شاعیر: بەختیار زێوەر کتێب: دیوانی بەختیار زێوەر سەرناو: گریمان گریمان پارەت هەزار کلوور بێ شەو لە ژوور سەرت ساز و سەمتوور بێ بە ڕۆژ دیوانت پڕ زەرد و سوور بێ هاوڕێی ژیانت بەگ و مەئموور بێ گیانەکەم ئەگەر خۆت بێ قیمەت بی نرخێکی نییە خاوەن سەروەت بی گریمان ئەمڕۆ مەردی مەیدان بی خاوەنی نان و خوانی دیوان بی پیاوێکی بۆشناخ زۆر قسەزان بی شارەزای قانوون شیرین زوبان بی ئەگەر دەروونت پاک نەبێ تەواو ئەمانە هەستیت ناگۆڕن تەواو گریمان هەموو ئەوروپا چووبی گەلێک ڕەوشت و زانین فێربووبی بە وردبوونەوە وەک ئەرەستوو بی بە دەم بۆ وڵات پڕ ئارەزوو بی کە قازانجی خۆت پێش خست لە هی گەل ئەزانرێ دزی و ئەگەرێی بۆ هەل گریمان کاسب یا دووکاندار بی خەریکی سەودا و جوابی کڕیار بی بە دیمەن چاک و پاک و هەژاربی بۆ نوێژ و ڕۆژوو ئێجگار بەکار بی ئەگەر کەوتیتە فێڵ و دەس بڕین لە تۆ چاکترە ڕێگری بێ دین گیانەکەم هەرکەس ڕاست و ڕەوان بێ بە کردار دەرخا نیازی جوان بێ دڵسۆزی من و تۆ و نیشتمان بێ حەز ئەکا کوڕی سەپان و شوان بێ ئەو کەسە ڕۆڵەی کوردی هەژارە با تۆش نەیناسی وەکوو ڕۆژ دیارە ++++++++++++++++++++++