە دیمەن چاک و پاک و هەژاربی بۆ نوێژ و ڕۆژوو ئێجگار بەکار بی ئەگەر کەوتیتە فێڵ و دەس بڕین لە تۆ چاکترە ڕێگری بێ دین گیانەکەم هەرکەس ڕاست و ڕەوان بێ بە کردار دەرخا نیازی جوان بێ دڵسۆزی من و تۆ و نیشتمان بێ حەز ئەکا کوڕی سەپان و شوان بێ ئەو کەسە ڕۆڵەی کوردی هەژارە با تۆش نەیناسی وەکوو ڕۆژ دیارە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گوڵی سەربەستی گوڵێک شیرینتر لە خونچەی بەهار نازکتر جوانتر لە شەوبۆی نازدار گەشتر لە دیدەی وەنەوشەی نزار گوڵێکە ناوی گوڵی سەربەستی مەردە ئەو گەلەی بگاتە دەستی گوڵی سەربەستی ئەی هێزی گیانم ڕۆشنکەرەوەی ڕێگەی ژیانم تۆم نەبێ من خۆم بە هیچ نازانم تۆم نەبی هەرگیز ناحەسێمەوە بێ بۆنی خۆشت نابووژێمەوە بام تەنیا هەر تۆ شاگوڵی من بی سەرچاوەی سۆزی بە کۆلی من بی تۆ تاقە یاری پڕ دڵی من بی شیعرت پیا هەڵدەم بە زوبانی خۆم بڵێم دەمێکە بە دڵ شەیدای تۆم بۆچی ڕەنگی تۆ وەکوو خوێن سوورە هەر هۆزێ کە تۆی تیابێ جەسوورە وڵات بە بۆنت زۆر پشت ئەستوورە دیارە تەلیسمی بەرزی ژیانی گەلێک کێش ئەکەی بۆ کامەرانی بەڵام نرخی تۆ ئێجگار گرانە کڕیارت کوشتە و جێگەی زیندانە بۆ تۆ من خوێنی خۆم لا هەرزانە سەرم بەخت ئەکەم تۆی پی ئەسێنم کە تۆم دەسکەوتی سەربەرز ئەنوێنم یاران ببینن ئەم کەژ و دەشتە ئەم لالەزارە کە وەک بەهەشتە حەیفە وڵاتمان کە جێگەی گەشتە ئەو گوڵە خونچەی تیا نەکاتەوە کوردیش گرەوی خۆی ناباتەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ گوڵەکەم گوڵەکەم نازەنینەکەم ئەی گوڵی باخی نیشتمان وەرە بڕوانە ژینەکەم چۆن لە دووریت بووە بە ژان برژە برژی برینەکەم ڕاستگۆییم ئەدا نیشان *** هەر منم سینە کون کونم جەرگ و دڵ ئەنجن ئەنجنم وا بەرەو ڕۆژی مردنم وەرە نزیک سەرینەکەم *** گیانەکەم یاری مەستە چاو ئێستە کەوتووم و تل ئەخۆم خەمی دووریت کە دێت بەتاو زۆرکەڕەت دەست لە خۆم ئەشۆم وام لە جێدا و بێ هەناو خۆم ئەزانم نەخۆشی تۆم *** هۆش نەماو بێ سەروبەرم دەنگی شین دێ لە ژوور سەرم دیتنی تۆیە دوختەرم بۆ نەجاتم لە گیانەڵاو *** شەو هەتاکوو بەری بەیان دڵەکەم پڕ لە زارییە دەنگەکەم ئێستە بێگومان پڕ لە سۆزی هەژارییە بۆ گوڵی ڕووت ئەکەم فوغان دیەنیت بەختیارییە *** وا بەهار هات و سەرزەمین بووەتە تارای سەوز و شین هەموو دڵدارێک پێک گەیین تۆش وەرە بمکە شادمان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: برایینە لە خەو هەستن بەیانە سەبارەت: لەسەر وەزنی «بنی وطنی» برایینە! لە خەو هەستن، بەیانە زەمانی هەوڵ و علیم و حوڕ ژیانە هەموو قەومێ بە دائیم تێ ئەکۆشن لە ڕێگەی عیلم و فەندا دڵ بەجۆشن ئەرێ کوردی فەقیر و بێکەس و غەم هەتاکەی زەهرەی نادانی ئەنۆشن برایینە... وەتەن پڕ لەشکری جەهلە ڕەفیقان دەری کەین با بە هۆردووی عیلم و عیرفان برایینە... بە یەکدڵ با لەبۆ پێشکەوتنی کورد هەوڵ دەین تا بگەینە قەسدی خۆمان برایینە... برایینە ئەگەر زۆر چاک نەخوێنن لەژێر باری جەهالەتدا ئەمێنن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چەند شیرینە لام دار و بەردی وەتەنم سەبارەت: گۆرانی لەسەر وەزنی مارشی خدێوی چەند شیرینە لام دار و بەردی وەتەنم بە فیدای ئەکەم سەر و گیان و بەدەنم خاکی وەتەنم گشتی زیو و زەڕە بەردی وەک گەوهەرە، ئاوی چەشنی کەوسەرە فەرزە بۆ وەتەنمان جان فیدا کردن لە ڕێی ئەم خاکەدا بە کۆمەڵ مردن دەسا کوردینە بەسیە ئەم حاڵەتە بۆ تەرەفقیی قەومی کورد، ئەمڕۆ ڕۆژی هیممەتە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: من و شوانێک سەبارەت: ١٩٤٥/٢/٩ سلێمانی هۆ کاکی شوان گوێم لێیە لەو بن دارە ئەوی ئەیڵێیت نایڵێیتەوە دووبارە بەو ئاوازەت مێگەلەکەت سەرخۆشن سەرمەست ئەڕۆن ئەلەوەڕێن بەجۆشن گۆرانییەکەت دڵداریم ئەجووڵێنێ لەرەی دەنگت تاسەی دووریم بۆ دێنێ خۆزگەم بە خۆت کە لە شارستان دووری سەربەست و دڵپاک و شاد و ڕوو سووری دیارە پەنجەی گەردوون لە عاستت کۆڵە بۆ خۆت جێگات نزار و شاخ و دۆڵە بەڵام بۆ ئێمە پەنجەی وا درێژە لەتاو دەردی سەری ئەو سەرمان گێژە جار جار سەرمان ئەباتە ژووری ئاسمان کەچی ناکاو ئمانخاتە ناو زیندان بە کەیفی خۆی ئەمانگێڕێ بە عەردا کەس ناتوانێ نەڕوا و شەقامی بەردا جیهانی لێ کردووین بە کۆشکی ڕەنگین ژیانی بۆ کردووین بە شانەی هەنگوین هەموو لە دوویان وێڵ و سەرگەردانین تامی تامیمان ئەدا و پێ نازانین منیش هەروا بۆ شوێن ئاواتی گوڵگوون سەرمی جەنجاڵ کردووە خولیای گەردوون لە بەدبەختیدا کەوتوومە کۆتەڵکۆ لە دڵ پەستیمە وا هاتوومە لای تۆ ئێنستاش تکام ئەمەیە برای گیانی پشوویەک بە لە ئاهەنگی گۆرانی بەڵام ئینجا شمشاڵەکەت دەربێنە فووی پیا کە ومامۆستایی خۆت بنوێنە دەنگی شمشاڵ وەکوو وژەی بای گوڵزار تەفر و توونای ئەکا پەستیی دڵی زار دەنگی شمشاڵ مۆسیقای کوردستانە کە گوێی لێ بگرم بۆ دەردم دەرمانە ئەی کاکی شوان ئێجگار دەروون زوخاڵم چاوەڕێی دەنگێکی بەرزی شمشاڵم لەو ئاهەنگەی کە مەل ڕابوەستێنێ لافاوی شادیش بۆ هەستیم هەستێنێ بەزمێک لێدە پەستیی ژیان و گەردوون لەناو دڵما ببا بڕوات سەرنگوون کاکەی گیانی توخوا وا چاوەڕوانم قوربانت بم زووکە منیش میوانم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە قەڵای شیروانە هەوارم ئەمڕۆ لەسەر سیروانە بۆ نووستن ئەچمە قەڵای شیروانە سیروان ئەناسم دۆستەکەی پێشین بەڵام قەڵاکە قەسرێکە شیرین بنچینەی قەڵا توورەکە ڕێژە لەسەر ئەو قەڵا دوور و درێژە چەند ژوور، چەند هەیوان، چەند پێچ و پەنا سەر سووڕ ئەمێنێ لەو سەنعەتەدا پیلانی وا جوان قەڵای وا مەحکەم بۆ عەقڵی قەدیم قەد باوەر ناکەم عیلمی هەندەسەی تیا تەتبیق کراو سەرەڕای ئەمانە نزیکە لە ئاو نەقش و نیگاری فیکرێکی وردە ئەمە ئاساری عەتیقەی کوردە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی غونچەیی نێرگسی بەهاری سەبارەت: ١٩٣٨ سلێمانی ئەی غونچەیی نێرگسی بەهاری ئارامی دڵانی بێ قەراری وەک لالەڕوخان و نازەنینان لەم باخچەیەدا چ جوان دیاری بەم ڕەنگە جوان و بۆنە خۆشە مەعلوومە گوڵێکی نازداری بەو قامەتی ڕاستی سەرچەماوە شۆخێکی لەتیفی، هەم خوماری ئیفتادەیی خەڵک ڕاهی تۆیە نازناوی عەجەم، گوڵی بەهاری گیرۆدەیی داوی عەشقی تۆیە فایق بە دڵی نەخۆش و زاری سەر هەڵبڕە ڕووت ببینم ئەمڕۆ با خوێنی منت نەیێتە ئەستۆ من بولبول و تۆ گوڵێکی شازی بێ فیتنەو و عاشقان نەوازی زامی جگەرم مەخە بە ناسۆر بەم مەستییەوە بە لەنجە بازی گەردن کەچی وەک غولامی شاهی موشکین نەفەسی بۆ دیدەبازی فەڕڕاشی قەدەمتە بادی شەب خێز لەو جێیە بەجێ دەبێ نیازی عاشق بە ڕوخی ئەتۆیە مەحموود بەو نەشئەیەوە کە وەک ئەیازی تەوسیفت ئەکەن جگە لە فایق میسری و عیراقی و حیجازی سەر هەڵبڕە ڕووت ببینم ئەمڕۆ با خوێنی منت نەیێتە ئەستۆ مەدحێکی وەهات ئەگەر لەبەر بێ دەرحەق بە گوڵێکی موعتەبەر بێ گەر خوێندتەوە بە لەهجەیی خۆش حەققە دەهەنت کە پڕ شەکەر بێ بیخوێنەوە تۆ بە لەحنی داوود گەردن کەچە گەرچی شێری نەڕ بێ بەم حاڵەوە خۆشە لام بە قوربان پێت چەند قسەیێ خراپ و شەڕ بێ وا عومری عەزیز نەماوە زۆری بادی ئەجەڵم نزیکە بەر بێ فایق ئەڵێ نوێ ببێتەوە عومر ئەو شۆخە بە عیشوەوە ئەگەر بێ سەر هەڵبڕە ڕووت ببینم ئەمڕۆ با خوێنی منت نەیێتە ئەستۆ ئاساری گوڵانی نازەنینە ئەم خەندە لەبیی و پێکەنینە ئەم عیشوە بە نازکیی بەدەنتە یاخو ڕەوشی غەزالی چینە نەشئەی جلوبەرگی ئەتڵەسیتە یا لەنجەیی حووری سەر زەمینە ئازاری لەشم زیاد نەکەن لێم زاماریی جەرگ و سۆزی سینە ئەو شۆخە ئەگەر ببێتە باعیس چاک بوونەوەی ئەم هەموو برینە فایق بە دڵ و دەروون ئەڵێ پێت ماشەڵڵا لە یادی ئەو نگینە سەر هەڵبڕە ڕووت ببینم ئەمڕۆ با خوێنی منت نەیێتە ئەستۆ ئەم شەوقە بەرەی جەمالی تۆیە ئەم زەوقە خەیاڵی خاڵی تۆیە ئامینە کە فاتیحەی کیتابم تا غەمزەیی چاوی کاڵی تۆیە ڕاستە کە قەدی سەر و سنەوبەر وەک عەرعەری نەونیهالی تۆیە تاقانەیەکی لە باغی گوڵدا بولبول بە سەحەر بیلالی تۆیە وەستاوە بەرەو ڕوخت هەمیشە تالیب بە شنەی شەماڵی تۆیە فایق کە مەلوول و ماتە دایم هەر مونتەزیری ویساڵی تۆیە سەر هەڵبڕە ڕووت ببینم ئەمڕۆ با خوێنی منت نەیێتە ئەستۆ بێ شوبهەیە من کە جان نیسارم پەروانەیی تۆیە قەلبی زارم تەووافی حەرەمتم ئەر قەبووڵ کەی ڕاغیب بە چەمەنتم ئەی نیگارم مەستانە سیفەت لە وەسفی تۆدا گەه کەبکم و گەه وەکو هەزارم سەد شوکری خودا لە لوتفی تۆوە دوڕڕ و گەوهەرە یەغانی بارم گۆشەی نەزەرت ئەگەر لە من بێ ئیکسیرە لەبۆ غوباری نارم مەئیووس نییە فایق ئەی پەرێ ڕوو بۆ مەرحەمەتت ئومێدەوارم سەر هەڵبڕە ڕووت ببینم ئەمڕۆ با خوێنی منت نەیێتە ئەستۆ ئۆخەی ڕەوشم تەریقی عەشقە دۆزینەوەیی حەقیقی عەشقە ئەم فیکرە کە لەش ئەخاتە جونبوش تەئسیر و نەوەی دەقیقی عەشقە موسلیم کە بچێتە ناو جەهەننەم مەتروودە تەواو تەریقی عەشقە وەک شەمعی قەنەر بە شەو ئەسووتێ چۆن عالەم ئەڵێن غەریقی عەشقە کەی بێ لە قیامەتا بڵێن پێم ئەمڕۆژە ئەمەش فەریقی عەشقە وەک نالی و سالم و وەفایی فایق کەمەکێ حەریقی عەشقە سەر هەڵبڕە ڕووت ببینم ئەمڕۆ با خوێنی منت نەیێتە ئەستۆ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بایەکی بەیانی فیدات بم بایەکەی وەختی بەیانی لەگەڵ تۆ خۆشە لای من زیندەگانی کەژ و دەشت و چەمەن ئەبڕی لە ناکاو لە پیرمام و لە قۆپی و مێرگەپانی گەهێ قەندیل ئەچی گەه دەوری سوورکێو سەرەو ژوور جار بەجار لای گۆڵی وانی وڵاتی کوردەواری ڕاگوزەرتە بەسەربەستانە مەشغووڵی گەڕانی بەیانیان من خەریکی گا، مەڵاسم لە ژوور سەرمی وەکو ئاواتی گیانی لە سۆزەی فێنکت وا دێتە بیرم ئەڵێی هەستە ئەگەر پەستی ژیانی غوباری ناو لەشت دەرمانە بۆ من پەڕی سیمورغە بۆ نەرم و نیانی لە کاتێکا خەواڵووم خۆڵی چەند جێ لە چاوم کە کلێکە ئەسفەهانی بە بۆنی ئەو وڵاتانەش کە دیوتە بهەنوە مێشکم ئەی هاوڕێی نیهانی ئەگەر تۆ ئەم نیازەم جێبەجێ کەی منیش پەیمان ئەکەم ڕاست و ڕەوانی بەچاوی کاڵ و لێوی ئاڵ و خڕخاڵ ئیتر تەفرە نەخۆم وەک نانی نانی بەچیهرەی یار و عیشوەی دڵ نەبەستم بەخەندە پێ بکەنم تۆش پێ بزانی شەوی وەسڵی بنێمە عاستی پشت گوێ بەعەشقی یار نەچێژم شادمانی سەرم تەرخان بکەم بۆ دەردی هۆزم دڵم جۆش دەم بەعەشقی نیشتمانی فیدات بم بایەکەی وەختی بەیانی لە کوێی هەڵکە. وەرە هاوڕێی نیهانی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەنگێکی غەیب لەبن شاخێکەوە دەنگێ بەزاری ئەهاتە گوێم بەشێوەی هۆزی ئاری بەسۆزێکی دەروون ئەیوت برا گەل چ خۆشە یەکیەتی بۆ کوردەواری چ خۆشە دۆستی بەینی عەشایەر لوڕ و قەڵخانی، جاف و بەختیاری نە وەک ئاژاڵی یەک تاڵان بکەن شەو لە خوێنی یەکترا ببنە تەتاری وتم هۆ هۆ فریشتەی بن چیاکە قسەت زۆر جوانە بۆ ئامۆژگاری بەڵام ئەو تۆوی جەهلەی وا لە کوردا چرۆی سەوزە لە لادێی و لە شاری بەسیچکان و بەمازوو تێ شکاوین عیلاجمان ناکرێ وا زوو بەیاری ئەگەر خۆمان بزانین هیچ نەزانین ئومێدی یەکیەتیمان دێتە دیاری نەقەڵخانی ئەچێ بۆ باوەجانی نە جاف و تاڵەبانی دێنە لاری نە شاری دەست و پێی لادێیی ئەبڕێ نە لادێیی ئەچێتە پێستی شاری نە ناکۆکی ئەبێتە گونکی سەر دڵ نە کینەی دڵ ئەمێنێ کاروباری بڵێم چی خۆبەخۆی یەک زۆر خراپین بەوێنەی خوێنە خوێن بۆ نالەباری ئەگینا پیاوی زانا تێ ئەگا زوو کە خۆشە یەکیەتی بۆ کوردەواری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەناڵە ئەی دڵ ئارامت ببێ شێرانە تا ماوی مەناڵە ئەی دڵ ئارامت ببێ شێرانە تا ماوی لە پێناوی نیگارا کۆتەیەکیان گەر لە پێ ناوی هەزاران چاو و ڕاوت لێ بکەن قەت سڵ مەکە بۆ عەشق بەچاوێ ڕاوکراوی تا بمێنی حەپس و گیراوی بڕۆ هەر هۆگری ئەو شۆخەبە ئەو چاوە مەستانە مەترسە هیچ لە تانەی خەڵق و کردەی چەرخ و بەدناوی وەکو بیری من ئەمڕۆ وردە خاڵی دەوری گۆناکەی وەکو هەڵبەستەکانم ڕێکوپێکە قەددی لاولاوی ئەگەر هات و لە یادی لابدەی سەبر و سوباتت کوا لە عەشقی دولبەرا بێت و نەسووتێی دیارە خرفاوی لە زمناکۆ بەخوڕ فرمێسک بڕێژە ساف وەکو سیروان بەناڵەش ئەم کەژە پڕکە لە دووریی پەرچەمی خاوی ئەگەرچی بێ وەفایە ئەو نیگارە دائیما بۆ تۆ بەڵام تۆ شێوەیی سیدق و وەفا گەر بەرنەدەی پیاوی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەتەن تۆ مەکانێکی فەخری دیاری وەتەن تۆ مەکانێکی فەخری دیاری وەتەن تۆ نیگارێکی سەرمایەداری وەتەن تۆ گوڵێکی ئەنیسجی حەیاتم وەتەن تۆ نیشانی بێ قەراری وەتەن تۆ نەمامی لە باغی جیهانا وەتەن تۆ ئەمیرێکی دار و دیاری وەتەن تۆ ئومێدی هەموو لاوی کوردی وەتەن تۆ مەقامێکی فەزڵ و شیعاری وەتەن تۆ هەناوی من و دڵفڕێنی وەتەن تۆ مەکانی شەهیدانی زاری کەسێ قەدری تۆی لا نەبێ بێ دەماغە بە ئابوهەوات جێگەیی ئیفتیخاری لە وەسفی تەبیعەت زوبان لاڵە فایق حەقیقەت بەهەشتێکی مەنزووری باری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە یادی ئەسیرییەوە ئەی خودایە من لە تۆ ئەلتاف و ئیحسانم ئەوێ دەفعی جەهلی میللەتی کوردی پەرێشانم ئەوێ بۆ هەژاریی کوردەواری وا پڕاگەندە و زەبوون یەکیەتی و سەربەستیی و ئەخلاق و ویجدانم ئەوێ تا نەمێنێ باری جەهلی فەردی میللەت یەک بەیەک ڕێگەی ڕاست و حەقیقەت، عیلم و عیرفانم ئەوێ لەم جەوانانە کەوا هاتوونە سەر ڕووی نیشتمان چەرچل و ڕوزفلت، ئەتاتورک و ڕەزاخانم ئەوێ چونکە وابێ نەشئەیە خاکی وەتەن، پڕ زیللەتە زەمزەمەی فەسڵی کەریم خان، دەوری بابانم ئەوێ دەردی کورد زۆر بێ دەوایە باعیسی فەوتاندنە ئەی خودایە بۆ دەوای ئەم دەردە، دەرمانم ئەوێ ئەی ڕەفیقان گشت وەرن هەوڵێ بدەین تا سەرکەوین لاوی زیرەک، کوڕی ئازا، شێری مەیدانم ئەوێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: موعەللیم خوێندنم با هەر موتاڵای حوسنی لەیلابێ موعەللیم خوێندنم با هەر موتاڵای حوسنی لەیلابێ سعووباتی حینسابی نازەنینم ئێستە حەل نابێ لە دەرسی عەشقی ئەودا ئێستەکە مەشغووڵی ئامینم کەچی لای تۆ ئەبێ دەرسم لە نووکی فاتیحادا بێ لە سەفحەی لەوحی ڕەش ناگەم ئیتر لێم مەگرە سا قوربان لە شاگردانی دانانم موتاڵام لەوحی بەیزا بێ بەلوتفی ئەو نیگارە سەبری مافاتم ئەبێ ئیمڕۆ ئەگەر سەفحەی ڕوخی مەنزووری بەندەی بێ سەروپا بێ کە دیم ئەو شۆخە زوڵفی گرژ و لوولە و مایلی عیشوە وتم مەحبووسی زیندانە گەدا بێ یان شەهەنشا بێ وەرە قوربان ئومێدم ڕەحمی تۆیە مەرحەمەت فەرموو هەتا کەی قەلبی میسکینم لە وەسڵی تۆ تەوەللا بێ ڕەزا نابێ دڵم بەم حیشمەتی دنیایە بێ ئێوە دەسا فەرموو بە میوانی دڵم وا وەختە شەیدا بێ لەبەر کەم تالیعی دوورکەوتەوە لێم تەلعەتی پاکت ئەمان یاری وەفادار ڕێ نەدەی دڵ خوار و ڕیسوا بێ دەوای دەردی دڵی فایق بە وەسفی تۆ ئەبێ قوربان ئەبێ بۆ ئینتیزاری مەقدەمت دائیم موهەییا بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هاوار ئەی برا کوردەکانی ئاوارە عەرزی ئێوە ئەکەم ئەم ئەفکارە لە کوڵی دڵمەوە بەسۆزی جگەر دێتە دەر ئەم سەدایی هاوارە با هەموومان لە خاکی کوردستان ڕێک بخەین کۆمەڵێکی غەمخوارە غایەمان ئیتتیفاقی خۆمان بێ میر و ئاغا غەنیی و بێ یارە یەکدڵ و یەکزوبان و ئازابین بۆ تەرەققیی وڵاتی بێچارە ئەی براکانم، ئەی عەزیزانم دڵ لە داخی وەتەن بریندارە عەسری بیستەم جیهانی ڕۆشن کرد کەچی بۆ ئێمە وەک شەوی تارە عەیبە چاومان لە خوانی خەڵقی بێ بۆ مڵ و مووشی نەفسی بێکارە ئەجنەبی فائیدەی نییە بۆمان بەڵکو وەک ئەژدەهای بریندارە کورد لە سایەی کەسا بەپیاو نابێ کێ بەتەنگ کێوەیە ئەوەش دیارە ئێمە خۆمان ئەگەر مونەووەر بین تێ ئەگەین دەورمان هەموو مارە سەد ئەسەف بۆ هەموو بەجێ ماوین سەد ئەسەف بووینە پیاوی ئەو خوارە چەندە ناخۆشە لام نە نیمانە نە حکوومەت، نە شاهی خونکارە چەندە ناخۆشە لام لە گوێم نایە دەنگی تۆپ، گرمەگرمی تەییارە ئەوە بۆ چ والە ئێوە قەوماوە جاهیل و دوودڵی حوکمدارە وەرن ئەی لاوەکان دەخیلتان بم دڵی میللەت هیلاک و بیمارە زووبەزوو عیللەتی تەداوی کەن وەک پڕۆفسۆر کە لەش ئەکا چارە گەر نەجاتی نەدەن، ئەوا ئەمرێ ئەم وڵاتە عەزیز و نازدارە وەرن ئەی لاوەکانی کوردستان پشتیوانمان خودایی جەببارە سەربەخۆیی بخەینە بەرچاومان یەک کەوین هەر کەسێ کە هۆشیارە جەژنی میللی نزیکە بۆ ئێمە نەک بەگوفتار، ئەویش بەڕەفتارە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دلبەرێکی خۆوڵاتی ئێستەکە دڵدارمە دلبەرێکی خۆوڵاتی ئێستەکە دڵدارمە بۆیە دڵ پڕ سۆزم و جار جار بەدەم هاوارمە من ئەگەر لەو تەلعەتەی ئیلهامی ڕۆحانیم نەبێ چۆن خەیاڵی فیکری بیکر و کەڵکەڵەی ئەشعارمە وەی چ عەییارە هەزار مەکری لەژێر سەردا هەیە گاه دڵ دز گەه بەعیشوە لابەری ئازارمە چاوی بازی هەر بەچاوبازی خەریکی فیتنەیە لەعلی لێویشی ئەزانم وەک مەیی سەر شارمە حەز ئەکەم تێر سەیری چاوی کەم بەڵام مورغی دڵم دێتە لەرزە و پێم ئەڵێ هاوار ئەوە شمقاڕمە نەوڕەس و نەوپێگەیشتوو، دەم بەخەندە، بێ ڕەقیب شەرم ئەکا چونکە یەکەم نازدارەکەی ناو شارمە زۆر دەمێ بوو وێڵی شۆخێکی وەها بووم سەد شوکر تازە وا دۆزیمەوەمن عاشق و ئەو یارمە بۆ یەکەمجار ئەو بوو دەرگای مەیکەدەی لێ کردمەوە مەی گوساریی عەشقی هەر لەوساوە پیشە و کارمە هەر ئەویش بتخانەیی فێرکردم و لای دام لە ڕێ تاکو ئێستاش جوانپەرستی شوهرەیەکی دیارمە داخی داخان زوو بەجێی هێشتم بەتەنیا مامەوە خەڵکی گۆڕ و من ژیانم جێگە گۆڕەوشارمە وا بەناچاری و زەبوونی یادی بۆتە دلبەرم شەرتە کردوومە و خەیاڵی دائیما وادارمە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دیوجامە ---------- دیوجامە دینداری فەخری هەموو ئیسلامە پیاوەتی ئیشی هەموو دنیایە ئازایی پیشەی گەلی ئەقوامە چین ئەو شتانەی پیان ئەنازیت چین ئەو ئیشانەی لای تۆ تەمامە کێن ئەو پیاوانەی فەخری ئێوەبن قوربان ئەو فەخرە بۆ خاس و عامە فیکرێکی بۆشە وەحدەی عەرەبی موعاوەنەتی ئێمە حەرامە... ئێمە دراوسێ و براو هاوگیانین بۆچی مەهتوکین سەیرمان حەرامە کوردی عێراقی لە برسا ئەمرێ مووچەش بۆ میسر و یەمەن و شامە وریای خۆتان بن دنیا ئەگۆڕێ نەتانبیستووە تاسی حەمامە ئێوەش وەک تورک دەربەدەر ئەبن ڕۆژی ڕووناکتان زۆر کەم دەوامە بەتلی لی لی بە چەپڵە ڕێزان دواتان ئەکەوین خەیاڵتان خامە دێنەوە بەغدا بۆ خۆ هەڵکێشان بۆ ئەو ئیشانەش کە زۆر بێ تامە فەلەکتان ڕۆیی و موڵکیشتان ئەڕوا هۆش پەیاکەن چاکە بۆ نامە چاکەتان ببێ ئێمە دڵپاکین بۆ بەدی چاومان لە ئینتیقامە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پەیامێک بۆ یار دەمت کە غونچەیە چاو نێرگس و ڕوخت لالە دڵێ کە عەشقی ڕوخی تۆی نەبێ کەڕولاڵە زوبان لە وەسفی قەدت دائیما تەڕ و پاراو سەرم لە عەشقی جەماڵت بەڕۆژ و شەو قاڵە نەوەک دڵم بەخوا گیانە گیانی شیرنم لە دەوری شەمی ڕوخت وەک پەپوولە عەوداڵە ئەگەر بەچاوی حەقیقەت نەزەر بکەی لە لەشم بەشوعلەیی ڕوخی تۆ خۆت ئەزانی زووخاڵە خەیاڵی تۆ لە دڵی دام بەجارێ ئاگری گرت دڵم سەبوورە، سەرم پڕ سوروورە بەم حاڵە چ بێ وەفای و جەفات چەندە زۆرە ئەی نازدار ئەوی کە عاشقی تۆ بێ زەلیل و پاماڵە مەنازە بەم هەموو حوسنە وەفات ببێ چاکە هەتاکو عاشقی خۆت ڕوو نەکاتە سەر ناڵە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە حەسرەتی قەدەمی بەهار گوڵی وشکی ئەرز ژیایەوە لە حەسرەتی قەدەمی بەهار گوڵی وشکی ئەرز ژیایەوە لەبی غونچە و گوڵی یاسەمین بە قدوومی بەهارە گەشایەوە بە تەبەسسومی ڕوخی نازەنین کەژی خەفەت و مەرارەتی دڵ وەکو بەفری شاخە بڵندەکان بە هەتاوی بەهار دەتوایەوە کەڕەتێ لە چەمەن نەزەرم ئەکردە گوڵ و لە بولبول و عیشقیان هەچی بولبولە لەباتی گوڵان بە تەغەننییان ئەخولایەوە چ مەنازیرێکی عەجەب لەتیفی هەبوو لە بەری بەیانییا قەدی گیا بە چەشنی ڕوو زوڵفی یار بە نەسیمی سوبح ئەگەشایەوە بە نیگای سرووری شەواهید و تەبەسسومی لەبی ئاڵی دۆست کەمەری ئومێدی ڕەقیبی بەد وەکوو جیم و نوون ئەچەمایەوە لە بەهاری پڕ فەرەح و سرووری وەها کە عالەم بێ غەمە بەشی من کە فایقی زێوەرم لە غەمی زیاد چ نەمایەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە عەشقی یار و دەس لەملانی تۆیە لە عەشقی یار و دەس لەملانی تۆیە لە باسی لێو و چاوی جوانی تۆیە لە بادەی دەست و خۆبادانی تۆیە لە شیعری عاشقی و دانانی تۆیە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پیاوەکانمان لە ساڵی ١٩٤٢دا لەم شارەدا گەلێکی بەناوی وەها هەیە بێجگە لە خانوو، پارەی زۆری لەلا هەیە هەر مەجلیسێ بچێ بە گەش و فش ئەچێتە ژوور لەو ژوورەدا بەرامبەری ئەو گیان فیدا هەیە بۆ باسی واریداتی زەوی و زار و موڵک و دێی زارێکی گورج و هۆشی ئەرەستۆی لەلا هەیە باسی وڵات و مەنفەعەتی نیشتمان بکەی ڕوو گرژ ئەکات و هەندێ قسەیشی لە دوا هەیە مەئمووریەت مونافەسەیە لای خەیاڵیان زوو ئەچنە ژێری گەرچی لەوەشدا سزا هەیە سواڵکەر لەوانە پارەی هیچ وەرنەگرتووە خۆشیان ئەکەن بەگەورەیی میللەت هەتا هەیە وەک ماڵی زۆرە فیکری بڵندی لەلا نییە دەربەست نییە، لە پاشملە، جوێن یا سەنا هەیە تووتی لەوانە زیاتر ئەزانێ بەگفتوگۆ چونکە وەڵامی پیاوی گەدای خوا بدا هەیە ئاه ئەی وڵاتی بێکەس و بێ پیاوی ژیر و چاک پیاوت نەماوە خزمەتی تۆ ئێستە کوا هەیە توخوا مەڵێن ئەمانە لە کوردن لەبەر ئەوەی کورد پوولەکی نەبوون و، دەسی بۆ سەخا هەیە ئەم دەستەیە نە چاکە ئەزانن نە پیاوەتی بۆ خۆی و پارەیان بەخودا ئینتیها هەیە ئەو پیاو و ناو و دەوڵەتە ئەمرن بەیەک کەڕەت ئیشێکی وای نەکردووە ببیەم بەجا هەیە ئەی کاسبی حەبیبی خودا بۆچی غافڵی نامەرد بزانە دەور و خولت زۆر گەدا هەیە دەستێ بدە لە باخەڵی پڕ نۆت و پارەکەت باربووی هەژار بەخێری حەجی ماڵی خوا هەیە شەو تا بەیانی مەستی هەزار ڕەنگ تەعام ئەخۆی زۆریش لە خانەیا، نە کولێرە و نە چا هەیە دەس گرتنێکی بێکەس و هاوسێی نزیکی خۆت جوان چاکییە و لە لای خوداشت جەزا هەیە ئیمڕۆ ئەگەر موعاوەنەتی قەومەکەت نەکەی سبحەی کە مردی عالەمێ دڵخۆشە وا هەیە هەستە مەوەستە چاکە لەگەڵ هاوزوبان بکە شان و شەڕەف لە خزمەتی بێ دەست و پا هەیە ئەو وەختە پیاوی خزمەتی میللەت بکەی بەماڵ وەرنە لە ڕێی وتاری زلا چەند خەتا هەیە ئیشێ بکە کە سوودی هەبێ بۆ وڵاتەکەت تا خەڵق بڵێن فڵانە کەسیش وەک پەنا هەیە بەم ماڵ و سەروەتە دڵی بێ دەس بخەیتە دەس بۆ گۆڕی تەنگ بەچەشنی تەلی کارەبا هەیە ئەو جێیە بەرزە تۆ هەتە، حەیفە سەخات نەبێ خۆشت ئەزانی قەدری سەخی چەشنی شا هەیە ئێستا کە فرسەتە بتەوێ یارمەتی بدەی میللەت نەخۆشە پارەکەشت وەک دەوا هەیە هەر چاوەڕوانی ئێوەنە بێدەسەڵاتەکان توخوا بڵێن دە وەرنەوە ئیمڕۆ عەتا هەیە کاکە ئەگەر ئەمانە لەلات زەحمەتە وەرە ڕەحمێ بکە بە میللەتی خۆت وەک غەزا هەیە بەس ئیحتیکاری گەندم و جۆ و شەکر و چا بکە بەس نرخی شت بگۆڕە کە شەڕ دوورە تا هەیە بازاڕی تۆ هەناوی هەموو میللەتی بڕی لەو خەنجەرەی تیجارەتە سەد ڕەنگ سەدا هەیە چیت کرد لە چیت و خام و بلووری کە وا نەما یا خوێنی قەومەکەت ئەمژی تا هەرا هەیە کووتاڵەکەت بەدەنگی تەلێ نرخی زیاد ئەکەی خولیای لۆرتیت و لەسەرتدا هەوا هەیە گوێ ناگری لە وەعز و نەسیحەت کە موسلیمن بێ ڕەحم و خائینی زەرەرت ئاشکرا هەیە بۆ نەفعی خۆت حەیاتی وڵاتێ ئەخەیتە مەرگ نرخ دائەنێیت و بانگیش ئەکەی هەی غەلا هەیە چی بکەم دیارە موستەحەقی لەعنەتی بەشەرع چاری غەلام لە ڕەحمەتی ئێزەد ڕجا هەیە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: فەیەزانێکی ئاوی زێ چلەی زستانە بۆیە ئاوەکەی زێ ڕەنگی گۆڕاوە بەشێکی ئاوی بارانە و بەشێکی گەیشی بەفراوە شەپۆڵی پڕ تەوژمی دار ئەهێنێ، شێخەڵ ئەڕمێنێ بەمیقیاسێ کە نووسراوە ئیتر ئەم زێیە هەستاوە چ هەستانێ لە ئەهلی ئێرە بووەتە ڕۆژەکەی تۆفان کەڵەک ناوێرێ خۆی دەرخا نەهەنگێکی لەبەر چاوە مەگەر ماسیگر ئەمجا بچنە ناو گۆم و قەراغ زەلکاو ئەگینا ئاو ئەیانبا چەند کەسی بەو جۆرە قووت داوە خەتەر نووسین خراپە با نەشێوێ شارەکەی بەغدا بڵێن شوکری خوداکەن مەنفەعەت بۆ بەسرەو و فاوە بەڵێ ئەم جونبوشە هەر پێشڕەوی سەیلی بەهارانە ئەناڵێنێ ئەگرمێنێ ئەڵێی شێرێکی ناوداوە زەمینی دەوروپشتی سەوز و شینە هەروەکو گوڵشەن هەڵۆ لە لووتکە شاخی بەردەمی هێند گوژمی لێداوە ئەگەر ئەم دێیە لێرە باربکەن هەقیانە لام چونکە لەبۆ خانوو دەر و دیوار پڵنگێکی بەشاڵاوە تەدابیری حەساری مەحکەمی پێ ناوێ بێ سوودە شەو و ڕۆژ جەیشی جەڕڕاڕی لەهەر چوار لاوە کێشاوە لە مەنشەء گەر دەپرسن چونکە ئاوی شاخی خۆمانە زەرەر نادا لە عالەم بەڵکو نەفعی لێ بەجێ ماوە فیدات بێ گیانی شیرینم وەتەن لەو خاکە ڕەنگینە شەتی زێ هەر بەدار و گیایەکەی باغێکی داناوە هەموو ئێوارە تێر سەیری بکەم هێشتا کەمە بۆ من نەزەرگاهی تەبیعی ئاوی نیلی خستە ئەولاوە گەهێ سوورە وەکو دوو چاوی عاشق پڕ لە خوێناوە گەهێ ئاڵۆزە وەک چاوی نیگاری تازە هەستاوە زەمانێکە لەسەر ئەم ئاوە بەزم و کەیف ئەکەم بۆ خۆم لەمەولا زۆر ئەترسم ئەمری نەقڵم بێ لە بەغداوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەماشایەکی زەمانە و ئەهلی زەمانە کردەی زەمانە بردەیی لاوچاکی تیا نییە دوون پەروەرێکە ڕاست و ڕەوانی لەوا نییە وەک پایەبەرزی ئێستە بەنووکی قەڵەم نییە ئیقباڵ و دەوڵەمەندی بەڕەنج و دوعا نییە کاکە بەنان و خوانی زەمان دەسخەڕۆ نەبی نانێکی ئەو قڕانێ ئەکا بێ بەها نییە وا چاکە تێک نەچیت و هەوات بەرز نەبێ برا وەختێ سەرت بخاتە سەما بێ تەما نییە دڵ ڕاگرە خەریکی خراپە و بەدی مەبە گیان با نەبێ نموونەی ئیشت فەنا نییە نامرێ ئەو کەسەی کە چاکەی جێهێشت لەسەر زەوی مردوو کەسێکە کردەوە و ئیشی چا نییە پەردەی زەمانە سەیرە لە فیکر و لە سینەما وێنەی شریت و دیمەنی ناو سینەما نییە دوێنێ ڕەزا ڕەزایی چ سووک بوو بەتاجەوە ئیمڕۆش ڕەزای چ قورسە کە دوو ڕۆژە شا نییە ڕەنگێکی ڕشتووە فەلەک ئەمڕؤ بەعالەما ناچێتەوە چ بڵحە ڕەش و پیسی وا نییە چاکە نەماوە عەهد و وەفا بووەتە گفتوگۆ هەرکەس ئەبینی بێنە ئەڵێ جارێ ها نییە عالەم ئەبینی هەڵپەیەتی و پارە مۆڵ ئەکا تێربوون نەماوە، سواڵکەری ئێستە گەدا نییە زۆرن لەوانە باخەڵی پڕ قەرز ئەکا بەڕۆژ چاو برسێتی لە چاوی ژن و پیاو جیا نییە ئای چەند برا و برادەری گیانیت هەیە کە بووت پارەت نەبێ برادەریی و مەرحەبا نییە هاوخوێنی خووەتە داوی وەهات بۆ ئەنێتەوە تیا دەرنەچی بزانە براتە، برا نییە باوەر مەکە بەخزم و کەس و دۆستی دڵفڕێن تەنگانە بێتە پێشەوە خزمت لەلا نییە تا شک بەرن بەڕاست و چەپا ماڵەکەت ئەخۆن کاتێ نەبێ لە دوور و نزیک ئاشنا نییە باوک مناڵی خۆی بەکەری سوخرە دائەنێ ئەولادەکەش لە عاستی ئەوا بێ هەرا نییە چاکیان ئەناسم ئەهلی زەمانە لە خیلقەتا هەر چاوەڕوانی چاکەیەکم ڕووبدا، نییە ئەو پیاوە کوانێ دەستی سەخای عالەمی ئەگرت ئینسانی ئێستە شەرمی لە خەڵق و لە خوا نییە هەر فیتنەیی و درۆیە لە بەینی ئەم و ئەوا دڵسۆز نەماوە سێبەری عەدل و وەفا نییە وا چارەنووس کە ئێمەی نووساند بەناسەوە جارێ چوو چارەی لە دەسی تۆ و منا نییە تف لەم ژیانە چونکە وەها دێ و بەسەر ئەچێ تف لەم جیهانە جێگەی عەیش و سەلما نییە لەم چەرخی بەدڕەوشتە خودایە هەزار ئەمان ئەم ڕێیە چەوتە ڕێگەی ئەهلی هەوا نییە فایق دەخیلە تووشی تەڵەی دەهری دوون نەبی ڕەحمی بەکەس نەکردووە، بۆ تۆش وەها نییە چاک بە و ڕەفیقیی ئەهلی زەمانە مەکە و بڕۆ ڕۆژێکە کەس نەماوە بڵێن بێ خەتا نییە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کە سەیری کورد ئەکەم وا تێ ئەگەم کوردێکی خنکاوە کە سەیری کورد ئەکەم وا تێ ئەگەم کوردێکی خنکاوە بە دوو کەس کوشتوویانە و ناشتوویانە و خوێنی فەوتاوە ئەگەر باوەر ئەکەن ئەی هۆزەکەم لای من بەبیری خۆم لەپڕ دێتە دەرێ لەو گۆڕە ئێستەش گیانی تیا ماوە دەسە و خەنجەر لەپڕ هەڵمەت دەهێنێ هەروەکو زیندوو ڕووەو دوژمن ئەچێ غەدری لەمەوپێشی لەبەر چاوە ئەگەر هۆشی لە سەردا بێ ئەزانێ دوژمنی کێیە هەقی خۆی لێ بسێنێ وەک ئەوان کردیان لە دوو لاوە دەسا کوردینە تا فرسەت لە دەستایە و نەکوژراون لەگەڵ یەک یەک گرن دوژمن هەزاران داوی داناوە گەهێ کوشتن گەهێ یەخسیر گەهێ هیجرەت گەهێ زنجیر گەهێ سێدارەو و تۆپ و تفەنگی بۆت حەشار داوە لە ئاگری داغەوە کوشتاری تۆیە تاکو لورستان سەر و ماڵ و وڵاتت لای ئەم و ئەو بڵقی سەر ئاوە ئەمە حاڵی وڵاتی کورد و کوردستانە شەو تا ڕۆژ کەچی گەورە و بچووک کەمتەرخەمن بەم حاڵە شێواوە وەرن ورد تا درشت هەروەک برا بین دەست لە دەستا بین لە پێناوی یەکا سەر دابنێین هێزمان هەتا ماوە وڵات ئاوا بکەین، پێشڕەو چرای عیلم و مەعاریف بێ سەناییع فێر بین ئەوسا ئەڵێن کورد خاوەنی ناوە هەتا ئێمە لە جەهلا بین عەدوومان هەر لە شەوننایە مەعاریفمان ببێ دوژمن بەدەستی ئێمە کوژراوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەو جێیەخۆشە ناوی بەرزانە ١ئەو جێیەخۆشە ناوی بەرزانە مەڵبەندی کورد و جێی سەر بەرزانە قەڵای کورد زوبان چاوی نیشتمان بۆ کورد پشتیوان خوێنی بێگانەی تێدا هەرزانە ٢ ئەو دڵپاکانە فەخری وڵاتن بۆ بەرزیی ئێمە زۆر بەئاواتن بە ماڵ و بە سەر بە خوێنی جگەر گشت بوونە سەنگەر بۆ سەربەستیی کورد زۆر بەسەباتن ٣ چەند جار هەستاون بەرامبەر دوژمن شەڕیان کردووە تێکڕا پیاو و ژن لە شەڕا پسپۆڕ کوردی سلاحشۆڕ دوژمنیان چاو شۆڕ کۆڵیان نەداوە بۆ ڕێی سەرکەوتن ٤ ئەی خوێن پاکانی خاکی کوردستان درێغی مەکەن بۆ خێڵی بارزان لە هەر کوێیە بن لە ڕقی دوژمن قەدریان بگرن چونکە بۆ ئێمە بوونە پشتیوان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: فیدات بم خاکی کوردستان سەبارەت: ١٩٤٣/١٠/٢٢ فیدات بم خاکی کوردستاننموونەی جەننەتی عەدنان لەسەر تا خوار گوڵ و گوڵزار دڵی غەمبار ئەکا دەرمان فیدات بم خاکی کوردستان هەوارگە و دیمەنی جوانت لە گەرمێن و لە کوێستانت بە بێگانە وەکوو تانە ئەڵێن گیانە منم لوبنان فیدات بم خاکی کوردستان بە سەیری تۆ منی میسکین فەرەح دێتە دڵم چین چین لەوێ دابەش ئەبێ بۆ لەش وەکوو ئاتەش ئەکا جەولان فیدات بم خاکی کوردستان بەڵێ گوڵ خۆی کە ئەنوێنێ بینای هەستێم ئەلەرزێنێ بەڵام وەک تۆ گوڵێکی نۆ بە ڕەنگ و بۆ نییە قوربان فیدات بم خاکی کوردستان لە بیرمە وەک شتێ مەعلووم مناڵ بووم عاشقی تۆ بووم کە مامۆستام لە ڕیز دای نام وتی ئەی خام بنووسە جوان فیدات بم خاکی کوردستان ئەویش نەبوایە باوەڕکە گڵ و بەردت کە مووفەڕکە ئەیانکرد کێش دڵی پڕ ئێش وەک ئاسنکێش بەبێ تاوان فیدات بم خاکی کوردستان لەسەر من فەرزە تا مردن لە وەسفی تۆ خەیاڵ کردن بە شیعری جوان وەیا پەخشان دڵی ئینسان بکەم حەیران فیدات بم خاکی کوردستان بەڵام بۆ خزمەتت گیانە ئومێدی من بە پیاوانە ئەوان زۆرجار هەزاران کار ئەکەن ڕزگار بەبێ دامان فیدات بم خاکی کوردستان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئاوی تانجەڕۆ ئاوی تانجەڕۆگەوهەری هەموو شاخی کوردانی خۆمانی بەراوی تۆ سەر بە ڕزق و خێرە پڕ دەغڵ و دانی زۆر جوانی تەوسیفی تۆ قەت نایەتە تەقریر و نووسین، هێندە پڕ فائیدەی جوانی، باعیسی ژینی قەومی کوردانی، خوڕەی ئاوەکەی تۆ هەموو غەمێ لە دڵ ئەبا سەوزایی دەوری تۆ عالەمێ پڕ سروور ئەکا مەنزەرەی تەبیعەت هاوتایی بەهەشتی فیردەوس ئەکا. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پیرەمەگروون موقەدەسی سەبارەت: لەسەر وەزنی «بز برنجی الایدگز» پیرەمەگروون! موقەدەسیدۆستی دائیمی کوردی بەو مەنزەرەی شیرینەوە دافیعی سەد نەوع دەردی قامەتی بەرزی تۆ دامەنی سەوزی تۆ نیشانە و ڕەمزی تۆ باعیسە لەبۆ سەرکەوتنی وەتەن فەسڵی زستان بەرگی سپی ئەپۆشی و چوویتە ئاسمان سەیری هەموو دنیا ئەکەی تۆی شاهەنشای شاخەکان کۆمەڵ گەوهەری هەیکەلی زەفەری لابەری کەدەری باعیسی لەبۆ نەهێشتنی میحەن چونکە دۆستی ئەجدادمانی نووری چاوی کوردانی بەردت هەموو دانەی گەوهەر لائیقی فەخر و شانی کۆمەڵی گەوهەری هەیکەلی زەفەری لابەری کەدەری باعیسی لەبۆ نەهێشتنی میحەن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەستە لە خەو کوردی هەژار سەبارەت: ١٩٤٣/١٠/٠٨ سلێمانی هەستە لە خەو کوردی هەژارئەی نەونەمامی ڕۆژگار خۆت گورج کە وەک مەردی بەکار ڕەنجێک بدە بۆ یادگار تۆ دەمدەمی کەمتەرخەمی کوا مەرهەمی زامی نیهان با ڕاپەڕین وەک فیل بەتین ببیە ئەمین بۆ نیشتمان بەری بەیان ڕووی پڕ سروور گزنگی خۆر هات زەرد و سوور ڕۆژیش هەڵات پڕ شەوق و نوور هێشتا لە خەودای پرخ و هووڕ هەستە لە خەو مەیکە بە شەو ڕۆژێکی نەو کەوتە جیهان وەک شێری نەڕ تۆش بێ خەتەر ڕێ بگرەبەر ناکەی زیان بنواڕە ڕۆژئاوا بە دڵ بۆت کەشف ئەکەن ژێر ئاو و گڵ وڵاتی خۆیان کرد بە گوڵ تۆش بێ خەبەر، هەر خاو و شل کوا ڕاپەڕین وا سەرزەمین بووەتە کەمین بۆ ژین و ژان وریایییە ئازایییە ڕیسوایییە بگری وچان ئەم نیشتمانەی تۆ هەتە زۆر دڵ لە داخی لەت لەتە کانگای شتی پڕ قیمەتە موحتاجی هەوڵ و هیممەتە ئەی نەونەمام کوردی برام بیرێکە خام ژینی نەزان بۆ ئەو کەسە زۆر کەمدەسە خوێندن بەسە ئەمما بە جان بانگ کردنم پڕ حەسرەتە بە گوێم بکە زۆر فرسەتە خەوی جەهالەت نەگبەتە زانین چرای سەعادەتە شتێکە ڕوون عیلم و فونوون کوردی زەبوون ئەیدا نیشان سا بێ پشوو بخوێنن هەموو تا زووبەزوو بێنە مەیان ++++++++++++++++++++++