شاعیر: بەختیار زێوەر کتێب: دیوانی بەختیار زێوەر سەرناو: بۆ جلخوارەکان سەبارەت: بۆ ئەو کەسانەی مەیلی عوسمانی و گەڕانەوەی تورکیان بووە خاڵۆی تورکمان نەوەی جەنگیزخان بۆچی مەحزوونی کەوتوویە کێوان ئەملات بەهەشتی کوردەوارییە ئەولات عەرەبن زۆری شارییە سەرم سوڕ ماوە واقم وڕ ماوە تێم بگەیێنە چیت لێ قەوماوە؟ کەوتە پێکەنین خاڵۆی منەووەر وتی بە سەری ڕەشاد و ئەنوەر بە گۆڕی غازی و قەبری یوزدەمیر ئەمڕۆ دڵخۆشم ئەبمە جیهانگیر وا تورک دێتەوە بۆ ناو وڵاتمان بە گەورە و بچووک ئەکا خەڵاتمان ئەی ئەرقەداشلەر ئەی ئەرقەداشلەر گوێم لێ ڕابگرن وەک بەیتی عەنتەر وتم هەموو تورک پانزە ملیۆنە فەتحی ئەم ڕۆژەی ئوسلوبی چۆنە وتی فابریقە و تەیارەی هەیە مودەررەعات و سەیارەی هەیە سێ ملیۆن عەسکەر هەمووی پیادە ئەوەندەی تریش سواری ئامادە تۆیی سەحرایی و تفەنگی نایاب وا موهەییایە ئەگاتە پەنجاب ئەسکەندەروون و سووریەش ئەگرێ ئەنجا چاوێکیش لە عێراق ئەبڕێ بابە بێدەنگ بە تورک جیهانگیرە ئەمە ئیرسێکی باووباپیرە ئەی ئەرقەداشلەر ئەی ئەرقەداشلەر گوێم لێ ڕابگرن وەک بەیتی عەنتەر وتم تورک ئێستە لەوەی لاداوە وتی میساقی میللی هەرماوە وتم نایەوێ خۆی بفەوتێنێ وتی ئاخری شەڕ دەقەومێنێ وتم بەتەنیا شەڕی بۆ ناکرێ وتی ئەو قەومە گوێ لەوە ناگرێ وتم خۆ کەرکووک لەسەر عێراقە وتی نەوتەکەی مایەی مەراقە وتم ئەی خاڵۆ عەقڵت نەماوە هەرچی دەفەرمووی خەیاڵ پڵاوە تورکی بێچارە مەشغووڵی خۆیە تۆش وا ئەزانی دڵی لای تۆیە ئەی ئەرقەداشلەر ئەی ئەرقەداشلەر گوێم لێ ڕابگرن وەک بەیتی عەنتەر هۆ خاڵۆ خاڵۆ تۆ زۆر شێواوی تۆش وەکوو ئێمە برا خنکاوی تا تورک لێرە بوو هەمووی دوژمن بوون ئێستە کە ڕۆیی سینە کون کون بوون وا ئەوان نایەن ئێوە ئوغرکەن بەڵکوو ئەنقەرە ش وەک خۆتان کەرکەن بەخوا گەر تورک ئێوەی دەسکەوێ لێتان مەعلووم بێ ناگەنە شەوێ من پێتان ئەڵێم خەیاڵتان خاوە تورک مەیلی ئێوەی ئێستە داناوە ئەگەر لانەدەن لەم فکرە بۆشە برایەتیتان یەکجار ناخۆشە ئەی ئەرقەداشلەر ئەی ئەرقەداشلەر گوێم لێ ڕابگرن وەک بەیتی عەنتەر ++++++++++++++++++++++