شاعیر: بەختیار زێوەر کتێب: دیوانی بەختیار زێوەر سەرناو: ئەی پەپوولەی هەژاری ڕەنگاوڕەنگ ئەی پەپوولەی هەژاری ڕەنگاوڕەنگ بفڕە بۆ خۆت بەسەر گوڵ و چەمەنا لە شەقەی باڵ بدە بە سەد ئاهەنگ لە دەرودەشت و ناو چیا و دەوەنا *** چەندە جوانە کە ئەفڕی پێچاو پێچ هەر هەناسەی لە شوێنێ میوانی ڕێی فڕینت بڵند و خوار و خێچ بێ وەی و شادمان و خەندانی *** خۆزگە دوو باڵی چەشنی تۆم دەسەکەوت پێی بچوومایە ناو چەمەن بەبەیان گوڵ زیارەت بکەم بەڕیز شەش و حەوت هەڵمژم بۆن و ماچ بکەم پەڕەیان *** خۆزگە وەک تۆ بە تاقی تەنیایی ڕامبواردایە دوور لە خەڵقی زەنجین جێم چەمەنزار ئەبوو بە شەیدایی بێ غەم و دەرد و دوور لە بوغز و قین *** خۆزگە وەک تۆ لە گۆشەی دنیا تێ بگەیمایە چەندە سەربەستی بێ غەم و کەڵکەڵەی جیهان و سزا وەکوو تۆ دوور ئەبووم لە دڵپەستی *** ئەی پەپوولەی هەژاری ئێسک سووک تۆ بەسەزمان و هێمن و مەزڵووم بیری گەورەت هەیە و سەرێکی بچووک فەلسەفەی ژین لە تۆ بووە مەعلووم *** ئەی مەلی بێ هەوا و کیبر و غوروور بفڕە بۆ خۆت بە عەرد و ئاسمانا بفڕە بۆ خۆت بەزەمزەمە و بەسروور کەمە هاوتات لە کردەوەی جوانا ++++++++++++++++++++++