شاعیر: بەختیار زێوەر کتێب: دیوانی بەختیار زێوەر سەرناو: بایەکی بەیانی فیدات بم بایەکەی وەختی بەیانی لەگەڵ تۆ خۆشە لای من زیندەگانی کەژ و دەشت و چەمەن ئەبڕی لە ناکاو لە پیرمام و لە قۆپی و مێرگەپانی گەهێ قەندیل ئەچی گەه دەوری سوورکێو سەرەو ژوور جار بەجار لای گۆڵی وانی وڵاتی کوردەواری ڕاگوزەرتە بەسەربەستانە مەشغووڵی گەڕانی بەیانیان من خەریکی گا، مەڵاسم لە ژوور سەرمی وەکو ئاواتی گیانی لە سۆزەی فێنکت وا دێتە بیرم ئەڵێی هەستە ئەگەر پەستی ژیانی غوباری ناو لەشت دەرمانە بۆ من پەڕی سیمورغە بۆ نەرم و نیانی لە کاتێکا خەواڵووم خۆڵی چەند جێ لە چاوم کە کلێکە ئەسفەهانی بە بۆنی ئەو وڵاتانەش کە دیوتە بهەنوە مێشکم ئەی هاوڕێی نیهانی ئەگەر تۆ ئەم نیازەم جێبەجێ کەی منیش پەیمان ئەکەم ڕاست و ڕەوانی بەچاوی کاڵ و لێوی ئاڵ و خڕخاڵ ئیتر تەفرە نەخۆم وەک نانی نانی بەچیهرەی یار و عیشوەی دڵ نەبەستم بەخەندە پێ بکەنم تۆش پێ بزانی شەوی وەسڵی بنێمە عاستی پشت گوێ بەعەشقی یار نەچێژم شادمانی سەرم تەرخان بکەم بۆ دەردی هۆزم دڵم جۆش دەم بەعەشقی نیشتمانی فیدات بم بایەکەی وەختی بەیانی لە کوێی هەڵکە. وەرە هاوڕێی نیهانی ++++++++++++++++++++++