شاعیر: بەختیار زێوەر کتێب: دیوانی بەختیار زێوەر سەرناو: شەوگاری دڵداری سەبارەت: ١٩٤٦/١١/٠٢ سلێمانی دیسانەوە شەو هاتەوە بۆ عاشقی غەمبار بتلێتەوە تا ڕۆژ بە جەخاری دڵی زامار بێچارە بناڵێنێ وەکوو بولبولی گوڵزار پڕ سۆز و بەئازار ناکام و بەبێ یار *** هەرچەندە وەک ئەستێرە شوناسێکی جیهانی ئەڕوانمە ئاسمانی هیوای پڕ لە نیهانی لێم دیار نییە بەختی منی بیمار هەی هەی کە منی زار بەدبەختم و بێدار *** شەوگار دە بڕۆ ڕەش لادە لە چاوم من خۆم بە گەلێ دەردەوە باش تێوە گلاوم تۆش هەروەکوو مێمڵ مەبەرە ڕێگری دیدار بەس بمخەرە هاوار دڵ پەستم و دووچار *** گوێم لێیە نزیک دەنگی نەی و عوود و سەمایە بەزم و چەقەنە و بستە و بەستەی لەگەڵایە ئەو شادییە لای من بووەتە شیوەنی شەوگار بێ دیدەنی دڵدار شادی نییە یەکجار *** ئەی دڵ کەمەکێ ئۆقرە ئەگەر بگری بەیانە ڕۆژ بێتەوە گوڵزاری هیوای پڕ لە ژیانە لەم تاسە و ناکامییەی ئەمشەو ئەبی ڕزگار دەروازەیی ئەسرار ئەکرێتەوە ئەوجار ++++++++++++++++++++++