شاعیر: بەختیار زێوەر کتێب: دیوانی بەختیار زێوەر سەرناو: نەورۆزی ١٩٤٨ سەبارەت: ١٩٤٨/٣/٢١ سلێمانی بڕوانە ئاسمانی شین بڕوانە دەشتی ڕەنگین بڕوانە گوڵ و نەسرین بەهەشتێکی زۆر شیرین *** ئەڵێن ئەمڕۆ بەهارە وڵات بووکی نازدارە ڕازاوەی کردگارە دڵخۆشیمان لێ دیارە *** بڕوانە لاوانی ژیر یەکدڵ وەک حەلقەی زنجیر ڕۆڵەی نیشتمانی پیر بەبەرزیی وڵات هاوبیر *** ڕوو لە دەشت و سەیرانن دڵخۆش و شادمانن چونکە گەنجی مەیدانن ئەمڕۆ بە جەژن ئەزانن *** کیژۆڵەکانی نازدار خانمۆڵەی شیرین کردار چاوەڕوان بوون کە بەهار لەسەر بەندەن بێنە خوار *** بەڵام سوپاس بۆ یەزدان نەورۆزی دیسان ڕەخسان ئێمەش ئەیکەین بە سەیران بۆ کوردو بۆ کوردستان ++++++++++++++++++++++