شاعیر: تاهیر بەگ کتێب: دیوانی تاهیر بەگی جاف سەرناو: سوور و سپیی و ناسکە، وەک چووزەرە ڕێواس سوور و سپیی و ناسکە، وەک چووزەرە ڕێواس ئاودار و تەڕ و تازەیە کۆڵمەی وەکوو گێڵاس ئەندامی لەتیفی چ بڵیم، عەینی بلوورە بۆی عەتر و هەناسەی مەمکی کەللە دەکا کاس خاڵی حەبەشی قرچە دەخاتە دڵی عاشق شمشێری برۆی سینە دەکا شەق وەکوو ئەڵماس حەسرەت زەدەیی ئاشقی شەیدایە جەماڵی مەحفووزی بکەی ڕەببی مِنَ الجِنَة و الناس لەو سوورەتە مەه پەیکەرە، لەو سەروە ڕەوانە لەو زولفە سیامارە کە ئەو گەنجە دەکا پاس موڵکی عەجەم و ڕۆمە بەهای بۆسەیی لێوی دەیکەم بە فیدای یەک نیگەهی مامش و بڵباس تاهیر سەری تەسلیمە لە بەر خاکی بەری پێت دایناوە ئیتر حەیفە مەکە بەسیە قسە و باس ++++++++++++++++++++++