شاعیر: بەختیار زێوەر کتێب: دیوانی بەختیار زێوەر سەرناو: بۆ گوڵەکەم گوڵەکەم نازەنینەکەم ئەی گوڵی باخی نیشتمان وەرە بڕوانە ژینەکەم چۆن لە دووریت بووە بە ژان برژە برژی برینەکەم ڕاستگۆییم ئەدا نیشان *** هەر منم سینە کون کونم جەرگ و دڵ ئەنجن ئەنجنم وا بەرەو ڕۆژی مردنم وەرە نزیک سەرینەکەم *** گیانەکەم یاری مەستە چاو ئێستە کەوتووم و تل ئەخۆم خەمی دووریت کە دێت بەتاو زۆرکەڕەت دەست لە خۆم ئەشۆم وام لە جێدا و بێ هەناو خۆم ئەزانم نەخۆشی تۆم *** هۆش نەماو بێ سەروبەرم دەنگی شین دێ لە ژوور سەرم دیتنی تۆیە دوختەرم بۆ نەجاتم لە گیانەڵاو *** شەو هەتاکوو بەری بەیان دڵەکەم پڕ لە زارییە دەنگەکەم ئێستە بێگومان پڕ لە سۆزی هەژارییە بۆ گوڵی ڕووت ئەکەم فوغان دیەنیت بەختیارییە *** وا بەهار هات و سەرزەمین بووەتە تارای سەوز و شین هەموو دڵدارێک پێک گەیین تۆش وەرە بمکە شادمان ++++++++++++++++++++++