شاعیر: تاهیر بەگ کتێب: دیوانی تاهیر بەگی جاف سەرناو: ئەی پەرتەوی ڕەنگت وەکوو ڕەنگی هەمەڕەنگە ئەی پەرتەوی ڕەنگت وەکوو ڕەنگی هەمەڕەنگە خاڵت بە مەسەل زولفی سیاهت، شەوەزەنگە بەزم و تەرەب ئامادەیە، ساقی مەیێ فەرموو دەنگی دەف و ناڵەی نەی و ئاوازەیی چەنگە لێوت کە وەکوو لەعلی بەدەخشانە بە ئاڵی گەنجوور و نگەهبانی دەهان و دەمی تەنگە تابووری موژانت لەگەڵ ئەگریجە بەرابەر وەستاوە ئەڵێی لەشکری ژاپۆن و فەرەنگە سەد نامی خودا بێ لە دوو پوستانی ئەنارت گرد و شلک و نازک و پڕ چنگ و قەشەنگە بۆ باری خەمت گەر بەدەنم سستە مەڕەنجە پێکراوی موژەی تۆیە نە کوژراوی تفەنگە سەرگەشتە و و ئاشوفتەیی ئەشقم وەکوو فەرهاد کێوم بە دڵ و سینە و سەر، پەنجە قوڵەنگە چاوت بە مەسەل ئافەتی دڵهایە وەلیکن بۆچ وایە کە ئەبرۆیی کەچت مەیلی وە جەنگە لەم ڕۆژە کە ڕووم خستە بەری پێی و وتی پێم ئەی ئەبلەهە، کەی ماڵشی ئاوێنە بە سەنگە؟ مەنعی مەکە تاهیر کە ئەگەر مات و خەمۆشە دێوانەیی ڕووی تۆیە نە مەستی مەی و بەنگە ++++++++++++++++++++++