شاعیر: بەختیار زێوەر کتێب: دیوانی بەختیار زێوەر سەرناو: فڕۆکە دێوێکە گیانی تیا نییە ئەکشێ بە چەشنی مار بێ دەست و قاچ و خوێنە بەبێ گۆشت و بێ دەمار ناو جەرگی پڕ لە ئاگرە هەردەم کە دێتە ئیش خۆراکی ئاوە بێ دەم و دان بێ سمێڵ و ڕیش هەرچەندە بێ پەڕە کە لەگەڵ کەوتە ئاسمان شەش ڕۆژە ڕێگە زوو ئەبڕێ ناگرێ وچان ناڵین و گرمەگرمی لە هەستان و ڕۆینا هەورە برووسکەیەکە بەسەر گیانی دوژمنا ئەم دێوە گەورە بەچکەیی زانینە ئەی هەژار زانینە دێو لە ئاسن ئەکا باڵەکەی لە دار زانینە گیان ئەخاتە لەشی دار و بەردەوە زانینە زێڕ و زیو کە دەرێنێ لە هەردەوە زانینە شاخی گەورە وەکوو لۆکە شڕ دەکا زانینە جەرگی شەو کە بە ڕووناکی پڕ ئەکا دەریا کە بوو بە ڕێگەیی ڕۆژ و شەوی هەموو زانین نەبێ کە هێزی ئەوەی بێ مەگەر چ بوو زانستییە چرایە وەکوو زێڕی باخەڵە گیانی وڵاتە بۆ سەر و گوێی دوژمنی پەڵە ++++++++++++++++++++++