شاعیر: بەختیار زێوەر کتێب: دیوانی بەختیار زێوەر سەرناو: مەڕ من مەڕم زۆر خۆش ئەوێ بە دڵ و بە گیان شیرەکەی گوانی ئەدۆشین پاک و جوان ماست و ماستاو و کەرە و کەشک و فرۆی لێ ئەکەین، ئەیخۆین پەنیر و مەشکە دۆی خورییەکەی ئەبڕین و ئەیشۆین پاک هەمووی بۆم ئەڕێسن کیژ و ژن تاو تاوی مووی پاش ئەمە ئەیبەم لە بۆ جۆڵایی شار تار و پۆی بچنێ بە ئیشی وردە کار ئەیچنێ لێی بۆ جلوبەرگی کوردان شاڵ و چۆخە و ڕانکی نایاب و جوان ساڵێ بەرخێکمان بە دیاری پێ ئەدا گۆشت و قاورمەی ئەخۆین و بێ سەدا ئەم هەموو نەفعەی هەیە ئەی کاکە گیان بۆیە زۆرم خۆش ئەوێ بە دڵ و بە گیان ++++++++++++++++++++++