شاعیر: بەختیار زێوەر کتێب: دیوانی بەختیار زێوەر سەرناو: جەژنی قوربان سەبارەت: ١٩٤٤/١١/١٤ سلێمانی وا بەرە جەژنانە ئەڕوانم زەمین بەرگی سەوز و سووری شادیی کردەبەر کیژ و کوڕ دڵخۆش و دەم پڕ پێکەنین هەرزەکار بۆ شایی بەستوویە کەمەر گیانلەبەر گەورە و بچووک هەرچی ئەژین هەستی خۆشی کردووە و کەوتووەتە فەڕ جەژنی قوربانە وڵات سەیرانییە هەر بەشی من دەرد و سەرگەردانییە وەک مەلێکی چوست و چالاکی چیا سەردەمێ ئاسمانی شادی بوو بەجێم بێ خەفەت ئەفڕیم لە گەردوون دڵنیا تا لە پڕ کۆسپێکی مەینەت هاتە ڕێم شاپەڕی باڵی شکانم جیا جیا ئێستە نازانم لە کوێ کەوتووم و کێم ئەی فەلەک تۆ هەر نەوەک بۆ من وەهای بۆ گەلی بێ دەسەڵات خاوەن سزای جەژنی قوربانە بەڵام کوردی هەژار جەژنی هەر نوێژکردن و نان خواردنە هەرچی خوا فەرموویەتی نایهێننە کار هەر لە جەژنا دوودڵی و شەڕ کردنە چۆن دڵم خۆش بێ ئەبینم چەند هەزار ئیشی هەر ناکۆکیی و ناوبردنە تا وڵات جەژنی وەهابێ ساڵ بە ساڵ ئەم دڵەم جەژنان ئەبێتە کۆی زوخاڵ ++++++++++++++++++++++