شاعیر: تاهیر بەگ کتێب: دیوانی تاهیر بەگی جاف سەرناو: فەسڵی خەزانی هیجرە ڕەسمی زەمانی دوونە فەسڵی خەزانی هیجرە، ڕەسمی زەمانی دوونە دەردی فیراقی یاران، تەقدیری کاف و نوونە دونیایە ڕەسمی وایە، بەزمی وەکوو بەڵایە عەیشی هەموو جەفایە، بادە بە ڕەنگی خوونە گوڵە ڕەفیقی خارە، شەرابە پڕ خومارە گەنجە ئەنیسی مارە، بەو بۆنەوە بە بوونە بێزارە تەن لە هیجران، چاویش پڕە لە گریان چ بکەم عەلاجی قوربان؟ دڵ عاجز و زەبوونە مەیلی فیراقی«ناری» دونیا وەهایە کاری ئەم چەرخە پڕ لە شوورە، ئەرکانی واژگوونە شیرینە وەسڵی یاران، چونکە دەگاتە هیجران نازانی ڕۆحم ئەمما، چەند تاڵ و ترش و توونە لە ژێر خەما مەوێستە، فەرموو دەستت بهێنە خزمانی شادمانە، تاهیر مات و زەبوونە ++++++++++++++++++++++