شاعیر: تاهیر بەگ کتێب: دیوانی تاهیر بەگی جاف سەرناو: موقەددەر گەر نەبێ ئاخر لە میهری مەه ڕوخانم چی موقەددەر گەر نەبێ ئاخر لە میهری مەه ڕوخانم چی لە ناڵەناڵی نیوەی شەو لە ئاهی بەربەیانم چی نیشانەی ئیفتیخاری من لە سینەم داخی هیجرانە بڕۆ ئەی ناسحی موشفیق لە ڕوتبە و یا نیشانم چی غەرەز وا بوو موقابیل کەم لەگەڵ گوڵ ڕەنگی ڕوخسارت وەگەر نەیبێ قەدی سەروت لە سەیری گوڵستانم چی من کە میحرابی ئەبرۆی تۆ مەقامی سوجدەگاهم بێ ئیتر وەک زاهیدی خودبین لە مەوعیدی جینانم چی شەوم وەک ڕۆژی ڕووناکە لە شوعلەی ڕوومەتی ئاڵت بەڵێ یەکبارە با ون بێ، لە ماهی ئاسمانم چی بە نەیڕەنگی فەلەک جانا لە دڵما دەرنەچوو میهرت کە من یەک ڕەنگ و یەک نەوعم لە تەبدیلی زەمانم چی بە من قەت نادرێ تەفسیری ئایاتی سەری کوڵمت گرانە تاهیرا بۆ من لە تەعریف و بەیانم چی ++++++++++++++++++++++