شاعیر: تاهیر بەگ کتێب: دیوانی تاهیر بەگی جاف سەرناو: نەمدی کەڕەتێک تاقە نیگاهێکی عەتا کا سەبارەت: پێنج خشتەکی لەسەر غەزەڵێکی شێخ ڕەزا نەمدی کەڕەتێک تاقە نیگاهێکی عەتا کا بەم شاهی و والایییە لوتفێ بە گەدا کا لێی دوورە کە یەک ڕەسمی موسڵمانی ئەدا کا «ڕۆژێ نەبوو ئەو دولبەرە بێ ڕەحمە وەفا کا جارێ نەبوو ئەو کافرە شەرمێ لە خودا کا» من کوشتەیی چاوانم و چاوانی لە من ون دەرد و ئەلەمیش گشتی بەوە لێم بووە دوژمن بۆ چاک و شەفا کردنی ئەم دەردە دەواچن؟ «حەیرانن ئەتیبا لە عیلاجی مەرەزی من لوقمانی ویسالی مەگەر ئەم دەردە دەوا کا» کاتێکی کە پێی نایە ڕکێف، تاو لە خەمی مرد ڕۆیشت و خەم و فیکرمی با دڵ لەگەڵی برد ئێسکی لەشی من گشتی لە ژێر باری فیراق ورد «کارێ کە غەم و دەردی فیراقی بە منی کرد سەرما بە هەتیو، با بە دەواری شڕی ناکا» عاشق کوژ و جەببارە بە دوو دیدەیی کەحلی سەد حۆری سەری شۆڕە لە بەر قامەتی نەخلی جێی فەخرە لە بۆ دەم، کە ببۆسی کەفی نەعلی «دێوانەیە شەخسێ کە بە غەیری لەبی لەعلی وەک شاهی سکەندەر تەڵەبی ئابی بەقا کا» هیجرانی، گەلێ موهلیکە بۆ بەندە وەکوو سەم هەم سینەیی سووزانە و هەم دیدەیە پڕ نەم زووخاو و خەمی دوورییە، خۆراکمە هەر ژەم «تاب و تەبی ئاتەشکەدەیی هیجری وەکوو شەم نێزیکە منیش واریدی سەحرایی فەنا کا» تەنها سەفەرم ڕێگەیی ئەو شۆخەیە، ڕێمە زنجیری هەوای عەشقی ئەوە، دایمە لە پێمە بەم حاڵەوە پێم سەیرە یەکێ دیکە لە جێمە «لەم ڕێگەیە تەقدیریی ئەزەل وا بوو کە ئێمە پاماڵی جەفا بین و ڕەقیب سەیر و سەفا کا» حەتتا لە خەویش دوورە لە من بچمە کەناری قەلبی ڕەقی وەک بەردە، نەرم نابێ بە زاری تەخمیس و غەزەل زەڕڕەیەکیش نایە بە کاری «گیان و دڵ و دین، هەرسێ دەکەم بەزل و نیساری بێ کامی دڵی من بە لەبی لەعلی، ڕەوا کا» ئەشقی ڕوخی ئەو یارە منی کردووە ناتیق چونکی کە «ڕەزا» شێخەو و هەم شاعیری حازیق تاهیر گەلێ پێی خۆشە قسەی شێخێکی سادیق «سەر دانێ لە ڕێی ئەشقی ڕەزا، لازمە ئاشیق بۆ یاری سەر و ماڵ سوپەری تیری قەزا کا» ڕۆژێ نەبوو ئەم دلبەرە بێڕەحمە وەفا کا جارێ نەبوو ئەم کافرە شەرمێ لە خودا کا حەیرانن ئەتیبا لە عیلاجی مەرەزی من لوقمانی ویساڵت مەگەر ئەم دەردە دەوا کا کارێ کە غەم و دەردی فیراقت بە منی کرد سەرما بە هەتیو با بە دەواری شڕی ناکا دێوانەیە شەخسێ کە بە غەیری لەبی لەعلی وەک شاهی سکەندەر تەڵەبی ئاوی بەقا کا تاب و تەبی ئاتەشکەدەیی هیجری وەکوو شێت نەزدیکە منیش واریدی سەحرایی فەنا کا لەم ڕێگەیە تەقدیری ئەزەل وا بوو کە ئێمە پاماڵی جەفا بین و ڕەقیب سەیر و سەفا کا ڕۆح و دڵ و دین هەر سێ ئەکەم بەزل و نیساری کامی دڵی من، گەر لە لەبی لەعلی ڕەوا کا سەر دانێ لە ڕێی عەشق، ڕەزا لازمە عاشق بۆ یار سەر و ماڵی سوپەری تیری قەزا کا «شێخ ڕەزای تاڵەبانی» ++++++++++++++++++++++