شاعیر: بەختیار زێوەر کتێب: دیوانی بەختیار زێوەر سەرناو: سکاڵای دڵ بۆ ئەستێرەیەکی هاوڕێم سەبارەت: ١٩٤٤/٠٦/٠١ بەکرەجۆ ئەی ئەستێرەی پرشنگدار ڕێ نیشاندەری ڕێبوار عالەم نووستوو تۆ بێدار ئاسمان ئەبڕی بە شەوگار *** دوای زەردەپەڕ تا گزنگ چ جوانی چەشنی ئاورنگ ڕشێنەی شەوق و پرشنگ ئەدەی لەسەرم و سەر سنگ *** ئەی گەوهەری ئاسمانی سەرچاوەی نوور و جوانی تێ ئەگەم بە پەنهانی کە ئاواڵێکی گیانی *** تۆ ئەڕۆی بە لەنجەولار جریوەت دێ و بەختیار ئەزانی منی هەژار لەناو خەم ناگرم قەرار *** ئەی هاوڕێکەی شەوگارم من پەست و شەو بێدارم گوێ بگرە لە هاوارم تێ بگە لە ئازارم *** ئەم عەربەی تۆ ئەیبینی پڕ هەڵڵایە و خودبینی هەیە بۆ خۆشی ژینی تاڵان ئەکا هاودینی *** هەر هەژارە قوڕبەسەر بێ باربۆ بێ یارمەتدەر کەچی پیاوی خاوەن زەڕ بێ بەزەیی بێ خەبەر *** نەماون ئەو پیاوانە لە نەبوونی و تەنگانە بۆ دۆست و بۆ بێگانە خزمەت بکەن مەردانە *** ڕاستی بەڵێن و پەیمان درێغ چوونەوە ئاسمان لای خزم و هاوڕێی ژیان بێ باوە و ناو و نیشان *** لای گەلێکی کەم ڕووربین ئێستاش خۆشە نەزانین چونکە باسی تێکۆشین بکەم لێم ئەکەن نەفرین *** نەک شەو ڕۆژیشمان تارە زۆرمان بێ هۆش و کارە ڕووناکیی زانین دیارە ڕوو تێکردنی عارە *** لە ژینی وا بێزارم بۆیە وا گرفتارم هێندە دڵ پڕ جەخارم مائیلی کۆچ و بارم *** ئەی هاوڕێکەم دڵ پەستم هیچ لەم عەردە ناوەستم بۆ ئەوەی لێرە هەستم زووکە دەس بەرە دەستم *** بمبە بۆ ئاسمانی شین بمگێڕە تا ماومە ژین بام دووربم لەسەر زەمین بێمە شادی و پێکەنین *** خۆ ئەگەر ئەوە نابێ تۆ شاد با حاڵم وابێ دوعای چاکت لای خوا بێ بەڵکوو بۆ من گیرابێ ++++++++++++++++++++++