شاعیر: تاهیر بەگ کتێب: دیوانی تاهیر بەگی جاف سەرناو: ڕۆژی تەرەب و فەسڵی گوڵ و وەختی بەهارە ڕۆژی تەرەب و فەسڵی گوڵ و وەختی بەهارە یاران گوڵەکەم، کوا کە دەمی بۆس و کەنارە گوڵزاری ئیرەم سوورەتی زیبای قەدی تۆیە گۆشەی چەمەن و ڕوویی گوڵ و پایی چنارە بنواڕە لە بۆ حەڵقەیی زوڵفت لە سەری کوڵمە درەفشی درەخشانییە، نیوە شەوی تارە بەو زوڵف و موژەت مەمکوژە هەردەم بە جەفایێ جارێ لە تەنافم مەدە، سەد جار لە قەنارە تیری موژەکەت قاتڵە هەردەم بە بەڵایێ دایم لە دڵی خەستەدڵان پێکی، چومارە سووتاو و بریندارم و سەودایی و مەستم بەو پەرچەم و ئەگریجەو و بەو چاوە خومارە ئەو خاڵە لە سەر لێوتە جانا، چییە فەرموو! جێی ماچی لەبی تاهیرە نیشانەیی پارە ++++++++++++++++++++++