شاعیر: بەختیار زێوەر کتێب: دیوانی بەختیار زێوەر سەرناو: گوڵی سەربەستی گوڵێک شیرینتر لە خونچەی بەهار نازکتر جوانتر لە شەوبۆی نازدار گەشتر لە دیدەی وەنەوشەی نزار گوڵێکە ناوی گوڵی سەربەستی مەردە ئەو گەلەی بگاتە دەستی گوڵی سەربەستی ئەی هێزی گیانم ڕۆشنکەرەوەی ڕێگەی ژیانم تۆم نەبێ من خۆم بە هیچ نازانم تۆم نەبی هەرگیز ناحەسێمەوە بێ بۆنی خۆشت نابووژێمەوە بام تەنیا هەر تۆ شاگوڵی من بی سەرچاوەی سۆزی بە کۆلی من بی تۆ تاقە یاری پڕ دڵی من بی شیعرت پیا هەڵدەم بە زوبانی خۆم بڵێم دەمێکە بە دڵ شەیدای تۆم بۆچی ڕەنگی تۆ وەکوو خوێن سوورە هەر هۆزێ کە تۆی تیابێ جەسوورە وڵات بە بۆنت زۆر پشت ئەستوورە دیارە تەلیسمی بەرزی ژیانی گەلێک کێش ئەکەی بۆ کامەرانی بەڵام نرخی تۆ ئێجگار گرانە کڕیارت کوشتە و جێگەی زیندانە بۆ تۆ من خوێنی خۆم لا هەرزانە سەرم بەخت ئەکەم تۆی پی ئەسێنم کە تۆم دەسکەوتی سەربەرز ئەنوێنم یاران ببینن ئەم کەژ و دەشتە ئەم لالەزارە کە وەک بەهەشتە حەیفە وڵاتمان کە جێگەی گەشتە ئەو گوڵە خونچەی تیا نەکاتەوە کوردیش گرەوی خۆی ناباتەوە ++++++++++++++++++++++