شاعیر: بەختیار زێوەر کتێب: دیوانی بەختیار زێوەر سەرناو: تەتەببوعات چوومە بنچینەی علوومی ڕەمل و جەفر و جەلجەلووت تێگەیشتم زەڕڕەیێ نەفعیان نییە هەروەک سرووت ویفقی سێ سووچ و لەگەڵ چوارسووچ وپێنج سووچم کە دی سووچەکانیان تێ گەیشتم، ئەی برا، لووت و بزووت چەند کەڕەت نووشتەی ڕەشیم نووسی چ سوودێکی نەبوو جەلبی دڵدارم ئەکرد ئەمما ڕەقیب بۆ لام بزووت بۆ عەزیمەت خوێندنی جیننی لە وەختی نیوە شەو مەستەکی و جاوی ئەسووتان دانە دانە و جووت بەجووت تەلتەهیش یا تەیرەهووج سێ چوار هەزارێکم ئەخوێند فائیدی چی هیچ نەهات بۆ لام جنۆکەی ڕووت و قووت تازە وا بام دایەوە و بادانەوەش عەیبی نییە شوێن کڵاوی سەخری جیننی ناکەوم وەک مایە پووت تۆ مەچۆرە لای قەشە و مالووم و مەلا، گەورە کچ کردەوەی جوانت ئەبێتە واسیتەی تەعجیلی شووت ڕەمڵ و قاڵ نامە و مەلای دین تێکدەری ژن تەفرەدەر دەستەڵاتم بێ بەجارێ ئەیخەمە ناو چاڵەقووت دار و بەردی شەخسەکانی کەس نەناس و بێ ئەساس وا لەجێی خۆی تەخت ئەکەم ئەیکەم بەدەشتی جێگە جووت لەم پڕوپووچانە ڕزگارم بووە و جارێکی تر دەست لە ئیشی توڕڕەهات ناکەم بە زاتی لایەمووت خۆزگە وەک من تێ گەییوم کوردەواریش وا ئەبوو ئەم قڕوقێڵانە بۆ نانە بە تەحقیق و سوبووت ++++++++++++++++++++++