شاعیر: بەختیار زێوەر کتێب: دیوانی بەختیار زێوەر سەرناو: مەناڵە ئەی دڵ ئارامت ببێ شێرانە تا ماوی مەناڵە ئەی دڵ ئارامت ببێ شێرانە تا ماوی لە پێناوی نیگارا کۆتەیەکیان گەر لە پێ ناوی هەزاران چاو و ڕاوت لێ بکەن قەت سڵ مەکە بۆ عەشق بەچاوێ ڕاوکراوی تا بمێنی حەپس و گیراوی بڕۆ هەر هۆگری ئەو شۆخەبە ئەو چاوە مەستانە مەترسە هیچ لە تانەی خەڵق و کردەی چەرخ و بەدناوی وەکو بیری من ئەمڕۆ وردە خاڵی دەوری گۆناکەی وەکو هەڵبەستەکانم ڕێکوپێکە قەددی لاولاوی ئەگەر هات و لە یادی لابدەی سەبر و سوباتت کوا لە عەشقی دولبەرا بێت و نەسووتێی دیارە خرفاوی لە زمناکۆ بەخوڕ فرمێسک بڕێژە ساف وەکو سیروان بەناڵەش ئەم کەژە پڕکە لە دووریی پەرچەمی خاوی ئەگەرچی بێ وەفایە ئەو نیگارە دائیما بۆ تۆ بەڵام تۆ شێوەیی سیدق و وەفا گەر بەرنەدەی پیاوی ++++++++++++++++++++++