شاعیر: بەختیار زێوەر کتێب: دیوانی بەختیار زێوەر سەرناو: مامۆستای دڵسۆز مامۆستا گیان تۆ لای من زۆر پیرۆزی تۆ لە باوکم زیاتر بۆ من دڵسۆزی جوان هەست ئەکەم بە زوبانێکی شیرین پێم ئەبەخشی زانستی خۆت چین بە چین هێزی دڵ و دماغت هێندە بەرزە وتارەکەم هەستیم دێنێتە لەرزە تۆ بە بیری ڕووناک ڕێگەی ژیانم ڕۆشن ئەکەی چەوتیم ئەدەی نیشانم ئاگام لێیە بەباسی کرداری جوان ئەمخەیتە سەر شەقامی ڕاست و ڕەوان زۆر حەز ئەکەی وەک دانیشتووی ڕۆژئاوا خۆم و هۆزم بەرز بینەوە بێ داوا لە مەیدانی ژیانا سەربەخۆبین زانا و هوشیار لەگەڵ یەک بێ درۆبین مامۆستا گیان تۆ پێشەوای جوانانی چرای ڕووناکیی خاکی کوردستانی لە نیشتمانا سەرکردەی زانستیت بنچینە دانەری قەڵای سەربەستیت بەڵام سەد ئاخ ئەوەمان ناتەواوە لای کورد هێشتا قەدرت باش نەزانراوە ئەمجا تۆش گەورەم چونکە ئێجگار ژیری لام وایە لەم حاڵە کەمێ دڵگیری باوەڕ ناکەم ئەوەش عەزمت بشکێنێ دانا هیچ کاتێک عەزمی نانەوێنێ ڕۆژێک ئەبێ قەدرت بگرن بە چاوان لەبەر دەمتا بوەستن تیپی لاوان هەیکەلێکت بۆ بکەن گشتی ئاڵتوون گوڵبارانی بکەن بە شەوقی دەروون هیوای من و تۆ ئەوسا دێتە مەیدان کوڕنووش بەرن بۆ هەیکەلت پیر و جوان ++++++++++++++++++++++