شاعیر: بەختیار زێوەر کتێب: دیوانی بەختیار زێوەر سەرناو: من و بولبول وەرە ئەی بولبولی دڵگەرمی بێ تین ئەوەندە مەفڕە بۆ لای گوڵ بەناڵین لەسەر ئەو بنچکە نەختێ بوەستە پشوویەک بە لە ناڵە و گریەو و شین سکاڵای خۆت مەکە زۆر شارەزاتم لە عەشقا تۆ کە شای من ئەبمە فەرزین وەرە با واز لە یار و گوڵ بهێنین بچین بۆ ناو نزار و شاخی ڕەنگین تەماشایەکی تاڤگە و شاخی قەندیل لە دڵدا نەخش ئەکا خۆشیی هەوای ژین لەوێ دەم تەڕ بکە و نەختێ بخوێنە کەلاوکەل بۆی ئەچین بۆ دەشتی پێنجوین سەهەند و قەڵبەزەی ئەم نەختە خاکە ئەماڵێ حەسرەتی ئینسانی غەمگین لە خۆشیی ئەم وڵاتە نازەنینە بە سەد ڕەنگ بۆم بخوێنە بەرز و شیرین منیش ئەوسا بەبەستەی نیشتمانی کەژ و دەشت پڕ ئەکەم تا گونبەدی شین ئەگەر بێ و خوو بدەینە عەشقی وا ڕاست ئەبینە مایەیی تەقدیر و تەحسین وەرە بولبول، وەرە بولبول من و تۆ گوڵ و یار بەربدەین ئەم عەشقە بگرین ++++++++++++++++++++++