شاعیر: ویساڵی کتێب: دیوانی ویساڵی سەرناو: ئەی یاری نازەنینم وەی سەروی گوڵستانم سەبارەت: پێنج خشتەکی لەسەر شیعری زێوەر ئەی یاری نازەنینم وەی سەروی گوڵستانم ڕەحمێ بکە بە حاڵم، تۆی نووری چاوەکانم شەیدایی زوڵفی خاوی تورکی برۆ کەمانم بەسراوی ڕاوی چاوی شوخێکی نەوجەوانم گیراوی حەلقەداوی سەییادی عاشقانم چارۆکە سپی دووبادە، لا لەم تۆرانە لادە بەس عومری من بە بادە، بمشێلە حاجی زادە *** بڕوانە حاڵی زارم، ئەی یاری سەیر و گەشتم بە باری دووری لێوت هەمتایی قەوسە کوشتم گاهێ مەکینی مەسجید، گاهێ لە نێو کەنشتم زەلیلی لەیلی بێ مەیل، مەجنوونی کوه و دەشتم بێ یار و کاروبارم، ڕەفیقی وەحشیانم چارۆکە سپی هەوری لار، گەردن بەرزی قەد چنار کوڵمت بێنە ماچی کەم، بۆ دەفعی دەرد و ئازار *** نەفرینە لەم گوڵینە و مانەندی ئاهوویی سڵ ناڵینە کەسب و کارم وەک عەندەلیبی سەرچڵ سووتاوە مورغی ڕۆحم بە نازی شەمعی دوو گوڵ تکا، شکا بەجارێ، شەراب و شیشەیی دڵ ئەسراری مەخفیاتم، کەوتۆتە سەر زوبانم کراس کەتانی چینی، قابیل بە هەڵپەرینی وەک شەمعی مەجلیس ئارا شیرین و نازەنینی *** مەنواڕە هایوهۆی من، بنواڕە سفت و سۆی من مەنواڕە وایوئۆی من، بنواڕە ڕەسم و خۆی من بە ماچی لەعلی لێوت، بمرێنە کفت و کۆی من مەنواڕە جستوجۆی من، بنواڕە گفتوگۆی من شیرینە قیل و قالم، مەدداحی دڵبەرانم ئەی شاهیدی دڵ ئارام، نەرمۆڵە و ناسک ئەندام بێ شەوقی شەمعی ڕووی تۆ، یەک لەحزە نیمە ئارام *** مەشغووڵی دەنگی تار و میزمار و ساز و چەنگم مەخمووری جامی لێوی موغبەچەیی فەرەنگم کوژراوی تیغی ئەبرۆ و موژگانی وەک خەدەنگم من پەستی دەستی شەستی چاومەستی دیدەشەنگم موحتاجی باجی ماچی ڕوومەت گوڵی جینانم ئەی نەونیهالی چینی، مانەندی حووری عەینی لە باغی ئارەزوودا وەک شاهی خۆشنشینی *** ئەو حۆرە بیکرە تازە، سوڵتانی تەختی نازە تاراجی عەقڵ و دینە، بێ ڕەحم و بێ نیازە شاهێنی چاوی تیژی بۆ حەملە شوبهی بازە هەمیشە حیلەبازە، جارجارە دڵنەوازە گاهێ لەسەر زەمینم، گاهێ لە ئاسمانم ئەی لوعبەتی یەمانی، غوڵامی تۆم ئەزانی دەستم لە مل کە جارێ، تۆ یارەکەی خۆمانی *** نەخۆش و مەستم ئەی یار، هاتووم لەبۆ زیارەت کەچ نابێ کەعبە جارێ، بێژی بە من کەفارەت دەرمانی دەردی دڵ کە تا کەی جەفا و مەرارەت دڵ بۆتە بۆتە بۆ تۆ، پڕ نار و پر حەرارەت فەوتاوە دڵ ئەوێستا خەریکی حیفزی جانم سەرپۆش کەتانی بانە، هەر چەند کە چاوت جوانە لوتفت ببێ کە جارێ، ئەحواڵی من بزانە بەسراوی ڕاوی چاوی شۆخێکی نەوجەوانم گیراوی حەلقەداوی سەییادی عاشقانم زەلیلی لەیلی بێ مەیل، مەجنوونی کۆه و دەشتم بێ یار و کاروبارم، ڕەفیقی وەحشییانم تکا، شکا، بە جارێ شەراب و شیشەیی دڵ ئەسراری مەخفییاتم کەوتۆتە سەر زوبانم مەنواڕە جوستوجۆی من، بنواڕە گفتوگۆی من شیرینە قیل و قالم مەدداحی دڵبەرانم لە داغی باغی ڕووی ئەو وەک عەندەلیب ئەناڵم تەزەروی سەروی باڵای، بێ ئافەتی خەزانم من پەستی شەستی دەستی چاومەستی دیدەشەنگم موحتاجی باجی ماچی ڕوومەتگوڵی جینانم دڵ بۆتە بۆتە بۆ تۆ پڕ نار و پڕ حەرارەت سووتاوە دڵ ئەمێستا خەریکی حیفزی جانم هەمیشە حیلەبازی، جارجارە دڵنەوازی گاهێ لەسەر زەمینم، گاهێ لە ئاسمانم زێوەر غوڵامی خۆتە، ئەم جەورە حەیفە خووتە مەمنوونە گەر بفەرمووی: تۆ عەبدی ئاستانم! «زێوەر» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەگەر خورشیدی ڕووی دەرخا لەسەر خۆی لابدا تارا ئەگەر خورشیدی ڕووی دەرخا لەسەر خۆی لابدا تارا ئەبن مەخفی مەه و ئەختەر لە شەوقی تەلعەتی زارا بەبێ گوڵ نامەوێ چ بکەم لە گابەروا و سپیدارا فیدای چاوی ئەکەم موڵکی جەم و ئەسکەندەر و دارا - - - - - - - - - - - - - - - - اگر آن ترک شیرازی بدست آرد دل ما را ئەگەر شەو بێت و بمشێلێ لەسەر دۆشەک جیهانئارا به خال هندوش بخشم سمرقند و بخارا را سیاحەتگاهی خووبان وەکوو جەننەت لە دنیادا کنار آب رکن‌آباد و گل گشت مصلّی را خودا چ بکەم لە زوڵف و خاڵ و چاوی کاڵ و لێوی ئاڵ چنان بردند صبر از دل که ترکان کانی یغما را جەماڵی ئەو دڵارایە، جەلایی صبغة اللهیە به آب و رنگ و خال و خط چه حاجت روی زیبا را مەکەن لۆمەم لە عەشقی یار، دڵ و شەرم و حەیام ڕۆیی که عشق از پردهٔ عصمت برون آرد زلیخا را وەها مەجهوولە گەنجی ڕووت لە چینی ئەژدەهای زوڵفت که کس نگشود و نگشاید به حکمت این معمّا را قسەی ناسێح لە گوێ مەگرن قبووڵی کەن هەموو هەر وەک جوانان سعادتمند پند پیر دانا را لە زاری تۆ ئەگەر ببیەم جنێویش هەر لەلام خۆشە جواب تلخ می زیبد لب لعل شکر خارا ئەوەندە جوان و شیرینە ویساڵی بەندی ئەشعارت که بر نظم تو افشاند فلک عقد ثریا را ++++++++++++++++++++++ سەرناو: حەبیبا کاغەزی تۆ پەیغامی یاری هێنا حەبیبا کاغەزی تۆ پەیغامی یاری هێنا بۆ عاشقانی مەجلیس قیسەی دڵداری هێنا لە سایەی حەمدی باری مەکتووبی یاری غاری بۆ عەندەلیبی مسکین مژدەی بەهاری هێنا دنیا هەموو بەجارێ پڕ بوو لە شەوق و شادی نامەی ڕەفیقی جانی دەفعی خوماری هێنا ئەم نامە خۆش بەیانە وەکوو نەسیمی سوبحی بۆ کوبکەهایی حەپسی بۆیی گوڵزاری هێنا یەکبارە مەستی مەی بووین لە خۆشی کاغەزی تۆ بۆ بەزمی ئێمە ئێمشەو نافەی تەتاری هێنا بەزمێکی خوسرەوانە بگرین بەکەیف و شادی شیرین شەراب و موتریب مزمار و تاری هێنا موتریب بیڵێ هەوایێ، مەیخانە سازە ئێمشەو ساقی بۆ بەزمی ئێمە، بادەی گوڵناری هێنا ساقی بدە شەرابێ، موتریب لێدە ڕوبابێ دڵا بێنە کەبابێ، مەستوورە ناری هێنا ئەی دڵ وەکوو سولەیمان شایی بکە لە خۆشیان هودهود لە شاری سەبا نامەی نیگاری هێنا ڕۆژی ویسالە ئیمڕۆ شەوی هیجران بەسەرچوو بۆ ئەم مەقامە یارم ماهی ڕوخساری هێنا دەمێکە دڵ نەخۆشە لە دووری ڕووی حەبیبان بە ماچی لێوی ڕەعنا شیفای بیماری هێنا زەمانی عەیش و نۆشە، چەمەن سەیرانی خۆشە یارم بەناز و عیشوە، گوڵی بێ خاری هێنا ویساڵی مژدە ئەمشەو، لە بەختی چاکی پاکت سەیری کە زوڵفی لادا، دولبەر عوزاری هێنا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵ لە حەسرەت چاوی نازارە کە وا زاری دەکا دڵ لە حەسرەت چاوی نازارە کە وا زاری دەکا هەر وەکوو سەیدەر ڕەقیبیش دێ برینداری دەکا نەوعی ئاهووی سر کە ئەسڵەن دەفعەیە بۆم ناگیرێ وەک غەزالەی بەڕ لە دەشتی غەفڵەتا یاری دەکا مەودەتێکە ون بووە لێم قەلبەکەی غەمدیدەکەم تازە بیستوومە لە باغا کەسبی عەتتاری دەکا وا بە سەهلی تێمەگەن دەردی گرانە عاشقی هەر کەسێ بێ تالیبی بێ، زوو گرفتاری دەکا دڵ وەها تالیب بە قەترەی نێو دەهانی دولبەرە نەوعی بولبول تا سەحەر بۆ غونچە گوڵ زاری دەکا گەر ببەخشێ شوعلەیێ بۆ دڵ بە چاوی مەرحەمەت ساعەتەن پەروانەئاسا خۆی فیداکاری دەکا دڵ کە میحنەتکێشە قوربان وا فەقیر و سابیرە ئەییوب ئاسا حەمد و شوکری حەزرەتی باری دەکا ئاگری هیجرانی دولبەر سینەیی کون کردووم بەرقی حیرمان خوێن لە چاوی عاشقان جاری دەکا ئێستە گەر مەهجوورە لە من غەمزەدە یاری عەزیز با عیشی بەدکار ببینێ ئەو کە بەدکاری دەکا هەر کەسێ بەدکاری ئیشە یا خودا کوێر بێ و زەلیل هەر وەک سەگ عاشقی شەیدا لە دڵدار دەکا ئەی موسڵمانان ویساڵی شێت بووە بۆ لەعلی یار هەر وەکوو مەجنوون لە کێوان مەشقی ئازاری دەکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەیری دەوری چەرخ و ئیشی خالیقی ئەرز و سەما سەیری دەوری چەرخ و ئیشی خالیقی ئەرز و سەما جین و ئینسی خەلق کرد دونیاشی کردە سینەما سینەما وەک سینەمای دونیا، لە دونیادا نییە سەیری ئەحواڵی جیهان کە جا ئەبینی سینەما سینەمای تازە فڕوفێڵە لە لا ئەهلی نەزەر تۆ ئەگەر عالیم بی ئەسڵەن، ناچی قەت بۆ سینەما سینەما سوودی نییە غەیری زەرەر بۆ داخلین داخ و دەردی سینەما هەروا لە لەوحەی سینەما سینەما و دۆمینە ڕەسمی پیاوی هەرزە و ئەبلەیە هەر کەسێ عەقڵی ببێت ئەزانێ کاری قۆڕە سینەما غەیری وێرانکردنی میللەت لە دوولا چی کەیە؟ مەیکەدەی بێ شەرعیی و جورم و قسوورە سینەما شۆڕشی جمهووری پیرۆز گشتی دەرهێناین لە چاڵ با هەموو سەربەست بژی میللەت کە وەسواسی نەما بۆگەنی جەمعییەتی کۆن عالەمی پیر کردبوو ئیمڕۆ جمهوورییەتە پاک بووینەوە، پیسی نەما ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەیری وەزعی ڕۆزگار و دەوری چەرخی ڕووسیا سەیری وەزعی ڕۆزگار و دەوری چەرخی ڕووسیا عاقڵی خستە جەفا و ئەبلەشی گێڕا بە شا چی بڵێم پشتی شکاندم باری دەست کورتی ئەمان هەر چی دەستی بۆ ئەبەم، نایێ بە دەسمۆ ئەی برا من لە هەورازی مەتالیب چۆن ئەتوانم سەرکەوم وا زەعیف و خەستەخاتر، ناتەوان و بێنەوا بۆ مەرام و مەقسەد ئێمە هەوڵی پێشکەوتن ئەدەین لیک مانیع سەددی فەقرە بەس کە نین حاجەت ڕەوا ئێستە کەودەن بوەتە - - موستەعید بوەتە فەنەر دەست نەڕۆیین بوەتە باعیس - کەوا بوەتە گەدا چونکە دنیا بێ بەقایە لێی نەدی هیچکەس بەقا شێتە هەرکەس پێی ببەستێ پشت و پاڵی پێوەدا ئیستیدامی عەیشی دنیا وەختێ بۆ تۆ دەست ئەدا ئیتتیحادت گەر ببێت دائیم لەگەڵ ئەهلی وەفا کامەرانی بۆ تۆ نابێ کاکی - - شێت و وێت ڕووت و قووت و بێ کڵاو دەرچی لە ئەمری مام مەلا تۆ کە پیاوی ڕوو لە زانین کە بە مەقسەد هەر ئەگەی گەر بزانی زانین ئاخر مەقسەدت حاسڵ ئەکا گەر نەزانی دائەمێنی عاقیبەت هەر وەک فڵان لیک زانین باری عەیشی دین و دنیات ڕاست ئەکا ئاسیای ئێمە کە کورتە باعیسی بێ عیلمییە ئەوروپایی چونکە فەننین بوونە فەوقی ئایسا تۆ ئەگەر یەکڕەنگ پەرست بی هەڵبژێرە ڕەنگی یەکڕەنگ چونکە یەکڕەنگ مەرتەبەی وا گەیوەتە ئەوجی سەما تا ئەتوانی ئیختیاری دووڕەنگی هەرگیز مەکە هەرچی دووڕەنگە هەمیشە سووک و ڕیسوا و ناڕەوا ئینتیفاق و ئیتتیحاد بۆ کورد نییە غەیری نیفاق چون نیانە ئەو دوانە دائیمە کەوتوونە دوا دەستی ئێمە کورت و خورماش وا بە داری زەردەوە مەنزڵیش دوور و درێژە کاکە شەل بوو هەردوو پا وەک - - وایە - - لەبەر بێ عیلمی خۆی هەر کەسێ لەولاوە هات سواری ئەبێ و باری ئەکا کورد ئەگەر دەستکورتی بێلێت هیچی بێ جەوهەر نییە وا لەبەر ڕووت و ڕەجالی بوونە پوولی ناڕەوا لەم زەمانە عیلم و سەنعەت واسیتەی پێشکەوتنن بێ بەشین لەو دوانە بووینە لاتی ئەم کێو و چیا باغی کورد تازە نەمامە، ئەکبەر ئاودێری ئەوێ باغ کە ئاودێری نەبێت نەشئونوما لە کوێ ئەکا کورد لە ئەووەڵ بەختی کەچ بوو هەر کە چی بۆ هاتە پێش بولبولە و ناگا بە گوڵ، هەر چەند ئەخوێنێ و هەوڵ ئەدا کێوەکانی خاکی کوردستان کەوا گرتوویە تەم ئاهی مەزڵوومە کەوا تاریکی کرد ئەرز و سەما خاکی کوردستانی ئێمە ئێستە بێناز کەوتووە چونکە بێ ساحێب بوو ئەسلەن ڕەنجی کورد گشت چوو بە با خاکی کوردستانی ئێمە ئەم سەرە و سەر خەزنەیە نەفعەکەی بۆ غەیرە کوردیش وا لە بەش ساقیت کرا هەڵکراوی زوڵم و جەورە کێو و هەردی کوردەکان چونکە کورد بێ - - بوو ناچار وتی قیری سیا ئێستە خوێنیشم بڕێژن مەوتینی خۆم هەر ئەوێ دەستی لێ هەڵناگرم یەعنی هەتا ڕۆژی قەبا خاتیمە بێنە ویساڵی ئیشی خوایە بۆیە خەڵق گەشت بوو بە لۆرت و کوردیش پاکی ماڵە و ماڵ ئەکا ئەم قەسیدەی تۆیە هەر کەس بیستی و جوان تێی گەیشت گەر بەهیممەت بێ ویساڵی مەرتەبەت عالی ئەکا لیک لای شەخسێ کە ئەسڵەن عەقڵ و ئیدراکی نەبێت وا ئەزانێ گوێزی بۆ ئەژمێری هەروا تێ ئەگا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: غەریقی بەحری عسیانم اغثنی یا رسول الله غەریقی بەحری عیسیانم، اغثنی یا رسول الله حەریقی ناری نیسیانم، اغثنی یا رسول الله لە میوەی نەخلی بوستانت عەجەب مەستوور و مەهجوورم هوزارئاسا بە ئیفغانم، اغثنی یا رسول الله ئەگەر مەللاحی ئەلتافت نەنێری بۆ منی عاسی سەراپا غەرقی تۆفانم، اغثنی یا رسول الله ئەوا بەفری - - - کێوی ئەعزامی هەموو داگرت بە حەق موحتاجی بارانم، اغثنی یا رسول الله مەتاعی دڵ، قەناعەت بوو، چەتەی نەفع و تەمەع بردیان ئەوا نابووت و عوریانم، اغثنی یا رسول الله لە ڕووسووری عیبادەت بووم و ڕووزەرد و خەجاڵەت مام زەلیلی باری هیجرانم، اغثنی یا رسول الله لە کێوی غەفڵەت و ڕێگەی نەدامەت وا بە ڕیسوایی ئەسیری نەفس و شەیتانم، اغثنی یا رسول الله بە سەنگی حەسرەتی میحنەت، بە گورزی زەحمەتی شکستەفەرق و غەڵتانم، اغثنی یا رسول الله لە دەوری کەعبەی قوربت منی بێدڵ بە ناکامی وەکوو واماندە حەیرانم، اغثنی یا رسول الله ئەگەر چی من کە ڕووزەردم، ئومێدم هەر هەیە چونکە سەگی دەرگاهی یەزدانم، اغثنی یا رسول الله بە یادی مەیکەدەی حوسنت منی سەرگەشتە ڕۆژ و شەو موقیمی بەیتی ئەحزانم، اغثنی یا رسول الله لە نێو مزگەوتی تاعەتدا، لە بۆ دڵ شەمعی ئیخلاسم نییە، چبکەم، پەرێشانم، اغثنی یا رسول الله لە کووچەی زیللەتا کەوتووم و بەرگی زیللەتم پۆشی نەما قووەی تن و جانم، اغثنی یا رسول الله ویساڵیش هەر وەکوو یاران، لەدووی ئەسحاب و ئالی تۆ کە دوورئوفتادە و حەیرانم، اغثنی یا رسول الله ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەرحەبا ئەی سەییدی خەلقی خودا مەرحەبا ئەی سەییدی خەلقی خودا مەرحەبا ئەی مەهبەتی وەحیی سەما مەرحەبا ئەی غونچەیی باخی وەفا مەرحەبا ئەی مەعدەنی سیدق و سەفا مەرحەبارئەی مەخزەنی کەنزی وجوود مەرحەبا ئەی گەوهەری ساحێب زییا مەرحەبا ئەی رحمة للعالمین مەرحەبا ئەی شافیعی یەومی جەزا مەرحەبا ئەی شەمسی بورجی مەعریفەت مەرحەبا ئەی شەمعی جەمعی ئەنبیا مەرحەبا ئەی مەنبەعی عەینول کەرەم مەرحەبا ئەی جامیعی عیلم و حەیا مەرحەبا ئەی بەدری ئەفلاکی جیهان مەرحەبا ئەی ڕوویی تو شمس الضحىٰ مەرحەبا ئەی ساحێبی وەحی و کیتاب مەرحەبا ئەی شاهی تەختی کیبریا مەرحەبا ئەی خەددی تۆ نور الهدىٰ مەرحەبا ئەی تاجی فەرقی ئەولیا مەرحەبا ئەی باعیسی ئیجادی خەڵق مەرحەبا ئەی ڕافیعی جەوز و جەفا مەرحەبا ئەی گولبەنی بوستانی جان مەرحەبا ئەی عەندەلیبی خۆش نەوا مەرحەبا ئەی ەودەودی مەیموون خەبەر مەرحەبار ئەی دەر دوو دونیا مۆستەفا مەرحەبا ئەی زوبدەیی نەسلی خەلیل مەرحەبا ئەی نووری قەلبی ئەتقیا مەرحەبا ئەی کاشفی شق القمر مەرحەبا ئەی خوسرەوی عالەم پەنا مەرحەبا ئەی شاهیدی کەنعانی دین مەرحەبا ئەی ڕافیعی کوفر و ڕیا مەرحەبا ئەی پادشاهی زی حیشەم مەرحەبا ئەی فاتحی بابی سەخا مەرحەبا ئەی یوسفی ساحێب جەماڵ مەرحەبا ئەی بە هەر دەردی ما دەوا مەرحەبا ئەی یوسفی ساحێب جەماڵ مەرحەبا ئەی بە هەر دەردی ما دەوا مەرحەبا ئەی عاریجی هەفت ئاسمان مەرحەبا ئەی غەوسی عاسی و ڕووسیا مەرحەبا ئەی شاهی مازاغ البصر مەرحەبا ئەی نازری ڕوویی خودا مەرحەبا ئەی ساحێبی تاج و بوراق مەرحەبا ئەی نووری ڕووی تۆ والضحی مەرحەبا ئەی موڕشیدی جینن و بەشەر مەرحەبا ئەی موقتەدا و موجتەبا مەرحەبا ئەی سەییدی دنیا و دین مەرحابا ئەی ناسری ساحیب لیوا مەرحەبا ئەی ساحیبی فەتح و زەفەر مەرحەبا ئەی کەوکەبی ڕاهی هودا مەرحەبا ئەی ساحیبی میعراجی حەق مەرحەبا ئەی لەعلی تۆ عەینی حەیا مەرحەبا ئەی شاهی جنات النعیم مەرحەبا ئەی فاتیحی دارولبەقا مەرحەبا ئەی سەییدی عەرەب و عەجەم مەرحەبا ئەی ناسیحی شیرین لیقا مەرحەبا ئەی نووری چەشمی ئینس و جن مەرحەبا ئەی خوسرەوی ساحێب عەتا مەرحەبا ئەی نازکی سەوسەن عوزار مەرحەبا ئەی ئاوێنەی ساحێب جەلا مەرحەبا ئەی نووری ماه ئەز ڕوویی تۆ مەرحەبا ئەی مەلجەئی شاه و گەدا مرحبا چون بهر تو اوراد ماست یک نظر کن دفعه ای بر حال ما مرحبایی در جواب ما بگو تا گوئی باب فرح بر ما گشا در دم نزع روان ای نور حق بهر ایمان حق بر آن شاه و گدا خواهد از تو این وصالی گر گوئی مقبول از تو یک رجا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گوێ بگرە لە من ئەی بادی سەبا گوێ بگرە لە من ئەی بادی سەبا بێ بۆ بەردەزەرد بێ عوزر و بەها میروەحەی زوڵف و ڕووی حەبیبانی هەم بۆ نەخۆشان دەرمان و شیفا بۆ گوڵستان و هەم بۆ نەباتات هەر ئەتۆی باعیس بۆ نەشئونما شاترێ نییە چابوکتر لە تۆ بۆ کاری موهیم ئازانە بڕوا بۆیە لە عالەم تۆ کرای موختار کە ببیە قاسید لەبۆ ئەنبیا تەبلیغی ئەمری ئەنبیا بکەی مەشریق و مەغریب بە گۆی عالەما زوو بێ بۆ لای من ڕۆحی شیرینم ئیشێکی زەروور وا لە من قەوما ئەم نامەم نووسی بە گیان و بە دڵ بۆ برادەر و دۆست و ئاشنا ئەبێ بە گورجێ بیبەی بۆ واژە بیدەی بە دەستی جەنابی کوێخا زۆر بە چاکی خۆی بیخوێنیتەوە هەم بۆ شێخ ئەحمەد، هەم سەید عەبدوڵڵا ئیستیدعا ئەکەم لە قاپی ئەحەد دوور بن لە دەرد و ئالام و بەڵا مەقسەدم ئەوە ئەی ڕۆحی ڕەوان لەپاش تەبلیغی سەلام و دوعا شایەد تێ بگەن کە مەتڵەب چییە نەک هەر لام سەر لام بیخەنە ئەولا ئەو سەید عەبدوڵڵای بانەیی مەشهوور نەک سەید عەبدوڵڵای جەنابی مەلا ئەو چون مەلایە موکەللەف نییە بۆ خۆم ئەزانم ئوسوولی مەلا ئەگەر واش نەبین هەر پێمان ئەڵێن هەر ئەڵێ بێنە، مەلا ناڵێ ها ئەمە مەشهوورە، فەقەت درۆیە ئەسڵ و ئەساسی نییە بەوەڵڵا ئەم نەقڵە درۆ کەوتۆتە دوامان بۆتە شۆرەتی تەواوی دنیا پێی مار و نانی مەلا و چاوی موور ئەم سێیە هیچ کەس نەیدی لە دنیا هەر کەس ئەم شیعرەی مەشهوور کردووە زۆر ئاوس بووە لە کێری مەلا دەوڵەتی مەلا شەرع و حەدیسە کێ سوئالی کرد مەلا بێدەنگ ما بەڵێ سوئالی شەرعی لە مەلا بکرێ، نەجیلە گەر جواب نەدا لە سەد یەکێکم نەدی لە مەلا بە ئەمری شەرع و بە قەولی ئاغا بیبێ وەکوو عام دەوڵەتی دنیا داکەکەیم گا، بە کێری کوێخا لەناو ئەم شیعرە تایەفەی مەلا کونەمشکیان لێ بۆتە سەرا مەلای قوڕبەسەر لە هیچ جێگایێ ناوێری بکا ئیددیعای سەخا چی کا کە نەیبێ، چ بدا بە خەڵق وا خەڵقی ئەڵێن ڕەزیلە مەلا مەلا هەر ئەبێ عالەم بیداتێ ئەگەر نەیدەنێ مەجبوورە بڕوا ناماقووڵی کرد، سەری دا لە بەرد هەر کەس ئەو بەیتەی خستە دوا مەلا ئەمر بە مەعرووف، نەهی لە مونکەر لازمە بیکەن تەواوی مەلا موافیقی شەرع ئەگەر ئەم دوانە یەک لە مەلایان بەجێ نەهێنا ئەوە زۆر حەقە پێی بڵێن بەخیل نەک بۆ نانێک و دوو سێ پیاڵە چا مەلا کە نەیبوو بۆ دین تەبلیغات یەخەی ئەگیرێت لە دنیا و عوقبا ویساڵی بەسیە تۆ خەریکی چیت ئەمجا بەحسەکەت وەرگێڕە سەر کا لە مەڕ و هێسر، ماین و وشتر یەعنی لە هەموو سەروەتی دونیا زیاتر لە لوتفی حەزرەتی باری نیمە بە غەیری یەک تاقە مانگا سێ ڕۆژە ئەویش وەکوو ڕەمەزان هەر بە ڕۆژووە، هیچ نییە بیخوا صائم الدهرە، قائم اللیلە ڕوو لە تاعەتە، خوا لێی قوبووڵ کا مەشغووڵی سەوم و سلووکە دائیم قەت غافڵ نییە، وەک کاکە ئەوزا مەشهوورە ڕۆژی ئیلیاس و خدر ئەویش ئەیگرێت بە نیازی کا پێی ئەڵێم وا تۆ مردی لە برسا ئەڵێ لێم گەڕێ جارێ قەیناکا ڕۆژوو ناشکێنم تا لە واژەوە ئاشنا و کوێخا بۆم نەنێرن کا وەختێ کام بۆ هات ڕۆژوو ئەشکێنم لە وەختێ ئیفتار ئەخوێنم دوعا مەمنوونی کوێخا مارفیش ئەبم وەکوو سالیکان حەمد و سەنای خوا ئاساری بڕی زستانی ئەمساڵ مەعلوومە لێتان، هیچ لازم ناکا زستانی ئەمساڵ، خولاسەی کەلام بخت النصر بوو، کەوتەوە دنیا ویساڵی بێتە خەتمی ئەشعارت ئیتر هەر تۆ نی و دوو سێ گوێنی کا بەڵام کاکە گیان کا-کەتان کا بێ نەک پاش ئاخوڕی بزن و کەر و گا ئەگەر کا نەبێ قوبووڵی ناکەم قەیناکا با هەر بمێنێ دەعوا ئەگەر کا نەبێ، مانگاکە بمرێ حەقی ئەویشتان مەعلووم دێتە پا مەعلووم بێ لێتان کای بۆ نەنێرن ڕۆژی قیامەت دیوان دانرا کە موقابیل بوو بۆ مورافەعە موافقی حەق، مەسئوولتان ئەکا لە واژە و سنکێ و هەم لە بەردەزەرد لە مێکووکان و هەم لە شەمساوا عەداڵەتی حەق چۆن قوبووڵ ئەکات مانگاکەی مەلا بمرێ لە برسا ئەگەر نەینێرن خۆتان ئەزانن ئەوا ویساڵی پێی وتن بۆ خوا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گاڵۆکێکم بوو چ گاڵۆک گاڵۆڵێکی زۆر عەجیب گاڵۆکێکم بوو چ گاڵۆک، گاڵۆڵێکی زۆر عەجیب قەت لە دنیادا جارێکی دی نابێتۆ هی وا غەریب مەجلیس ئارا بوو وەکوو گوڵ شوعلەبەخشی جان و دڵ بۆ دەوای دەردی نەخۆشان میسلی دەرمانی تەبیب یاخوا هەر چی ونی کرد و کەوا نەیدامەوە پێی نەهێڵی یا ئیلاهی سەبر و ئارام و شەکیب من ئەزانم کێ دزی لێم ساعەتەن ئەو گاڵۆکە چونکە مەعلوومە خراپە ڕەسمی بەدکارە و ڕەقیب تا ئەتوانی خۆت لە بەدکار و ڕەقیبان لا بدە زۆر کەمە چونکە ئەوێستا مەرد و دانا و نەجیب مەقسەدم لەم شیعرەدا تۆفیقی من ناوی نییە ئیمتیحانم کردووە چون چاکە بێتە هەم لەعیب ئەی ویساڵی تەعزیە زۆر لازمە بۆ گاڵۆکت بەڵکوو خوا ڕەحمێ بکا بە منی ئەسیر و دڵ شەکیب ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ خۆشەویستم ڕەفیقی شەفیق بۆ خۆشەویستم ڕەفیقی شەفیق ئەووەڵ کاک عەلی، دووەم کاک تۆفیق ئەپاڕێمەوە لە قاپی خودا لەسەر کەسابەت تۆفیقتان بدا لەپاش بەیانی عەرز و ئیحترام ئەوا بۆم ناردن چەن فەوجی سەلام دوعا و سەلامتان هەر بۆ ئەنێرم وە مننەتیشتان بە سەری کێرم چونکە لە دنیا من ساف و پاکم لە ڕاست هەموو کەس دائیم بێ باکم ئەگەر ئەپرسن لە حاڵ و ئەحواڵ خۆشترە حاڵمان لە حاڵی بەقاڵ ئێمە لە لادێ خوا موعینمانە بۆ ئەهلی بازاڕ ڕەفیق شەیتانە لێرە هەر چی بوو لەوێ دای ئەنێین ئەووەڵ تا ئاخر سەر ئێوەی ئەنێین نەجیبن ئێوە کە هەر ئەمەتە کاغەزتان ناردبوو بۆ دوو سەبەتە وامزانی کاغەز کەوا نێرراوە بۆ کاری موهیم یەکجار نووسراوە کە تەماشام کرد نامە سەرانسەر نووسراوە لەبۆ دوو سەبەتەی شڕ بناء علیە ئەی برای ئەڕشەد سەبەتەکانم داون بە ئەحمەد ئەمن وامزانی ئێوە بەقاڵن نەمزانی هەر دوو هەر قنگ بەتاڵن بەڵێ بیستوومە لە ئەهلی کەماڵ لە بازاڕا هەن بەقاڵ و چەقاڵ گەر وەک ئێوە بن بەقاڵ و چەقاڵ کێرم بە قنگی دوو هەزار بەقاڵ بیستم کە ئێوە هەر دوو بە پڕتاو تەسادوفتان کرد بۆ دوو کچی لاو بەجارێ کردتان مەرحەبا لەوان شکڵی ئێوەیان کە دی هەر دووکیان هەر دووکیان بە جووت تفیان لێ کردن بەجارێ حەیا و نامووسیان بردن تازە هەر دووکتان لە ساڵ بوونەوە ئاشی ئاو کەوتوون لە تاڵ بوونەوە تازە چیتانە لە کچی جوان ڕیشتان سپییە و نەماوە دانتان تازە مەر بە خەو ببینن جوانی ئەویش بە جومعە سەر لە بەیانی هیچتان بۆ ناکرێ بە پیرەپیرە مەگەر هەر دوو دەست بگرن بەم کیرە حوسەین هەر ڕاستە ڕاستیش ئەیژێ بۆیە قسەی ورد بۆ ئێوە ئێژێ چەندم تا ئێستا نەسیحەت کردن ئینسان تێی هەڵدەن نەک حەیا بردن عالەم کە پیر بوون بە حەیا ئەبن ئێوە تا پیر بن بێ حەیا ئەبن بەڵێ حەقتانە حەیا بە چاوە ئێوەش خۆ شوکر چاوتان نەماوە کالانەی چاوتان بۆتە شکڵی نوون لە دوور ئەشوبهێ بە قنگی مەیموون چونکە هەر دووکتان چڕوچاو نووساو دەم بە قووڵا چوو وەک بیر و گۆلاو دەم وەک کەلاوەی ساڵی دەقیانووس تەعمیر ناکرێتۆ بە ئینگلیس و ڕووس ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەلا ئەی ساحیبی دەرک و درایەت ئەلا ئەی ساحیبی دەرک و درایەت ئەلا ئەی نازمی موڵک و ولایەت ئەلا ئەی ساحیبی ڕوشد و کەرامەت ئەلا ئەی مەعدەنی جوود و سەخاوەت ئەلا ئەی ساحیبی زەنن و فەراسەت ئەلا ئەی گەوهەری کانی سەعادەت ئەلا ئەی نەغمەخوانی سوبحگاهی ئەلا ئەی غونچەیی باغی مەلاحەت ئەلا ئەی دوڕڕی دەریایی شەرافەت ئەلا ئەی سانیعی شەهری ڕەشادەت لەبۆ تەزیینی مەجلیس شەمع ئاسای وەکوو سەحبان و وائیل بۆ فەساحەت ئەلا ئەی بولبولی بوستانی ماوەت ئەلا ئەی گوڵبونی باغی لەتافەت بە گەرما بۆیە هاتم تۆ ببینم کە چی خاڵی بوو بێ جێ و مەقامت حەلیم خان ڕووی سپی بێ، بێ قسوور بوو لە خزمەت کردنا نەیکرد ڕەخاوەت بەبێ تۆ نان و ماست و چاییمان خوارد وەلی بێ لەفزی تۆ نەیبوو حەلاوەت ئیتر غەم هەر وەکوو باران ئەباری کە مەحرووم بووم لە دیداری جەنابت کە تۆ حازر نەبی ئەی نووری چاوم وەکوو وێرانە وایە موڵکی ماوەت ویساڵی تۆی نەدی، چاوی ویساڵی لەتاوا زۆری ڕشت ئەشکی نەدامەت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەوا بۆت هات کەڵەشێرێکی مل ڕووت ئەوا بۆت هات کەڵەشێرێکی مل ڕووت لەبۆی پەیدا کە جنسی ببنە هاوجووت هەتا زوو یاری بۆ ساز کەی، درەنگە نەوەک سوێی بێتەوە بێچارە بێ جووت لە غوربەتدا ئەگەر بمرێ بەبێ جووت هەموو ئۆباڵەکەی ئەو دێتە ئەستووت عەجەب جنسێکە حەیفە تۆوبڕاو بێت کە لاهووتی بوو خوا هێنایە ناسووت لەبۆ زینەت هەڵی بگرە زەمانێک درووس بۆ پێی کە پاوانە لە یاقووت حەقیقەت باڕەی ئەو دوننەل بلووغە فەقەت بۆ شەڕ عەجەب چالاک و مەزبووت لەبۆ دوشمن عەجەب دەمگەرمە بۆ شەڕ ئەگەر بیبێت بەدائیم خواردن و قووت کلیلی شێرە بۆ مەیدانی ئەعدا بەشەرتێ نەیدەیە بەر تیری تانووت موباریز ناوێرێ بۆی بێتە مەیدان کە هەر چی هاتە مەیدان کردی نابووت بەبێ پرسیار ئەگێت بێ فەرق و ئەندێش بعەینە میسلی قەومی حەزرەتی لووت مەیێڵە با نەفەوتێ هەر بمێنێت کە مانی قووەتە بۆ دەست و بازووت بە زەحمەت لەم وڵاتە جنسی ئەو بێت مەگەر جووتێ لە شام بێ یا لە بێرووت تەواو نابێ بەهای ئەو شکڵە حەتتا بە باغاتی دڕیی و قامیش و بەرزوت ڕەوایە چاوەزاری بۆ بنووسیت کە دائیم زینەتە بۆ حەوش و خانووت ویساڵی بەسیە مەدحی دوایی نایەت ئەگەر بێڵن هەتا ئەخرێتە تابووت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: برای شیرینم ئەی کاکی خۆش ڕەوت سەبارەت: بێ نەوتی برای شیرینم ئەی کاکی خۆش ڕەوت ئاگادارت بێ ساحێبی مزگەوت دەخیل سەد دەخیل فریامان کەوە با لە تاریکی شەوا نەبین فەوت یەک تەنەکە نەوت بە زووترین کات ئەبێ پەیدا کەیت، هەر چۆن بۆت هەڵکەوت ئەگەر زووبەزوو بۆمان نەنێری ئەبێ هەموومان سەر بنێین لە جەوت کاتێ ئەچمەوە ئێوارە بۆ ماڵ ئەو ماڵە لە من ئەبێ ئەشکەوت شەوێ تا سەحەر لەلا خۆم ئەنووم ئێستاش و ئەوسایش چاوم هەر نەخەوت بە شەو تەماشای سەعات کە ئەکەم تاریکی هەشتم لێ ئەکا بە حەوت ئەی داد زەمانە لەبەر بێ نەوتی چلۆن عالەمت خستە کەوتن و ڕەوت گەلێ هەوڵم دا بە هەر چوار لادا لەم تەنگانەدا کەس فریام نەکەوت سکاڵام زۆر کرد لا قەومان و خوێش فائیدەی نەبوو نەوتم دەست کەوت ئەگەر تۆش نەوتی بۆ پەیدا نەکەی لە شیعرا ناوت ئەبا بە جل چەوت هیچ لێم مەپرسە ئەحواڵت چۆنە سەر لێ شێواوم کاکە بەبێ نەوت ویساڵی حەتمەن نەوتی ئەوێ لێت ئیتر مەیدەرێ لەوە زیاتر سەوت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دووکەڵی جەور و خیانەت ئاسمانی دینی گرت سەبارەت: پێنج خشتەکی لەسەر شیعری فانی دووکەڵی جەور و خیانەت ئاسمانی دینی گرت کورد لەبەر شوومی و نەزانین شێوەیی بێدینی گرت نەگبەتی ئێمەش بوو حەتتا دەوڵەتی بەرلینی گرت ئاگری جەهل و نەزانین وا بەجارێ تینی گرت وا بڵێسەی ناوقەدی خەرمانی چاکەی ژینی گرت چونکە بۆ یەکتر نەبوون کورد پاک و ڕاست و بێ خەلەل پاکی بێبەش بوو لە فەیزی کەسب و زانین و عەمەل وا لە تاریکی هەموو کەوتوون و گومڕا و کوێر و شەل سەیری گیتی کە ئەزانی ڕۆژی تەقسیمی ئەزەل کوللی میللەت جەژنی شادی گرت و کوردیش شینی گرت میللەتی کورد زۆر فەقیرە سەیری چەند بێ دەست و پا وا لەژێر باری گرانی غەیرەدا پشتی شکا پشتی زامار کرد خەریکە جەرگیشی کون کون بکا تیری تەقسیری جەفاکارانی زاڵم بێ خەتا گۆشەیی جەرگی ئەهالی عاجز و غەمگینی گرت باعیسی دوودی دەروونە ڕەش بووە شاخی وەتەن هەر لە ترسی زوڵمە عالەم لێم بوونەتە؟ وەتەن حەیفێ نەمزانی لە دەس چوو کوشتینی داخی وەتەن سەددی گەورەی دەفعی دوشمن عیلمە بۆ باخی وەتەن جا کەوا بێ کوردی جاهیل باغی بێ پەرژینی گرت تۆ کە نیتە سەروەت و موحتاجی هەر بۆ یەک فلووس پایەبەرزی بۆ تۆ نابێ، مەگرە ئەسبابی جلووس خەرتەل ئاسا دەوری لاکی تۆ ئەدەن ئینگلیز و ڕووس ڕوو لە زانین گەر نەکەی تۆ، پەشمە تیعدادی نفووس بۆ دڕینی ورگی... بێ کە گورگی قینی گرت عیلم و فەن بوو ئەوروپای گێڕا بە فەوقی ئاسیا ئێمە چونکە جاهلین هەر بارکێش و ناڕەوا واسیتەی سەرکەوتنە عیلم و عەمەل بۆ هەر دوو لا هەر لە سایەی عیلم و زانین بوو کە دەستەی ئەورووپا ئەم فەزایەی بەینی ئەرز و ئاسمانی شینی گرت سەیری ئەم بەدبەختییە ڕووی کردە کوردی ماڵ وێران چونکە بۆ هیچ لا نیمانە سنعەت و کەسبی جوان جا مەگەر ئێمە لە دوو لا خاک بەسەر کەین بۆ ژیان بێینەوە سەر باسی قەومی کوردی کورتی هیچنەزان تاجی عیرفانی فڕێدا، کەوتە عارەق چینی گرت واعیزا تاکەی بە ڕیشی پان و هەم وەعزی ڕیا سەیری ئەم ئیسلامە جوانە پاکت خستە حەلوەلا بەس بڵێ ڕیش پانی سک زل، نامەوێ وەعزی وەها دین و دنیا گرتنی پێویستە تو خودا ئەی مەلا بەس بڵێ دنیا تەواوە بەسیە هەر کەس دینی گرت ماڵی عالەمیان وێران کرد هەر بە سێ کەس تۆ خودا نەکبەتی کوردی فەقیرە ئەم سێیەش بووتە بەڵا موختەسەر هەر سێ ئەکەن تاڵانی میللەت ئاشکرا بێ کینایەت خۆشە نووسین، شێخ و ئاغا و نامەلا دەستی کار و قاچی هەوڵ و چاوی تێکۆشینی گرت ئیش و کاری ئێمە بۆتە خواردن و پۆشین و خەو خەڵق شەویشی بوو بە ڕۆژ، ئێمە ڕۆژمان بۆتە شەو شوغڵی خەڵقی عیلم و فەننە، ئیشی ئێمەیش ڕاوەکەو چەرچل و ڕۆزفل خەریکی ڕاوی غایەن ڕۆژ و شەو گەورەکەی ئێمەیش بەبێ غەم پرچی پوور نەخشینی گرت ساقیا دڵ ئینتیزاری کاسە قەت لۆمەی مەکە زەرد و وشکە وەک پەڵاسە لێوی قەت لۆمەی مەکە بێ قەراری تیری تانەی ناسە قەت لۆمەی مەکە دڵ گرفتاری خەزانی یاسە قەت لۆمەی مەکە گەر بە دائیم میسلی بولبول شێوەیی ناڵینی گرت ئەی ویساڵی تۆیش وەکوو پەروانە بۆ دیداری شەم خۆت لەبۆ سووتان دەبێ حازر بکەی بێ زیاد و کەم ڕۆح فیدا کە بۆ ویساڵی خەتت و خاڵ و کوڵم و دەم بۆ فیداکاری نەبوو فانی کە دەستی کاکە مەم سێوی زیوینی چەناگەی جوانی خاتووزینی گرت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕۆحەکەم دوختەر گەیشت نامەکەت سەبارەت: لە زمانی ڕەئووفی کوڕیەوە لە وەڵامی نامەی دوختەری کوڕی حوسەینی فەقێی زینۆ ڕۆحەکەم دوختەر گەیشت نامەکەت باش تێگەیشتم لە کەلامەکەت منیش وەکوو تۆ دڵپەرێشانم لە دووری خوشکە شیرین نامەکەت وەختە لەتاوان بچم بە کێوا بۆ ماچی خوشکە گوڵ ئەندامەکەت بە خوشکت بڵێ ڕەئووف بێ حاڵە بۆ لەنجەی باڵا نەونەمامەکەت *** فەرمووتە ڕوقیە مایەی شیفایە هەر چۆن تۆ بڵێی واقیعەن وایە شکی تیا نییە فەرموودەت جوانە ئەسبابی خوشکە، قسەت ڕەوایە بۆ گوڵی باغی ڕیزوانی زینۆ ڕەئووفیش وەک تۆ بولبول ئاسایە بەڵێ عاشقی خۆشە لە دنیا وەلی نە وەک تۆ کەوا بێ حەیایە *** کەسێ ئەزانێ ڕەسمی عاشقی ئاخری وەک تۆ ئەبێ ڕووسیا چون هەر کەس کردی ئیقامەی دەعوا لە مەحکەمەدا لێی ئەکەن داوا ئیسباتی داوای بە شاهید بکات شایەد داواکەی بۆ سبووت نەکرا بە حوکمی شەرع و بە مادەی قانوون ئەمجا ئەیخەنە دائیرەی جەزا بێ موقەددیمە، سەرسەری ئاسا ئەڵێی ڕوقیایە دەرمانی شیفا تۆ کەوا کەر بی نابێ دوختەر بی ئەگەر دوختەر بی، نابێ وا کەر بی چون عەشقبازی ئوسووڵی وایە ئەووەڵ سڕڕییە نەک ئاشکرایە دیارە نازانی ڕەسمی عاشقی ماتووڵ کەوا بێ قابیلی شەقی دوختەرەفەندی هێشتا مناڵی دیقەتت نییە زۆر بێ خەیاڵی لەبۆ ئیدراک و فەهم و مەعریفەت هێشتا بەتاڵی وەک کووپەی خاڵی ڕەسمی عاشقی ئێمە ئەیزانین بۆ ماچی خوشکت زۆر پەرێشانین دوختەر پێم بڵێ خاهەرت چۆنە بۆ ژیانی من وەکوو کەو بوونە گەر عەشقی لەیلای خوشکی تۆ نەبێ چۆن عالەم ئەڵێن ڕەئووف مەجنوونە چ بکەم دەمێکە ئەمن لێی دوورم بۆیە بەدائیم زەرد و ڕەنجوورم تۆ خۆت ئەزانی لە بەردەزەردم لە دووری خورشید گرانە دەردم دڵم بۆ گوڵی باغی نەماوە پەروانە ئاسا گیانم سووتاوە بڵێ بە خوشکت هەروەکوو لوقمان دەفعی دەردەکەم بکا بە دەرمان ئیلاهی کەی بێ چاوم پێی کەوێ بەرانبەر ببین وەک جووتە کەوێ جا تەماشا کە لە گوفتوگۆمان لە ماچ و مووچ و لە هاتووچۆمان عەزیزم دوختەر ڕۆحی شیرینم کەی ئەبێ باڵای خورشید ببینم ڕەئووفە کوڕی مەلای بەردەزەرد لە داخی خورشید دڵی پڕ لە دەرد تالیبە بە ڕووی خوشکە جوانەکەت بە ئەشعاری تەڕ وەکوو لیرەی زەرد دوختەر چاوەکەم ڕۆحی ڕەوانم تاریکە بێ ڕووی خورشید جیهانم بەغەیری خورشید لە خوشکەکانت ڕۆحەکەم چ بکەم، ناویان نازانم ئەگەر ئەمزانی کامەیان جوانە ئەم کرد بە ویردی ڕۆژ و شەوانە فەقەت بڵێم جی، با بمانمێنێ کە هاتم خورشید تێت ئەگەیێنێ وەختێ کە خورشید کەوتە لەنجەولار تێ ئەگەی لە ئیش لەسەر هەتا خوار وەختێ کە لێی دا لارەپێچ لەسەر بە تیری نازی لەت ئەکا جگەر موشتەری دایم هەر وەک پەڕی داڵ شێت و شەیدایە لە چوار دەوری ماڵ منیش یەکێکم لەو مشتەریانە بۆ باڵای خورشید بووم بە دێوانە تۆ کوڕی میرزای زینۆی عەزیزم منیش ساحێبی خەنجەری تیزم ڕەئووفم ناوە باشم بناسە تاڵیب بە کچی جوان و لەزیزم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: حەمد و سوپاس و شوکری بێ عەدەد سەبارەت: وەفاتنامە حەمد و سوپاس و شوکری بێ عەدەد بۆ زاتی پاکی واحیدولئەحەد زاتی بەرییە لە چەند و لە چوون بێ زیدد و جینسە، خالیقی بێ چوون زاتی قەدیمە و ئەزەل هەر بووە وجوودی یەکە و بەری لە دووە ناماقووڵی کرد هەر چی وەک نەمروود لە عەسری خۆیا خۆی کرد بە مەسجوود لەسەر ئەو فکرە سەری دا لە بەرد با جێی سەقەر بێ ئەبەدولئەبەد خودایە تەنها بەبێ چەند و چوون خەلقی عالەمی کرد بە کاف و نوون لە خەزنەی کەرەم بێ ڕەفیق تەنیا ڕزق بە کوللێ زیڕۆحێ ئەدا بەبێ ئیزنی ئەو کارێ ناکرێ بێ ئیرادەی ئەو نابێ و نامرێ وە بەعد، بڕژێ، سەلام و سەڵات بۆ ڕۆحی پاکی فەخری کائینات ئەو محەممەدەی سەر پاکی نوورە هەر کەس نەیەوێ لە ڕەحمەت دوورە یا ڕەب بە جاهی ئەو پارچە نوورە هەر چەند موجریمین، لێمان ببوورە هەم سەلامی خوا و دروودی بێحەد لەدوا حەزرەتی زاتی محمد بۆ سەر ئال و بەیت، ئەسحابی کیرام هەم بۆ ئەولیا و عولەمای ئەعلام هەم بۆ تابیعین، هەتا یوم الدین رضی الله عنهم اجمعین ئەمجا بێینەوە سەر دەوری ئاسمان چۆن بێ سوود سەری لە عالەم شێوان چەند ناکەسبەچەی کردووە بە کەس چەند نەجیبزادەی کردووە بێدەس چەندی بەم دنیا کردووە مەغروور چەندەی موحتاجی کردووە ڕەنجوور سەیری کە چی کرد چەرخی چەپی واز ڕیشەی عالەمی دەرهێنا بە گاز وەلێ ئەو زوڵمەی کە کردی لە من لە هیچ کەس نەیکرد لە ئینس و لە جین بۆ زەرەرلێدان گەردوونی ئەخزەر برنجی ئێمەی کردە سەر دەفتەر سەیری گەردشی خەڕەکی دەوران دونیای چلۆن کرد پەرت و پەرێشان ئەعلا ئەباتە دەرەجەی ئەدنا ئەدنا ئەباتە دەرەجەی ئەعلا زاهیر دوشمنی شەرعی موبینە دائیم خەریکی فەوتانەی دینە ئەسەف بۆ کەسێ لەم دینە جوانە لایدا بەجارێ، چوو بۆ مەیخانە غەیری میللەتی ئیسلام لە دنیا هەموو گەیشتنە پایەیی ئەعلا زیاتر تەماشا لە کوردی بەدبەخت هەر کەس گرتوویە ڕێگەیەکی سەخت کورد لەبەر کینە و حەسەد و نیفاق قەت ڕێ ناکەوێ بۆیان ئیتتیفاق ئەگەر خوا حەز کا ئاوا دەستوبرد پێشکەوتن نابێ بۆ تایەفەی کورد ئینقیلابی چەرخ، بێ جورم و تاوان سەری لە ئیسلام بەجارێ شێوان وا تێکەڵ بووە ڕاستی بە ناڕاست لێک هەڵناوێرین وەک دۆشاو و ماست بە قەولی ئەسەح عولەمای ئەعلام ئەدەب و ئایین، مەزهەبی ئیسلام زیاتر نەبووە لە حەددی چوار کە چی ئێستاکە گەیوە بە هەزار ئەمەیش نەگبەتی ئیسلام و کوردە تێییشی ناگەین بەم دەستوبردە ئەی کوردی هەژار تۆ کە کەم ڕەوتی ڕێگەی ڕاست بگرە لادە لە چەوتی ئەگەر ڕاست نەڕۆیت ناگەیتە مەنزڵ ئاخر ئەچەقیت لەناو ئاو و گڵ قەت تەفرە مەخۆ بە چەرخی کەجڕەو ڕۆژی ڕووناکت لێ ئەکا بە شەو ڕاستی ویساڵی بێ فێڵ پێت ئەڵێ لەم قیل و قالە دڵت هیچ نەڵێ نەیبووە لەبۆ هیچکەسێ وەفا تۆ بە ئومێدی ببینی سەفا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خوا خۆی ئەزانێت پەنام هەر ئەوە خوا خۆی ئەزانێت پەنام هەر ئەوە هەمیشە ڕجا و تکام لای ئەوە چونکە سەگێکی بێ حەیا و دڕم دایم لە قاپی خوا هەڵ ئەنۆڕم ئەبێ وەختی نەزع ئاگادارم بێ لە شەڕی شەیتان تا ڕزگارم بێ ئومێدم وایە خودا یارم بێ ئەحمەدی موختار تکاکارم بێ هەر چەند لە زومرەی شەرمەسارانم یەکەم ڕووڕەشی عەسر و زەمانم ئەبێ ئەو خودا بە لوتف و کەرەم بۆ ئەم بەندەیەی ڕووسیا و ماتەم هەر وەک بارانی بەهاری ئەمساڵ ڕەحمەت بڕێژێ خودای زولجەلال بەو ڕەحمەتەی خۆی خوای ساحێب کەرەم لەبەر خاتری سەییدی عالەم نامەی عەمەڵمان پەخش کاتەوە کردەوەی پیسمان ڕەش کاتەوە تا بەشدار ببین لە ڕەحمەتی حەق لە دوا هەزار و سێسەد و چل شەق سا بە هەر جۆرێ بێت لە ڕۆژی مەحشەر بچین بۆ خزمەتی زاتی پێغەمبەر هەر چەند دانەری ئەم کتێبانە یەکجار ڕووسیا و کوێر و نوقسانە چون ڕەحمەتی حەق بێنیهایەتە بۆ چاک و خراپ هەر کیفایەتە موئمین و موسلیم، موجریم و ئەنیم ئومێدەوارن بە خودای کەریم گەر بیان بەخشێ و عەفوویان بکا بە جەنناتی خۆی شادیان بکا هەر چەند ویساڵیش ڕووڕەشە و ئەنیم ئەوا هاتۆتە دەرگاکەی کەریم وەک سەگ کەوتووە لەو ئاستانە هەر بە ئومێدی عەفو و غوفرانە چون ڕەحمەتی ئەو دوڕی بێسامان حەددی بۆ نییە وا بەبێ پایان لە لاتەزوللی ڕەحمەتی مەننان پاک و پیسی لا ئەبێتە یەکسان وەک بەحری موحیت ڕەحمەتی خودا تا لێی سەرف کەی کەم نابێ ئەسڵا جورم و گوناهی من و ئینس و جین ڕەحمەتی خودا وەک بەحری بێ بن گەر لوفتی بێت خودا فریادڕەس پاکی قووت ئەدا هەر بە یەک نەفەس خوا خۆی دەزانێ من چەند ڕووسیام ئەبێ غەیری خۆی کێ بدا پەنام غەیری ئەو خودا کە من ڕووی تێ کەم تەمەننای عەفو و غوفرانی لێ کەم من بە جورمی خۆم ئیعتیراف ئەکەم کە لێم نەبوورێ ئیستیناف ئەکەم ویساڵی بڕۆ و ڕۆژە یا شەوە لەو ئاستانە وەک سەگ بکەوە تا بەحری ڕەحمی وەک کوورەی حەدداد جۆش دا گوناهمان گشت ئەدا بە باد گەر دەریشم کا لەم ئاستانە بۆ خۆی ساحێبی ڕەحم و ئیحسانە تازە لەم دەرە ناگوێزمەوە پەنای ئەووەڵ و ئاخرم ئەوە لە نەفامیدا ڕیشت سپی کرد بۆ ڕووسپێتی کارێکت نەکرد تازە هەر مەگەر بڵێی حەمەدم سەگە خوێڕییەکەی قاپی ئەحمەدم شایەد خوا لەبەر خاتری ئەحمەد نەتخاتە سەقەر، ئەبەدولئەبەد ڕەحمت پێ بکا بتبەخشێت بە ئەو ڕۆژی ڕووناکت لێ نەکا بە شەو قەت غافڵ مەبە لە زیکر و فیکری هەتا لە دونیا دەرئەچی و ئەمری ویساڵی ئەمجا بگەڕێرەوە لەبۆ حاڵی خۆت بپاڕێرەوە ویساڵی بۆیە دائیم هەر ئەڵێ وەک پوورە گوڵێ بۆتە زۆربڵێ خوا بە ڕەحمی خۆی ئازادی بکا بە جەنناتی خۆی دڵشادی بکا سەرفی نەزەر کا لە گشت گوناهی نەیهێلێتەوە بە ڕووسیاهی تەئریخی هەزار و سێسەد و هەشتا ویساڵی خەتمی کیتابی هێنا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خۆزگە پیاوێکی ڕەشید و ئازا سەبارەت: شادیانەی گیسکەڕەش خۆزگە پیاوێکی ڕەشید و ئازا غیرەت بکێشێ لە چاپی بدا هەتا ون نەبێ ئەم جۆرە ئاسار نەشری کردایە لە دێهات و شار بخوێنرێتەوە لەناو کوردستان بۆ دڵگوشایی گەنجان و لاوان ویساڵی بڵێی یەکێ دەس کەوێ چاپی کا لەبۆ خوێندنەوەی شەوێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەگەر ئەپرسن ئەحواڵی سەعید ئەگەر ئەپرسن ئەحواڵی سەعید حاڵی پەشێوە سەعیدی بەعید هەر وەک بایەقووش هێلانە شێواو بێ ڕەفێق ماوە، کامیلەن سەعید زاهیر زەمانەی ناموساعیدە ناوی سەعیدە، بەختی ناسەعید ئەچێژێ سەعید دائیم بە بێکەس وەک جەهەننەمی عەزابی شەدید لەم چۆڵ و هۆڵە پەرێشانحاڵە هەر ڕۆژە جەژنی ئەکا بەبێ عید هەر چەند هەوڵ ئەدا دەستی ناکەوێ ناشوکری نەبێ لە کۆنە و جەدید لە قۆچی قشلاخ هەر هاوارییە بەجێ ما و لە خێڵ، یاری نەوڕەسید خولاسەی کەلام ئەمە حاڵی نییە داویە بە سەعید، حەمید و مەجید کاری شەیتانە کە ئیش ساز نابێ هەر بە لەعنەت بێ شەیتانی مەرید هەموو هەر غەرقین لە گێژی دنیا هێشتا هەر ئەڵێ فهل من مزید هەموو گیرۆدەی ئومێد و بیمین کەی ئەبێ وەعدە و نەجات لە وەعید ڕەمەزان مانگێکە بۆ هەموو عالەم دوای ئەبینن بەعام ڕۆژی عید ساڵ بۆ من و ئەو هەر ڕەمەزانە مەگەر خوا حەز کا نزیک بین لە عید ویساڵی و سەعید زەحمەت خەلاس بن لە عیجزی غەم و ئەندۆهی مەدید ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی فەلەک بۆ چی لە مەوتین وا منت ئاوارە کرد ئەی فەلەک بۆ چی لە مەوتین وا منت ئاوارە کرد؟ بۆ منت لەم غوربەتە بێ هەمدەم و بێچارە کرد؟ بۆ لە دۆست و یار و ئەحباب وا منت دوور خستەوە؟ بۆ منت مەحرووم لە خۆشیی وەسڵی ئەو دڵدارە کرد؟ بولبولی باغی وەتەن بووم، هەمدەمی نەسرین و گوڵ بۆ منت دووچاری ئێش و ئەزیەتی ئەم خارە کرد؟ من لە قەسری نیشتمانا بەزمی شیرینم هەبوو بۆ منت لەو بەزمە خۆشەی سوبح و هەم ئێوارە کرد؟ من لە گوڵزاری ئیرەمدا، قومرییەک بووم خۆشنەوا بۆ منت ڕیسوایی نەفسی خائین و ئەممارە کرد؟ ئەی فەلەک عاشق لەژێر باری غەما پشتی شکا هەر بەوەش ڕازی نەبوو، تا جەرگەکەیشت پارە کرد دڵ لە ترسی ماری زوڵفی هۆشی گەنجی ڕووی نەبوو هەر لە بۆ ئەو گەنجە خۆی ئاوقایی ئەو ڕەشمارە کرد؟ دڵ بە ئوممێد بوو بژی بۆ خۆی لەوێدا تا ئەبەد تۆ بە حیلە ئەو فەقیرەت دەربەدەر ئەو شارە کرد وەختێ ئەمنی دی بە عەوری زوڵفی ڕووی پۆشی لە من ئەی ڕەقیب خوا بتگرێ گەر وەک منت لەو یارە کرد ئەی فەلەک ڕۆحت هەڵاواسی بە تاتای پەرچەمی جورمی چی بوو ئەو فەقیرەت بەندی ئەو سێدارە کرد ئەی ڕەقیب هاتی وەکوو ئیبلیس ویساڵیت دەرپەڕان بۆ بە بێ جورم و گونەه لەو لەززەتەت ئاوارە کرد؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەیری تەقدیری خودای ئەحەد سەیری تەقدیری خودای ئەحەد کە چۆن منی کرد غەمبار و پێوەند تووشی یارێ بووم جوان و نازەنین بە ناز و عیشوە منی خستە بەند بەینێ پێکەوە خۆشمان ڕابوارد ئاخر لێک بڕاین بە هەناسەی سەرد بەینێ مامەوە بە دڵخەستەیی شێت و دێوانە بێ خود و بێ خورد ڕۆژێ تووشی بووم بە مەحرەمانە لە ڕووی نازەوە پێم گوت ئەی دڵبەند تو خودا پێم بڵێ بۆچ وا بێ شەرتی؟ بۆ لە ڕاستی من دڵت بۆتە بەرد بۆ چی لات خستم ئەی یاری بێ قەول بە لێو بەباری و هەم بە ڕەنگی زەرد بۆچ وا بێ وەفایت ئەی پەری لیقا بۆ وا بەجارێ تەرکی منت کرد؟ ڕەنجەکەی منت مانەندی فەرهاد گشتت دا بە باد ئەی یاری هەمدەرد تۆ هەر تێ فکرە لەبەر خاتری تۆ ئەکێشتم باری تانەیی نامەرد نەمزانی یارا تۆ وا بێباکی بێ من وەکوو کەو، ئەکەی هەرداوهەرد ڕاستم پێ بڵێ ڕۆح و گیانەکەم بۆ بە تیر منت وا گرفتار کرد ساحێب ماڵ نەبووم من دەرحەقی تۆ دڵ و ڕۆحی خۆم تەسلیمی تۆ کرد ئارامم نەبوو نە شەو و نە ڕۆژ عەندەلیب ئاسا گریانم ئەکرد عەشقی تۆ دائیم هەر لە دڵا بوو هەر بە یادی تۆ وەختم سەر ئەبرد بوومە نیشانەی تانەی ڕەقیبان تۆیش هەر وەک ئاسک ئەکەی بەرداوبەرد مەینەتی دنیات هەموو نیشاندام چارەم نەماوە جوز لوتفی ئەحەد هەم بێ وەفا بووی، هەم بێ بەقا بوویت نە شەرت و نە قەول هیچت سەر نەبرد ئەمە مانگێکە من تۆم نەدیوە یار ئەبێ وا بێ؟ نازدای بێ گەرد تۆ هەر بزانە من چیم بەسەر هات زەحمەتی زۆر و دەردی سەریم برد سەر هەڵنابڕیت، لە خوا ناترسیت هەر جارێ ناڵێی چۆنی محەممەد ئاخری کوشتت یاری دڵسۆزت ئەوەندەت پێ دا داخ و جەفا و دەرد ویساڵی بڕۆ با ئەویش وەک تۆ نەختێ ببینێت موکافاتی بەد خوێشت بکوژی هەر بێ سەمەرە دەستت ناکەوێت غەیری سزا و دەرد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەوێستا ئەهلی عیلمە دڵ بریندار ئەوێستا ئەهلی عیلمە دڵ بریندار لە فەقر و بێنەوایی زار و بێزار هەمووی کوشتن بە زیللەت چەرخی دەووار نە هەر بێ نانی هەم مردن بە بێ دار *** بە مەیلی جاهیلانە دەوری گەردوون بە غایەت دوشمنێکی بێ ئەمانە سەراسەر کیزبە قەولی ئەم جیهانە لەوی ئەتداتێ لێت نەکا بە تاعوون *** مەنازە قەت بە ماڵی پووچی دنیا وەکوو قاروون هەزاری کرد ڕیسوا بە ڕیش و مێزەر ئیش نابێ موهەییا عەمەل ماڵە، لە دنیا و لە عوقبا *** نەجیبە چون فەقیرە غەرقی خوونە بەڵێ بەختی هونەرمەند سەرنگوونە کە دنیا تا هەیە تالیب بە دوونە ئەوێستا گەورە دوون و گەورە مادوون ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی برادەر گوێت ببێ بێ گوێ مەبە هەروەک حەجەر ئەی برادەر گوێت ببێ، بێ گوێ مەبە هەروەک حەجەر چون لە قورئانی کەریما خوا وەهای داوە خەبەر خوا بەڵێ کەنزێکی مەخفی بوو لە جەمعی کائینات جا لەبۆ ناسین و تاعەت خەلقی کرد جینن و بەشەر چاوی داناوە لەبۆ دین گەر لە ڕێ حەق لانەدیت ڕاست بڕۆ هیچ لامەدە ڕێگەی حەقیقەت بگرە بەر فرسەتە نەقدی حەیاتت بۆ دیانەت سەرف کەی نەک بخوێت و هەر بنوویت وەک گا لە دەشتێ یا لە دەر هەستە وەک مەردان لە مەیدان گۆیی مەردی دەر ببە تۆ وەکوو من کوێر و شەل نیت، خوێڕی و بێعەقڵ و کەر گەر وجوود، جوود و سجوودی هەر نەبوو، با هەر نەبێت فائیدەی بۆ کەس نییە و نابێ درەختی بێ سەمەر دەستەدەستە بازی کرد کاروان و ڕۆیین کەس نەما تۆ بەجێ ماوی درەنگە بۆ لە خەو نابی خەبەر تا دەست ئەڕوا هەتا ماوی دەخیلە هەوڵ بدە تۆ سەفەرچیت توێشە پەیدا کە بۆ ڕێگەی سەفەر ڕێگەیەکی چۆڵ و موهلیک، مەنزڵی دوور و درێژ باوەڕێ پەیدا بکە بۆ وەختی نەزع و جوابی قەبر گەر بە ڕووتی و بێ زەوادی بێت و سەر ڕێگا کەوی وەختی سەختی دائەمێنی وەک هەتیوی بێ پودەر بەو هەموو عوسیانەوە چۆن ڕووت هەیە بچیە حوزوور؟ بەس خەریکی کاری بەد بە، لادە هەی خاکت بەسەر گەر وەکوو مسگەر بە تاعەت ژەنگی قەلبت لا نەدەیت خۆت موهەییا کە لە ئێستاوە لەبۆ ناری سەقەر گەر گرفتار بوویت بە زنجیری عقووبەت ئەو دەمە تۆ بە گریەی زۆر و تۆبە تازە نابی بەهرەوەر ئەی برا مەغرووری تاکەی؟ پیر بووی و هیچت نەکرد تازە غەرقی مەعسیەت بووی، زۆر مەحاڵە بێیتە دەر ڕوو لە قاپیی خوا کە ئەمجا ڕەحمی خوا بێ غایەتە بەڵکی خوا لوتفت لەگەڵ کا لێت بکا سەرفی نەزەر نیمە ئوممێدی عەمەل جوز ئایەیی لاتقنطوا پێم خۆشە ئەمری خودا، جێگەم بەهەشت بێ یا سەقەر وەک سەگی خوێڕی ئەوا هاتوومە دەرگاکەی کەریم ئەو کەریمە، نابی بێبەش، لەو دەرە بم کاتە دەر گەر هەتا ماوی بە تۆبە دەردی خۆت دەرمان نەکەیت تۆ بە ڕووزەردی ویساڵی چی ئەکەی یوم الخطر؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی نەسیمی سوبحدەم بیستوومە یار هاتۆتە شار ئەی نەسیمی سوبحدەم بیستوومە یار هاتۆتە شار قاسدی چاتر لە تۆ دەست ناکەوێ خدمەتگوزار هەیچ مەوەستە تا دەگەیتە بەردەمی مەنزڵگەهی ئیشتیاق و ئارەزووی زۆرم بکە تەبلیغ بە یار پێی بڵێ زۆر زۆر سەلام و ئەدعیە خێرم هەیە خاتری بۆ ڕۆژی ڕووت بەینێکە زارە و بێ قەرار قامەتی سەروت نومایان گەر نەکەیت قومری سیفەت ڕۆحی شیرینم لەلا زۆر تاڵ ئەبێ وەک زەهری مار هەر وەکوو پەروانە بۆ شەمعی ڕوخت سووتاوە دڵ مەر ویساڵی تۆ بکا سارێژی برینی زامدار دائیمەن مەجنوون سیفەت، سەحرانەوەردی چاوی تۆم بێ نیگاهی دیدەیی لەیلا، حەیات لێم بووەتە بار بولبول ئاسا دائیمەن ئەفغان و نالە و گریەمە وا بزانم بۆ گوڵی ڕوخساری تۆیە ئینتیزار ڕۆژی عوزرات گەر لەژێر هەوری فیراقا دەرنەخەیت وامیق ئاسا ڕۆح لە دەستم دەردەچی وەک ئاوی پار زۆر دەمێکە چاوەڕوانی قاسدی پشدەر ئەکەم تا عەیان بێ سیححەتت بۆ تەسلیەی قەلبی نەزار ناگەه ئەمڕۆ کاغەزێکم هاتە دەست و خوێندمەوە چونکە موشەععەر بوو بە لوتفی تۆ فەرەح باری بەبار با لە قەعری بەحری فرمێسکا نەبم ئێتر غەریق قەت لە کەشتی وەسڵەکەت طوربید مەیلیە بێتە کار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تۆ تەماشا کە برادەر لەم زەمانەی نابەکار سەبارەت: گیرانی ویساڵی بە دەستی ئینگلیزەکان تۆ تەماشا کە برادەر لەم زەمانەی نابەکار چۆن بە تیری خۆی ئەکا جەرگی هەموو کەس زامدار عالەمی دنیا سەراسەر وا لە مەیدان میسلی گۆ گشت بە چەوگانی فەلەک کەوتوون غەریبی دوور دیار ئەهلی عیلم و سەیید و دەروێش و شێخ و سۆفییان شاه و خونکار و گەدا، نۆکەر و هەم شەهریار قازی و موفتی و ڕەئیس و کەیخودا و ئەهلی دێ گشت بەجارێ دڵپەرێشانن لە چنگ فیتنەی دیار ماعەلەینا لەشکری غەم وا جیهانی گرتووە کەس نییە مەحفووز و سالم بێ لە مەکری ڕۆژگار خۆ خوسووسەن مەردێکی وەک من، بێکەس و بێ خانومان کەوتووم ئێستا بەبێ موونیس، زەلیل و لێوبەبار هەر چی دادم کرد وەکوو فەرهاد لە چنگ زاڵی جیهان زەڕڕەیەک نەفعی نەبەخشی بۆم بەجارێ ڕەنج خەسار وا لە کونجی بێکەسیدا ماومەوە بێ هەم جەلیس هەر وەکوو یەعقووبی کەنعانم لە حەسرەت ڕوویی یار کەس نییە هەمتایی من گیرۆدەیی دامی بەڵا گەر وەها مەعلوول و خەستەخاتر و هەم دڵفەگار چونکە وەک یوونس ئێستا غەرقی دەریایی غەمم فەرقی ڕۆژ و شەو نییە ئەسڵەن لەبۆ ئەمنی هەژار من کە هەرچەندە بەدائیم بێنەوا و پڕ غەمم گەر ببینم دەفعەیێ دڵدارێ بۆ دەفعی نەزار موددەتێکە گەر وەکوو یوسف لە زیندانم ئەسیر کەس نییە بارێ کەفارەت پێم بڵێ ئەی دەردەدار هەر چی تێفکریم نەبوو مەردێ پەناهی بۆ بەرم ئاخری ڕووم کردە دەرگای خالقی لەیل و نەهار زۆر بە زیللەت کەوتمە دەرگا و بەدڵ پاڕامەوە بەڵکە باری خوا بکا ڕەحمێ بە بەندی خاکەسار ئەی ویساڵی تا نەمردووی شوکری نیعمەت بێنە جێ تا لە دنیا و قیامەتدا نەبی بێ ئیعتیبار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەماشا کەن لە مەیدانە سەماوەر سەبارەت: خۆشی و بەزمی سەماوەر تەماشا کەن لە مەیدانە سەماوەر خەریکی شین و گریانە سەماوەر میسالی بێوەیی کوڕمردە دائیم خەریکی شین و گریانە سەماوەر هەمیشە چاو پڕ ئاو و دڵ پڕ ئاگر لە زومرەی دڵ حەزینانە سەماوەر یەتیم ئاسا بەبێ ساحێب دەناڵێ دڵی پڕ جۆش و بوریانە سەماوەر لە چاوی دێتە خوار بارانی ئەسرین دەڵێی یەعقووبی کەنعانە سەماوەر میسالی حەزرەتی لوقمان لە دنیا تەبیبی دەردەدارانە سەماوەر ڕەفیقێکی غەریبە بۆ حەریفان ئەنیسی داغدارانە سەماوەر عەجایب مەجلیس ئارایە و دڵ ئەفرووز وەکوو شەمعی شەبستانە سەماوەر بە میسلی بولبولی شەیدا شەب و ڕۆژ بە ئاه و سۆز و گریانە سەماوەر کە ئەو تەشریفی حازر بوو لە هەرجێ ڕەئیسی شاه و سوڵتانە سەماوەر وەکوو ئەسکەندەری هەر چار کەنارە چراغی قەسر و ئەیوانە سەماوەر لەنێو شێخ و مەلاو و تالیبانا وەکوو مورغی غەزەلخانە سەماوەر بە حوببی ئەو هەموو کەس موبتەلایە بە فەیز و لوتف و ئیحسانە سەماوەر دڵی پڕ ئێشە دائیم خەستەخاتر نەخۆشی ناری هیجرانە سەماوەر بە زاهیر عاشق و باتن چ مەعشووق زەدەی عەشقی حەبیبانە سەماوەر میسالی ئەولیای ساحیب خەواریق کەمەندی نەفس و شەیتانە سەماوەر بە ڕەنگ ئیدریس و باتن میسلی ئیبلیس بە تەزویر و بە دەستانە سەماوەر لە جامی فەیزی عالەم مەی دەنۆشن عەجایب پیری مەیخانە سەماوەر ئەگەر زۆر موخلیسی بی ئەبیە موفلیس عەدووی مسکین و سوڵتانە سەماوەر تەریدەی کاروان و ماڵ و موڵکە دەڵێی ئینگلیز و یۆنانە سەماوەر تەمەتتوع بەخشی قەلبی ناتەوانە سەفابەخشی حەریفانە سەماوەر دەڵێی شایە کە سفرەی دێتە پێشێ عەزیزی جینن و ئینسانە سەماوەر هەمیشە شیفتە و بوریانی عەشقە حەریفی بادەنۆشانە سەماوەر ئەکا زیندوو دڵی عوششاقی فانی میسالی ئەبری نیسانە سەماوەر لە وەقتی فەجری سادق دێتە مەیدان وەکوو عابید سەناخوانە سەماوەر خەلیل ئاسا لە دەستی ناری نەمروود هەموو دەم ڕووی لە سوبحانە سەماوەر لە کۆهی بێستوونی هیجری چایی عەجەب فەرهادی بێجانە سەماوەر بە سۆزی دڵ ئەناڵێ سێ سەعاتان موقیمی سەحنی مەیدانە سەماوەر گرفتاری خەمی زوڵفینی یارە بە میسلی شێخی سەنعانە سەماوەر بە گریان و بە زاری وەک هوزارە شەهیدی یاری بوستانە سەماوەر وەکوو دەروێش و شێخی ئەم زەمانە خەریکی تەپڵ لێدانە سەماوەر بە چاوی دڵ تەماشای حاڵی ئەو کە کە غەرقی بەحری عیرفانە سەماوەر بە زاهیر گەر چی مەستی ناری عەشقە بە دڵ مەشغووڵی ڕەحمانە سەماوەر بە چایی چا نەبێ، چا نابێ کاری کە مەنزەرگاهی چاکانە سەماوەر حەقیقەت قیبلەگاهی ئەهلی عەشقە لە شوعلەی نووری یەزدانە سەماوەر مەگەر ئەهلی بیارا بێ ویساڵی کە دائیم دەم بە قورئانە سەماوەر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: حەمد و سوپاس و شوکر و سەنای زۆر سەبارەت: بەشارەت نامە حەمد و سوپاس و شوکر و سەنای زۆر بۆ زاتی پاکی خودایی غەفوور زانایی ڕازی ئاشکرا و پەنهان بۆ مەخلووقی خۆی ڕەحیم و ڕەحمان هەر بە ئەمری ئەو عالەم بوو زهوور هەر ئەبێ و ئەڕوا هەتا نەفخی سوور بڕژێ بە زۆری سەلات و سەلام بۆ سەر محەممەد، سەیدولئەنام بۆ سەر ئال و بەیت ئەسحابی ڕەنگین هەم بۆ تەواوی زومرەی تابیعین هەم بۆ عولەما و ئەولیایی دین بۆ باقی ئوممەت زومرەی موسلمین ڕەزا و ڕەحمەتی خودای عالەمین لەبۆ ئێمەیش بێ و لەوان ئەجمەعین ئومێدم وایە پادشای کەریم ڕەحمەت بنوێنی بۆ زومرەی ئەسیم بە ئاوی ڕەحمەت بشۆرێتەوە خەتتی گوناهمان ڕەش ببێتەوە بدرێتە دەستی ڕاسمان لە مەحشەر نامەی عەمەلمان بە بێ دەردی سەر ئومێدم وایە خودای عالەمین لەبەر خاتری محەممەدئەمین لێمان خۆش ببێت عەفوومان بکات بە باغی جەننەتی شادمان بکات وە بەعد لەپاش سەنای بێکەران بۆ زاتی پاکی خودایی سوبحان بێینە سەر باسی کردەوەی دەوران چلۆن عالەمی کردووە سەرگەردان مین جوملە یەکێ وەک منی هەژار چی کرد لە گەڵما چەرخی کەچڕەفتار ئیتر تەماشا نەک بە تەنها من هەزاری وەک من کردی سەروبن لەسەر یەک حاڵەت قەراری نییە دەمێ بۆ هیچکەس مەداری نییە گاهێ پێت ئەدات تەختی سەڵتەنەت گاهێ لە ناکاو ئەتخاتە زیللەت گاهێ بە بەڵا ڕەنجوورت ئەکا گاهێ بە خەڵات مەسروورت ئەکا مین جوملە وەک من لە بەینی پێشوو گیسکێکم هەبوو لەناکاو ون بوو زۆری بۆ گەڕاین لە کێو و نزار زاتی گیسکەڕەش هیچ نەبوو دیار ئاخر دەسمان لێ هەڵگرت بە عام زۆرمان شوکر کرد بۆ خوای لایەنام خۆلاسەی کەلام گەلێکی پێ چوو بێ ناو و نیشان گیسکەڕەش ون بوو کە چی لەناکاو ڕۆژێ زەلامێ موژدەی حەیاتی گسیکەکەی دامێ زۆر دڵم خۆش بوو هەر وەکوو بولبول یەکێ بۆی بێنێ ناگاه موژدەی گوڵ وەختێ زانیمان گیسکەڕەش ماوە خۆشیمان ناو کەوت لە هەر چوار لاوە نەتیجە ڕۆژێ خۆم چووم بۆ گەنکێ کاری گیسکەڕەش کە بکەم یەک ڕێ وەختێ کە مەجلیس گیرا بۆ قسان باسی گیسکەکەم هێنایە مەیدان عاقیبەت حاجی مەحموودی ڕووگەش فەرمووی لای منە زاتی گیسکەڕەش فەقەت لێی گەڕێ جا با لێرە بێت تا بە ئارەزوو لە گیا تێر ئەبێت ئەمجا هاتمەوە بە کەیف و سروور خێرم لەبۆ کرد هەر چی بوو مەقدوور زۆری پێ نەچوو شەخسێ بێ حەیا خەبەری فەوتی گیسکەکەی هێنا پێی گوتم قوربان تۆ نەتبیستووە زاتی گیسکەڕەش فەوتی فەرمووە شەخسێ لەلای من قسەی کردووە وا جەنازەکەی لەوێ کەوتووە دایان نەکردبوو بە سەرما کوشتیان گەنەکەیی کردیان بە جەژنی سەگان فەوتی گیسکەڕەش کە بۆم مەعلووم بوو دڵم لە شادی و خۆشی مەحرووم بوو لە داخا وەکوو یەعقووبی کەنعان کە یوسفیان برد خستیانە زیندان ئەو چون دوا یووسف ڕووی کردە گریان فرمێسکی ئەڕژان وەک تاوی باران منیش وەک یەعقووب جەرگ و دڵ بوریان وەکوو باب مردوو بە ناڵە و ئەفغان ئیتر بەجارێ جەرگ و دڵ و لەش پارە پارەی کرد فەوتی گیسکەڕەش پاشان هەموومان شینمان بۆ گێڕا حەسەب ئەمری شەرع تەعزیە بۆ گیرا وەفاتنامەمان بۆ نووسی بە گەل بە تەئریختەوە کرا موسەججەل وەفاتنامەکە چاک هۆنراوەیەوە زۆر لە مەجلیسدا ئەخوێنرایەوە ئاخری خوێنی گیسکەڕەش برا یا لە جنسی خۆی یا حەق و بەها مەجلیس و کۆمەڵ وا قەراریدا خوێنی گیسکەڕەش بکەن جێبەجا تا زوو جێبەجێی بکەن درەنگە نەوەک نەمێنێ دنیا بەم ڕەنگە لە حاجیم وەرگرت تەئمیناتی تام خوێنی گیسکەڕەش بکەن سەرەنجام ئەمجا هاتمەوە بۆ دێکەی خۆمان دانیشتین بە جەم هەتا سێ ڕۆژان تەعزیەی گیسکەڕەش کە خاتیمەی هات کردمان شوکری خوای ئەرز و ئاسمان زۆری پێ نەچوو بە لوتفی سوبحان لە ناکاو شەخسێ هەر وەکوو مەردان وەختی ئێوارە مژدەی بۆ هێنام غەم مەخۆ سوپاس بۆ خوای لاینام زاتی گیسکەڕەش بۆ خۆی هاتەوە زۆر بە حورمەت و بە خەڵاتەوە لە هەر ماڵێکا بووە گیسکەڕەش لە دەرد و بەڵا خوا بیکا بێبەش تا زەمانێ دوو یاخوا ئاوا بێت دەرگای ڕەحمەتی خوای لێ گوشا بێت موبتەلا نەبن بە ڕەنج و ئازار هەر لە خۆشیا بن سیغار و کیبار ئیحتیاج نەبن بە پیاوی لاسار قەت بە فەقیری نەبن گرفتار مەحفووز لە فیتنە و بەڵای ڕۆزگار بینا بە خاتری ئەحمەدی موختار خۆشی و بەشارەت وا کەوتە ناومان وەک دەرهاتنی یوسف لە مەیدان کە چووم گیسکەڕەش وا لەنا و داڵان دانیشتووە عەینەن هەر وەک خەرامان هەر وەک قەمەرناز بە ناز و عیشوە جار جار بە نازۆ لێوی ئەبزوا منیش تا توانیم زۆر بە ئیحتیرام بە حەیا و ئەدەب لە دوور ڕاوەستام گوتم گیسکەڕەش بە خێر بێتەوە خۆ تۆ مردبووی زیندوو بوویتەوە وتی حەقیقەت خەریک بووم بمرم بە جووت دەستانم بە گونانت بگرم ئاخری وەک خەلیل کە خوا ئەمری کرد لە بۆ سەربڕین ئیسماعیلی برد بۆی پارانەوە هەموو کائینات تا مەلائیکەی ئەرز و سەماوات کوورەی ڕەحمەتی خودا جۆشی خوارد بە لوتف و کەرەم خوا فیدیەی بۆ نارد بۆی هات بەرانێ لە بۆ سەربڕین بۆ فیدیەی کوڕی لە خولدی بەرین کە سەری بڕی حەزرەتی خەلیل ئەو کەبشە چاکە بە ئەمری جەلیل ئەو جا ئیسماعیل لەو بەڵای موبین زوو نەجاتی دا ڕەبۆلعالەمین منیش هەروەها خودا ڕەحمی کرد دەرگای ڕەحمەتی لە من گوشا کرد ئەو گیسکەڕەشە کە لە گەنکێ بوو بە خەیاڵی تۆ خێری نەنکێ بوو خوا بۆ فیدیەی ئەو منی دانا بوو ئەو مردوو شوکر من نەجاتم بوو تەمەننا ئەکەم خوا بە ڕەحم ببێت بۆ مەخلووقی خۆی زۆر بە کەرەم بێت سەیری ئەو حوکمە ها بە لایەوە کەوا لە نەبوو منی دایەوە ویساڵی ئەبێ تۆ هەتا ئەمری مل کەچ بی و موتیع دائیم بۆ ئەمری چونکە هاتمەوە سەربەست و ئازاد ڕەنجی پێشووی تۆ خوا نەیدا بە باد ئەبێ دەعوەتێ بکەی جێبەجێ لە بۆ ماقووڵ و ناماقووڵی دێ لە ڕۆژێکی خۆش هەتاوو هەستاو وە ئەهلی نەبن بەجارێ بڵاو کەللەیێ شەکر و ئەلیدرەم چا قەراری بدە بۆ سەیری سارا لە جێیەکی دەشت سەوزە گیابێ ماست و کەرە و هێلکەی تێدا بێ بە شادیانەی گیسکەکەی مەلا ڕۆژێ ڕابوێرین بە سەیر و سەفا بە کوێری چاوی هەموو نەتەوێ بەزمێ بگێڕین بەزم خوسرەوێ هەتا ئێوارە لە بۆ گیسکەڕەش کە لە گیای بەهار خوا نەیکا بە بێبەش ئەلحەمدولیلا گیسکەڕەش نەمرد لە دورد و بەڵا خوا مەحفووزی کرد بە سەلامەتی خۆی هاتەوە ماڵ ماڵ و مناڵی هەموو کرد خۆشحاڵ برا من و تۆ هەر چییە خەیاڵ موقەددەری خوا زوو ئەیکا بەتاڵ ڕاستت پێ بڵێم برای پڕ کەماڵ خوا نافەوتێنی ئەموالی حەڵاڵ باقی وەسەلام ئەی برای عەزیز هەرگیز لامەدە لە ئەهلی تەمیز خۆت لە شەللاتی و بێ حەیا لادە تا لە گەڵیان بیت ڕەنجت بە بادە ئەی برای بەڕێز گوێ لە نەسیحەت بگرە بە کار دێ لەبۆ قیامەت ویساڵی غایەی هەر نەسیحەتە گەر بیگریە گوێت زۆر بە قیمەتە هەر چەند موجریمین ڕووڕەش و خەجڵ بپاڕێنەوە بە ئیخلاسی دڵ بیبێ لەگەڵمان لوتف و عینایەت خوا لامان نەدا لە ڕێی هیدایەت یا ڕەب بۆ خاتری شاهی ئینس و جان مەحفووزمان بکەیت لە سەلبی ئیمان یا ڕەب بۆ خاتری ساحێبی فتووح فریامان کەوی دەمی نەزعی ڕووح زەفەریاب نەبێت ئیبلیسی مەلعوون بۆ خاتری یەحیا و زەکەریا و شەمعوون یا ڕەب بۆ خاتری شاهی ئەنبیا لە ڕۆژی حەشرا نەبین ڕووسیا یا ڕەب بۆ خاتری سید البشر مەمان سووتێنە بە ناری سەقەر هەر چەندە ئێمە کە بێ پەیڕەوین بەگوێرەی حساب ئوممەتی ئەوین خاریجمان مەکە لە ئیمان و دین پێمان خۆش مەکە شەیتانی لەعین ببوورە لێمان خودای تەنیا و تاک لەبەر خاتری شای تەختی لولاک نەمانخەیتە ناو ئاگری جەهەننەم لەبەر خاتری سەییدی خاتەم هەر بە ڕەحمی خۆت ئازادمان بکە بە دیاری حەزرەت شادمان بکە ویساڵی بەسیە ئیتر مەگەفە لە بۆ خاتری ئەو زی شەرەفە لێمان خۆش ئەبێت عەفوومان ئەکات بە نیعمەتی خۆی شادمان ئەکات ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەد شوکر ئیمڕۆ بە ڕەحمەت خالقی جینن و بەشەر سەد شوکر ئیمڕۆ بە ڕەحمەت خالقی جینن و بەشەر ناردی بۆ سەر ئەم قەزایە حاکمێکی موعتەبەر بۆ عەداڵەت شاهی کیسرا بۆ سەخا حاتەم سیفەت بۆ فیراسەت پووری سینا وەک توهەمتەن بۆ هونەر لەو دەمە سەددیقەشا تەشریفی کەوتە ئەم قەزا مەسئەلەی کیزب و خیانەت کەمتری ماوە ئەسەر لازمە سەجدەی شوکر ئێستا لەسەر ئەم عالەمە چون بە سەعیی عەدڵی پاشا باغی مسکین پڕ سەمەر خۆ ئەمە مەعلوومی عامە دڵی زیندوو کردەوە شاهی سەددیق وەک کوڕی عەبدولعەزیز یەعنی عومەر هەر لە ئەووەڵ تا بە ئاخر نەیدی چاوی ئەم قەزا حاکمێکی وا بە دین و وا عەدیل و دادگەر هەر وەکوو سەددیقی ئەکبەر حامی بۆ دینی نەبی بێتەرەف حوکمی هەیە، بۆ دۆست و دۆژمن بێ گەدەر یەعنی مەحبووبی خودایە زاتی سددیق پادشا بۆیە زومرەی وا دوعاگۆ چاوی لوتفی باخەبەر هەر ببێ ئەو حاکمە یا ڕەب وەکوو بیستوومە من قەت زەمانە نەی بووە فیکری بەشەر بۆ هیچ بەشەر لوتفی پاشا، میهر ئاسا، وەک یەک بۆ قورب و بەعید بۆیە ئەمنیش لێرە ئێستا موستەفیدم وەک قەمەر شاه بۆ بەندەنەوازی شەکری زۆری ناردبوو یەعنی من بەو ئیلتیفاتە تاجی فەخرم نا لە سەر شاهی تۆ بەندەنەوازە ئەی ویساڵی موژدە بێ هەی وەکوو شاهی سولەیمان بووی لەبۆ موورێ نەزەر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەیری ئێمڕۆکە عەجایب دڵگوشایە خوارەمیر سەبارەت: تەعریف و ستایشی گوندی خوارەمیری سەردەشت سەیری ئێمڕۆکە عەجایب دڵگوشایە خوارەمیر هەر وەکوو مەیخانە پڕ ساز و نەوایە خوارەمیر بۆ گوڵ و بوستانی دائیم غەم دەخوا باغی ئیرەم ماعەلەینا بۆ دڵان دامی بەڵایە خوارەمیر موتریب ئیمڕۆ دەم بە سازە ساقی ئێستا دەس بە جام فی الحقیقة مەنبەعی عەیش و سەفایە خوارەمیر ئەم مەکانە پڕ گوڵە ئیمڕۆ وەکوو ڕەوزەی جینان حەمدولیللا مەنزڵی حۆری لیقایە خوارەمیر بۆ مەریزان شافییە ئاوی وەکوو ئابی حەیات مەوقعێکی پڕ تەبیب و پڕ دەوایە خوارەمیر ئەرزی پڕ میشک و عەبیرە، هەر وەکوو خاکی خوتەن دەشتی بۆیایە سەراسەر وەک خەتایە خوارەمیر سەیری نەغمەی بولبولانە وا لەسەر شاخی گوڵان هەر وەکوو باغی خەرامان جانفەزایە خوارەمیر ئەهلی دنیایی هەموو موحتاجی ئەم جێگەن بە دڵ شوکرولیللا مەنزەری شاه و گەدایە خوارەمیر سەد شوکر ئەهلیشی سەرجەم ساحێبی عەقڵ و دڵن بۆ هەموو کەس مەرکەزی تەدبیر و ڕایە خوارەمیر تۆ بە دیققەت تێ بفکرە خەڵقی چەندە زیرەکن هەر دەڵێی شیرازە خاکی، دڵڕوبایە خوارەمیر بۆ سەخاوەت هەر کەسێکیان تۆ دەبینی خاتەمە ئاوەدان بێ، مەعدەنی جوود و سەخایە خوارەمیر بۆ شەجاعەت حەیدەرن ئەهلی لە مەیدانی عەدوو بەزمگاهی قەیسەر و پاتەختی شایە خوارەمیر دڵ موونەووەر بوو بە نووری شەمسی ئەحبابی وەلی پڕ بووە خاکی لە ئەختەر، وەک سەمایە خوارەمیر بۆ دیانەت بێڕیا هەم ئەهلی سەعی و کۆششن هەر وەکوو بەغدا مەکانی ئەولیایە خوارەمیر ئەی ویساڵی بەسیە، عاریف یەک ئیشارەی کافییە لای هەموو کەس زاهیرە، جێگەی وەفایە خوارەمیر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەیری چەرخی حیلەباز و مەکر و فێڵی ڕۆزگار سەیری چەرخی حیلەباز و مەکر و فێڵی ڕۆزگار واقیعەی چۆن ڕوو دەدا لە منی غەریبی دڵفەگار جێگەیەک میسلی زەرتکە ئاوەدان و پڕ لە خەڵق ئێستە سەیری کە کە چۆن وێرانە بێ دەمساز و یار جێ سەری دەرزی نەبوو خاڵی لەسەر ئەرزێ لە بەر کیسرەتی مەخلووقی ئەترافی وەکوو بازاڕ و شار دەنگی خەڵقی لێ بڕا، یەک دەفعە وەک سەحرایی شام بێنی خوێنی لێ دەهات وەک جێ شەڕی ئەسفەندیار چەندە خۆش بوو پێشتر، ئێستا کە ناخۆشتر بووە یا خوا وێران بێ وەک وێران بوو زەرتکەی پڕ غوبار عەیشی ئێمە و ئەهلی زەرتکە تاڵ بووە وەک عەیشی گورگ دێ لە کەپر و تاوڵەکان ئاوازی گریە و شین و زار سەیری وەزعی ئەهلی عیلم و تالیبانی مەدرەسە وەک هەتیمی بێ پودەر شەیدان و خوار و کۆهسار حوجرەیان تێکچوو بەجارێ وەک هێلانەی بایەقووش غەیری لوتفی حەق نەبێ، مەلجەء نەما بۆ قەلبی زار حوجرەیێکی هێندە گەرم و ناخۆشی کەس نەیدیوە وەقتی لەیلی پڕ لە مارە، وەقتی یەومی پڕ لە نار وەیلە بۆ ئێمە کەوا مردین بەبێ یار و ڕەفێق سا خودا ڕەحمێ بفەرمووی زوو بە ئێمەی دەردەدار کەس نییە هەمدەم لەبۆ مە، غەیری حاجی مستەفا بازچینەی کەسب و کارە ئەوە وەکوو مورغی هەژار تاوڵەکان ساتێ موقیم بوون، لەحزەیێ پاش تەخلیە میسلی تەییارەی شکستە گشت لە پاشان کەوتنە خوار چیغ و تاوڵە کەوتنە ئاسمان هەر وەکوو هەوری سیاه وا پەرێشان بوون بە دەم باوە نەیان مابوو قەرار ئاوەکەی هەر چەندە سارد و خۆشە لاکین، دەم دەمە زۆرە ئەووەڵ کەم دەبێ، ئاخیر دەبێتە قەترەدار نامێنێ ساردی تەعمی میسلی ئاوی شارەزوور بەینێ دێ دائیم بە زەردی هەر وەکوو میزی حیمار دایدەپۆشێ قەوزە یەکسەر، فەوقی وەک چیمی چەمەن پڕ دەبێ دەورەی لە قرژاڵ، تەحتەکەیشی پڕ لە مار گەر چی مەشهوورە بە جەننەت زەرتکە بۆ قازانیان لێک بوو ئەهلی مرووەت زەمهەریرە و پڕ لە نار لێی گەڕێ وەسفی مەکە چون الخبیثات... الخ طیبات لطیبین، هەستە لەم جێگە بە غار ما عەلەینا، گووی خلە لەم عەیشە بێ، لەم جێگەدا چونکە ناخۆشە دڵم گەیشتۆتە حەددی ئیستیوار ئەی ویساڵی بەسیە بەحسی ناخۆشی، شادی بکە چون لەپاش زەحمەت فەرەح دێ، خۆت مەکە چیدی نزار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: من کە ڕازی بووم بە خەپلەی هەرزن و نانی شەعیر من کە ڕازی بووم بە خەپلەی هەرزن و نانی شەعیر مننەتی کوێخا، ڕەئیس خاقان و کەیخوسرەو بە کیر هەر کەسێ ئەحمەق نەبێ قەت نایەتە مەیدانی من یەعنی بەم ئەحواڵەوە ئەو بێ بکا لۆمەی فەقیر چۆن ئەبێ دەرچێ لە دەستم ئەو کەرە خاکی بەسەر دێم بە گژیا ئەیدڕم فەورەن میسالی نەڕڕەشیر هەر ئەوەندە گەر بزانم کێیە بەدکاریم ئەکا هەر بە یەک شەق ئەیگەیێنمە گەرمیانی گەرمەسیر هەر کەسێ دوژمن بە ئەهلی عیلم و سەیید بێ یەقین بێبەشە دائیم لە ڕەحمی خالق و مەحرووم لە خەیر من کە ڕاست و بێ درۆم باکم لە بۆڵەی کەس نییە چونکە ڕێوی نابێ ئەسڵەن بێتەوە مەیدانی شێر غەیبەتی ئێمە کەسێ ئەیکا بەبێ جورم و خەتا با ببۆڵێنێ لە ژوورا لێی گەڕێ وەک ورچی کوێر غائبانە هەر کەسێ بۆڵە بەسەر من دا ئەکا لێی گەڕێن هەقیە کە چون دۆکەی ڕژاوە پوورە... من تەمەننامە لە قاپی حەزرەتی حەییی ئەحەد دوژمنی ئەم قاپێی ئێمە کە زوو بیخاتە ژێر ئەی ویساڵی دوژمنی تۆ بزنە، نانی شوانی خوارد کوێ ئەچێ خاکی بەسەر، ئەیگێم وەختێ هاتە بیر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یا رسول الله ببەخشە تۆ گوناهم مەمکە دەر یا رسول الله ببەخشە، تۆ گوناهم، مەمکە دەر تۆی پەناهی موزنیبان و شافیعی زەنبی کیبەر شافیعی ڕۆژی قیام و دافیعی بۆ گشت ئەلەم هەر لە سایەی لوتفی تۆ مەغفوور دەبێ زەنبی بەشەر غەرقی بەحری مەعسیەت بووم بەدائیم دڵحەزین هەر ئەتۆی پشت و پەناهم ڕۆژی پڕ خەوف و خەتەر هەر ئەتۆی شاهی دوو کەونەین و ڕەئیسی ئەنبیا تۆی موتاعی ئاسمان، هەم ئەتقیای خەیرول بەشەر جیبرەئیل هاتوو کە فەرمووی هەڵسە ئەمشەو دەعوەتە ئەی لە فەیز و ئیلتیفاتت هاتە گوفتوگۆ حەجەر باعیسی حوببی ئەتۆ بوو هەر دوو دونیا دانرا ئەی لە شەمعی ڕووی تۆ ڕووناک بووە شەمس و قەمەر مەنبەعی سیدق و عەداڵەت، ساحیبی وەحی و کیتاب مەعدەنی عیلم و حەیا و ساحیبی فەتحی زەفەر هەر ئەتۆی سەرداری عالەم ساحیبی تاج و بوراق ڕووسیاهم، پڕ گوناهم، مەرحەمەت کە، یەک نەزەر ئەی ڕەسوولی فیرقەتەین و ساحیبی تەخت و عەلەم ڕەئفەتت بێ، ئوممەتی تۆم لێرە کەوتووم دەربەدەر سەییدی بەتحا و یەسریب، واسیتەی عیززی زەمین ساحیبی غیلمان و حوور و شاریی شەهد و شەکەر ئەی ڕەسوولی ئینس و جین و چەشمەیی جوود و سەخا وا لە ئەلتافی عەمیمت گشت عالەم بەهرەوەر واسیتەی مەنسووخی دینی ئەنبیا و موڕسەلین ئەی بە فەتحی تیغ بوو دینی حەق بوو موستەقەر سووڕەتی مەهڕوویی تۆ ئایەی الم نشرح لک موعجیزەی پاکی ئەتۆ بوو هاتە خدمەت تۆ شەجەر ئەی بە تیغی نەسرەتی تۆ لات و عوززا سەد لەتە مونبیسی دینی حەقیقەت، دوشمنی دینی کەفەر موقتەدایی خاس و عامی ئاسمانی هەم زەمین واسیتەی مەغفووری زەنبی ئادەم و أم البشر خاکی بەر پێت سورمەیە بۆ چاوی من یا موستەفا یەک نیگاهی ئیلتیفاتت دافیعە بۆ گشت کەدەر بم بە قوربانی عەلی و عوسمانی ذی النورینی تۆ خۆم بە قوربانی سەگی دەرگای ئەبووبەکر و عومەر یا موحەممەد، خۆ موحەممەد عاشقی ڕووی تۆ بووە گەر چی زاهیر دوورە لاکین باتینەن دڵ دەر حەزەر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی یار هەتا کەی لە فیراقت بە شب و ڕۆز ئەی یار هەتا کەی لە فیراقت بە شب و ڕۆز بگریم و بناڵم بە دڵی خەستەیی پڕ سۆز ڕەحمێ کە بە من ئاخر ئەوا وەقتی فیراقە وەعدەی کەرەمت داوە، بەهار و شەوی نەورۆز ماتەڵ مەبە تۆ، بۆ زەرەر و نەقسی وجوودم مەنعم مەکە با بێمە ڕەهی گەرد و گڵ و تۆز هەرچەندە خەرامانی لە سەحنی چەمەن ئەمنیش خورشیدی دیارم بە سیفەت هەمدەمی بەهرۆز بەس بمکوژە بەو خەنجەری عاشق کوژی چاوت بەس بمکە بە نیشانەی موژگانی جگەردۆز ئیمڕۆکە کە تۆی شاه بکە مەیل و نیگاهێ بۆ بەندەیی مسکین کە هەتە تالیعی پیرۆز ئەو چاوە کە وەک نێرگسی شەهلایە بە مەستی شێواوە بە خەو یاخو بە نازت بووە ئاڵۆز ئەو جەژنە کە دەیکەی لە بۆ عوشاقی جیهانی مایەی کەرەم و مەرحەمەتە لێت ببێ پیرۆز نەمدیوە بە ماندەندی دمت ئەی گوڵی ڕەعنا ڕەحمێ بکە بەم عەبدی زەلیل، ---- ڕۆز گوێ بگری چلۆن دەگری محەممەد لە فیراقت تەئسیری هەیە وەقتی سەحەر ناڵەیی جانسۆز ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەیری ئەم لوتفە کردی خوداوەندی بێ نیاز سەیری ئەم لوتفە کردی، خوداوەندی بێ نیاز کردنی بە لوجنەی قەزا، سێ نەفەری پاکباز سەعید بەگ و میرزا ئەحمەد لەگەڵ نووری یەفەندی ئێستە بۆ ئەم میللەتە ئەوان بوونە کارساز لە کەسبی مەعریفەتدا بوونە ئەهلی مەدەنی هەر سێ ساحێب ویجدانن، هەر سێکیان بێ حیرس و ئاز زیاتر بۆ ئەهلی عیلم دائیم ساحیب حورمەتن کاری ئەوان ساز بکا، خوداوەندی کارساز ئەبێ میللەت بەجارێ هەموو شوکری خوا بکەن کە سێ نەفەر لە خۆمان بوونە ئەهلی ئیمتیاز لەپاش دوعای خێر و سەعادەت و تورەققی بەندە کە ئەهلی عیلمم عەرزیان ئەکەم لە ڕووی ناز ئەسبابی ژیانی ئێمە بووەتە فەردەتووتن ئەبێت مەرحەمەت بکەن بۆم دابنێن بە مومتاز ئیتر کەیفی خۆتانە بۆ خودا پێتان ئەڵێم خۆتان و شیری خۆتان زۆرم نییە غەیری ناز بەندی ئیستیرحام ئەکەم لەم دائیرەی لوجنەیە فەحسی بکەن سەریعەن، بۆشم دانێن بە مومتاز ئەگەر بێ لوتفی بکەن بۆم دانەنێن بە مومتاز نایەڵم هیچتان دەرچن مەگەر یەکێکتان بە شاز هەر چەند کە غەرقی گێژی غەمی قەرزی مەترسە بۆتە سەفینەی نەجات لوتفی ئەهلی ئیمتیاز خەتمی کەلامت بێنە، بێشک دائیرەی لوجنە لوتفت لەگەڵدا ئەکەن لە قەرز ئەبی سەرفیراز هیچ غەم مەخۆ محەممەد ئەوان ئەهلی ویجدانن مەعلووم هەر سێ فەردەکەت بۆ دائەنێن بە مومتاز ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چونکە من کوردم بە کوردی پێم بڵێ یاری عەزیز چونکە من کوردم بە کوردی پێم بڵێ یاری عەزیز مەتڵەب و عوزرت چییە گشتیان بە جارێ بێنە ڕیز من هەتا کەی لێت قبووڵ کەم؟ بێوەفایی تا بەکەی؟ مەعزەرەت مەقبوول نییە ئێمڕۆ لەلا ئەهلی تەمیز بەینی ئەمن و تۆ وەهابوو لێم نەپرسی دەفعەیە چڵ شەوە کەوتووم نەخۆش و مات و دڵ مەحزوون و زیز سەروەتی خۆتم بەجارێ بۆ بنێری نامەوێ چونکە دنیا هیچە لا من، بێ بەهایە وەک پەشیز تا زووە بۆ مەحکەمەی کوبرا حازر ببە چونکە دەعوا دوایی نایەت تاکوو ڕۆژی ڕەستەخیز ئەی ویساڵی بەسیە بۆی دانێ جەزا تا حەز ئەکەی چایی سندووقێکی گەورە، شەکری لەندەن نۆ قەفیز ++++++++++++++++++++++ سەرناو: غەیری خوا هەڵناگرێ مەعلوومە شانی کەس لە ناس غەیری خوا هەڵناگرێ مەعلوومە شانی کەس لە ناس لەم زەمانە بۆ خەلاییق بێتە جێگەی ئیلتیباس میسلی ئەهلی مەکتەبی ئەم عەسرەی ئێمە یا ئیلاه تاکوو ماوین ڕێی هیدایەت ون نەکەین وەک قەلبی قاس چەن بە دین بوون سەیری مەئمووری سەلاتینی سەلەف دائیمە خزمەتگوزاری ئەهلی عیلم و خواشناس نەگبەتی ئیسلامە مەئموور ئێستە بوونە فەرمەسۆن پاکی غەددار و حەرامخۆر و عەبووس و خوانەناس هەر چی ئەیینی شەرابخۆرە، هەموو دوژمن بە دین لای ئەوان ئەم دینە جوانە هیچ و پووچە بێ ئەساس سا خودا ڕەحمێ بکا دەرچین لەناو ئەم فیترەتە نەک بمانبێ ئاخری بەم زاڵمانە ئیلتیباس کوردە لای خۆی بوو بە مەئموور، قۆرەکەی لێ ون ئەبێ فکری نامێنێ بە کوللی، مەسئەلەی هەمزە و هەباس نابەڵەد بووم ئەهلی لوجنە، مەدحی چاکم کردبوون نەمدەزانی بیل عمووم، نائەهلن و هەم ناسوپاس تووتنی سێوەنگ برنجی، یەک دوو بارێکم هەبوو عاقیبەت بردمە قەزا و کەوتم لەوێ بێهۆش و کاس چەند زەمانێ لەو قەزایەی پڕ قەزا من مامەوە کەس نەبوو گەر بێتە لام و لێم بپرسێ باس و خواس موختەسەر تا حەفتەیێ ئەموت بەوان فەحسی بکەن هەر دەیانگوت بێ قەزا بی، ئیمڕۆ نیمانە حەواس تووتنەکەی منیان بە ئەولا بۆیە دانا، لا ئەوان بێنموود بووم، چون مەلا بووم، ڕووت و قووت و بێ لیباس کاکە هەر بەدبەختی خۆمە چاکە عەیبی کەس نەڵێم حەق تەعالا مەیلی وایە، بۆیە وایان کرد قیاس دۆشەکە و قاڵی لەگەڵ لێفەی حەریر با هەر نەبن سەد شوکر گەر خوا بمانداتێ جاجم و بەڕڕە و پەڵاس هەر چی خوا نەیکا بە قیسمەت ماڵی دنیا نامەوێ قیر و سیا منداڵ نیانە کەوش و جامانە و کراس نانێ خوا نەیدا بە تۆ، تۆ غەمی قەت بۆ مەخۆ مننەتی ئەو دائیرەی لوجنە بە ڕەئسی کاکەلاس ئەی ویساڵی غیرەتت لێ قەت پەنا بۆ کەس مەبە هەر لەگەڵ یادی جەنابی باری بگرە ئیستیناس ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەرە ئەی دولبەری مەهوەش لە باوەش کە منی سەرخوەش وەرە ئەی دولبەری مەهوەش، لە باوەش کە منی سەرخوەش هەتا ماوم لە دنیادا لە وەسڵت با نەبم بێ بەش ئەسیری زوڵفی تاتاتم، فیدایی بەژن و باڵاتم وەرە با دەس لە مل یەک کەین، بە دڵشادی و بە ڕوویی خوەش ویساڵی زار و پڕ زارە، وەکوو بولبول لە گوڵزارە لە ئەمری دەرمەچۆ یارا وەکوو تەوسن مەبە سەرکەش وەرە ئەی با لەبت شەککەر، ئەمن لاولاو و تۆ عەرعەر لە یک ئاڵێین لە پێ تا سەر، ڕەقیب با کوێر ببێ ڕووڕەش ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی موعەتتەرسازی جەمرەی بێنی و قەسری دەماغ ئەی موعەتتەرسازی جەمرەی بێنی و قەسری دەماغ بۆ کوڵی زارت نزارە ئەم هوزارەی دوڵەباغ زەڕڕەیە گەر تابی ڕووی ئافتابت دەرکەوێ زەڕڕەئاسا دڵ لەجێ ڕەخشان ئەبێ وەک شەوچراغ بۆ نیگاهێ ناکەیە ئەم سینەیی سووتاومە چون لە دووری تۆیە ڕەش بوو میسلی لالە پڕ لە داغ ئاتەشی میهرت لە کوورەی هەر دەروونێکا بێ نامێنێ ئارام و سەبر و ڕاحەتی قەلب و فەراغ قوڕ بەسەر دانا کە ئەمڕۆ هەر بەشی جەور و هەمە خۆشی بۆ نادانە دائیم وا لەنێو قەسر و وتاغ هەر وەکوو بینای وجوودی ئەهلی دڵ چەرخێ کە بوو هەر لە سەر تا پا تەماشا چا بە غم کردی سواغ باغ و بوستان بوو لە ئەوەڵ جێگەیی ئەجدادی من دوور لە حەق بێ هەر چی ئێمەی خستە جێی بووم و کەلاغ گەرچی عاقڵ نی ویساڵی یەحتەمیل بێ بەش نەبی چونکە وا مەعلوومە ئێستە بووی بە یاری کوند و زاغ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆم وەها مەعلووم بووە ئێستا لە لا ئەهلی سەلەف بۆم وەها مەعلووم بووە ئێستا لە لا ئەهلی سەلەف نینە ئەسڵەن زەڕڕەیە نامووس و کەرەمی ناخەڵەف کوللی جنسێ سەیری کە تالیب بە جنسی خۆی ئەبێ تۆ وەلی گەر جنسی خۆت دی، زۆر ئەخۆی زەهری ئەسەف ئیتتیفاقی ئەهلی شار جەمعەن لەسەر ئەم قەولەیە کەس نییە ئێستا لە دونیا وەک جەنابت بێ شەرەف بیستبووم کەززابی تۆ، لاکین لەلام تەسدیق نەبوو چی کە ئێستا دەنگی داوە کیزبی تۆ وەک دەنگی دەف تەفرەیی عالەم وەکوو من زۆر ئەدەی ئەی بێ ئەدەب خۆ بە زێڕ ئەنوێنی ئەووەڵ، دەردەچی ئاخر خەزەف بۆ ویساڵیت تەفرەدا هەی گەر --- من دەیدەمێ زاهیرەن نیمە ئەڵێی، باتین ئەدەی بەهری عەلەف کەریەتی تۆ وایە لادێیی، ئەڵێی جەمعەن کەرن چونکە بۆ خۆت زۆر کەری بۆیە لە دین بووی بێ تەرەف مەنعیشت ناکەم کەوا ئێستاکە بووی بە فەرمەسۆن بێ نماز و ڕۆزوو ئەمما دینی خۆت داوە تەلەف من غەمی خۆتم نییە کافر ئەبێ چاوت دەرێ خەوفی توللابی ترم زۆرە ببن وەک تۆ کەنەف ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی براکەی کورد ڕوو بکە ئینتیفاق ئەی براکەی کورد ڕوو بکە ئینتیفاق بۆ عاقڵ نابی، لادە لە نیفاق تاکەی ئەکێشی باری بێگانە هەتاکەی مردی بە دەردی مەراق دەرکە لە دڵت حەسەد و کینە یەک بن بە ڕۆح و بە ماڵ و ئینفاق گەر موتتەحید بن لە وەقتی غوروب یومکین پێشکەون بۆ وەقتی ئیشراق دەستی یەک بگرن برا و قەوم و خوێش خودا قادرە، ناسرە و ڕەززاق بۆ ڕزقی عالەم خوا خۆی کەفیلە و لا تقتلوا خشیه املاق کەوا بوو یەکتر مەکوژن بۆ تەماع جەهد کەن لەبۆ شیرینی ئەخلاق تا سەری تەماع نەبڕی کاکی کورد زەحمەت پێشکەوی تا یوم الفراق ئەی گەلانی کورد هۆشتان بەخۆ بێ زۆر کەس بە خوێنتان تینووە و موشتاق وەک دۆشاو و ماست تێکی هەڵ مەدەن نەوەک موحتاج بێ بە کووچەی سوقاق بە ماری زمان یەکتر مەگەزن تا نەکەن مەیلی تریاقی عێراق برا تێک مەدەن خاکی کوردستان خۆ دووچار مەکەن بە دەردەی وەناق ئەگەر پێویستی لەبۆ پێشکەوتن لادە لە نیفاق ڕوو بکە لە ویفاق خزمی خۆت بگرە بێگانە لادە خۆت زەحمەت مەدە بە ما لایطاق ویساڵی ئەی گەل زۆر بێ تەرەفە دائیم تالیبە لەبۆ ئینتیفاق نە ئەم لاییە، نە ئەو لاییە لەسەر ئایینی موستەفایی ساق گەر لە گوێ بگرن پەندی ویساڵی موفیدە، موفید تا ڕۆژی میساق ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەگەڵ ئێوەمە ئەی برادەران لەگەڵ ئێوەمە ئەی برادەران تەبلیغتان ئەکەم بە کوردی زوبان گوێ بگرن بە دڵ لەم نەسیحەتە چون بۆ دەردی دڵ دەوای سیححەتە بە قسەی لەهولەعب دین مەدەن بەرباد ڕەنجتان مەکەن بە ڕەنجی فەرهاد دائیم تالیب بن لەبۆ عیبادەت تا دەستان کەوێت دوڕی سەعادەت دائیم بتانبێت ترسی قیامەت تاکوو ئیمانتان بەرن سەلامەت قەت غافڵ مەبن لە تاعەتی حەق ڕێی ناحەق مەگرن وەک پیاوی ئەحمەق ئەحمەقە هەر کەس بۆ دنیای دەنی لە تاعەتی حەق ئەبێ موستەغنی هەتا ئەتوانن لە خواپەرستی سەعی زۆر بکەن قەت مەکەن سستی هەر کەس بۆ خوا بێ، خودا بۆ ئەوە فریای نەکەوێت ڕۆژە یا شەوە دیارە مەعلوومە کەسی بێکەسان خوایە بە نەسسی ئایاتی قۆرئان هەر کەس لە دنیا عەبدی خودایە بێشک لە مەحشەر ساحێب جەزایە بێباکە سەربەست، مەست و دڵگوشا زۆر زۆر موحتەرەم لە خزمەت مەولا حیسابی ئەکەن بە ڕوویەکی خۆش بە لوتف و ڕەحمەت ڕووی وەکوو گوڵ گەش مەخموور و مەستی ئەلتافی سوبحان بێغەم و حەسرەت لە سەحنی مەیدان لە لای جەنابی ئەحمەدی موختار مەخمووری جامی ڕەحمەتی غەففار تەماشای ئەکەن بە چاوی ڕەحمەت نابیێی دەرد و جەفا و زەحمەت دوای موحاسەبە ئەو شەخسە پاکە بە لوتفی خودا و ئەعمالی چاکە بێباک و دڵخۆش بێ خەوف و خەتەر زەحمەت ناکێشێ لە سەحرای مەحشەر ئەیخەنە سەفی ئەسحاب الموبین بەبێ دەردیسەر دەم بە پێکەنین مەئموور بە ئەمری زاتی سوبحانی ئەیبەن بۆ بەهەشت بە شادمانی وەختێ داخڵ بوو بە جێ و مەقامی لەززەت ئەبینێ و عەیش و مەدامی ئەمجا بە لوتفی حەییی لایەنام بەجێ دێ هەموو مەقسوود و مەرام ئومیدم وایە خالیقی ئەکبەر ئێمەیش نەجاتدا لە تەنگانەی قەبر وەختێ بە ئەمری فەردی لایەزال نەکیر و مونکیر کە دێن بۆ سوئال کە لێیان پرسین کێتان خودایە بەبێ ترس و لەرز ئەلێن ئەڵڵایە کە سوئالیان کرد کێ بوو پێغەمبەر وەحی بۆ هێنا جیبریلی ڕەهبەر بە عەونی خودای جیهان ئافەرین جوابیان ئەدەین بە لەفزی شیرین ئەڵێین زاتێ بوو ناوی موحەممەد لە خوار و لە ژوور مەحموود و ئەحمەد تاها مولەققەب، قوڕەیشی نەسەب ساحیبی حەیا و عیسمەت و ئەدەب سەیید و ئەشرەف، ئەمجەد و ئەنجەب شیرین خەسائیل، مەعالی حەسەب هادیی و مەهدی، بەشیر و نەزیر مەحبووبی زاتی خودایی قەدیر ساحیبی حیلم و قادر و تەمکین خاسسە ڕەحمەت بوو لەبۆ عالەمین ئومێدم وایە نەبییی ئەوواب حازر بێ وەختی سوئال و جەواب کە ئەو حازر بێت بە ئیزنی وەهاب لەسەر هیممەتی ئەو عالیجەناب بێ خەوف و خەتەر، بە حوسن و ئەدەب جوابیان ئەدەین، بە سیدق و سەواب گەر لە سیححەتا شەیتانی لەعین سەلبی ئیمانمان نەکا بە یەقین بۆ خۆم ئەبمە زامنی ئیمان هیچی ون نابێ لە چاکە و ئیحسان چونکە بێهۆشین بە نەزعی ڕەوان هیچی بۆ ناکرێ ئەو دەمە شەیتان مەترسن لە سەلب وەختی غەڕغەڕە چونکە ئەو دەمە موڕشید حازرە مورشیدی ئێمەش فەخری عالەمە ڕۆحمان فیدای کەین هێشتا هەر کەمە گەر خودا نەیبێ مەیل بۆ عەزاب زووبان ساز ئەکا بۆ وەختی جەواب یاڕەب بۆ خاتری نەبییی و ئەسحاب بە سەهلی بکەی لەگەڵمان حیساب ون نەکەی لێمان ڕێگەی هیدایەت ڕێی ئەعزا مەدەن بکەن شکایەت یاڕەب بە جاهی ساحێبی ئایەت بتبێ لەگەڵمان لوتف و عینایەت فریامان کەوی دەمی نەزعی ڕووح بۆمان گوشا کە دەرگاهی فتووح لە بەر ساحیبی؟ و ڕایەت پێمان عەتا کە فەهم و درایەت عەزیزانی دین، دڵتان گوشا بێ ئومێدی زلتان بە موستەفا بێ قەت مەبن مەئیووس لە ڕەحمەتی حەق ئەگەر بەشمان بێ تێهەڵدان و شەق چونکە ئوممەتی فەخری عالەمین بە نەسسی ئایەت خەیرول ئوممەتین بە موژدەی کنتم خیر أمةین دائیم دڵخۆشی بۆیی ڕەحمەتین هەتا ئەتوانن حیمایەتی دین بکەن بە بێشەک جیهان ئافەرین دەیهێنێتە جۆش بحووری ڕەحمەت نەجاتمان ئەدا لە جێگەی زەیقەت حیسابمان ئەکەن بێ ڕەنج و تەعەب لەبەر حورمەتی سەیدولعەرەب من ئومێد ئەکەم لە ڕۆژی جەزا لە ڕەحمەتی خوا نەبین تەوەللا لەبەر خاتری فەخرول ئەنبیا داخڵمان بکەن بە دارولبەقا فەقەت ویساڵی زیاتر لە عالەم تۆ لە ئەفکاری ببە خاترجەم چونکە ڕووسیا و خەجاڵەتباری بە باری عوسیان زۆر شەرمەساری لائیقە کە هەر مات و مەلوولی ڕووڕەشی قاپی خودا و ڕەسوولی مەعلووم ڕووت نییە تۆ لە ڕۆژی دین بچیە حوزووری فەخرول موڕسەلین چونکە سەگی دز لە عالەم دوورە لە ئاوەدانی ئەکسەر مەهجوورە گەر دەری کردی شاهی دنیا و دین ببە بە تاجی سەحب و تابعین بەڵکە هەر لەبەر سەحابەی کیرام سەرفی نەزەر کات سەیدول ئەنام بفەرموێ بڵێن با بێتە حوزوور ثانی الکلب أصحاب مغفور زاهیر بە ڕەجا ئەو سەگەی مەهجوور خودا عەفوی کرد لە جورم و قوسوور با بێبەش نەبێ لە ڕەحمەتی حەق بیبەن بۆ بەهەشت، بیدەنە بەر شەق ئومێدم وایە خەللاقی ئەکبەر عەزابی نەدا بە ناری سەقەر تکات لێ ئەکەم ئەی نەفسی خەسیس لەبەر خاتری حەزرەتی ڕەئیس نەفامی بەسە لە بیدعەت لادە بێسودە بەهرە عومرت بەربادە قەت لەگەڵ فاسق مەبە بە ئەنیس خۆت بپارێزە لە ئەفکاری پیس بە تۆبە ئەبێ ئیسلاحی کارت بە غەیری تۆبە هیچ ناکا چارت بڕژێنە بە چاو ئەشکی نەدامەت تا بە ڕووسووری ڕۆژی قیامەت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەلا ئەی ساقیی بەزمی حەیاتم ئەلا ئەی ساقیی بەزمی حەیاتم ئەلا ئەی موڕشیدی ڕێگەی نەجاتم ئەلا ئەی باعیسی ئارامی جانم ئەلا ئەی مایەیی نەفی و سوباتم ئەتۆ لەم ناحیە بۆ ئێمە شەمعی وەکوو پەروانە ئەمنیش موبتەلاتم ویساڵی ئارەزووی بوو بۆ مولاقات وەلی ڕۆژ بوو بە مانیع گەر نەهاتم *** عەزیزم نووری چاوم عەلی یەفەندی خودا بۆت زیاد بکا پایەی بوڵەندی لە بێشەی ماوەتا وەک شێری مەستی لە بەزمی چاییا تیمسالی قەندی لەبۆ ئیفای وەزیفە خۆت لە ماوەت شوکر سوڵتەت هەیە بێباک و ڕەندی ئیلاهی بۆ ویساڵی هەر بمێنی شوکر پیاوێکی باش و بێ وەزەندی *** ئەلا ئەی نووری چاوی... ئەغیار لە باغی ماوەتا تۆی وەردی بێخار ئەوا ناردم کەڵەشێرێ بە دیاری بە ڕەنگ مانەندی تاووس کەبکڕەفتار کلیلی چاکە بۆ مانگایی ئەعدا لە مەیدانا میسالی شێری هوشیار ویساڵی هەر ئەوی بۆ ناردی بۆ تۆ قوبووڵی کە ئەتۆش وەک دوڕی شەهوار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەلا ئەی هەمدەمی ژین و مەماتم ئەلا ئەی هەمدەمی ژین و مەماتم ئەلا ئەی باعیسی نەفی و سەباتم ئەلا ئەی یووسفی کەنعانی ماوەت ئەلا ئەی مایەیی نەقد و حەیاتم جەنابی بەگ مودیر و عەلی یەفەندی کە ئێوەن واسیتەی تەفریحی زاتم بە غەیری ئێوە بۆ من کوا ئەمیرێ بە چاکی پێم بڵێ چارەی نەجاتم بەڵێ حاڵم لە ئێوە ئاشکرایە ئەزانن بۆ چی بەم گەرمایە هاتم ئیتر ئەم عەرزی حاڵەم بۆیە نووسی ئەبێ ئەم جارە زۆر پرسن شکاتم کە ئێوە مەلجەئی بێچارەگانن ئەبێ کارێ بکەن زوو بێ نەجاتم منی مەحزوون بەڕاستی چواردە مانگە ئەسیری میللەتی سوورەقەڵاتم بە قەولی ڕیش سپی و ماقووڵ و کوێخا قەراری بیست دیناریان دا بەراتم ئەگەر چی سابیقەن فەرمووت بە مەحموود بە سەهلی بدرێ پارەی باقیاتم لەگەڵ حوکمتا نەبێ بێسوودە تەبلیغ تەماشا کەن کە چەن مەغدوور و لاتم قسەی مەحموود کە زانیم بێ ڕەواجە لەوێ ڕۆییم بە مەجبووری هەڵاتم ئەبێ ئەم باقیاتە ئێوە بیدەن نەپرسن ئێوە گەر داد و شکاتم ئەزانن ئێوەش و عالەم کە نیمە بە غەیری ئەم بەراتە واریداتم کە ئێوە نازرن بۆ موڵک و میللەت مەکەن سستی لە عەرز و لائحاتم ئەگەر چی ئێوە مەللاحێکی چاکن وەلی من غەرقی گێژاوی فوراتم بڵێم چی ئەمری خوایە چون دوعاگۆم ئەوا هەر بێ ئیعاشە و بێ خەڵاتم ویساڵی مەستی بادەی عەشقتانە کەوا ئاوارەیی خاک و وڵاتم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەوا ڕەنگ زەردی جانان و حەزینم ئەوا ڕەنگ زەردی جانان و حەزینم بە دائیم چاو بە گریان و حەزینم قەدیم من بولبولی باغی وەتەن بووم ئەوێستا حەپسی ئالان و قەرینم وەکوو پەروانە بۆ شەمعی جەماڵت خەریقی چەرخی دەوران و حەزینم لە دووریی یوسفی ڕۆخساری تۆیە وەکوو یەعقووبی کەنعان و حەزینم لە شەوقی قامەتی لەیلە کە دائیم - - - - - - - - - - - لە دووریی وەسڵی تۆیە ئەی حەبیبە کە مەهجوورم لە خێشان و حەزینم سەبەب مارووتی چاوی تۆ بوو قوربان منی هارووت لە زیندان و حەزینم بەبێ دەرمانی لوقمانی وەسڵت زەلیلی زەخمی هیجران و حەزینم لە هیجری نووری تۆ ئەی شەمسی عالەم بە میسلی ماهی، نوقسان و حەزینم ئاوابێ تاجی لوتفی دەوڵەتی تۆ گەدایی گشت گەدایان و حەزینم لە شەوقی مەسڵی دانەی خاڵی ڕووتە ئەسیری داوی هیجران و حەزینم لەگەڵ ئیکمالی عەشقی تۆیە قوربان خەمیدە و پشت نوقسان و حەزینم وەکوو بەهرامم بۆ ڕوویی گوڵەندام زەلیلی دەرک و ئەیوان و خەزینم لە بۆ مەجمووعی زوڵف و پەرچەمی تۆ ئەوا من دڵ پەرێشان و حەزینم بە بێ ئەنفاسی عیسایی دەمی تۆ ئەمن مردوویی بێ جان و حەزینم لەبەر گریانی هیجری نووحی وەسڵت غەریقی ئاوی تۆفان و حەزینم بە چۆگانی بەڵای دووریی وەکوو گۆ زەلیلی سەحنەی مەیدان و حەزینم لەبت چەشمەی حەیاتە وەک سکەندەر منم تەشنە بە لێوان و حەزینم بە ڕەسمی دۆستی ڕەحمێ بفەرموو بە من دائیم، بە ئەفعان و حەزینم بە فاقەی قەتعی مەیل و حوببی تۆ منی بێچارە عوریان و حەزینم لە قافی هیجرەتا کەی بوو ویساڵی منی عەنقا بە حیرمان و حەزینم بە فیردەوسی جەماڵت ئەی حەبیبا منم سووتاوی هیجران و حەزینم لە دووی نووری شوعلەبەخشت ئەوا کوێری دوو چاوان و حەزینم لە بۆ عەکسی ڕوخ و سەروی باڵات میسالی شێخی سەنعان و حەزینم لە بۆ نەفعی شەبابی عومری تۆیە کە پیر و عومر نەقسان و حەزینم بە ڕەمزی غونچەی باغی سینەت وەکوو بولبول غەزەلخوان و حەزینم بە ئوممێدی وەفا تەرکی دڵ و دین مەکە، وەک من پەشیمان و حە زینم سەبەب زوڵماتی کوفری زوڵفە قوربان کە فانی نووری ئیمان و حەزینم لە بۆ پەروانەی وەسڵی جەماڵت بە مسیلی شەمع بە سۆزان و حەزینم دەزووی سەبرم بە میقرازی غەمی تۆ بڕاوە گەر بە گریان و حەزینم دڵم گەرمە بە ناری ئاوی عەشقت بە دائیم ئەشکباران و حەزینم مەکەن مەنعم لە گریان و لە ئەفغان کە شێتی دەستی پەریان و حەزینم لەپێشدا جامیعی عیلم و عەمەل بووم ئەوێستا مەست و نادان و حەزینم بە ناری مەجمەری عەشقی حەبیبە کە دل بیمار و بوریان و حەزینم خودا ڕەحمێ بە حاڵم کە منی ڕوو سیا، غەرقی گوناهان و حەزینم بە زستانی فیراقی قەددی تۆیە لە کوێستان ڕوو بە گەرمیان و حەزینم بە وەسڵی ڕەحمەت و لوتفی زەروورەت وجووبی من بە گریان و حەزینم بە لوتفی خۆت بکە مەحووی گوناهم کە من داعی بە غوفران و حەزینم خوداوەندا بە عەفووم شاد بفەرموو ئەگەر بێ عەقل و نادان و حەزینم بە ڕەحمی خۆت نەجاتم دە خودایە کە تەفرەخاری شەیتان و حەزینم خودایا نووحی عەفووم بو بنێرە کە غەرقی بەحری عۆسیان و حەزینم ویساڵی بۆ ویساڵی ڕەحمەتی تۆ بە دائیم دەم بە قورئان و حەزینم منم عاشق بە ڕەعنایی قەدی تۆ منم دائیم بە گۆچان و حەزینم بە تیغی غەمزەت و هەم سەهمی موژگان شەهیدی تیرەباران و حەزینم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی حەلاوەخان خوشکی خۆش کەلام ئەی حەلاوەخان، خوشکی خۆش کەلام موبارەکت بێ سەراپا ئاغام تەمەننا ئەکەم لە قابی ئەحەد هەر ڕێک و پێک بن، نەبینن ئالام ئاوێنەی دڵتان موکەددەر نەبێت هەر ساف و ڕوون بێ، وەک سەفحەیی جام تا هەن لە دنیا هەوڵگوشا بن هەر ڕابوێرن بە خۆشی و ئارام هەر کامەران و مەقسوود ڕەوا بن لەسەر سیححەت و عەیشی بێ خیتام هەر پێکەوە بن وەک گوڵ و بولبول لێک جودا نەبن تا توولی ئەییام ڕووخۆش و دڵخۆش لێو بە خەندە بن وەک عاشق لەگەڵ یاری دڵارام من وەک ئێوە نیم بێ بەشتان ناکەم لە دوعایی خێر وەختی سوبح و شام چونکە من دائیم ئێوەم لە بیرە لە بیرم ناچن تا دێ ئینتیهام هەر لەگەڵتان بێت، دائم الاوقات لوتفی حەزرەتی حەییی لاینام ئەمجا بەیانی مەتڵەبم ئەکەم بۆ ئێوە لەپاش دوو ملوێن سەلام وا پێتان ئەڵێم نابێ عاجز بن لە هەر چی ئەیڵێم بەگوێرەی مەقام ئاخۆ قەت جارێ یادی من ئەکەن ئەی خانم لەگەڵ شێخەکەی ئاغام گلەیی ئەکەن هەر لە دوورەوە حوسەین بۆ نەهات ئەو شێتەی نەفام قەیناکات یاخوا نۆشی گیانتان بێت چیلی شیرین و پڕ ڕەنگ و خۆش تام ڕۆژتانە ئیمڕۆ فرسەتە بیخۆن گۆشت و پڵاو و ئەنواعی تەعام خواردتان بەبێ ڕەنج ئەو گشت برنجە منیش بە خەپلەی وشکەوە خنکام وا لە چنگ سەرمای زستانی ئەمساڵ زەرد و زەعیف بووم، بەجارێ فەوتام هەر نەمدی جارێ دوو هۆقە برنج کە بۆم بنێرن بە وەجهی ئینعام هیچیشم نەدی، گلەیی ئەکەن لە بەندەی فەقیر، یەعنی بێ وەفام مەسەلەی دز و ماڵ خۆ مەشهوورە ئێمەیش هەروەهاین خولاسەی کەلام لە بێوەفایی خۆتانە قوربان ئەگەر حەق بڕۆن هەر من بەوەفام نەمبیست و نەمدی کە ئێوە جارێ لە من بپرسن ماوم یا نەمام هەق وایە گەورە لە بچووکی خۆی هەر لێی بپرسێت دائم المدام ئەی حەلاوەخان تۆ بۆ چی گۆڕای؟ خۆ تۆ زۆر چاک بووی لەگەڵ خاس و عام ڕووخۆش بووی سابیق ئەی حەلاوەخان خەڵکت بانگ ئەکرد بۆ نەهار و شام ئێستە نازانم خانمە خاسەکەم بۆ چی وات لێهات ئەی شیرین کەلام تەعەججوب ئەکەم لە بێڕەحمی تۆ نە جارێ کاغەز، نە جارێ سەلام لە حەمدی خواوە لە تەرەققی دان عالی ڕوتبە بوون، دەرچوون لە قەوام گەر کەس نەناسن هەقتانە بڵێن شێخ سولەیمانە و منیش بەلقیسام بخۆن چێشتی چەور هەم تاسکەبابی مەپرسن حاڵی فەقیر و ئەیتام ئیدارە ئێمەیش دار و خەڵووزە ئێوارەش ئەخۆین لە شۆربای بێتام ڕەش بووین وەک خەڵووز، ڕەق بووین وەکوو دار وەرن ببینن سەراپا ئەندام گشت بۆ کەبابێ هەر بووینە کەباب بێهۆش و خامۆش وەکوو مقەببام ئێوەش هەر ئەخۆن ناپرسن لە کەس بە ڕاست و چەپا کشمیش و بادام سەیری ئەو هەموو برنجە جوانە خواردتان بێ حسەین لێتان بێ حەرام خانم قەیناکات با بمانمێنێ وەختی خۆم قسەی خۆم ئەکەم تەمام هەر کەسێ نەمرێ تەحەممولی بێ نەتیجە ئەگات بە هەموو مەرام چۆن قوبووڵ ئەکات عەداڵەتی حەق ئێوە ڕۆن بخۆن منیش نانی خام شەرعی ئێوە و من با هەر بمێنێ هەتا مەحکەمەی خودایی عەللام لەوێ دەعواتان لەسەر قەید ئەکەم بە شەریعەت ئایاتی کەلام ئێوە نیتانە ڕێگەی ئیعتیراز هەم بە حەدیسی سید الانام قسەی خیلافیش نایە بە دەمما شەرتە کردوومە تا لەسەر دنیام عەداڵەتی حەق شەرعمان ئەکات تا مەحشەر نایێ خاتیمەی کەلام ئەو وەختە جا لێک ئەپرسینەوە موجریم دەرئەچم، ئایە بێ خەتام لێم مەعلووم بووە کە لای هەر دووکتان حسەینی مەغدوور نەیما ئیحتیرام بە فلسێک ناچێت حسەین لای ئێوە وەک شایی عەجەم لە بێرووت و شام خودا بۆم بکا پێتان ئەڕێژم داخی دڵی خۆم ڕۆژی ئینتیقام ئێوە لە حاڵی حسەین ناپرسن من بە تەمای چیم کە لێرە مەلام شێخ حسەین شەرحی حاڵی خۆی ئەدا شایەد ئیشەکەی بگا بە ئەنجام مەلا شێخ محەممەد تۆ بە تەما چیت یا تۆیش لە دڵدا ئەڵێی بە تەمام ویساڵی بێ شک دوڕڕی ئەشعارت زۆر بە قیمەتە لای عالی مەقام باقی لەو دیوە ئەشعارەکانم فیکری لێ بکەن زۆر بە ئیهتیمام غەم مەخۆ دنیا خۆش ئەکات بۆمان لەمەو لا خودای سابق الانعام بێشک مەراممان جێبەجێ ئەکات ئێوەش بە شادی هەڵ بکەن ئەعلام هەر وەک قودسی و سەعدی و نیزامی بێنە خاتیمەی شیعری خۆش نیزام نەزمی ئەشعارم جوانە ئەترسم نەڕوا بە قیمەت لەلای شا بارام ئەترسی شێخیش لای ناڕەواج بێ هەر بە قیمەتە لەلای گوڵ ئەندام مەشهوورە هەر دوو عالی هیممەتن هەر وەکوو حاتەم بۆ جوود و ئیکرام بەیانی مەتڵەب ویساڵی کردت ئیتر بەسیەتی، باقی والسلام ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی نەفس پیر بووم هەتاکەی مەیلی ئەم لاولا بکەم ئەی نەفس پیر بووم هەتاکەی مەیلی ئەم لاولا بکەم لازمە ئیتر کە تەرکی ئارەزووی دنیا بکەم بۆ ویساڵی خاڵی لەیلای مەتڵەبی دنیا و دین هەر وەکوو مەجنوونی شەیدا شۆرشێ بەرپا بکەم نەفس و شەیتان وا خەریکن بمخەنە سەر ڕێگەیەک بۆ تەماعی دەنکە گەنمێ پشت لە باخی خوا بکەم ئارەزووی نەفسی خەسیس خستوومییە گێژاوی گوناه ڕەحمی خوا دەسگیر نەبێ، مەر ئاه و واوەیلا بکەم من کە دنیا گرتمی و قەیدی تەماعی کردمە مل کەی بە ئوممێدم کە تازە ئابڕوو پەیدا بکەم من بە تاعاتی کەم و جورم و گوناهی زۆرەوە ڕووم نییە ڕوو لە مەدینە و خاکەکەی بەتحا بکەم کەی خودا بانگم ئەکەیت بێم بۆ تەوافی بەیتەکەت تا بە ئاوی زەمزەمت ڕوویی سیاه بەیزا بکەم زیارەتی بَیتُ الحَرام و ڕۆزەیی فَخرُ الانام کەی ئەبێ یا ڕەب بە قیسمەت تاکوو جان فیدا بکەم؟ چاوەکەم کوێر بوو لە دووری یەسریب و بەتحا زەمین کەی بە سوورمەی خاکیان دوو چاوەکەم بینا بکەم؟ من کەوا عاسیم و موجریم، ڕووڕەشی قاپی ڕەسووڵ ڕۆژی مەحشەر کەی ئەبێ ڕووم، شافیعی داوا بکەم خۆم ئەزانم نەگبەتیمە چونکە وایە بۆیە وا ماڵی دۆست وێران ئەکەم، ماڵی عەدوو ئاوا ئەکەم تۆ کە هەر کوێر بی هەمیشە ڕوو لە ڕێگەی حەق نەکەی بۆ ڕەزابوونی عەدوو ئیشی خۆم ساوا بکەم جورمەکەم زۆرە ویساڵی، ڕوو لە قاپی کێ بکەم چاکە هەر ڕووی خۆم لە قاپی خالیقی یەکتا بکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: باعیسی دووریتە جانا مونقەتیع بوو خەوتنم باعیسی دووریتە جانا مونقەتیع بوو خەوتنم قەت لە یادم ناچێ خۆشی ئەو شەوە تا مردنم ئاگری یادی عەزیزان کەوتە ناو کوورەی دڵم هەر بە سانی شەمعە دائیم هەر خەریکی سووتنم بارێ ئیخلاسی تەواو و ڕۆحەکەم فەوجێ سەلام وا ڕوانەم کرد بە دیاری، هەم لە جیاتی هاتنم نوقتەیی میهرت لە دڵدا مونحەریف نابێ مەگەر چاوی بازت زوو بە تیغ بێ بۆ کوشتنم من بڵێم چی دڵ مەلوولە بۆ مولاقاتی حەبیب نیمە ئانێ ئیستراحەت، بێ خەو و بێ خواردنم وا لە عەشقی ڕووی تۆ ئەی ئەنیسی جان و دڵ جوملە جیسمم هەڵوەری، مانەندی خەپلەی هەرزنم گەر خودا مەیلی لەسەر بێ مولاقاتت ئەکەم وەر نەهاتمم زوو بە زوو ئیبرایی بکە گەردنم من کە دایم وێڵی سەحرام یەک دەم ئارامم نییە جۆشش و تابی دەروونە باعیسی نەسرەوتنم وا بە غایەت دڵ پەرێشانم لە بۆ ئەحواڵی خۆم بۆ خورانی پشتی خۆم، حەتتا نەماوە ناخونم من لە دێی بارێ بەجارێ سەروەت و ماڵم نەما ڕووت و قووت و دڵ بە غەم، مابوومەوە خۆم و گونم من لە بەختم ئەو دەمە قارم وەها لێ گرتبوو ئەمگوت ئەر دۆزیمەوە ئەیبەم و ئەنجا ئەیجنم من کە سابیق زۆر تەنەزول بووم لە ئەحواڵا، وەلێ وا لە لوتقی ئێۆەوە نەزدیک بووە سەرکەوتنم سەد شوکر ئێستا ویساڵی چاکە حاڵی ڕۆحەمەم ساحێبی جاه و جەلال و تاقە یاری ئەرمەنم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە حوببی ئێوە مەشغووڵم ئەگەر چی زاهیرەن دوورم بە حوببی ئێوە مەشغووڵم ئەگەر چی زاهیرەن دوورم وەلی بەو شەمعی دیدارتان ئەسیری تاری دەیجوورم بەخێر بێن ئەی جەنابینە کە بارێتان موبارەک کرد لە وەقتی عەسرەوە تا حاڵ، بە بێ ئەندازە مەسروورم دوعای خێر لازمە بیکەن خودا بەڵکی بکا ڕەحمێ خوسووس بەندە لە چنگ ئەمساڵ بە غایەت مات و مەغدوورم نەبوو مومکین کە شەو بێم و بە خزمەتتان موشەڕڕەف بم وە ئیللا من بە دیدارتان وەکوو پەروانە مەجبوورم بە موژدەی هاتنی ئێوە بە مسیلی غونچە پشکووتم فەقەت کەوتووم سەرم ئێشێ لەبەر بێ چایی ڕەنجوورم ویساڵی حاڵی شێواوە، بە وەزعی ساڵ خڵافاوە مەڵێن بۆچ دیار نەبوو قوربان، بە وەڵڵا خەیلی مەعزوورم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە شوعلەی جەبهەیی ئادەم بە نووری سەییدی عالەم بە شوعلەی جەبهەیی ئادەم، بە نووری سەییدی عالەم بە حاڵی عەبدی موحتاجم، نزوولی ڕەحمەتت إرحم ئەگەر ڕەحمێ نەکەی یاڕەب بە غایت دڵ پەرێشانین هەموو هەر چاوەڕێی سروەی نەسیمی ڕەحمەتین هەردەم ببارێنە بەسەرمانا لە هەوری ڕەحمەتت ڕەحمەت بە حەققی ئال و ئەولاد و سەحابەی سەییدی ئەکرەم دەروون و دڵ بریندارین، بە تیری میحنەتی دەوران لەبۆ چاک بوونەوەی هەردوو ئەبێ هەر خوا بدا مەرهەم بەبێ بارانە داماوین، بە جورمی پۆڕە گیراوین لە بەندی میحنەتا ماوین، خودا ڕەحمێ نەکا چ بکەم ئومێدم وایە بڕژێنێ خودا ڕەحمت بە ڕەحمی خۆی بە سەرمانا، لە دڵمانا، نەمێنێ هیچ غەم و ماتەم بحووری ڕەحمەتی ڕەحمان عەمیق و پان و بێسامان چلۆن مەحرووم ئەبین؟ نابین، لە ڕەحمی خوا وەکوو بەلعەم خودا چی موقەددەر کرد، بەڵێ هەروا ئەبێ یاران بە تەدبیری عەبد تەقدیر موغەییەر نابێ زۆر کەم وەلی پاڕانەوە شەرتە لە قاپی حەق وەکوو ئادەم کە شایەد بینوێنێ ڕەحمەت لەگەڵمان خالقی عالەم خەجاڵەتبار و ڕووزەردین، بە قەسوەت دڵ وەکوو بەردین بە غایەت سست و نامەردین، بە ڕەحمی خۆت خوا ئەرحەم مەگەر هەر قوڕ بەسەردا کەین، لە قاپی حەق بە ڕوو زەردی لە جورمی ئێمەیە دنیا، بووە تاریک بە تۆز و غەم بە بێ توێشووی عەمەل چی بکەین ئەبێ یاڕەب لە مەحشەردا چلۆن ڕوومان ببێ ڕووکەینە قاپی حەزرەتی خاتەم وەکوو من ڕووەش و موجریم لە دنیا نابینی هیچ کەس مەگەر ڕەحمان بکا ڕەحمێ وەئیللا جێگەمە حەوتەم جودا بۆ مەحرەمی داناوە جنة المأوی ئەمین بن نیعمەت خودا نایدا بە نامەحرەم ویساڵی خاتیمەی بێنە بەیانی زیللەتی ئەحواڵ نەتیجە خالق ئەیزانێ، فصل أنت لاتعلم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەمێکە من لە دووریی تۆ دەناڵم دەمێکە من لە دووریی تۆ دەناڵم مەگەر هەرگیز بێ دینێ بێ بە حاڵم فوادی عندک یا نور عینی لە کن تۆیە هەموو فکر و خەیاڵم حَبیبا أن تصدقت بِقَولی لە دووری تۆ نەماوە کەیف و حاڵم وَ لو کنت غفلت عَن فِراقی ئەمن هەر سوختەتەن کۆیی زوخاڵم فلا تبعد و لا تقطع جناحی قەتیش لێم دوور مەبە و مەشکێنە باڵم کە بەینێکە بووە قەتعی مولاقات بە دائیم شیفتەی ئازوردە باڵم حَرقتُ مِن فِراقَک فأعطَنی الماء شەو و ڕۆژ مونتەزیر ئاوی زوڵاڵم تسمع صیحتی یوما و لیلا ببیسە تۆ چریکە و ناڵەناڵم فداک الروح و الجسم مع الملک بە قوربانت بێ جان و مۆلک و ماڵم فأرجوا وصلک بعد مماتی لە قەبریشدا بە ئۆممێدی ویساڵم صرفت العمر من اوصاف عینک لە وەسفت سەرف کەم ئەوقات و ساڵم فأنت غافل عنی حبیبا وەلی بۆ تۆ ئەمن ئاشوفتە حاڵم فعقلی راح بعدک یا حبیبی کە تۆ ڕۆشتی نەما عەقڵ و کەماڵم ترحم بی فأنی مستحق لإجل الله، بکە ڕەحمێ بە حاڵم فأبکی من وفور وجه قلبی لەبەر ئێشی دڵم دایم دەناڵم فقد صرت أسیر الحزن و الغم ئەسیری لەشکری حوزن و مەلالم فأنی واقع من تحب غمک لە ژێر باری غەمت هەمتایی داڵم لسانی أبکم فی وصف حسنک لە وەسفی ڕووی تۆ ئێستاکە لاڵم لە دووری تۆیە ئەی خورشیدی عالەم زەعیف و کاسی و میسلی هیلالم بە بادی سەرسەری هیجرانی تۆیە کە وا پەژموردە بوو شەمعی جەماڵم لە بەر ئیکمالی عەشقی ڕوویی تۆیە کە وا غەرقی یەمی نەقس و کەماڵم فاطلب قبلة من وجه خدک لەوە زیاتر نییە مەقسوودی باڵم فأن قلت هو أنت؟ قل لی ویساڵی بێ ببۆسە خەتت و خاڵم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەم زەمانە هەر کەسێ هات و وتی من ناتیقم لەم زەمانە هەر کەسێ هات و وتی من ناتیقم هەرزەگۆ هەرگیز بە خۆی ناڵێ حیماری ناهیقم بۆ بمێنم ئەبلە لافی عەقڵ و دانش لێ ئەدا هەرزە تەبعێ بێ دیانەت، دێ دەڵێ من عاشقم بۆ چی نەمرم جاهیلی موتڵەق دەکا دەعوا کە من جامیعی عیلم و ڕسوومم بۆ هەموو شت لایقم مودەعی شەرمی نییە ئیزهاری ئیخلاسی دەکا دێت دەڵێ وەڵلاهی لەگەڵ تۆ یاری جانی و سادیقم بۆ بژیم دویناپەرست، بێ خەبەر هەر دێ دەڵێ چونکە عاقڵمەند فەرزانم بە دائیم فاسیقم هەردەمە جانتا بە شانێ دێت دەڵێ لە کوێ نەخۆش چونکە بۆ دەردی هەموو عیللەت تەبیبی حازیقم یاخودا وابێ کە نادان دێ دەڵێ بۆ خۆم دێم بێ حیساب و کەشمەکەش بۆ قەسری جەننەت حازرم وەک بە کوردیم پێ وتی، ئاداب و نامووس و کەرەم هەر نەفامێ دێت دەڵێ بۆ عادة الله خاریقم تو خودا نەفعی چییە دونیا کە دینی پێ دەدەن ئەی محەممەد من بە بوونی ڕەحمەتی حەق واسیقم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەماوە حاڵەتی ژینم لە دەس چوو ڕۆحی شیرینم نەماوە حاڵەتی ژینم، لە دەس چوو ڕۆحی شیرینم ڕەفیقان بێنە سەر مەیتم هەتا ماوم بکەن شینم دەسا ئامینە خۆی بانگ کەن، بخوێنێ جارێ یاسینم مەلا مەمشۆرە، کفنم بۆ مەکە و مەخوێنە تەلقینم وەکوو پەروانە سووتاوم، شەهید عەشقی ئامینم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەرن یاران تەماشا کەن لە ئەحواڵی پەرێشانم وەرن یاران تەماشا کەن لە ئەحواڵی پەرێشانم عەجایب زەرد و ڕەنجوورم لە حەسرەت نووری چاوانم دڵی میحنەت زەدەم ئەمرۆ بە دەردی عەشقەوە فەوتا مەگەر تۆ بی بە خێری خۆت، ببی جانا بە لوقمانم برینم زۆر بە ناسۆرە، هەتا ئەمرم دەوای نایە ئەگەر ڕەحمت هەیە نەختێ، بدە خۆراکی دەرمانم هەتا ماوم لە دنیادا، ئەمن شەرتە لە عەشقی تۆ نەبم غافل سەعاتێ تۆش بکە ڕەحمی بە فوغانم وەکوو یارێکی موشفیق بی، بپرسە جارێ حاڵی من ئەزانی چونکە من بۆ تۆ میسالی پیری کەنعانم ئەبێ جورمی ئەمن چی بێ، بە دوو زنجیری زوڵفانت تەنافت خستە سەر ملی دڵی مەئسوور و سوڵتانم شەو و ڕۆژ من بە غەیری بە کوللی نابینم هەمدەم دەبێ یا ڕەب هەتاکەی وا، موقیمی کونجی ئەحزانم کە تۆ فەرمووت وەرە عەبدی منی مل کەچ بە ڕاستەوە دەسا فەرموو چییە حۆکمت؟ ئەمن وەک بەندی زیندانمی لە خەوفی ئەژدەهای زوڵفت نییە ڕێی گەنجی ڕوخسارت وەرە لەم ترسە ڕاهیم کە، کە تۆی مووسایی عیمرانم مەتاعی سەبر و ئارامم بە بەرقی هیجری تۆ سووتا دەسا وا فەسڵی ئیحسانە، منیش واجب بە ئیحسانم ویساڵی بۆیە وەک سائیل هەموو دەم وا لە دەرگایە ئەڵێ هەر چاکە گەر جارێ، قبووڵم کا کە دەربانم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕەقیب با بڵێ لێت ئەمڕێنم سەبارەت: ئەسپێ و کێچ ڕەقیب با بڵێ لێت ئەمڕێنم من تێ نافکرم هەر ئەتتڕێنم ئەی هاوار چ بکەم لە چنگ ئەسپێ و کێچ خواردیان گۆشت و ئیستقان و خوێنم خودا هەڵیخەی وەقتێ لە وەقتان بۆ خۆم بە بێدەنگ تێی بوەشێنم خودا بۆم بکا فەسڵی ئێوارە قەومی ئەسپێ و کێچ هەر ئەشێوێنم تەنووری گەرمم ئەگەر دەسکەوێ بەجارێ هەردوو هەر ئەفەوتێنم تۆ خودا مەنعم مەکەن ئەی یاران شەرتە ڕیشەیان لە بن دەربێنم هەر چی تکای کرد گەر بیانبەخشم لە ڕقا لیباس خۆم ئەسووتێنم هەر کەسێ وتی خوا قوبووڵ ناکا ئەڵێم خوێنی خۆم بۆ خۆم ئەیسێنم ئێوە نازانن چییان پێ کردم لێم گەڕێن با هەر بیانسووتێنم ویساڵی مەدە توول بە ئەشعارت حەقت نافەوتێ ئەگەر بمێنم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: منم هوزاری باغی قەرەداغ منم هوزاری باغی قەرەداغ سینە سووتاوم چون لالە پەرداغ مەکەن مەنعم لە گریە و فوغان دوورکەوتەی وەتەن بێ وەسڵی یاران دەگریم میسالی یەعقووبی کەنعان سووتام چون قەقنەس لە دووری یاران حەپسم چو بولبول بە داوی دولبەر خار و ئوفتادەم بێ یار و هەمسەر پەرچەم ڕێحانە ڕەحمێ کە بە من لەسەر تۆ ڕۆحم دەرچوو لە بەدەن مەجنوون و شەیدام بە یار و ڕەهبەر گەلێ زەلیلم لە چۆڵی پشدەر ئێستا ساکینم لە وڵاتی ئالان عاشقم بە ڕووی یەک ماهی تابان وەک میسر و شیراز، پڕە لە خووبان مەئوایە لە بۆ جەمعی غەریبان غەریبنەوازان مەخلووقی ئالان دەکەن نەوایی دڵی عاشقان منم چون بێژەن فەقیر و ئەسیر داماوم غەریب بێ یار و ئەسیر منم سەرگەشتە جە وڵاتی ئالان دەڕزێ سوروشکم چون ئاوی باران وتم غەریقم لە گێژاوی غەم ڕۆشن کە دڵم بە سەهبایی جەم دەروونم لە بۆت پڕ تاب و تەبە دڵم تالیبی یەک ماچی لەبە بە دەردی عەشقت عەجەب عەلیلم بە بێ وەسلی تۆ خەیلێ زەلیلم دائیم لە دووریت بە ئاهی سەردم بە ماچی لێوت دەوا کە دەردم سینەم میسلی دیگ عەجەب پڕ جۆشە دڵم لە دووریت مەست و مەدهۆشە منم تالیبی باڵایی جانان بێ پەروام دائیم چون شێخی سەنعان منم ساکنی قەریەیی بێتووش لە عەشقت سووتام چون ئاگر و پووش لە قەریەی بێتوش منم بێ توێشە حەبیبا تۆ ڕووت لە من مەپۆشە منم بێ توێشە لە ڕاهی غوربەت هەر وەک گرتمی شەیتانی نەگبەت منم چون قومری لە باغی گەرماو مەستم بە بۆیی دوو گێسوویی خاو وتم حەبیبا زوڵفت پڕ تابە گەردنت میسلی شووشەی گوڵابە وتم بە نازار زوڵفت شێواوە وتی بۆ عاشق دانەیی داوە حەیفێ جەریحی تیری موژگانم بۆ لەعلی یارم گەر پەرێشانم ڕەنگم زەرد لە هیجرانی یار لە دەشتی پشدەر وا بووم بێ قەرار سەلامت لێ بێ گوڵی ئین گوڵزار بنۆشە بادە بە ئاوازی تار! ساقی مەی تێکە! مەجلیس گیراوە قەدی نازارم سەرو و تێر ئاوە موتریبا لێدە لە جەقەنە و نەی! دائیر بە ساقی، بە ئەقداحی مەی! ڕەحمێ کە ئەی گوڵ لە بولبولی خۆت! بۆسێ کەرەم کە هەر بە دڵی خۆت! کوێر بووە چاوم لە دووریت جانە جیسم زەعیفم، غەرقی تۆفانە ویساڵی ئێستا وەک عەبدولڕەحیم خار و نەخۆشە بێ یار و نەدیم لە عەشقی یارە چاو بە گریانم چاوەڕێی وەسڵی گوڵی ئالانم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەلا ئەی قەومی ناهەمواری نادان سەبارەت: پەندی ویساڵی ئەلا ئەی قەومی ناهەمواری نادان هەتا کەی بێخەبەر وەک وەحشی کێوان هەموو داماو لە ئەسڵ و فەرعی دنیا خەوی غەفڵەت هەمووی کردوون پەرێشان بەجارێ بۆ تەماع وا تێکۆشاون ئەڵێن دوورین و نامرین بە ئاسان عومرمان وا چووە حەفتا و هەشتا کە هێشتا فێر نەبووین ئایاتی قورئان لەبۆ دۆزینەوەی ڕێگەی دیانەت هەموو بێهۆش و کوێر و مەست و حەیران لە کەسب و کاری دنیایی فەریدین وەلی نازانین چەندە ڕوکنی ئیمان هەموو خائین بە دین و شەرعی ئەنوەر وەلی حازر بۆ ئەمری نەفس و شەیتان هەتا زوو قوڕ بەسەردا کەین درەنگە لە لیتەی ئاستانەی حەییی مەننان کە وەختێ چووینە قەبری تەنگ و تاریک بە کاری چی دێ تازە حوزن و گریان عەزابی قەبرمان ئاوا بێ ئەی گەل پەنا بە خودا لە هەوڵی حەشر و میزان کە حاڵی بەرزەخت دی وا بە شیددەت پەشیمانی لە کاری خۆت پەشیمان بەسە تاکەی ئەکەی عەبدایەتی نەفس دە یاخوا سەروەتت بڕوا بە تاڵان بڵێن پێم بۆ چیتانە ماڵی دونیا هەموو بیکەن فیدایی زولف و خاڵان بە غەیری تۆبە چاوی چی لەگەڵ خۆت ئەبەی بۆ سجدێکی تاریک و وێران تەماشای حاڵی یاران کە لە پێشا بە ڕوویی سوورەوە گشت چوونە دیوان ئەبێ یاڕەب کە ئێمەی پیس و ڕووڕەش بەبێ فریادرەس چ بکەین لە مەیدان شەل و کوێر و زەعیف و بار گرانین کە دەسگیرمان نەبێ ئەلتافی ڕەحمان هەموو ملمان بە زنجیری عقووبەت لە جومگەی زیللەتا پەرت و پەرێشان خودا بۆ خاتری ئەو شاهی دینە عەفوومان کە، قبووڵمان کە، بە دەربان ویساڵی ڕووڕەشە ڕووی کردە دەرگات ئەتۆش کەیفی خۆتە ئەی بەحری ئیحسان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی موسوڵمانان تەماشا کەن لە فەزلی موستەعان ئەی موسوڵمانان تەماشا کەن لە فەزلی موستەعان حاکمێکی عادلی وا ناردووە بۆ موئمینان بۆ عەداڵەت، بۆ شەجاعەت، بۆ سەخاوەت جامیعە ساحیبی سێ خیسلەتە یەعنی لەبۆ ئەهلی جیهان فەڕشی عەدڵی بۆ ڕەعییەت داخراوە دائیمە دادخواهە بۆ هەموو کەس هەر وەکوو نەوشیرەوان دائیمە مەشغووڵی حەمدی حەققە، ناوی ئەحمەدە بەرقەرار بێ ئەو ڕەئیسە، ئەی خودا بۆ داعیان ڕۆستەمیش مانەندی گورگین ئەو دەمە خۆی ناگرێ هەر وەکوو حەیدەر کە ئەحمەد بێتە مەیدانی زەمان مەزرەعەی ئوممێدە ئەلحەق، بۆ هەموو کەس نافیعە هەر منی بەدبەخت دوور و بێ نەسیب لەو ئاستان گەر چی ڕیسوا بوون لە پێشا زومرەیی عاشق وەلی یەک بە یەک ئێستە لە باغی عوشرەتا شیرین زوبان حەمدولیللا وا لە دەسیا خاتەمی عیزز و شەرەف بۆیە دائیم عالەمی ناسووتی بوونە پاسەبان خەسرەو ئاسایە هەموو دەم بەزمی شیرینی هەیە لایقە تەپڵی بەشارەت لێ بدەن ئەهلی زەمان هەوری نیسان قەترەیێکی جوودی لەو دەس کەوتووە ئێستە هەر بەو قەترەیە ڕەنگینە وا قوتری جیهان هەر لە ئەووەڵ تا بە ئاخر ئەشرەفن ئەو تائیفە لاکین ئەم سوڵتانە ڕوتبەی سەبقەتی کردووە لەوان باعیسی لوتفی سولەیمانە سولەیمانی کەوا ئەهلی ئەمڕۆ بوون بە ئاسەف، یەک بە یەک پیر و جەوان شوکری خالق لازمە ئەلحەق لەسەر ئەم عالەمە گەر لە باغی کوردییا ئەمڕۆ گوڵێکی وای ڕوان هەر کەسێ موحتاجە ئەو با بێتە قاپی ئەحمەدی خوانی یەغمای ڕاخراوە دائیمە بۆ ئینس و جان ئەووەڵی ئیسمی کە ئەلفە واسیتەی ئەمنییەتە حەرفی سانی حامییە بۆ دینی ئەحمەد بێ گومان حەرفی سالیس مەنبەعە بۆ چەشمەیی جوود و کەرەم حەرفی چوارەم دافیعە بۆ دینی زیممەی شاعیران ئەی ویساڵی تۆ کە لوتفی حاکمی وەقتت ببێ بەستە ئیتر ناتەوێ زیو و زەڕی گەنجی جیهان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: براگەل مژدە بێ لێتان لەلاتان براگەل مژدە بێ لێتان لەلاتان ئەوا ڕۆیی ڕەفیقی بێ هەواتان بەکول بگرین لەدوا ئەو یارە تەحقیق نییە وەک ئەو لە دنیا جانفیداتان کە گوڵشەن خاڵیە ئیمڕۆ لە غونچە ئەبێ چ بکا هوزاری بێنەواتان بە بولبول گەرم ئەبێ بازاری غونچە لەلا ئەم هەر گوڵە خاری جەفاتان ئێتر هەر ئێوە بن، با ئێمە دەرچین بەبێ ئێمە نەبێ نەقس و نیماتان بە فەوتی ئێمە یا خوا ئێوە دوور بن لە دەرد و غەم لەژێر سایەی هوماتان عەزیزم ماچی لێوت دەفعی دەردە لە عاشق قەت مەکەن مەنعی دەواتان بە ناحەق حەق نییە ڕوو وەردەگێڕن بە ناحەق مەمکوژن ئێوە و خوداتان ویساڵی لێرە دەرکەن با نەمێنێ ئەگونجێ بەو ببێ دەفعی بەڵاتان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە تەقدیری خودایی حەییی بێچوون بە تەقدیری خودایی حەییی بێچوون لە وەختی عاجزیی و قەلبی مەحزوون لە دەشتێکی بیابان، چۆڵ و هاموون گەلێ مل پان و ڕیش زل تووشی من بوون لە دوور وەمزانی تێفکریم جوون گوتم ئێوە بە هەیئەت وەحشی کێوین بە ملپانی هەموو گاجووتی جووتین بە کلکی کوڵکنا ئەمسالی ڕێوین بە شکڵ و سووڕەتا وەک کێوی قافین بە یاڵ و تووکی سەر مانەندی یابوون عەجەب ماوم لە ئێوە تایفەی چین بە ڕیش و سیمبڵا هەر وەک یەهوودین بە گوێچکەی تووکنا وەک ورچی لۆتین بەبێ نوێژ و جەماعەت وەک مەجووسین بە جببە و مێزەری زل شیبهی ئاخوون زمان ڕیشی نییە ئەی ساحەبی ڕیش چ سۆفی بێ، ج جوو بێ، یا خۆ دەروێش بە پوولێ نایکڕن سەد ڕیشی بێ ئیش تەماشا ئەهلی عیلمە هەر جگەر ڕێش پەرێشانن بە مەکری چەرخی واژوون ئەوێستا ڕیشی مالووم زەرد و کاڵە وەکوو ڕیشی قەشە چەند بێ کەماڵە بە ئەستووری ئەڵێی کلکی گەماڵە بە پانی شوبهی یاڵی ماینە ئاڵە ئەوا بوونە مەبالی کەلب و مەیموون ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەمێکە دەناڵم لە بۆ وەسڵی جانان دەمێکە دەناڵم لە بۆ وەسڵی جانان دەروون پڕ خرۆشە بە عەشقی حەبیبان دڵ بە ناری، من بە زاری، میسلی کەبکی کوهسارە چو بولبول هەمیشە بە گریە و فوغانم نەما ڕاحەتی دڵ و ئارامی جانم دڵ بیمارە، بێقەرارە، عاشقی دوو چاوی یارە سەلامت لەسەر بێ گوڵی نەوبەهاری ئەتۆ ڕۆیی، من مام بە گریان و زاری ئاهی زاری، لێوبەباری، حاسلە بێ چاوی یارە بە ناری فیراقت سووتا قەلب و جانم پەرێشان و مەستم وەکوو چاوی خانم شێت و شەیدا، بووم لە دنیا، مردم لە هیجرانی لەیلا دڵ شێتی یارە قەراری نەماوە بە تیری موژەی یار جەرگی بڕاوە دڵ سووتاوە، زۆر شێواوە، باوەڕت بێ بۆ تۆ نەماوە دەمێکە بەعیدم لە باڵای دولبەر دەروونم بە جۆشە، مسیلی سەماوەر دولبەری من، گەوهەری من، شەوچراغ و ڕەهبەری من میسالی عەنادیل لە باغا بە شینم بۆ دووری گوڵی ڕووت عەجایب حەزینم زۆر حەزینم، دڵ بڕینم، عاشقی نووری جەبینم زەمانێکی دوورە لە بۆ تۆ دەناڵم وەکوو مەجنوونی کێوان پەرێشانە حاڵم حاڵ شێواوم، دڵ سووتاوم، مەستی بۆیی زوڵفی خاوم سەلامت لەسەر بێ گوڵی باغی ئالان بە باڵا سنەوبەر و بە ڕوو ماهی تابان ماهی تابان، شاهی خووبان، تۆی چراغی بەزمی ئەیوان لە بوستانی بێتووش دەروونم بە جۆشە لە ژێر باری عەشقا دڵم زۆر نەخۆشە زۆر نەخۆشم، زۆر بێهوشم، باوەرت بێ غەم دەنۆشم سەلامت لەسەر بێ گوڵی باغی کوێستان لە دووریت دەناڵم چ. و یەعقووبی کەنعان ئاه و گریان، دەرد و ناڵان، ماوە بۆ من جانی جانان هەر کەس ئیبای گەر لە زوڵفی دووتا کرد لە چینی جیهانا عەجایب خەتای کرد زۆر جەفای کرد، زۆر خەتای کرد، دوشمنی سەیر و سەفای کرد لە باغی ویسالت زەمانێکە دوورم لە بۆ قەندی لێوت نەماوە شعوورم تووتی ئاسا، من لە سەحرا، بووم کە بۆ تۆ شێت و شەیدا دڵی من لە کونجی قەفەسدا چو قومری لە عەشقی جەماڵی تۆ پەیوەستە دەکری دڵ پەرێشان، چاو بە گریان، مردم لە هیجرانی جانان سەلامت لەسەر بێ مەهی ئاسمانی سیراجی جەماڵت، چراغی نیهانی زۆلف عەنبەر، چەشمە ئەختەر، چۆڵە بێ تۆ، دەشتی پشدەر سەلامت لەسەر بێ گوڵی نەوڕەسیدە بە میسلی تۆ چاوی جیهان قەت نەدیدە سەروی باڵا، شاهی والا، لەعلی لێوت جامی سەهبا لە گەرمایی گەرماو دەروون پڕ خرۆشە دڵم وەک سەماوەر لە دووریت بە جۆشە یاری جانی، ماهی سانی، عاشقی تۆم، گەر بزانی ویساڵی لە باغاتی بێتووش حەزینە پەرێشانی عەتری گوڵی مەه جەبینە مەه جەبینە، شەمعی چینە، وەک سولەیمانی زەمینە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سبحان من یموت الملوک و المساکین سەبارەت: زەلیلی کارژۆلەی ویساڵی بەدەم شاهێنەوە سبحان من یموت الملوک و المساکین و لایبقی من الحی سوی رب العالمین دڵخۆش مەبن بە دنیا، بە ڕووخۆشی و پێکەنین قەحبەیەکی بێ حەیا عەدووی هەموو ئەهلی دین نە ئەنبیای هێشتەوە، نە زومرەیی عابدین هەمووی کوشتن سەروبەر، نەما یەک لە ئەووەلین لە دوا ئەوان ئەو سەگە بە شمشێری ڕق و کین ڕووی هجوومی کردە سەر ئەم ئوممەتەی ئاخرین یەک بە یەکی مەحوو کرد لە ئەسحاب و تابعین بەقای نەبوو ئەو سەگە بۆ تەواوی عالەمین کوانێ شاهی ئەسکەندەر، کوا سولەیمانی زەمین؟ کوا تەخت و تاجی جەمشید، کوانێ شەددادی بێ دین؟ کوا پەشەنگ و کەیقوباد، کوا ڕۆستەمی سەهمگین؟ کوا عەدلی نەوشیرەوان، کوانێ جوودی حاتەمین؟ کوانێ پیری کۆنەساڵ، کوا جوانانی نازەنین؟ هەمووی جوون و قووتی دان، ئەو لەعینی نائەمین لە ئەوەڵ تاکوو ئاخر ئەم قاربەی جادووکار نەیهێشتەوە غەیری سێ لە عالەما یەک دەییار خاڵی نییە لە حیکمەت ئیشی خودایی قەههار ئەو سێ کەسەش کە ماون ئەڵبەت تیا هەیە ئەسرار دنیا و نەفس و شەیتان، هەر سێ وەکوو سەگی هار دوژمنی جینن و ئینسن، هەتا ئاخر بە ئاسار تا ئینقیرازی عالەم هەر فیتنەجۆن و مەککار خودا بمان پارێزی لە شەڕی ئەو سێ لەعین برا ئەوانە ڕۆیین بڕانەوە بە یەک جار نەجاتیان بوو بە هەر جۆر لە چنگ دونیایی غەددار خودا ئەوان و ئێمەیش هەر چی هەیە ئیماندار جورمی هەموو عەفوو کات بیجاهی شاهی موختار ویساڵی مەدوێ ئیتر لە بەحسی شاه و خونکار بەیانی مەتڵەبت کە و ڕازی دڵت ئاشکار باسی زستانی ئیمساڵ، بێنە مەیدانی ئیزهار چی کرد بە تۆی فەقیر و بە سائیری عالەمین با موختەسەر عەزیزم بۆت بکەم بەحس و بەیان تڕی بڕی لە گیا و درەخت و دار و حەیوان تڕی هەمووی بەجارێ، بڕی بەندی زوموستان حەیوان گەلێ بوو ئەووەڵ هەڵئەپەڕین لە خۆشیان ئەمسال ئەمانوت ئەخۆین، دۆ و ڕۆنی بێ سامان کە چی لە ئاخریدا هەمووی کردین ماڵوێران لە سەد پێنجی دەرنەکرد، ئەو زاڵمەی بێ ئیمان دەولەمەندیش وەک فەقیر هەموو مات و دڵ حەزین مین جوملە ئێمەی هەژار غەیری بزن چواردە کار هەموو مردن لە سەرما پاکی ڕەق بوو وەکوو دار ئیتر لەو چواردە کارە مایەوە تاقە یەک کار ئەویش هەڵمان گرتبوو بۆ نموونەی ڕۆژگار قەزا شاهێنی بۆ نارد بردی بۆ شام و نەهار یا خوا بە سندانی بێت، لێی ببێ بە زەهری مار چونکە بڕی قارەکەر لە دەرک و بان و حەسار بەڵێ ڕازین بە ئەمری خودای رب العالمین بۆ فەوتی ئەو کارژۆلە لازمە ئەی برای دین با هەموو کۆبینەوە بە جارێک بۆی بکەین شین نابێتەوە شتی وا عەجەب لایق و شیرین هەر وەک غەزالی سەحرا نەشمیل و جوان و نەخشین بۆ خوسوسی تەعزیەی سێ ڕۆژ ئەبێ دانیشین چونکە بووەتە سوننەتی ئەووەلین و ئاخرین تەرکی سوننەت باعیسە بۆ سوئالی ڕۆژی دین شوکر یا ڕەببی ڕازین، لەسەر ئەم بەڵای موبین لەپاش فەوتی ئەو زاتە ویساڵی دڵ پەرێشان تازە بە ئومێدی چیت؟ لە دنیایی پڕ زیان وەختێ کە دنیا نەما بەو نەوجەوانی زەمان چونکە لە دنیا نەبوو شکڵی پەریش وا جوان لام وایە هەر مەلەک بوو خوا بردییەوە ئاسمان وەختێ کە تەشریفی ئەو عورووجی کرد لەم مەکان یەک لەحزە غافڵ نەبوو لە تەسبیحاتی سوبحان دەنگی زیکری ئەگەییە ئاسمانی حەوتەمین بە دڵ گوێتان لە من بێ ئەی زومرەیی موسڵمین وەختێ بەڵا هاتە خوار لەلای جیهان ئافەرین ئیتر بۆ کەم بێ یا زۆر، لە ئەفرادی عالەمین ڕەزا بن هەر وەکوو من، مەبن دڵتەنگ و غەمگین هەر چەند موهیم بوو فەوتی ئەو کارژۆلەی نازەنین چونکە ئەمری خودا بووە دەستم کردە پێکەنین وا پێم گوتن بۆ خودا مەسئوول نەبم ڕۆژی دین و ما على الرسول الا البلاغ المبین ئەو وەختە هیجرەتی کرد ئەو حەزرەتی لە دنیا بە یەک دەفعە سەراسەر عالەم هەمووی خرۆشا ئەندامم کەوتە لەرزین، وتم قیامەت هەڵستا دڵم لە بۆی ئەسووتا، چاوانم بۆی ئەگریا ئەوەندەم مابوو سەروەت، ئەویش ئاخری فەوتا ئیتر تازە بە من چی مەڕی حەمەی عەلی ئاغا غەم مەخۆ ئەی ویساڵی چون مع العسر یسرا سابیر بە بەو موسیبەت الله مع الصابرین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەرم ئێشێ لەبەر بێ چایی قوربان سەرم ئێشێ لەبەر بێ چایی قوربان وەکوو تەڕڕاح ئەوا کەوتووم لە مەیدان کە چایە نووری چاوی ئینس و جیننە کە چایە زینەتی بوستانی ڕیزوان کە چایە شەمعی جەمعی عاشقانە کە چایە شاهیدی گوڵزاری کەنعان کە چایە موتریبی خۆشخوانی مەنزڵ کە چایە ساقی بەزمی جوملە یاران کە چایە خۆشەویستی جوان و پیرە کە چایە دڵبەری سوڵتان و شاهان کە چایە باعیسی ئەحیایی عالەم کە چایە ڕەونەقی دێهات و شاران کە چایە دافیعی عیجزی دەروونی کە چایە واسیتەی ڕێکی و عیرفان کە چا ئەسبابی بەزمی ئیتتیحادە ئەگەر چایی نەبێ عالەم پەرێشان خوسووس بۆ ئێستە گەر فەسڵی بەهارە زەمانی عەیش و نۆش و بەزم و سەیران ئەگەر چی ئێستە دونیا سەوز و سوورە وەلی بێ چا سەراسەر چۆڵە قوربان کە من چاییم نەبوو قوربان لە ماڵا ئیتر بۆ چیمە ماڵی ورت و وێران چ موحتاجی بەیاناتە کە بیکەم ئەزانی حاڵی بێ چایی بە ویجدان مەگەر چایە مەسیحی ئیبنی مەریەم ئەکا ئەحیا هەزاران قەلبی بێجان کە تەشریفی نەبوو چایی لە ماڵا وەکوو ورچ بۆڵەیانە ماڵ و میوان ویساڵی وێڵی وەسڵی بووکی چایە وەکوو مەجنوون کەوا کەوتۆتە کێوان کە ماڵێ خاڵی بوو یەعنی لە چایی نییە فەرقی لەگەڵ ئەشکەوتی کێوان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەلامی من میسالی بەفر و باران سەلامی من میسالی بەفر و باران لەسەر تۆ بێ مەلای سیوەیل و ئالان لەپاش عەرزی سەلام هۆشت بە خۆ بێ بە کوردی پێت ئەڵێم ئەی جانی جانان وە چاکە زوو بکەی ئیسلاحی کارت بە خۆشی پێت ئەڵێم ئیمڕۆ بە نیهان بە شەرعی مستەفا و ئەمری قانوون بە ڕەئیی ئەهلی خیبرە و ئەهلی عیرفان مومەییز بە لە بەینی جورم و حەپسا قەراریان دا بەجارێ ئەهلی ئەعیان بفەرموو ئیختیاری یەک لە ئەمرەین جەزات پێ خۆشە یا خود حەپس و تاڵان خولاسە ئێستە وا مەسئوولی زەحمەت بە سووکی تەبرەئە بکرێی لە عیسیان مەڵێ گوێز و مریشک و مێوژ و هەرمێ ئەیان نێرم بە دیاری بچنە مەیدان ئەگونجێ ئەو دەمە سەرفی نەزەر کات وەئیللا زەحمەتە عەفوم بە ئاسان بە کوردی پێم وتی خۆ من؟ نیم ئەمانە توڕڕەهاتن ئەی برا گیان مەڵێ ئیتر ئەمن ئەهلی عەمامەم مەخوێنە بۆم حەدیس و وەعز و قورئان مەڵێ پێنج شەش مریشک و دوو هەزار گوێز بە دیاری بۆی ئەبەم خۆم ئەچمە ماڵیان کە کابرا چون چڵێس و ساف و شێتە کە چاوی کەوت بە گوێز و مورغی جوان جوان ئەڵێ قەیناکا ئەم جارەیش عەفوو بێت بچێت و دانیشێ وەک جاری جاران ئەگەر چی وەک خولەپیزە بەجارێک بخوا هەموو ماڵی سیوەیل و ئالان دڵی خۆت خۆش مەکە بەم وردە فکرە بەتاڵە هەر چی فکرێ بیکەی ئەلئان ئەمانە هیچی لای من پارە ناکەن کە خۆش نابم لە تۆ هەروا بە ئاسان لە ئەفکارت ویساڵی نابێ تەمین ئەتۆ کارێکت کرد دەرچوو لە ویجدان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەیری وەزعی ڕۆزگار و دەوری چەرخی ئاسمان سەبارەت: تووتن فرۆشتن سەیری وەزعی ڕۆزگار و دەوری چەرخی ئاسمان چەندە ناهەموار و بەد بوو هەر لە بەختی شاعیران عالەمی خستۆتە چاهی حەسرەت و جەور و جەفا سەیری کە هەر کەس بە دەردێکۆ ئەکا ناڵە و فوغان کوللی کەس وەک من گرفتارە لە داوی تووتنا عالەمێ کەڕ بوو لە دەنگی ناڵەناڵ و ئەلئەمان سەیر ئەکەم بۆ جەژنی قوربانم نەمابوو شەکر و چا مەسڵەحەت وایە وتم سەعیی بکەم تا ماوە جان نەختێکم تووتن بوو عەینی ماڵی خۆم، بۆ نەکبەتی نەختێکی کەیشم کڕی هاتم لە قەوم و خوێشەکان یەکبەیەک کۆم کردنەوە دام گرتن و کردم بە بار بەم خەیاڵە بیفرۆشم یا بە جەهری یا نیهان خوا وتی تەقدیری من تەدبیری تۆی ئیبتاڵ کرد چۆن ئەبێ بێتە مەساف ڕێوی لەگەڵ فیلی زەمان تێفکریم لەم کارەدا تەنبیهی تیا مەوجوود بوو یەعنی ئیتر نەخڵەتابی دەست لە تووتن دەی عەیان ئیشی تووتن لەم زەمانە ئەی برا زۆر موشکیلە پیاوی عاقڵ خۆی لە تووتن ناگەیێنی بێگومان من لە لا خۆم وام ئەزانی شەکر و چا هەرزان ئەکەم نەمدەزانی گەر وەها دەبمە ئەسیری کافران حەیفێ غەیبم پێ نەبوو ئەمزانی ئیش ساوا دەبێ چونکە بۆ ڕیش هاتم ئەووەڵ چی سمێڵیشم نا لە بان هەم ڕەفیقم پیاوی کەر بوو، یا ڕەبی خوا بیگرێ وەک منی تووشی بەڵا کرد، خۆی بە سالم دەرچوان وەک گونی هەللاج ئەلەرزی وا لە ترسانا بە شەو جوو لە چاویا ئەینوان وەک ڕۆستەمی مازندەران بیدیایە ڕێوییەک ئەو، هەر لە دوورۆ ڕای ئەکرد پێم دەگوت بۆچ ڕادەکەی ئەیوت لەبەر شێری ژیان ماکەرێکی پێ بوو جێی هێشت ساعەتەن ئەو ماکەرە زەننی وا بوو ئەیکوژن ئەو ماکەرە پۆلیسەکان گەر چی کەر بوو ڕۆیینی ڕێی وابوو هەر وەک ڕەوڕەوە تەییی ئەرزی پێ ئەبوو هەر وەک تەیارەی ئاسمان زاهیرەن کەر بوو وەلێ باتین لە سەد پیاوی وەکوو قالە چاتر بوو، هەم عاقڵتر و هەم کارزان چونکە ئەو گەر لێی گەڕایە ڕانەدەوەستا هیچ یەقین بۆ خۆی ئەچووە لای مودیر و بۆی دەکرد بەحس و بەیان ساعەتەن باسی دەهێنا بێدەنگ و بێ دەردیسەر بۆ هەموو کار چاک بوو گەر وەری ئەگرت قەبزەی ئەمان گەر ڕەفیقی کەر نەبوایە، سوێند ئەخۆم قەت ئەو کەرە نەیدەبینی دەرد و زەحمەت چون کەرێ بوو نوکتەزان دەفعەیێتر قەت کەری وا نابێتۆ بۆ خاوەنی کەر نەبوو، باوەڕ بفەرموو، هەر پەری بوو وا جوان نەک من و تۆ ساحێبی بەڵکو خوداش هەر خۆشی ویست بۆیە وا ئێستا بە چاکی چۆتە سیلی سالیکان بەم سلووکە وا دەزانم مەرتەبەی دەست کەوتووە چونکە وا لە ئیعتیکافا بێت و نۆ ڕۆژە لە خان صائم الدهره بە ڕۆژ و قائم اللیل بە شەو ئێستە بیستوومە ئەوە سەر زاکیرە بۆ ئەهلی خان ئەڵبەتە ئیسلامی ساغە بۆیە وا تووشی بەڵای کرد و بیداتێ لە پاشا ڕاحەتی باغی جینان گەرچی خۆشی ڕابوارد، خوا ئینتیقامی لێسەنۆ بێ تەریقەت پێگەیی کاری هەموو لێ بوو عەیان گوێ مەدەر عەیشی دنیا هیچە، خۆزگە بەو کەرە چونکە دنیا نامێنێ باقی لەبۆ کەس با ئەمان زۆر دەمێکە نەمدیوە لاکین هەموو عالەم دەڵێن شوکری خالیق هەر ئەکا ئێستەش بە مسیلی زاهیدان دەستی کەوت ڕوتبەی شەهادەت، ئەو بە دوو سێ مەرتەبە یەک بە غوربەت، دوو بە ناحەق، سێ ئەسیری کافران کەریەتی قالە عەجەب تەئسیری بۆ ئەو کردبوو چونکە خۆی وا کەر نەبوو، بڕوا بەبێ نام و نیشان بەحسی بێ نامووسی ئەو هەر ناکرێ هەم تووتنەکەت بێتە ڕووی مەیدان و دائیم بیکەوە ویردی زوبان تووتنەکەم تووتن نەبوو، چی بکەم خودا بۆ تووتنەکەم ساحێبی عەتر و عەبیر بوو وەک ڕیاحەینی جینان هەر ئەوەندەم بوو لە ماڵا قاضی الحاجات بێ عاقیبەت خالق ئەویشی خستە داوی زاڵمان هەر کەسێ کاری خراپ کرد، سا لە ڕەحمەت دوور بێ تا ئەکا ئیتر خەیاڵی غەسبی ماڵی موسلیمان وا عەیانە لێم ئەمین بەگ نائەمینی میللەتە کاری چاکی هەر نییە و نەبوە لەبۆ ئەهلی جیهان عالەمی ئیسلام لە چنگیا زۆر زەلیلە سا خودا بیخەیە بەر بادی غەززەب، مانەندی قەومی عادیان کوشتنی واجیب بووە ئێستا بە شەرعی ئەحمەدی چونکە بۆتە موفسید و هەم فیتنەیی ئاخر زەمان هەر کەسێ لام بیکوژێ تەحقیقە دەستنی سەوز ئەبێ چون عەدووی ئەهلی عیلمە هەم جەمیعی سەییدان ئەلحەق ئێستا چاکە بۆ مەولوود بە نامی کەلبەوە بیکوژێ دنیا بکا ئیتر بە باغی کاسبان هەروەکوو مەشهوورە ئیسمی بێت و ئەم فەتحەش بکا حەیدەر ئاسا هەم لە دنیا بۆی ئەبێتە داستان ئەی خۆدا چی بکەم لە چنگ بەختی کەچ و هەم یاری کەچ؟ سەیری کە خۆیشم کەچم، بەم سێ کەچە، نامیهرەبان ئەی ویساڵی من بڵێم چی تووتن و حیمارەکەت هەردووکی خواردن ئەمین بەگ، بۆتە فیرعەونی زەمان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شک ئەبەم شەخسێ لە ڕۆما پێی ئەڵێن مەللا حەسەن شک ئەبەم شەخسێ لە ڕۆما پێی ئەڵێن مەللا حەسەن لازمە زەممی بکەن ئەلحەق هەموو ئەهلی وەتەن چونکە مەشهوورە چرووکیی ئەو لە دونیادا بە عام ئەو ڕەزیلە نەیدی جارێ غیرەتی بێتە بەدەن شەش سەدی وەک مارف و بەندی لە برسا کوشتووە من ئەوا بێگانە بووم، خۆ ئەو برای ئەو بوو عەلەن ئیسمەکەی فەوتاوە حوسنی نییە خوا بیبڕێ نەمدی ئیسمی بێ موسەمما لێرە وەک ئەو تا یەمەن ئەی ویساڵی بەسیە ئیتر قابیلی تەنبیە نییە لێی گەڕێ با هەر مەحو بێ، ئەو نەجیلەی بێ دەهەن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مایەی چمایە وا عاجزی لەم بەندەیی مسکین مایەی چمایە وا عاجزی لەم بەندەیی مسکین؟ ئەی دڵ وەرە یەک بۆسە بکە لەو لەبی شیرین قابیل بە بۆ تەعنەی ئەغیار و ڕەقیبان مەشغووڵ بە بوستانی خەت و خاڵ و کەمەرچین هەر چەندە کە وەعزیش وەکوو باران ببارێ غافڵ مەبە یەک دەم لە خەیاڵی مەه و پەروین مەستی مەی مەعشووقە بە ئەی یار هەمیشە گەر تالیبی بۆ تەختی جەم و جامی جیهان بین ئەی دڵ وەرە مەیخانە کە مەی حازرە ئێستا ڕەنگین بکە ئەم مەجلیسە بە بادەیی ڕەنگین مەعلوومە کە تۆ غونچەیی بوستانی جیهانی ڕەحمێ بکە بەم بولبولی بێ چارەیی غەمگین گوێ بگرە لە ئاوازی دڵی عاشقی فامی تێ فیکرە چلۆن غەرقە لە بەحری غەم و ئەسرین بۆ زومرەیی عوششاقە بەزمێ موهەییا ئەی مەیکەدە بۆیا کە بە ڕەیحانە و نەسرین یەک دەفعە تەفەککور کە لە ئەحواڵی ویساڵی بێ هوشی بە بێ تۆیە لەسەر بەستەری ناڵین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مووسمی سەیران و گەشتە سەوزە سەحرا کاکە گیان مووسمی سەیران و گەشتە، سەوزە سەحرا کاکە گیان زەڕڕەیە چاییم نەماوە، شێت و شەیدا کاکە گیان خۆت ئەزانی چایی قوربان باعیسی دڵ جەمعییە ئێستە وا من بووم بەبێ چا وێڵی سەحرا کاکە گیان لەم زەمانە هەر کەسێ ئیسلامە قەت بێ چا نەبێ کەس بەبێ چا، چا نییە جوز حەق تەعالا کاکە گیان یا خودا هیچ کەس وەکوو من وێڵ و سەرگەردان نەبێ زاهیرەن ئینسان و باتین وەک موقەببا کاکە گیان هەر خودا بێ چا بێ چاکە نەک منی غەمبار و شێت چون بەکوللی لام نەماوە هۆشی دونیا کاکە گیان من کە سابیق ئاشکرا بوو زیرەک و فەرزانە بووم ئێستە بێ بمبینە بێ چا، شێت و ڕیسوا کاکە گیان چاکە ئیزرەم چا بنێری بۆ ویساڵی زووبەزوو با بمێنێ، نەک نەمێنێ بمرێ بێ چا کاکە گیان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەجنوون و سەراسیمە و داماوە دڵی من سەبارەت: لەسەر کێشی شیعرێکی «بێخود» مەجنوون و سەراسیمە و داماوە دڵی من سەرەگەشتە و دێوانە و خڵافاوە دڵی من بەینێکە لە من ون بووە خەجڵاوە دڵی من نازانم ئەو مردووە یا ماوە دڵی من ئاخۆ وەکوو یەعقووب لە کوێ مەشغووڵە بە گریان یاخود لە کوێ مەحبووسە وەکوو شاهیدی کەنعان مەعلووم بە دەمی تیغی غەم و غوسسەیی دەوران ئەندامی وەکوو قیمەیی کوتراوە دڵی من پرسیومە گەلێ جار لە ئەحباب و لە ئەغیار دێوانەیی جیننی بووە یا عاشقی دڵدار بۆچ وا بووە بێگانە لە باغات و لە گوڵزار دەردی ئەبێ چ بێ، لە چ ئاڵاوە دڵی من لەو ساتەوە ڕۆیشتووە تۆراوە لە یاران نەمزانی بۆ کوێ چووە ئەو ئەبلەهی نادان وەک وەحشی ئەبێ چووبێ لە بۆ چۆڵ و بیابان یا ڕەببی بە چ مەتلووبێ خەریک ماوە دڵی من چی کەم، چ بڵیم بە دڵەکەی زار و عەلیلم باوەڕ بکە لەوساوە منیش خوار و زەلیلم وەک حەپسی لە زیندانی غەما بێ کەس و دیلم یا ڕەب بکەی ڕەحمێ لێی قەوماوە دڵی من کوێی بۆ بگەڕێم بۆ دڵەکەی عاجز و زیرم دائیم لە خەیاڵمایە، ئەبەد ناچێ لە بیرم سەیرێ کە دەمێ شێت و گەهێ خەستە زەمیرم ئاخۆ بە چ داوێکەوە تاساوە دڵی من بۆ چی وەکوو مەجنوون ئەبمە غوولی بیابان بولبول ئەبێ هەر بگری لە بۆ عەیشی گولستان پەروای نییە ساتێ بەبێ شەمعی شەبستان بۆ ئەهلی سەفا خۆشە بەڵێ سوحبەت و سەیران بێ وەسلی دڵارام چ شێواوە دڵی من لەوساوە کە ئاوارەیە لەم خاک و وڵاتە هەر چەند ئەگەڕیم بێ ئەسەر و بێدەنگ و ماتە وا دیارە لەلای یاری بە ئوممێدی خەڵاتە بۆیە کە وەها بێ سەر و شوێن ماوە دڵی من ئەو سەروەر و سەردارە کە وا ها لە مەدینە ئەم مەحرەمی ئەسرارە کە وا ها لە مەدینە ئەو مەتڵەعی ئەنوارە کە وا ها لە مەدینە بردوویە بۆ لای خۆیی و نەفەوتاوە دڵی من ئەو یارە دڵی بردووە، غەمخوار و نەجیبە موختاری هەموو عالەمە، سالار و حەبیبە تۆیش هەستە ویساڵی سەگی دەرگاهی نەبی بە نایەتەوێ تەئمین بێ هەتا ماوە دڵی من ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕۆژ و شەو قوربان تەمەننامە لە شاهی ذوالمنن ڕۆژ و شەو قوربان تەمەننامە لە شاهی ذوالمنن خوا لە سەر چاکە درێژ کا، عومری پیاوانی وەتەن بۆ ژیانی میسلی ئێمە لێرە گەورە باعیسن لوتفی ئێوە گەر نەبێ من چیمە لەم شاخ و چەقەن وا ڕەوانەم کردە لای تۆ کاغەز و پیاوی خوسووس هەر لەسەر ئەو وەعدە فەرمووت دوێنی تۆ و ئاغا حەسەن قیروسیا دوو شەو بەبێ شێو کاکە سەرمان نایەوە حوکمی خوایە چی فکرێ لەبۆ ناشتا بکەن گوو بە ڕیشی پیاوی نامەرد خێرێکی بۆ خۆی نەکرد چونکە ئەمساڵ مەیلی بوو هەر کەس لە خوا ئیمانی سەن هەر کەسێ عەقڵی نەبوو ئەمساڵ بە کاری خۆی نەهات هەر مەگەر گوو بکەن بە خێری، پاشی خۆی ئەولاد و ژن مەسڵەحەت وایە کەوا ڕاپەڕێنی ئیشەکەم با نەقەومێت فیتنە و دوشمن بە ئێمە خۆش مەکەن سوڵحی ئەمن و تۆ بە مەخفی چاکە چونکە عاقڵین با بە ئیشی پیاوی عاقڵ قەت نەزانن ناڕەسەن ئەی ویساڵی موژدە بێ خوا ویسعەتی خستە وڵات زەیقەتیی ڕۆیی بە ئیزنی حەزرەتی وەیسی قەرەن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یا رسول الله بە قوربانی قەدت بێ جیسم و جان یا رسول الله بە قوربانی قەدت بێ جیسم و جان پرتەوی ڕوخساری پاکت، شوعلە بەخشایی جیهان سەروی بوستانی ئیرەم، خوارە لەگەڵ باڵایی تۆ ڕیشکی باغی ڕوویی تۆیە، دەم بە دەم ڕەوزەی جینان زەڕڕەیێکی قەدری تۆیە ڕەفعەتی عەرشی عەزیم بەهرەیابی نووری تۆیە میهری ئەرز و ئاسمان گەر بە میزانی تەقابول بێت و سەنجیدە بکەی وەک حەشیشێکە لەگەڵ تۆ قەدری عالەم بێگومان سەروەرا تۆی باعیسی ئیجادی عالەم لاجرم هەر ئەتۆی مەحبووبی قەلب و زاتی حەییی لامەکان قیبلەیی ئوممێدی عالەم تاجی فەرقی ئەنبیا شەهسواری لیلة الاسرىٰ ئەتۆی فەخری زەمان مەعدەنی سیدق و سەفا، ئەی مەنبەع و عەینی وەفا ڕافیعی جەور و جەفا، گوڵبونی بوستانی جان مەخزەنی عیلم و حەیا و کوهی غوفرانی خودا ساحێبی سیدق و عەدالەت ڕەهنومایی گومڕەهان من لە هاموونی زەڵالەت گومڕەهم بورهانی دین مولتەفیت بە شاهی عالەم پێم نیشاندە ڕێی ئەمان من موقیمی ئاستانم بۆ گوڵی ئەندامی تۆ بمدەرێ عەتری هیدایەت باعیسی بۆیی گوڵان من غەریقی چاهی فیسقم تۆی عەزیزی میسری دین من نەخۆشی دەردی عەشقم تۆی تەبیبی حاڵزان غیرەتی چەوگانی خۆت بیکە بە تەعویزی ملم نەک لەناکاو بیفڕێنێ دوشمنم شانی ئیمان گەر ئەتۆ مەیلت ببێ نابم لە جەننەت بێ نەسیب ڕەهنوماییم کە بە فەزڵی خۆت بە فیردەوسی جینان دڵ بریندارە بە تیری حەسرەت و دەرد و ئەلەم کەی دەبێ دەرمانی کەی ئەی دافیعی دەرد و غەمان پادشاهی موڵکی دین، سوڵتانی تەختی کیبریا مولتەفیت بە بۆ ڕەعییەت وەقتی زیللەت ئەلئەمان یا ڕەسوولەڵڵا دەخیلت بم بۆ وەقتی قەبزی ڕۆح عەسکەری لوتفت موهەییا کە لەبۆ دەفعی غەمان یا ڕەسوولەڵڵا لە دەرگاهت فەقیرێکم زەلیل مەمکە بێ بەهرە لە ڕەحمەت، پادشاهی ئینس و جان یا نەبی تۆ خۆت دەزانی دوشمنی شەیتان و نەفس هەر دوو دائیم حازرن بۆ غارەتی دین و ئیمان گەر نەبی حازر بە یەک لەحزە دەکەن تاڵانی دین چۆن دەبێ فاریغ ببێ لە منی فەقیری بێ زوبان یا ڕەسوولەڵڵا ئەوا کەوتوومە ژێر باری گوناه دەستگیریم کە، کە هەستم، دەستگیری موئمینان بێ لە هاوارم غیوری دین بۆ وەقتی سائیلان تا بڵێم الله یەکێکە، بێ شەریک و بێ مەکان ئەو دەمە مردوو بە ڕووتی دێنە مەیدانی حوزوور دەستی من دامانی تۆ، نەمکەی زەلیلی تاغییان هەر ئەتۆی نازیر لەبۆ ئوممەت لەژێر سایەی خودا غیرەتت زاهیر بکە ڕوحم فیدات بۆ موزنیبان مەلجەء و مەئوا نییە لەو وەقتەدا غەیری ئەتۆ مەرحەمەت فەرموو لەبۆ من ئەی شەفیعی عاسییان گەر مەدەدکاریم نەکەی قوربان لە دیوانی جەزا بێ وەسیلە دادەمێنم میسلی بزنی بێ شەبان یا رسول الله ویساڵی بەندەیێکی ڕووسیا پێی نییە توێشەی قیامەت غەیری گریان و فوغان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی عەزیزان یەک دوو ساڵێ بووم ئیمامی سەرگەڵوو سەبارەت: چاو چنۆکی ئەی عەزیزان یەک دوو ساڵێ بووم ئیمامی سەرگەڵوو ڕامبوارد ئەو بەینە ئیتر سا بە هەر نەوعێک کە بوو بوو لە ئەقتاری شەشۆ شەخسێ عەجەب ڕوو گرژ و ترش یەعنی ئەوڕەحمان مەلایی دەستی کردە هاتوچوو بیست و نۆ دەفعە زیاتر هەر بە عەزمی دیدەنی هات و ئەیوت بمکەنە ئیمامی خۆتان زووبەزوو چونکە زۆری کرد تەشەببوس ئەو بە ئاغا و قەومەکان سووڕەتی مەجبووری دایان وەعدەیێکی ڕووبەڕوو ئەو لە خۆشیانا وەکوو موژدەی بەهەشتی پێ بدەن دەستی کردە هەڵپەڕین و قاوچ و قووچ و هاتوچوو عالەمی دنیا بەجارێ تەعنەیان چەند لێ ئەدا هەر قوبووڵی بوو کە ئەهلی غیرەت و جەوهەر نەبوو ماڵەکەی هێنا بە وەعدەی دوو دەقیقە و سێ سەعات وەی ئەزانی شایە ئیتر کەوتە دووی ئەم هایوهوو ئەو لەوێ نەیزانی دەرنابا وەکوو بەندەی غەریب وەی ئەزانی قەومەکە و ئاغا ئەبن بۆ ئەو بە جوو ساڵی ئەووەڵ بەعزێ پارە و ڕۆنی بۆ تەعیین کرا دووهەمین ساڵ سەد شوکر ئەو ڕۆن و پارە قەتعی بوو چی کە ئەو هەر ڕازییە هیچی بەنێ یا نەیدەنێ هەر دەڵێ بەسمە بە شەرتێ ڕێم بدەن بۆ دێو و دوو ئێستە هیچی نادەنێ و ڕێگەی لە ئەو لا و لا نییە عاقیبەت مەجبوور بووە عەودەت بکاتۆ زووبەزوو هەر وەکوو بیستوومە ئێستا وا لە دەم ئەم عالەمە زۆر بە مەمنوونی ئەدا بەرتیل و بیکەن تاوو توو گەر شەشۆیی ڕازی بن ئەو حەز دەکا بڕواتەوە لاکین ئاغا موشکیلە لیرەی ئەوێ لەو بیست و دوو چونکە زۆر شێواوە حاڵی ئەو فەقیرەی هەر دوو لا ناعەلاجە هەر ئەڵێ: ئەیدەم کە من بووم یا نەبوو با وجوودی هەر درۆیە گەر بڵێ نیمە برا ئێستە سەد لیرەی حەرامی وا لە ماڵا بێ دروو ئەی ویساڵی تۆ خودا ئێستا گوناهی من چیە؟ تۆ ئەوا هیچ، من بڵێم چی؟ ئەو لە من بۆتە عەدوو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەر دەمە دونیا بە نەوعێ دێتە پێشێ گەه وەکوو هەر دەمە دونیا بە نەوعێ دێتە پێشێ، گەه وەکوو، بووکی ساحێب نازە گەه عەییارە وەک خەسوو شاهبازی تالعت وەقتێ لەسەر سەر دادەنێ بۆ نەدامەت گەه لەنێو ماڵت دەخا سەد کوندەبوو بەعزە جارێکت دەداتێ ئیقتیداری بێ شومار گەه ڕەزیلت وا دەکا، موحتاج دەبی بۆ بەندی ڕوو پر گوڵی دەکا جارێک لەنێو باغی وەتەن گەه دەکا دەستت لە خارستانی غوربەت پڕ دڕوو گەه بە تاجی شاهی و دەوڵەت سەرئەفرازت دەکا گەه لە نێو خاکی گەدایی و نەگبەتا دەتخا بە فوو زاهیری دەستووری عەدلە و باتینی غەددارییە باوەڕت بێ کەس لە دەستی مەکری دونیا دەرنەچوو هەر کەسێ یەک دەفعە تێفکری لە پێداوی جیهان هەر ئەڵێ تا سەر لە نێو گۆماوی غەمدا پێوە بوو گەر بە تەئییدی فەلەک تالع نەبی کۆشش چییە بێ جەسارەت بەختی خۆت گەر بێ ببەخشێ، بێ بنوو من کە ڕۆژ و شەو شکایەتمە لە دۆستانی زەمان دەم بە دەم مەحکەمترە زەنجیری غەم وەک زوو کە بوو مەتڵەبەم وا بوو کە دل زایع نەکەم، نەیدەم بە کەس ئەو دەمەی ڕۆیی عەزیزم، ئیختیارم پێ نەبوو جێنشین بوو مەودەیێ ئەندۆهی هیجران و فیراق وەقتی وەسڵی شادمانی ڕەهرەوی بوو هاتووچوو چاوەکەم با من نەمێنم لەم زەمانەی بێ وەفا هەر چی تێفکریم سەعاتێ دڵ لە غەم خاڵی نەبوو فکری دیەنیم بوو کە چی دەردی فیراقم کەوتە سەور ئەمی محەممەد هەر غەمێکم بوو ئەوێستا بوو بە دوو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەرن تێ فکرن لە دەوری زەمان سەبارەت: وەفاتنامە٢ وەرن تێ فکرن لە دەوری زەمان چەند خانەدانی کردووە ماڵوێران نە ئەنبیای هێشت نە ئەولیای دین نە پادشاهان لەسەر ڕووی زەمین ئەی داد لە زوڵمی زەمانەی بێ پۆ هەزار وەک منی کردووە ڕەنجەڕۆ مایەی ماڵم و سەروەتی جیهان گیسکێکم هەبوو ڕەشی بێ نیشان ئەووەڵ لە ماڵی حاجی ئەحمەد بوو چونکە جوان بوو، هەر چاوی بەد بوو نوفووسی پیس بوو وا کاری لێ کرد ماڵی منیش و خۆیشی وێران کرد وەختێ ڕوانیان لە حەوشە و حەسار زاتی گیسکەڕەش وا نییە دیار ئاخری زۆر گەڕا حەمە ماڵەوماڵ هەر وەک دەرویشێ کە بگری بۆ سواڵ لەبۆ گیسکەڕەش بیدۆزێتەوە کە دۆزییەوە، بیهێنێتەوە ئیتر بە خۆیی و بە هۆزییەوە زۆری بۆ گەڕا نەیدۆزییەوە لەدوا مەئیوس بوون، گوتیان ون بووە ئاخۆ گورکی چەرخ بۆ کوێی بردووە لە مەوتینی خۆی چەرخی کەچڕەفتار دەربەدەری کرد بە ڕەنج و ئازار ئەو کارەی گەردوون لەگەڵ منی کرد خەسرەو لە فەرهاد ئەو زوڵمەی نەکرد بەینێ گیسکەڕەش ون بوو بێ ئەسەر دڵ کەوتە گێژی دەغدەغە و خەتەر غەمی گیسکەڕەش هەر لە دڵ مابوو ڕۆژێ لە ناکاو شەخسێ پەیدا بوو وەک خزری زیندەی موبارەک ئەسەر ئەو شەخسە چاکە بە منی دا خەبەر گوتی مژدە بێ ماوە گیسکەڕەش دڵم وەکوو گوڵ بەو موژدە بوو گەش چەمیبوو باڵام وەک خەمی گۆچان شێت بووبووم وەکوو مەجنوونی کێوان موژدەی نەسیمی گیسکەڕەش ئەنگوت غونچەیی دڵم وەکوو گوڵ پشکووت سەد بارەکەڵڵا کاکی موژدە خوەش خوا لە ڕەحمی خۆی نەمان کا بێبەش پێم گوت لە کوێیە برای دنیا و دین ئەو گیسکەڕەشەی جوان و نازەنین گوتی غەم مەخۆ ببە بێ خەتەر وا لە گەنکێیە مەبە بێ خەبەر لە مەڕی حاجی مەحموودی گەنکێ وا قەڵەو بووە ڕۆنی لێ ئەتکێ ئیتر وەک عەتری گوڵی وەنەوشە مێشکی پڕ کردم ئەو موژدە خۆشە کە بۆم مەعلووم بوو گیسکەڕەش ماوە سوپاس بۆ خودا کە نەفەوتاوە گوتم ئەو گیسکە کەوا لە گەنکێ با بمێنێتۆ بۆ خێری نەنکێ عەجەب شکڵێکی هەبوو گیسکەڕەش وەک شکڵی پەری جوان و مونەققەش ئاوریشم ڕەنگ بوو موومی ئەندامی ئاسکی گەرمیان ئەیکرد غوڵامی جیلوەی حەریری موویی تابداری هەر وەک پەرچەمی تورک و تاتاری وەختێ ئەیباڕان لە کێو و سارا شەبیهی دەنگی نازداری خەتا فەسڵێ ئەکەوتە شیرین کەلامی عالەم تێر ئەبوون لە عەقڵ و فامی هەروەک قەمەرناز، ناز و نازدار بوو خەرامان سیفەت بە لەنجەولار بوو شوعلەی گڵۆپی هەردوو چاوانی وەکوو ئەستێرەی بەری بەیانی دەمی وەک سەدەف پڕ بوو لە گەوهەر ساحێب پڕتەو بوو وەک شەمس و قەمەر شاخەکانی ڕاست ڕەنگی وەک مەڕمەڕ وەک شاخی تاجی شاهی ئەسکەندەر ڕوخساری جوان و ساف و بێ کەدەر هەر وەک شۆرابێ بە ئاوی کەوسەر سمی ڕەش و ساف وەک بیجادە جوان سیفەت ئاوێنە لە دوور ئەینوان ئێستە بیستوومە فەوتی فەرمووە ڕۆحی شەریفی بۆ جەننەت چووە تەئریخ هەزار و سێ سەد و هەشتا زاتی گیسکە ڕەش دەرچوو لە دنیا چونکە مردنی لە غوربەت بووە ئەجری زۆر گەورەی بە نسیب بووە ماتووڵ ئەو زاتە لەوێ مردووە تەکلیفی شەرعی لەسەر لاچووە داخی گرانم بۆ تۆ گیسکەڕەش لە خۆشی بەهار کەوا بووی بێبەش خۆزگە دەوڵەتی فەرەنگ و ئینگلیس لەگەڵ تایەفەی جوولەکەی خەبیس هەم ئەمریکا و ڕووس و ڕووسیا فەوت ببوونایە پاکیان لە دنیا ئەمما گیسکەڕەش تۆ بمایتایە خۆشی بەهارت لە کیس نەچوایە حەقیقەت بەهار ڕەنگین و خۆشە سارا پڕ گوڵ و لالە و وەنەوشە جا چە فائیدە بەهاری ڕەنگین گیسکەڕەش بێ تۆ چۆڵە سەرزەمین گیسکەڕەش وا تۆ لە دار الفنا ڕیحلەتت فەرموو بۆ دار البقا گیسکەڕەش خۆت چوویت بۆ مێرگی بەهەشت غەم و ئەسەفت بۆ من بەجێهێشت بێ تۆ گیسکەڕەش یاری باوەفا تازە بۆ چیمە حەیاتی دنیا گیسکەڕەش حەیفێ ددان مرواری لەززەتت نەدی لە گیای بەهاری ئەی جا من چ بکەم بێ تۆ لە دنیا مەگەر وەک مەجنوون بچم بە کێوا بێ تۆ گیسکەڕەش ئەمن لە دنیا چۆن ڕابوێرم بە سەیر و سەفا دەرچوو گیسکەڕەش لە دنیای فانی ئەسەف بۆ خوڵق و ڕەوشتی جوانی داخی گیسکەڕەش دەرناچێ لە دڵ هەتاکوو لاشەم نەچێتە ژێر گڵ زینەت بوو لەبۆ گەنکێ و سنجەڵێ بۆیە وەک مەنجەڵ دڵ بۆی ئەکوڵێ شکڵی وا جوان نابێتۆ تازە بۆی بگرین ئەی گەل زۆر بێ ئەندازە سەرۆک مێگەل بوو لەم ناوە ناوە ڕەئیس نەقابە لە هەر چوار لاوە ساحێبی ماف بوو، بووبوو بە بەشدار لەبۆ جینسی خۆی ئامیر و سەردار لەبۆ مسکین و فەللاحی دلێر بۆ هەردوو لایان بووبووە سکرتێر جەهدی زۆر ئەکرد لەبۆ پێشکەوتن حەتتا نەیمابوو خواردن و خەوتن هەتا ئەو مابوو هەر خۆش بوو دنیا وەختێ ئەو نەما عالەم لێی شێوا ئەی مەعەلئەسەف لەبۆ زاتی وا کە ئەمرێ و ئەڕوا ئەچێتە فەنا الحکم لله، ماتووڵ مردبێ قەزا و بەڵاکەی حاجی بردبێ فەقەت حاجی گیان تۆیش هەر بە هەوا مەڵێ گیسکەڕەش مرد قیری سیا ئەمین بە حاجی خوێنی گیسکەڕەش نافەوتێ هەر وەک خوێنی سیاوەش نەسیحەتگۆ بوو بۆ دێهات و شار بێ مەعاش بووبووە واعیزی سەییار تا زوویشە غەمی حاڵی خۆت بخۆ مەڵێ ئەڵێی چی دە هەڕۆ هەڕۆ هەزار شەللاتی و جوولەکەی ڕووڕەش ئەیکەم بە قوربان کلکی گیسکەڕەش گیسکەڕەش ئەگەر بۆ من بمایە هەتا قیامەت ئەبووە دەسمایە گەر نەمردایە هەر بۆ یادگار ئەبووە نموونە لەبۆ ڕۆزگار وا پێتان ئەڵێم خوێنی گیسکەڕەش نابێ بفەوتێ ئەی برای سەرخوەش گەر ئەڵێ زۆرە پێم نادرێ زەرەر با برادەران ببنە یاریدەر چونکە یەکێتی وا لە بەینایە زەردی یەکێ هی هەموو لایە من لەسەر حەقی خۆمم کاکە گیان جێبەجێی بکەن ئێوەش هەمووتان مەڵێن هیچ نادەین زۆرە یا کەمە کاکە ئاچووغە قاپی مەحکەمە جا لە هەردوو لا زوو مەعلووم ئەبێ لەبۆ ئەم حەقە کێ مەحکووم ئەبێ ئەمجا میسلی خۆی یاخود قیمەتێ خوێنی زاتی وا چلۆن ئەفەوتێ جا موخەییەر بن ئێوە لەو دووە دە جێبەجێی کەم هەتاکو زووە ویساڵی بێنە خاتیمەی کەلام مەجبوورن بیدەن خوێنەکەی بە عام ویساڵی بەسیە مەبە دڵگران خوا نایفەوتێنێ حەقت بێگومان تۆ هەر ناتەوێ حەقت دەسکەوێ دەستت ئەکەوێ لێرە یا لەوێ گلەیی مەکە لە چەرخی زەمان هەزاری وەک تۆی کردووە سەرگەردان گەر لوتفی ببێت خودای ئاسمان بە تاقەگیسکێ نابێ سەرگەردان هەر چەند گیسکەڕەش مایەی ماڵت بوو وجوودی مایەی خۆشی حاڵت بوو بەڵا غەم مەخۆ، خودا مەننانە ساحێبی ئەجر و جەزا و ئیحسانە سابیر بە لەسەر ئەم موسیبەتە سەبر لای خودا زۆر بە قیمەتە ئەمین بە لای خوا قەیدە لە دەفتەر بۆ تۆ نابێتە مایەیی زەرەر جەزا یەک بە دە، نەسسی قورئانە تا یەک بە حەوتسەد لەبۆی بڕوانە ویساڵی ئیتر مەکەوە پەلە خوا لایسلی عمایفعلە یاڕەب سا هەر چۆن دەرمان ئەچوێنی ئەبێ لەگەڵمان ڕەحمەت بنوێنی کارێ وا نەکەیت، ئیبلیسی لەعین ئیمانمان بەرێ و بێ ئیمان دەرچین لوتفت یاوەر بێت بۆ ئێمەی یەتیم زەفەریاب نەبێت، شەیتانی ڕەجیم ڕازین بە ئەمر و فەرمانت خودا بە ئیمانەوە دەرچین لە دنیا هەر چەند گیرۆدەی نەفس و شەیتانین وەلی موحتاجی ڕەحمی ڕەحمانین ڕەحمەتی زۆرە خودای زولجەلال نامانخاتە سەر ڕێگەیی زەلال بە کوێری چاوی ئیبلیسی لەعین سەلبی ئیمانمان ناکا بە یەقین عەزابمان نادا بە ناری سەقەر لەبەر خاتری ئالی پێغەمبەر من خۆم ئەزانم غەرقی گوناهم بە غەیری خودا نییە پەناهم هەر چەند موزنیب و هەم ڕووسیاهم وا هەر چاوەڕێی عەفوی ئیلاهم ویساڵی زووکە بۆ ئیسلاحی حاڵ تۆبەیە بکە لای خوای لایەزال وەها خالیس بێ تۆبەکەت بە دڵ تاکەی هەر کەری بۆ نابی عاقڵ عەودە نەبیەوە بۆ شەرمەساری بپۆشی بەرگی خەجاڵەتباری تا بە لوتفی خۆی قبووڵت بکا بە جەننەتی خۆی دڵشادت بکا هەر بە نەزانی لە دنیای فانی ڕیشت سپی کرد، بە خۆت نەزانی بێ عەقڵ تاکەی ویساڵی بەسە عاریف بە عاریف حەرفێکی بەسە هەزار و سێسەد هەشتایی هیجری بۆ وەختێ فەوت و تەئریخی عومری کتێبی وەفاتنامەی ویساڵی خاتیمەی هێنا ڕەحمەت لە قەبری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی برادەر سەیری شوورەی جەیشی بێ سامانی کێچ سەبارەت: زەلیلی بەدەست لەشکری کافری بەدمەزەبی «کێچ»ەوە ئەی برادەر، سەیری شوورەی جەیشی بێ سامانی کێچ وا هەموو بێهۆش و مات و عاجزی حەیرانی کێچ هەر وەکوو هەوری غەزەبئالوودە پۆشی ڕووی زەمین یەحتەمیل دنیا ببێتە سەربەسەر وێرانی کێچ کێ هەیە ئیمڕۆ بڵێ من پاڵەوان و سەف دڕم گەر درۆ ناکا بە ڕاستی بێتە بەر مەیدانی کێچ دەوڵەتی ئینگلیز و ژاپۆن و هەم یۆنانیان گشت فیراریان کرد لە دەستی لەشکری ئەڵمانی کێچ من کەوا ناشارەزا و بێوەسیلە و قوڕبەسەر وا بە زیللەت کەوتمە دوای جادوویی دێوانی کێچ کەی ئەبێ یاڕەب نەجاتم بێ وەکوو مووسا لە چنگ لەشکری فیرعەونیان و حیلەیی هامانی کێچ گەنجی سەبر و نەقدی عومر و پارچە پارچەی عەقڵ و هۆش هەر بە یەک شەو پاکی بوو غارەت و تاڵانی کێچ هەرچی ئەیبینی لە عالەم ڕۆژ و شەو هاوارییە دائیمەن وەک من لە دەستی زوڵم و تێهەڵدانی کێچ من کە خۆم دی وا زەلیل و مەلجەئیشم هیج نەبوو ناعیلاج هەڵسام و چوومە خزمەتی سوڵتانی کێچ شەرحی حاڵی خۆم بە زیللەت دا لە خزمەتیا تەواو یەعنی تاکەی مردم ئیتر بەسیە سەرگەردانی کێچ پێی وتم لاچۆ خزم، چیت دیوە؟ باسی چی ئەکەی؟ لێرە کوا کێچ؟ وا ئەڵێت پەیدابووە دەرمانی کێچ تۆ بڕۆ پشدەر و بیتوێن و دۆڵێ و شارەزوور جا لەوێ ئەیبینی بێ شک سەف سەفی گورهانی کێچ من بڵێم چی ڕۆحەکەم بۆ ئینتیقامی ئەم حەقە خۆت ئەزانی چەندە وەحشین میللەتی عوریانی کێچ ئێستە چارەت یا تەنووری گەرمە یا ئاوی کوڵاو زوو عیلاجی خۆت بکە تاکوو نەبی نادانی کێچ ئەی ویساڵی موژدە بێ لێت ڕەنگە ڕاهی بی لە دەس حەربی کوففاری یەهوود و زەحمەتی زیندانی کێچ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەسیری چەرخی دەورانم غەریبم سا خودا ڕەحمێک ئەسیری چەرخی دەورانم، غەریبم سا خودا ڕەحمێک زەلیلی موڵکی بەڵخوانم، غەریبم سا خودا ڕەحمێک ئەگەر چی دەشتەکەی بەڵخوان هەموو باغاتە لاکین من بەبێ گوڵ مات و حەیرانم، غەریبم سا، خودا ڕەحمێک ستارەی بەختی من جانا یەقین کەوتووەتە تاریکیی کە ئێستا جوغدی بەڵخوانم، غەریبم سا خودا ڕەحمێک ئەوەند داما و گریاوم، سەراپا غەرقی خوێناوم نەماوە نووری چاوانم، غەریبم سا خودا ڕەحمێک پەشێوی عەشقی یارانم، میسالی شێخی سەنعانم ڕەفێقی وەحش و تەیرانم، غەریبم سا خودا ڕەحمێک سەحابی پەردەیی هیجران، لە من پۆشی ڕوخی جانان بەبێ ڕووی ماهی تابانم، غەریبم سا خودا ڕەحمێک بەدەن وەک قەقنەس لێ هات و خانوویی سەبرەکەم سووتا زەرووری وەسڵی خووبانم، غەریبم سا خودا ڕەحمێک بەیادی سەڕسەڕی هیجران، منی میحنەتزەدەی هیجرەت نەما شەمعی شەبستانم، غەریبم سا خودا ڕەحمێک عەجەب مەستوور و بیمارم، لە بەڵخوانا بەبێ هەمدەم بە دڵ موحتاجی لوقمانم، غەریبم سا خودا ڕەحمێک عیلاجم زەحمەتە بکرێ، نەجاتم بێ لە تەنهایی خودا تۆی دەردی دەرمانم، غەریبم سا خودا ڕەحمێک بە بێکەس لێرە دانیشتووم، هەتیوئاسا هەموو وەقتێ لەبەر دەرک و لە ئەیوانم، غەریبم سا خودا ڕەحمێک خودا کوا ڕاحەتی جانم، لەبۆ کوێ ڕۆیی نازانم هەموو دەم زار و گریانم، غەریبم سا خودا ڕەحمێک بە تەنها من لە بەڵخوانا خەریکی شوغڵی جانانم خۆراکی مێشە ڕشکانم، غەریبم سا خودا ڕەحمێک بەبێ دیداری هەمزئاغا نەماوە عەیش و ئەحواڵم هەمیشە هەر لە کێوانم، غەریبم سا خودا ڕەحمێک لە چنگی دێوی فیرقەتدا، لە چنگ شاهێنی میحنەتدا شکست و خار و بوریانم، غەریبم سا خودا ڕەحمێک لەگەڵ دەرد و پەرێشانی، وەکوو یەعقووبی کەنعانی موقیمی کونجی ئەحزانم، غەریبم سا خودا ڕەحمێک لەنێو وادی غەمی دووری، لەنێو هاموونی مەهجووری سەراسیمە پەرێشانم، غەریبم سا خودا ڕەحمێک لە کێوی بێستوونی غەم، لە دەس چوو ڕۆحی شیرینم قەتیلی زاڵی حیرمانم، غەریبم سا خودا ڕەحمێک ئیلاهی قەریەکەی بەڵخوان بە زوودی خۆش و ئاوا ە بەبێ هەمدەم بە ئەفغانم، غەریبم سا خودا ڕەحمێک خوداوەندا غەزەب بگری لە ئینگلیز و لە ئینگلیزی کە هەر دوو بوونە شەیتانم، غەریبم سا خودا ڕەحمێن میسالی نەفس و شەیتانن، کە هەردوو ڕەهزەنی دینن لە هەر دوو هار و عوسیانم، غەریبم سا خودا ڕەحمێک ئەگەر چی ڕووڕەش و عاسیم، خودا تۆبە پەشیمانم ئەگەر چی شێت و نادانم، غەریبم سا خودا ڕەحمێک دڵا تۆ تەرکی دونیا کە، دەمێ یادی بیارا کە ئەوە ئوممدی غوفرانم، غەریبم سا خودا ڕەحمێک ویساڵی مژدە بێ یاران، نزیکە بێتەوە بەڵخوان شوکر دڵشادی قورئانم، غەریبم سا خودا ڕەحمێک ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەیری ئەم دونیای عەجووزە خۆی لە من چۆن کردە بووک سەیری ئەم دونیای عەجووزە خۆی لە من چۆن کردە بووک هەر وەکوو دوختەر بە حیلە دەستی کردە نووکەنووک بۆ فریبی جاهیلان خۆی وا موزەییەن کردووە هەر وەکوو قەحبە عەجایب ڕەنگی خۆی کردە گوڵووک حەسرەتا تووشی مەبن هەر وەک تەلیسمە مەکری ئەو هەر کەسێکی کەوتە بەردەس کردی ڕیسوا و چرووک سەیری سوڵتانانی چەرخە - - - - - - - - - - - - باریک بوون لە دەس ئەودا چو دووک ئاسمان حەییاک و دونیا هەر وەکوو پێچاڵی قووڵ عالەمیش لەم بەینەدا سەرگەشتە بوون هەر وەک مەکووک لەشکری ئیسلامی شادی وا بە تەییارەی عەدوو گشت لە کۆیی بێکەسیدا کەوتوون عوریان و سووک وا بە بادی غەم چرای عەیشم عەجەب پەژموردە بوو دەورەیان لێ دام غەم و هەم هەر وەکوو جەیشی مولووک سەیری ئەشکی من وەکوو باران و چاویش هەور و بەرق لەم تەم و هەور و مژە ئەمڕۆ سەما نادا برووک تێفکرە لەم ساحەتی دونیا و لە ناوی ئەم عالەمە من لە دەست چێووکی غەمدا بێقەرارم وەک هەلووک ئەی ویساڵی توێشەیە پەیدا بکە تا فرسەتە تا نەکەوتوویە هەلاکەت بگرە پێش ڕاهی سلووک ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی سەری من بێ بە قوربانی قەد و باڵایی تۆ ئەی سەری من بێ بە قوربانی قەد و باڵایی تۆ بولبولی ڕۆحم هەمیشە، عاشق و شەیدایی تۆ مەست و مەخمووری ئەبەد بوو، تازە دنیای بۆ چییە هەر کەسێ یەک دەفعە بینی نێرگسی شەهلایی تۆ هەر وەکوو مەجنوون بە دەردی عەشق هەردا و هەرد ئەکەم پایی هۆشم وا لە قەیدی پەرچەمی لەیلایی تۆ ئینتیزارم بۆ جەماڵی پڕ کەماڵی دڵبەریت دڵ وەکوو پەروانەیە بۆ ئەو سەر و سیمایی تۆ ڕەونەقی بازاڕی دین بووی ئەی شەهی دنیا و دین وا هەموو حەیران و ماتین بۆ ڕوخی زیبایی تۆ تەختی شاهان سەرنگوون بوون، ڕۆژیان لێ بوو بە شەو گەر لە کەعبە هەڵکرا هەر ئەو دەمە ئاڵایی تۆ تۆی شەفاعەتخواهی عالەم ئەی شەهی والامەقام ئەنبیا و ئەولیا، گشت نازری دەرگایی تۆ ئەو ئەڵێ یا ڕەببی نەفسی، تۆیش ئەفەرمووی أمتی چونکە مەولای عالەمی، عالەم هەموو مەولایی تۆ تۆ نەبی چبکەین لە مەحشەر بەم هەموو عوسیانەوە هەر هیوادارین بە تۆ لێن خۆش ببێت مەولایی تۆ یا ڕەسوولەڵڵا دەخیلت بم بە هاوارمان وەرە ڕۆح و جانمان بێ فیدایی خاکی ژێری پایی تۆ هەر دەلوورێنی ویساڵی وەک سەگی ون بوو لە خێڵ بانگی کە بۆ خوا کە شایەد بێتەوە دەرگایی تۆ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەلا ئەی ئەهلی کاشانە بە جێ بێنە ڕەسمی موسوڵمانی ئەلا ئەی ئەهلی کاشانە بە جێ بێنە ڕەسمی موسوڵمانی بە جان و دڵ بە جێ بێنین نەسیحەتهایی لوقمانی لە گوێ مەگرن قسەی بەدگۆ، بە پەندی حەق ببن عامیل بەدائیم چاکە بنوێنن بە چایی چاکی ڕەحمانی خەریکی توخمی چاکی بن لە ئەرز و مەزرەعەی دونیا کە توخمی چاکە چا دێنێ لەبۆ فەللاحی ئینسانی تەعامی چایی حازر کەن لەبۆ هەر کەس کە وارید بوو وە ئیللا خار و ڕیسوا بن مەکەن دەعوای سولەیمانی ئەبێ ناچار قوبووڵی کەن کەواتە لۆمەیی عالەم کە چونکە جێبەجێ ناکەن ڕەوشت و ڕەسمی میهمانی تەماشا کەن قەریبی دوو سەعاتە ئێمە دانیشتووین کە ناپرسن لە ئێمە گەرمیانین یا خۆ کوێستانی مەبن ڕووگرژ لەبۆ میهمان چ موسلیم بێ چ کافر بێ حەدیسی اکرموا الضیف لە گوێ کەن جەهر و پەنهانی سەخی بن هەر وەکوو حاتەم بەجێ بێنن ئومێدی خەڵق مەبن دڵتەنگ وەکوو مومسیک بە وەسواسێکی شەیتانی ئەوە پەندێکە من دەیڵێم ئەگەر ئێوە لە گوێ بگرن کە چونکە دۆست شەخسێکە بڵێ هەر عەیب و نوقسانی ویساڵی ئێستە میهمانە، لەبۆ چایی پەرێشانە سەماوەر دەم کەن و چایی لەگەڵ قەند بێتە مەیدانی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەلا نازر ئەگەر ئەهلی کەماڵی ئەلا نازر ئەگەر ئەهلی کەماڵی تەماشا کە لە کاتب چۆنە حاڵی لە خەتتی ڕەخنە مەگرە بێ میسالە بکە تەحسینی گەر شیرین مەقالی دڵی کاتب عەجەب غەمگینە ئەمڕۆ کە سەیید بۆ تەماع بووەتە مەوالی کە دنیا لەم زەمانە بۆ کەرانە خوسووسەن لۆتی ڕەنگ و لائوبالی ئەوی عاریف بێ ئێستا دڵ مەلوولە بەدائیم کۆمە پشتی وەک هیلالی من و تۆ تێ ئەگەین دائیم فەقیرین بڵێم چی کەللەخاڵیش بووەتە والی فەقیری بووەتە جببە و چۆتە بەرمان ئەمین بین تازە نابینین زەوالی بە هەر بارێ بوو تەلقینمان تەواو کرد بە یاریدانی لوتفی لایەزالی بە پوولێ نایەوێ دنیا کە ئینسان ئەگەر بێ خوا بکا خێر بێ مەئالی لەلای هەر خۆشە موحتاجیش بە شەرتێ کە ئیمانی سەلامەت بێ ویساڵی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەوا فەسڵی بەهارە و مەوسیمی دەی ئەوا فەسڵی بەهارە و مەوسیمی دەی وەرە ساقی کەرەم کە یەک قەدەح مەی چەمەن یەکبارە پڕ بەزم و نەوایە بە ئاوازی خۆش و گوڵبانگی یاحەی بە دەستی نەیزەنی غەم دڵ دەناڵێ وەکوو نەی، هەر وەکوو نەی، هەر وەکوو نەی لە دووری وەسڵی یارم زەردەڕەنگم وەکوو بەی، هەر وەکوو بەی، هەر وەکوو بەی لە خولدیشا نییە ئەمسالی حاشا شەمامەی وەک شەمامەی، وەک شەمامەی وەزیفەی من بوو بۆسەی لێوی ئاڵت فیداتم زوو کە، سا دەی، زوو کە سادەی وەکوو بولبول بە ناڵینم شەو و ڕۆژ لە دەوری گوڵ بە واوەیلا و وەی وەی کە تۆی لوقمانی دەردی دەردەداران ئەبێ چی بکەم کە دەردی من دەواکەی مەکانی من خەراباتە وەکوو کوند حەبیبا ئینتیزاری تۆ هەتا کەی؟ لەبۆ ناپرسی عاشیق چۆنە حاڵت؟ چییە جارێ لە خوا شەرم و حەیا کەی نەماوە ڕاحەت و سەبر و قەرارم نەبشتەی، نەبشتەی، نەبشتەی کە تۆ سوڵتانی جوملە نازەنینان چییە ڕەحمێ بە ئەحواڵی گەدا کەی ئەبێ یا ڕەب، کە وەعدەی ماچی دامێ وەفا کەی بێ، وەفا کەی بێ، وەفا کەی؟ ئەبێ تۆماری عەجز و غەم خودا کەی ببێ تەی، کەی ببێ تەی، کەی ببێ تەی نەما عەقڵ و نەما هۆشم بە دەنگی خرنگەی بازن و لوولەی گوارەی ویساڵی چەشتی زەهری ماری هیجران نیشانەی لوتفە جارێ مەرحەبا کەی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەگەر عەبدی حەییی زولجەلالی ئەگەر عەبدی حەییی زولجەلالی مەژی نادان و هەرزە و لائوبالی بە ئەمری شەرعی پاکی مستەفایە ئەگەر پێویستی بۆ نەجمەی عالی سەحەرخێز بە لە بۆ تاعەتی مەولا بەجێ بێنە ئومووری لایەزالی چلۆن تەسدیق ئەبێ عەبدایەتی تۆ کە بۆ دنیا هەمیشە پڕ مەلالی لە قاپی حەزرەتی باری و ڕەسووڵا ئەوەندە ڕووڕەش و هەم بێ کەمالی مەگەر تا ماوی بگری و لە قوڕ سەر نێی بە مەخجووڵی شەو و ڕۆژ هەر بناڵی عیلاجی خۆت نەکەی ئیمڕۆ بە تۆبە نەجاتت زەحمەتە ئاخر ویساڵی تەماشاکە سەگی ئەسحابی کەهفی حەقیقەت سەگ بوو چون خێر بوو مەئالی لە دنیا و قیامەت ئاشکرایە سەدی وەک تۆ گەلێ خۆزگەم بە حاڵی فلاتغضب علی یا الهی و لا تسألنی الا بالنوالی فلاتطردنی من أبواب جودک و ولاتنهرنی عند ارتجالی ترجم بی فأنی مستحق برحمکت بعد موتی سر حالی شەهیری خاس و عام تۆ کە ئیمرۆ لە فیسق و ڕووڕەشیدا بێ میسالی وەلی لاتقنطوا من رحمة الله ئەکا مەسروور دڵی مسکین و والی دڵت زۆر خۆش بێ بەم ئەشعارە تازە هەموو وەک گەوهەر و دوڕڕ و لوئالی ویساڵی قەت مەبە مەئیووسی ڕەحمەت لەلا خۆت تۆش سەگی ئەسحاب و ئالی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی برادەر تۆ کە لەم لا ڕووت و بێ دەسمایە بی ئەی برادەر تۆ کە لەم لا ڕووت و بێ دەسمایە بی زوو نەبینی عاقیبەت لەم لاش ئەبی و لەولاش ئەبی تۆ موسوڵمانی لەلا خۆت بۆچی خۆت دانا بە جوو پێم بڵێ بۆچی بەجێ ناهێنی ئەمری خوا و نەبی فائیدەی بوونت لە دنیا پێم بڵێ ئاخر چییە؟ تۆ کە بی بی، بێ سەمەر بی، بۆ ببی، یاخوا نەبی بۆ عیبادەت خەلقی کردین خالقی ئێمە ئەزەل گەر نەدەی مل بۆ ئیتاعەت تۆ ئاخر ئەبێ چ بی؟ بۆ جنێو سازە زوبانت شەڕفرۆشی تابەکەی تۆ کە مائیل بۆ سەبی، هەروەک سە بی، با هەر سە بی عەیبە بەدکاری و شەلاتی، بێ موبالاتی بەسە تازە تۆ دنیات لە دەس چوو کەی ئەبێ عاقڵ ببی؟ گەنجی عومرت دا بە زائیع ڕووت و قووت ماویتەوە لێرە دەرچووی فائیدەی چی، ئەی دەخیل نادیم ئەبی حەق لە بۆ شەیئێ خەلقی کردی بۆیە تۆی دانا بە شَیء تۆ کە لاشَیئی هەمیشە، سا خودا هەر لاشە بی بۆ چی وا بێ شەرت و قەولی عەمدی خۆت بۆچی شکاند؟ تۆ کە خاوەن ڕا نەبی، ڕاڕا بی، با هەر ڕابە بی خۆت لەلایێ دڵ موقیم کە بۆچی ئەم لاو لا ئەکەی؟ هیچ تەمات بەولا نەبێ تا تالیبی ئەم لا نەبی ئەی ویساڵی بەسیە ئیتر دیارییە پەیدا بکە قابیل و شایستە بێ، لەم لا هەتا لەولا نەبی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی دڵبەری جینانی غەمخوار و میهرەبانی سەبارەت: پێنج خشتەکی لەسەر شیعری زێوەر ئەی دڵبەری جینانی، غەمخوار و میهرەبانی مەحجووبی قامەتی تۆن، هەموو سەروی ڕەوانی فەرهاد و خوسرەوت کوشت بە یەک غەمزە نیهانی چونکە تەسویری کێشای، نەققاشی ئاسمانی لە حوسنی نەقشی ئەبرۆت، حەیران و ماتەمانی برۆ تاق و مەمک جووت، شەو و ڕۆژ کەوتوومە دووت فیدایی نازی چاوت عێراق و شام و بێرووت *** ئەی لێو نەباتی میسری، ددان برنجی سەدری ئەختەر میسالە چاوت، بە ڕوو مانەندی بەدری بۆ جەژنی پۆڕی عوششاق، هەروەک شەهێن و سەقری بە ماری تاری زوڵفت، ڕێی ماچی عاشق ئەگری نەختێ عەداڵەتت ببێ، بەسیە گەر موسوڵمانی پشتێن شلی سابلاغی، مەمکت سێوی مەراغی هەر چەند کە سینە باغی، بۆچ وا لە من بە داغی *** دڵ باری کرد بەجارێ لە عەشقی نازدارێ تازە ئیسراحەت نەما، بۆ من لە هیچ دیارێ شەو تا سەحەر ئەناڵم بۆ عەتری غونچەزارێ مەعلووم نییە بمێنم، سبحەی تاکوو ئێوارێ ویساڵی تازە نەیما تەمەننایی ژیانی مەلیحا خان و شوکری، ئەگرین لە تاوی فەخری کوێر بم بۆ چاوی سەبری، بۆ بەدری خانە ئەگری *** مەڕوانە گەر ویساڵی نابووت و ڕووت و قووتە ویردی زمانی دائیم تەعریفی حوسنی ڕووتە لەگەڵ ئەبرۆیی تاقت، ئاهی دەروونی جووتە زێوەر غوڵامی خۆتە، ئەم جۆرە حەیفە خووتە مەمنوونە گەر بفەرمووی تۆی عەبدی ئاستانی دەسماڵ شێلەی پێنجوێنی، بۆ چی خۆت نانوێنی مردم بۆ چاوی کاڵت، بۆ جارێ نامدوێنی؟ *** ئەی ئاسکی خۆش خەرام، کەلامت شەکر و بادام بە دەوری چەرخی چاوت، هەودای وجوودت بادام ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی چا مەگەر تۆ مەنبەعی شادی و عوشرەتی ئەی چا مەگەر تۆ مەنبەعی شادی و عوشرەتی هەموو کات بۆ دڵ مایەی ئارام و ڕاحەتی تەسکینی عیجز و ئافەتی غەم و دەفعی ئیزتراب دەرمانی دەرد و ڕەفعی کەدەر، عەینی سەفوەتی ڕۆحی نیشات و جانی تەرەب و جۆشی ئینبیسات ئابی بەقا، هجوومی سەفا و لەتافەتی میرئاتی تەبع و سەیقەلی دڵ و جەوهەری خەیاڵ تیمسالی حوسن و مەوجی حەیا و مەحزی حیرەتی سامانی شەوق و ڕەونەقی زەوق و بەهایی ڕەنگ بوستانی عەیش و سەبزەیی باغی نەزاکەتی مەوجی گریشمە و جۆشی لەتافەت و هجوومی ناز نەیڕەنگ و جیلوەی شاهید و کانی مەلاحەتی مەحزی تەرەبی جیهان و تەراوەتی ڕیاز و سووق جانی شەراب و نەشئەی مەیی و جۆشی لەززەتی ئایاتی لوتف و دافیعی زوڵمەت و مەداری فەیز ئەی چا مەگەر تۆ مەزهەری نووری سەعادەتی ئەنواری سوبح و سازی تەبەسسوم و شوعاعی میهر ئاساری نووری بەرق و تەجەللایی ڕەحمەتی لوتفی خودا لەتیفە و ئەساری کیبریا قەتعی هەوا و ڕەفعی هەوەس و دەفعی زوڵمەتی ئاشووبی ڕۆم، شۆڕی عەجەم، فیتنەی عێراق غەوغای چین، زەمزەمەی هەر ویلایەتی مەقبووڵی تەبعی شاه و گەدا و دڵنشینی خەڵق ئەلحەق بە حوسنی خوڵق عەجەب پاک تینەتی ئارامی تەن، خولاسەی جان، مەغزی عەقڵ و هۆش تەفریحی قەلب و مایەی تەوحید و ئولفەتی بەست میزاج و ویسعەت مەشرەب و عورووج تەبع میعراجی شەئن و واسیتەی ئەوجی ڕەفعەتی شەهدی شیفا، شەکری شاری، شەرابی شەوق شەمسی شعوور و شەعشەعەی شەئن و شەوکەتی بابی هونەر، فوسووڵی سەیر، کاشفی سەبوور تەسحیحی فکر و ڕەمزی مەجاز و حەقیقەتی مەعجوونی عەقڵ و مەرهەمی جان و قاتعی عەلیل ئیسلاحی قەلب و دافیعی هەر دەرد و عیللەتی تەرویجی بەزم و زینەتی مەجلیس و سەروەری عام حوسنی نیگار و غیرەتی گوڵزاری جەننەتی دیواری تەن، ئەساسی بەدەن، سەقفی بەیتی عەقڵ فەرشی وجوود، مەستەبەی بەزم و عوشرەتی تەنویری ڕۆح و ڕۆشنی چەشمی ئینتیزار سوودی مەتاع و قافڵەیی تاب و تاقەتی تەهزیبی نوتق و قوەی ئیدراک و بەستی زیهن بورهانی عیلم و باعیسی تەئییدی حوججەتی ئیحادی ناز و شۆخی گوڵ عیشوەی غروور سەرمایەی حەقیقەت و کاڵایی عوشرەتی صبح از درون خسته دلان درد میبری شام از برای اهل طرب خود مسرتی ئەی چا بە ئین مەعالی ئەوسافی دائیمیت در خور طبع نازک آن نیک خلقتی یەعنی جەنابی ئان بەگ والا فلان بەگ او را مسلمست مقیدی طبیعتی بیچارگان دهر کە بابا و محمدند شهود گشتگان بە ارباب عزلتی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی یاری جەفاکێش دڵ ئازاری هەتا کەی ئەی یاری جەفاکێش، دڵ ئازاری هەتا کەی؟ ئەی شاهی لاڵان، پێم بڵی، ئازاری هەتا کەی؟ فرمێسکی دوو چاوانم ئەکا هاژە وەکوو چەم ئەی چاوی غەمان پێم بڵی خونباری هەتا کەی؟ مەفتوونی زەدەی تۆم و برینداری دوو چاوم ئەی شێوە پەری پێم بڵێ عەییاری هەتا کەی؟ پەروانە سیفەت سوختەیی بێ پەڕ و باڵم ئەی شەمعی شەبستان پێم بڵێ بێزاری هەتا کەی؟ بەینێکە منم ساکنی بَیتُ الحَزَنی غەم ئەی تازە جەوان پێم بڵێ غەمباری هەتا کەی؟ دڵی بولبول بێچارە و ئالوودەیی شینە ئەی شاهی گوڵان پێم بڵێ غەدداری هەتا کەی؟ شەو تاکو سەحەر مەستم و مائیل بە فوغانم ئەی نووری چەمان پێم بڵێ بێداری هەتا کەی؟ مەجنوون و سەراسیمە و بیمارە دوو چاوم ئەی نەرگسی جان پێم بڵێ بیمار هەتا کەی؟ وەک شاهیدی کەنعان شەهی حوسن و جەمالی ئەی شاهی زەمان پێم بڵێ دڵداری هەتا کەی؟ سەییادی دوو چاوانت ئەکا سەیدی دلی خەڵق ئەی غارەتی دڵ پێم بڵێ شەرراری هەتا کەی؟ ئەی زینەتی فیردەس تۆی جانی ویساڵی ئەی ڕاحەتی دڵ، ێم بڵێ سەرشاری هەتا کەی؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بڕوانە لە دووریت ڕەنگم زەردە وەکوو بەی سەبارەت: پێنج خشتەکی لەسەر شیعری تاهیر بەگی جاف بڕوانە لە دووریت ڕەنگم زەردە وەکوو بەی لەم بەختی بەد و کاری ڕەقیبانە خودا وەی تاکەی لە فیراقی تۆ بناڵم بە مەسەل نەی دەروێش نییەم و کەوتمە دوای عێلە بە حەی حەی مەجنوون نییەم و بەحر و بەڕت لەدوا بکەم تەی ئەبرۆیی تۆ وەک تیغە عەجەب قاتیل و مەغروور نەقشی ڕوخی پاکت بە مەسەل لالەیی پڕ نوور مەجلیس هەموو پڕ بوو لە سورشکی منی ڕەنجوور سەرگەشتە لەبەر دەنگی دەف و ناڵەیی تەمبوور ئەسکەندەر و دارا و لەگەڵ خوسرەوەکەی کەی زاهید وەرە تو خودا بڕۆ لێرە مەڵێ کە من هەم واعیز بەسە لەم قسە بێهوودە مەدە دەم موتریب وەرە ئەم بەزمە موهەییا کە وەکوو جەم ساقی بە فیداتم وەرە بۆ دەفعی هەم و غەم لێدە لە دەف و بەربەت و ساز و چەقەنەی نەی چون غونچەیی تەنگە دەم و لێوت وەکوو شەککەر پڕ نەشئەیە کوڵمت بە مەسەل بادەیی ئەحمەر ڕەوشەن بکە ئەم مەجلیسە وەک مەجلیسی قەیسەر ساقی تەڕ و مەجلیس پڕ و مەعشووقە بەرابەر لەم دەردی سەر و میحنەت و غەمخواری هەتا کەی بڕوانە حەسوود بوونە سەگ و ڕەهزەنی شووشت تا نەچوە، هەتا ماوە گوڵ و خەرمەنی شووشت دائیر کە لەنێو مەجلیسی عاشق تەنی شووشت ساقی سەرە کەم بێ بە فیدای گەردەنی شووشت بەم جامە بلوورینە لەبۆم تێکە پەیاپەی گەر لوتفی ببێ پیری موغان دەفعەیێ بۆ من موتریب لە هەموو لەهجەیێ بێنێتە تەفەننون ئامادە ئەبێ مەجلیس و مەیخانە بە گۆتن ساقی ئەگەر ئەم عیشوەیە بێنێتە فرۆتن موڵکی دڵ و ڕۆحم کەمە بۆ قیمەتی لەنجەی موتریب لە ڕقی کۆنە ڕەقیبانی وەکوو سەی پێش ئەو دەمە گەر چەرخ لە ناکاو دەبێ تەی ئامادە کە ئەم مەجلیسە تا من بڵێم ئۆخەی ساقی وەرە بۆ خاتری دینێ لەسەری هەی هەڵبگرە پیاڵە بدە پێم، مەی بە پەیاپەی مەخموورە ویساڵی بە مەیی بێ غەشی ساقی دڵ بوو بە مەحەللی غەمی چاو ڕەشی ساقی موڵکی دڵ و دینم کەمە، ڕۆحم بەشی ساقی خۆ بێت و بکا تاهیر ئەگەر پێشکەشی ساقی فەرقی نییە قوربان خۆ لەگەڵ حاتەمەکەی تەی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بێ عەتری گوڵت بولبولی دێوانە بڵێ چی بێ عەتری گوڵت بولبولی دێوانە بڵێ چی؟ بێ شەمعی ڕوخت کۆششی پەروانە بڵێ چی؟ بێ زینەتی شمشادی قەد و قامەتی بەرزت جیلوەیی حوسن و لەنجەیی جانانە بڵێ چی؟ بێ شوعلەیی خورشیدی خەت و گەردنی سافت فانۆس و چرایی شاهانە بڵێ جی؟ تا چاوی خومارت سەبەبی ڕاحەتی دڵ بێت ئاوازی نەی و نایی، لە مەیخانە بڵێ چی؟ بێ کۆششی سەیری حەرەمی کەعبەیی حوسنت دەروێش و هەموو ساکنی بتخانە بڵێ چی؟ بۆ ماچی دەمی تۆیە دڵی عاشقی مسکین وا خەستە و غەمگین و پەرێشانە، بڵێ چی؟ لەو فەسڵەوە دوورە لە گولستانی ویسالت دڵ مات و مەلوول کەوتووە، بێ جانە بڵێ چی؟ بێ جامی ویساڵی تۆ، زەمانێکە ویساڵی مەجنوون و سەراسیمە و عوریانە بڵێ چی؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خودا قەهری لە جێیە گرت و مەیلی بوو بە وێرانی خودا قەهری لە جێیە گرت و مەیلی بوو بە وێرانی ئەکا سەلبی عەقڵ لەو ئەهلە هەر وەک قەومی نیروانی نەتیجەی کاری چا نابێ کەسێ فکرێ نەکا بۆ خۆی لە نادانی وجوودی خۆی بخاتە کێوی حەیرانی لە ئاخردا غەمی ڕێ، دی کەسێ هەر خۆی ببینێ و بەس وەکوو ئەم قەومی نیروانە کە هیچ ئەوقاتێ نەیزانی ئەبێ ئاغا بێ یا مسکین بەجارێ ئەو بە حاڵێ خۆی نەوەک خۆی کەر بکا بگرێ تەریقەی جەهل و نادانی ئەمە دنیایە هەر وایە ویساڵی ئەووەڵ و ئاخر کە تەختە جێگەیی شاه و گەدایە ڕەسمی دەربانی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خودا کەی بێت ببینم لەناکاو وحداء و عیناء و مالی نوال فی نوال فی نوالِ و رفعته و زینته و عشقی کمال فی کمال فی کمالِ و رأفته و ۆحبته و عمری زوال فی زوال فی زوالِ خودا کەی بێت ببینم لەناکاو قەدی سەروی جوانی نەونیهالی ئەگەر بێ زووبەزوو باڵای نەبینم ئەگەر نەمرێ ئەبێ چ بکا ویساڵی توخوا لۆمەم مەکەن با هەر بسووتێم وەکوو پەروانە بۆ نووری جەمالی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەبا هەڵسە بڕۆ زوو کە لە شاری سولەیمانی سەبا هەڵسە بڕۆ زوو کە لە شاری سولەیمانی بڵێ ساحێب کەوا عەرزت دەکەن زوڕڕاع و دێکانی بە شمشێری سیاسەت گەرچی بێخ و ڕیشەیی دەرهات درەختی نەحس و زوڵم و ئەشقیا و ئاشووب و تاڵانی بەڵا گیرۆدە و فەوتاو و داماو و خەریک ماوین هەموو لایێ لەبەر قەمپانی تیججار و پیلانی بە پێنج سەد ڕوپیە تا زاریع هەتا جووتێکی بۆ پێک دێت هەزاریشی دەوێ بۆ مەسرەفی پێویست و کێڵانی بە خوێنی ماڵ و منداڵ هەتا شەش باتمان تووتن دەکەن پەروەردە و پەیدا بە سەد دەرد و پەرێشانی تیجارێ نەک تیجاری چەرچی دودەس بەناڵی دێت بە حیلە تێ دەهاڵێ وەک چقڵ دەگرێ گریبانی بە سوێن خواردن دەڵێ هەر کەس قڕانێ زیاتر بیفرۆشێت بە نامووسم بە تۆ لەو زیاد دەدەم هەشت، نۆ، دە تارانی هەسانی ساو دەدا، دەیدا لەبەر پێی تا پێی دەخزی لەسەر داوا بەسەر ئەرزیا دەدا دەشکێ مل و شانی قەبانی تێ دەخا تاڵانی بێ، هاوماڵە بێ عەینی بە شەش لێی وەرگرێ سەیری کەن جا وەقتی کێشانی داوای پارەی دەکا ئێ پێی دەڵێ قوربان بەسەر چاوم ئەوا نووسیم حەواڵەم بۆ دەکەن تا حەفتەیی سانی بە ڕۆژە ڕۆژە تەفرەی دا هەتا دایگرت و سەوقی کرد کە ئەمجا جێبەجێ بوو ئیش و کار و ڕەسم و دووخانی لە بەغدا دەیفرۆشێ و پارەکەی دێنێتەوە هێشتا کە زاریع دێن دەچن بۆ پارە بەر دوککان و بەر خانی یەکێ حاشا دەکا، یەکیان دەڵێ پارەم نییە و یەکیان دەڵێ تووتن شکا، نادەم، لە پەنجا زیادە باتمانی دەڵێ شەرتت نەکرد قەرزی حکوومەت جێبەجێ کەی بۆم؟ دەڵێ تۆم قەت نەدیوە گەرمیانیت یا خۆ کوێستانی گەزی چی و جاوی چی ڕاکەن نەمردوون تا لە برسانا هەتا کەی دادەنیشن هەر شەوێ یا دوانە میوانی بە چاوی دڵ هەچی تێ بفکرێ بێ شوبهە دەیزانێ سەبەب توججارە بۆ مەحوی فەلاح و خانەوێرانی لە زاریعدا یەکێ سەد باتمانی بێت ئەگەر ساڵێک خەریک هەر شکستە ساڵ بە ساڵ وەک نۆتی عوسمانی تیجارێ ساحێبی سەد چەرخی قەڵبە لە پاش ساڵێک لە ملوێنێ زیاتر زیاد دەکا دەزگا و دووکانی هەموو مزگەوتی لادێکان لەباتی زیکر و تەهلیلە دوعا لێکردنی توججارە، ئەورادی سبەینانی چ حاجەت عەرزی پێشکەوتن بکەم ئەم حاڵەتە ئەمڕۆ ئەوی تۆ خۆت دەڵێی زووتر جەنابی حاکم ئەیزانی لە بیرت نایە ویساڵی کە پازدەی مانگی دێسەمبەر لەبەر ئەم دەردە بوو ئاخر حکوومەت ئەمر و ئیعلانی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەلامی من لەسەر تۆ بێ گوڵی گوڵزاری ئالانی سەلامی من لەسەر تۆ بێ گوڵی گوڵزاری ئالانی منی بولبول نەما سەبرم دڵم کەوتە پەرێشانی بە وەسڵت گەر نەکەی دەرمانی زامی قەلبی مەغموومم لە کوورەی فیرقەتا ئەمرم وجوودم زوو ئەبێ فانی بە تاڵی خۆت بکە شیرین، عەزیزم تێ بکە بەسیە لەبۆ ئەم نەوعە ئیسقامە ئەتۆ مانەندی لوقمانی لەبۆ ئیکمالی بەزمی خۆت ئەبەد ڕەحمت نەبوو قوربان کە سووتا جیسم و دڵ مابوو، ئەویشت کردە بوریانی سەعیدا بۆچی ناپرسی ویساڵیت بوو، ئەویش سووتا لە جادەی کافری لادە، وەرە سەر ڕێی موسوڵمانی براکە لێرە من شەکر و ئەتۆ کاکوڵ لەوێ بێنە وەرە ئێرە دەبا بگرین، زەمانی ڕەندانی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەو و ڕۆژ من بە چاوی ئەشکباری شەو و ڕۆژ من بە چاوی ئەشکباری ئەڕێژم ئەشک وەک هەوری بەهاری لە هەردوو چاوەی دیدەم تەماشا چلۆن خوێن دێتە خوار وەک ئاوی جاری بە دائیم چاوەڕوانم بۆ مولاقات لەسەر ڕێگا بە دیدەی ئینتیزاری وەها شەیدا بوو دڵ بۆ دیدەنی یار نەمابوو سەبر و ئارام و قەراری لە عەشقی یار شەو تاکوو بەیانی دڵ ئەیناڵان بە ناڵینی هوزاری لە ناکاوێ بە گوێما ئاشنا بوو کە هاتوون جەمعی یاری گوڵعوزاری مەشامم پڕ بوو یەکبارە بە بۆیی نەویدی ئێوە وەک نافەی تەتاری منیش فەورەن بە حاسڵ بوونی مەقسوود بەجێم هێنا کەمالا حەمدی باری تەمننامە لە قاپی شاهی والا ببن موسنەدنشینی حوکمداری ئیلاهی هەر بە کامی ئارەزوو بن نەبینن قەت شەوی بێ ئیقتیداری بە شیرین قاسدێکا ناردبووتان بە وەجهی مەرحەمەت بەعزێ دیاری بە دەستی من گەیی ئینعامی ئێوە قبووڵم کرد بە تاجی ئیفتیخاری ئەوا مەعلووم بوو لوتفی ئێوە بۆ من کە ئێستەش وایە وەک جاران ئەباری ئیلاهی هەر بمێنن بۆ غەریبان کە ڕاست و موخلیسن وەک یاری غاری لە نێو چاوانی پاک و ڕەوانی ئێوە یەکایەک دیارە ئاساری کیباری لزووم ناکا بە تەعریف ئەی ویساڵی نیە موحتاجی ئەنگوشت مانگی دیاری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەوی یەکشەممە واقیع بوو لە ماڵی ئێمە پەنهانی سەبارەت: چوون بۆ سەر دەعوەت شەوی یەکشەممە واقیع بوو لە ماڵی ئێمە پەنهانی کە بێن بۆ ماڵی شێخ ئەوڵا، بە ئیزنی شاهی ڕەببانی کە هاتین گەینە ماڵی شێخ کەریمی حاجی ڕاوەستاین لەناکاو هات بە گوێمانا عەیانەن دەنگی گۆرانی گوزەرمان کرد لە ماڵی شێخ کەریم و نەختێ ڕابوردین کە گوێمان گرت لە ماڵێ، گرتوویانە بەزمی ڕەندانی نیگامان کردە ئەو بەزمە لە قاپی تۆزێ ڕاوەستاین لە پاشا هاتینە مەنزڵ، عەجەب جێیێکی نوورانی کە تێفکرین لە قاپی دوو خەریکی ئامەدوشود بوون دڵێکی سەروباڵا و گوڵێکی زوڵف ڕەیحانی لەپاش دانیشتنی بەینێ، جەنابی خاڵە شێخ عەوڵا بە چاکی چایی حازر کرد لەگەڵیا گۆشت و بریانی کەبابچی شێخ حەسەن نایش، مودەببیر شێخ حەسەن بارێ برایم موتریبی بەزم و ویساڵی شەمعی بوستانی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: غونچە باغی جینانی ئەی سەنەم یاخود پەری غونچە باغی جینانی ئەی سەنەم یاخود پەری؟ ساحیبی وەک تۆم نەدیوە بۆ فریب و دولبەری خۆشەچینی خەرمەنی حوسنی جەماڵی تۆ ئەکەن ئەی مەهی من، میهری ماه و زوهرە و هەم موشتەری مەدحی فیردەوسی جەماڵت ناکرێ ئەسڵەن بە سەد شاعیرانی میسلی فیردەوسی و سەعدی و ئەنوەری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: غەرەز لەم قیل و قالە یاری جانی سەبارەت: بۆ مەلا عەبدوڵڵای کوڕی لە سلێمانی غەرەز لەم قیل و قالە یاری جانی لە من غافڵ نەبی شام و بەیانی کە چونکە هەر دوعایێ ئێوە ئەیکەن قوبووڵە لای خودایی ئاسمانی کەسێ مونکیر بە ئەهلی عیلمە بێشک ئەوە هەر ڕووڕەشە و شەیتانی سانی مەکەن سستی لە تەحسیلی مەعاریف مەبن موستەغریقی دونیایی فانی کە دونیا هیچ و پووچ و بێ بەقایە کە تا سەر نەیبوو بۆ کەس شادمانی هەزاری تەفرەدا نەیدانێ مەقسوود هەمووی کوشتن بە زیللەت گەر بزانی کە وەعدەی دا بە هەر کەس بێوەفا بوو چییان لێ هات سەلاتینی زەمانی خەریکی کەسبی خواناسین و عیلمە ئەوی عەقڵی ببێ جەهر و نیهانی کە چۆن مەعلوومە لێی وەقتێ ئەجەل هات سەعاتێ نادا عیزرائیل ئەمانی خەریک بن تاکوو گەنجن ببنە مەخدووم نەوەک هەر ماڵوێرانی و هیچ نەزانی خۆتان کامیل بکەن نوقسانی عەیبە - - - - - - - - - - - تەماشا کەن لە ئەحواڵی ویساڵی لەبەر نوقسانی مەجهوولە مەکانی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە من وایە ئەتۆ یارێکی جانی لە من وایە ئەتۆ یارێکی جانی لەبەر چی جارێ ئەحواڵت نەزانی عەزیزم بۆ لە یاران بێ خەبەر بووی؟ لەلا خۆت ساقییە، بەزمی زەمانی کەسێ خوا گەورەیی پێدا لە دنیا ئەبێ زوو فێر ببێ ڕەسمی شەبانی لە دڵیا لا نەبا نوقتەی محەبەت نەکا یادی ڕەفیقانی جیهانی ئەبێ گەورە بچووکی هەر لە بیر بێ وەکوو یووسف لە ئەوقاتی گرانی تەماشا کە سولەیمان شا چلۆن بووی لەگەڵ موورێ نەزەرهایی نیهانی خسوسەن تۆ کە ناوت شێخ لەتیفە بحمدالله لە دنیا کامەرانی ئەبێ لوتفت لە بۆ ئەمساڵ و مادوون ببێ گەرچی سولەیمانی جیهانی فڵان کەس دۆستی تۆیە لەتیفا بە دەمتا نایە قەت مان و نەمانی حەقی تۆ وا نییە وا بێ لەگەڵمان نەکەی یادی موحیببانی زەمانی لە شارباژێری دووریتا ویساڵی زەلیلە وا، نییە مەعلووم ژیانی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەم قەریە تەماشا کە لە قەسر و لە وەتاغی لەم قەریە تەماشا کە، لە قەسر و لە وەتاغی نییە شارێ لە جیهاندا بە میسلی قەریەیی باغی شەیدایە هەموو کەس وەکوو بولبول لە جیهاندا بۆ نێرگسی بوستانی و بۆ غونچەیی باغی میزماری چەمەنزارە وەکوو خولدی بەرینە بەم نەوعە کە پشکووتووە یەکسەر گوڵەباغی سوبحانە تەماشا کە لە مەسنووعی ئیلاهی لەم میوەیی شاماتە و لەم سێبی موراغی دەورانییە پەروانەسیفەت عالەمی دونیا بۆ مەجلیسی مەیخانە و بۆ شەمع و چراغی ئەم باغە چو مەیخانە کە پڕ بەزم و نەوایە گوێ بگرە تۆ یەکبار لە ئاواز و کوڵاغی بڕوانە ویساڵی کە نەما نووری جەماڵی سەد حەیف کە لەم باغە نەما شەوق و دەماغی هەر کەس کە لە ئەشعاری تۆ بێت و ببینێ مەعلوومە دەزانێ کە ئەتۆ هەر قەرەداغی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەگەڵ عاشق کە سەد جەور و جەفا کەی لەگەڵ عاشق کە سەد جەور و جەفا کەی هەمووی لوتفە، ئەگەر یەک مەرحەبا کەی کە تۆ بۆ زەخمی هەر عالەم تەبیبی دەبێ دەردی دڵی ئەمنیش دەوا کەی لە شادیدا ببینی ڕەحمەتی حەق ئەگەر ڕەحمێ بە ئەحواڵی گەدا کەی لەنێو زۆڵمانی زوڵفت چی دەدا ڕوو کە بۆ ئاوی حەیاتم شارەزا کەی دڵا تا کەی دەکەویە شوێنی دونیا مەگەر تیفلی لە دووی داکت هەرا کەی؟ گەڵێ شیرینترە عوزری گوناهت لە سەد تاعەت کە بۆ مەحزی ڕیا کەی دەمێکە ئینتیزاری وەسڵی یاری محەممەد دەردی هیجرانت هەتا کەی؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: منم عەبدی زەلیلی تۆ مەدەد یا شاهی گەیلانی منم عەبدی زەلیلی تۆ، مەدەد یا شاهی گەیلانی لەبۆ عالەم دەلیلی تۆ، مەدەد یا شاهی گەیلانی غوڵامی ئەبروانی تۆم، فیدای غونچەدەهانی تۆم شەبانی ئوشترانی تۆم، مەدەد یا شاهی گەیلانی فیدایی خادمانی تۆم، هەموو دەم پاسەبانی تۆم چو کەلبی ئاستانی تۆم، مەدەد یا شاهی گەیلانی تویی آن یوسف ثانی، منم این پیر کنعانی بۆیە وا بووم بە بریانی، مەدەد یا شاهی گەیلانی ئەبر بۆ تۆ دەناڵێنێ، بەدائیم ئەشک دەڕژێنێ مەلەک بۆ تۆ دەهاڕێنێ، مەدەد یا شاهی گەیلانی غەریقی بەحری عوسیانم، ئەسیری بەندی هیجرانم کە چاکی تیغی حیرمانم، مەدەد یا شاهی گەیلانی نیازی قەلبی مەجنوونی، دەوایی مەردی مەحزوونی چراغی دەشتی هاموونی، مەدەد یا شاهی گەیلانی غەریبی موڵکی ئالانم، پەشێوی ماهی تابانم بەسانی شێخی سەنعانم، مەدەد یا شاهی گەیلانی لە حەسرەت پڕتەوی ڕەنگت، لەبۆ سەروی قەدی شەنگت کە مردم بۆ سەدای چەنگت، مەدەد یا شاهی گەیلانی نەماوە ڕاحەتی جانم، بە جۆشە تابی گریانم حەریقی زەیقی زیندانم، مەدەد یا شاهی گەیلانی لە حوسنا یۆسفی سانی، تۆیی ئەی نووری یەزدانی تۆ هەم جانی و جانانی، مەدەد یا شاهی گەیلانی فیداتم ئەی گوڵی جیلان، لەبی تۆ چەشمەیی حەیوان دەوا فەرموو دڵی بوریان، مەدەد یا شاهی گەیلانی زەلیلی نەفس و شەیتانم، کە مەحوی ژەنگی عوسیانم وەدەرخە تیغی ئیمانم، مەدەد یا شاهی گەیلانی شوعاعی نووری ڕەحمانی، حەبیبی غەوسی ئینسانی پەنای جەمعی موریدانی، مەدەد یا شاهی گەیلانی ڕەئیسی ئەولیای دونیا، تۆیی ئەی ساکنی بەغدا تۆیی شەمعی شەبی یەڵدا، مەدەد یا شاهی گەیلانی عەنادیل بۆ گوڵی ڕووتە، لەگەڵ گریە و فوغان جووتە دڵیش بۆت مات و مەبهووتە، مەدەد یا شاهی گەیلانی ویساڵی بۆ ویساڵی تۆ، دەکا وەسفی کەماڵی تۆ چرای دینە جەماڵی تو، مەدەد یا شاهی گەیلانی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چی کەم لە بەختی خەوتوو یار هات و پێم نەزانی چی کەم لە بەختی خەوتوو، یار هات و پێم نەزانی چنگی هەر وەک موغیلان لە چاکیم وەر نەهانی گەر شەو بە خەو ئەمزانی ڕێبازی بازە ئێرە بۆ ئەخزی نەحلی یاران سەد عەنکەبووتم ئەهانی بڕوانە مەیلی سەیرت، چۆن دڵ شکستی کردم مەر موئمینانی وەسڵت جەبری بکا، شکانی بەو وەعدەیەی کە فەرمووت دڵ ئینتیزای ڕێتە بە عوسرەت ڕابوێرین ئێوارە تا بەیانی یار ئەر حەزی لەسەر بێ، خالیس کە بەهرەوەر بێ بە دڵیا ڕائەبووێ، مەیلی قەڵاچواڵانی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هۆ برای عەزیز کاکی چوارتایی هۆ برای عەزیز کاکی چوارتایی بڕژێ بە سەرتا ڕەحمەتی خوایی هەر تەمەننامە لە قاپی خودا دوور بی لە دەرد و بەڵای دنیایی ئاوێنەی دڵت هەر بێ کەدەر بێت نەیێت بە سەریا قەت تاریکایی لە سایەی خواوە بۆ هەموو عالەم بوویتە ئەربابی کووتاڵ و چایی میرزا ئیبراهیم ڕۆحی شیرینم بەجێهێنەری ڕەسمی برایی هەر لە من ببیە قەولی بێ غەرەز ئەلحەق لاییقی بۆ ئاشنایی لازمە بتبێ ئەشیایی مومتاز زیاتر لە هەموان حەزرەتی چایی ئەوی کە حەق بێ بەڕاستی ئەیڵێم کەتمی حەق ناکەم بەبێ ڕیایی بۆ خۆت ئەزانی دنیا بەبێ چا زینەتی نییە هەر وەک خەلایی بە چایە شەوق و دەماغی عالەم ئەگەر چا نەبێ عالەم سەودایی زیاتر لە عالەم منی موبتەلا ساتێ چا نەبێ ئەبمە شەیدایی فەرهاد ئەو عەشقەی نەبووە بۆ شیرین وەکوو عەشقی من بۆ یاری چایی ڕۆژێ نەمانبوو چایی لە ماڵا مات و بێهۆش بووم وێڵی سەحرایی بۆ چایی ڕەنگین زۆر پەرێشانم وەک خەرامان و خورشیدئاسایی بە سەد تەشەببوس، هەوڵ و کەشاکەش هەتا پەیدام کرد پێنج شەش پەنجایی بە ئیبنولحاجا ناردم بۆ لای تۆ کە بۆم بنێری ئیزرەمێ چایی کە چای بۆ هێنام تام و بۆن ناخۆش حەیفێ پارەکەم چوو بەخۆڕایی مەلای نامەلاش یا خوا نەمێنن کە قەت نازانن ڕەسمی مەلایی وەکوو چاکەی تۆ کە هەر چا نەبوو کە چی بەو نەوعەش پێی ئەڵێن چایی بێ گوێ ڕاگرە هەر هاوارییە هەر کەس هێناویە چایی میرزایی ئەسەف بۆ چایی جارانی پێشوو قابیل بوون لەبۆ مەجلیسی شایی چا بە جوانی خۆی منی مەجبوور کرد وەکوو مەجنوون و چاوی لەیلایی بەم چایە چاییم وا لەبەر چاو کەوت نازانم چی بکەم ئەمجا بۆ چایی ڕۆژی لێ گێڕام بە شەوی تاریک نەیهێشت لە چاوما نووری بینایی خوا بکا لەم چا زوو نەجاتمان بێت ئەمجا لێ ئەدەین تەپڵی پاشایی ماڵم لێ بووەتە دوشمنی خوێنین بەبێ چا بوومە وەحشی سارایی ماڵە ئاوایی نییە ڕووی تێکەم گشت وێران بەبێ مەجلیسی چایی بەم چا خراپە زۆر ماڵوێرانین ئەم چا بەڵا بوو کەوتە ئاوایی لە لوتفی خواوە هەر من زەلیل نیم هەر کەس هێناویە بووەتە سەودایی ئەوانیش وەک من وا سەرگەردانن دەسیان داوەتە چێوی گەدایی بێهۆش و سەرخۆش بێ خەبەر لە ماڵ وەک حەقەکانی خەڵقی ئەولایی شێخ و دەروێش و مەلا بەجارێ هەموو کەوتینە داوی بەڵایی بەبێ ئاگایی هەر دەڵێین حەقە وەک شارستێنی و مەمەند ئاوایی ڕجات لێ ئەکەم بە چایی بۆگەن قەت مەخەرە بەین کێوی جودایی هەر چەند کە ڕەشە وەکوو سەگی ڕەش تام و بۆنەکەی وەک گیای چیایی ئیتر ئەم جارەش سەرفی نەزەر بێت بۆمان بنێرە چای چاردە شایی گەر خەبەر نەدەی چاکەم خراپە بۆت حیساب ئەکەین بە بێوەفایی هەر کەس لێی ئەخوا ئەڵێ کەی چایە ئەما چایێکە نیو دینار بایی ئەگەر ئەیڕێژن ئیزاعەی ماڵە بە ناچار ئەیخۆین بەبێ حەیایی جارێتر وا بێ هەجووی چایەکەت ئەیخەمە دەمی ئەهلی بەغدایی ئێمە مەجبوورین هەر ئەبێ بیڵێین ئەوی کە حەق بێ بەبێ مەرایی قابیلە بگرین بۆ چایی گوڵڕەنگ وەک لە دووری گوڵ بولبول ئاسایی نەزمی مەجلیسی قەیسەر بە چا بوو چا جوانی ئەکرد بەزمی دارایی بە ڕایحەی چا پێی ئەبێ زیندوو مردووش هەر وەکوو دەمی عیسایی مەخسووس ئەو دەمە لە بەزمی چادا ساقی کە ئەیکات ناز و ڕەعنایی لەو دەمە هەر کەس بمرێ شەهیدە وەکوو شەهیدی دنیا و عوقبایی موبتەلا بووبوون بە چایی ڕەنگدار لەم سەر تا ئەو سەر خەڵقی دنیایی چونکە شەرابی ئەهلی بەهەشتە پارچە نوورێکە لە نووری خوایی بۆ خوا پێت ئەڵێم ڕۆحەکەم میرزا خۆت موجریم مەکە بەبێ خەتایی بەم چا خراپە چایی جەماڵیش حەیفێ بەجارێ ڕۆیی حەیایی بێ چایی گوڵڕەنگ بووم بە دێوانە پۆشیم بە ناچار بەرگی ڕیسوایی میرزا لازمە بێتە مەحکەمە بخرێیتە مادەی جورم و جەزایی بە ئەمری شەرع و بە عەدل و قانوون ئەو سێسەد فلسە بووەتە بەقایی کاکە ڕێ نەبوو زوو تەبلیغت کەم نەشبوو لە بەینا تەلی هەوایی ویساڵی ئێستا نەخۆشی چایە بە چایی نەبێ نایێ شیفایی زاهیر ویساڵی بەحسی چا ئەکات وەلی بە باتین تەبع ئازمایی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئینسانێ وەکوو من کە فەلەک تەفرەیی دابێ ئینسانێ وەکوو من کە فەلەک تەفرەیی دابێ بەم حاڵە هەموو دەم لە وەتەن دوور و جودا بێ پابەندی ڕەهی غوربەت و دووچاری بەڵا بێ بێچارە دڵی تا لە غەم و غوسسە ڕەها بێ وا چاکە بە شەو دولبەری غەمخواری لەلا بێ غەمخواری وەفا پەروەری خۆش نەقش و نیگارێ یەک سیمە بەری تاجی سەری میهری دیارێ باڵامیان، عەرعەری قەد، سەروی چنارێ دڵداری جەبین ئەنوەرێ، هەم لالە عوزارێ هەر تایە لە زوڵفی بە مەسەل ماری سیا بێ بینای بەسەر ڕاحەتی دڵ قووەتی تەن بێ ئەرکانی حەیات و سەبەبی نەزمی بەدەن بێ شمشادە قەدێ، موو کەمەرێ، لالە سەمەن بێ نەشکوفتە گوڵێ، غونچە دەمێ، پستە دەهەن بێ پێویستە کە غەمخوار و یاری بەوەفا بێ نەوڕەستە گوڵێ بێ کە بەبێ خار و دڕک بێ یارێ بێ تەڕ و تازە و گوڵبەرگی لەچک بێ بینتێکی بەدەن نازک و هەم نەرم و شلک بێ وەک ناری خڕی گوڵ بە دەمی تازە مەمک بێ دوندانی وەکوو گەوهەر و دۆر، بە بەها بێ هەرچەندە کە هەر دێتەوە سەر چاردە ساڵی گەر بێت و هەماغۆشی کەسێ بێ بە حەڵاڵی خاریج بێ لە تەقریری زوبەن حەددی کەماڵی بێروون بێ لە تەحریری قەڵەم حوسن و جەماڵی ئەربابی سەفا، مەعدەنی حەق، کانی حەیا بێ نەقشین و سیەه پەرچەم و ئەگریجە موعەتتەر ئەبرۆی هیلالی وەکوو میحرابێ بەرابەر موژگانی وەکوو نێزە و چاوی وەکوو ئەختەر ڕوخساری بکا حوجرەیی تاریک، مونەووەر خورشید سیفەت، ساحێبی ئەنوار و زیا بێ موشکین و موعەنبەر مووێ، ڕوومەت گوڵەباغێ چاومەست و کەمان ئەبرۆیێ ڕوو شێوە چراغێ ڕۆژ بێتە گوڵی مەجلیس، شەو شەمع و وەتاغێ خاڵێکی لە گۆنا بێ، وەکوو زاغێ لە باغێ ئەو خالە خەیاڵی خیرەدی حوکەما بێ شەوگاری وەها یەعنی دەمی پایز و زستان زۆر خۆشە لە گەڵ هاودەم و هەمسوحبەتی مەستان واسیل بێ بە باغاتی گوڵی سینە و بوستان نارنجی شەمامەی بەغەڵی بگری لە دەستان پر چنگ وەکوو بەی، سەری پەنجە سوا بێ جانانی سنەوبەر بەری قەد میسلی منارێ تەرلانی بەدەن شوش و جوڵانی گوڵنارێ فەتتانی نەباتێ لە دوو لێوانی ببارێ بستێنە بە دەم بۆسە و شیرین مەزارێ یاقووتی ڕەوان بە مەسەل ئاوی بەقا بێ ئەندامی کە سەر تا بە قەدەم زێوەر و خشڵن وەک سینە بە سنجاخەوە وەک دەستی بە بازن گەه ماچی دەمادەم بکە گەه دەست لە گەردن لاولاو سیفەت، دەم بەدەم و تێکەڵی یەک بن یەک بۆسە لە خەددی سەمەنی ئەرز و سەما بێ ڕووبەندی لە ڕوو لابدە با دەرکەوێ خاڵی هەمسەر بە لەگەڵ دەسرەیی ڕەش و چەفتەیی ئاڵی یەک تەن بە لەگەڵ سینە و پشت و بز و باڵی یەکسەر کە کراسی بەر و یەکبەر کە شەواڵی واسڵ بە گەنجێ کە تەلیسمی نەشکا بێ گەنجێکی وەها بێ بە مەسەل خەزنەیی سوڵتان مومکین نەبێ دیداری لە بۆ دیدەیی ئینسان مەحفووز بێ لە فیکری بەد و مەحرووس بێ لە تاڵان نەیدیبێ چ ئەعزایێ بەجوز پەنجەیی دەستان سیڕێ بێ کە مانەندی سوها بێ، نەسوابێ قوببێکی مودەووەر بە مەسەل بەیزەیی بەیزا دورجێکی موجەووەر بێ وەکوو دورجی شەهنشا مەخفی بێ لە عالەم لە سەرا تا بە سورەییا گوڵگون میان لە نەزەر لالەیی حەمرا دوڕڕێکی درەخشەندە وەکوو نەجمی سەما بێ بەرجەستە بێ ئەو قوببە وەکوو قوببەیی قەندیل مەمدوح بێ لەنێو عالەم و لایەق بێ بە تەبجیل نەیدیبێ بەنی ئادەم و نەیکردبێ تەحسیل ئەم عالەمە تالیب بێ لە بۆ وەسلی بە تەعجیل دوککانی توحەف بە حروف عەینی بەقا بێ نوکتێکی دەقیق بێ کە شرووحی نەکرابێ بەحسی ئەوێ بۆ خەلقی هەم و عەینی خەتا بێ وەک عونچەیی نەشکوفتە حیجابی نەدڕابێ وەک دۆڕ و سەدەف ساحێبی ئیعزاز و بەها بێ ئایینە سیفەت جیلوەدەه و عەکس نوما بێ وەک خەیمەیی سوڵتانی دەبێ ڕوو لە حەوا بێ ڕەنگین بێ بە بەرزی لە نەزەر، مسیلی سەما بێ وەک کارگی کوێستانی سپی بێ بە سەفا بێ هێند تورت و لەتیف بێ، سەری نەختێ قڵیشابێ پۆشیدە وەکوو سۆفی لە نێو خەڵوە خزابێ یا کومەڵە زیوێ لە سەخا دوور و بەعید بێ وەک لەعلی بەدەخشانی عەجەب سفت و سەعید بێ گوڵبەر بێ وەکوو ناری خڕ و تازە ڕەسید بێ وەک بەرگی گوڵان، وەقتی نیهان قەترە چەکید بێ دڵ تەنگ بێ بە ڕوشدی وەکوو تەبعی مەلا بێ شەیئێکی تیا بێ بە مەسەل چووزەرە ڕێواس درزێکی پەیا کردبێ بەو دوڕڕە چو ئەڵماس مەحجووب بێ لە بەدکار من الجنة و الناس توسیفی دەمی تەنگی سەری خەڵکێ بکا کاس قورسێکی موزەههەب بێ وەکوو دورجی تەڵا بێ گەنجینەیی ئەو گەنجە بلوورینە سوورین بێ وەستابێ لەسەر ساقی وەکوو دوڕڕی سەمین بێ زانوویی وەکوو قوببەیی ڕەنگین حەسین بێ ساقی وەکوو ئەستوونەیی زەڕڕین مەتین بێ کەعبی وەکوو یاقووت و لە بۆ قووەت دەوا بێ ئەقدامی عەسەل بێت و موسەففا بە کەماڵی وەک شیری سپی بێت و وەکوو مەی بێ بە ئاڵی یارێکی عەقەب نازک و مەتبووعی ویساڵی خڕ بێت و مودەوە بێ وەکوو سێو بێ بە کاڵی بۆ دەردی ویساڵی بەری پێی ئاوی شیفا بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: برادەر هەر کەسێ چا بێ دەبێ ئەو یاوەری چا بێ برادەر هەر کەسێ چا بێ، دەبێ ئەو یاوەری چا بێ لەگەڵ ئەسبابی چایی حازر و دائیم موهەییا بێ کە چا بێ هەر لەگەڵ چا بێ، بە چا بێ مونیسی چا بێ بە چا بێ نیسبەتی چا بێ، کە چا بێ هەمسەری چا بێ لە دنیا چایە مەمدووحە، بەبێ چا عەیش مەقبووحە بە چا مەیخانە مەنجووحە، بە چایە مەجلیس ئارا بێ ئەگەر چا بی دەبێ چا بی، لە مەئوایەکی زۆر چا بێ لە قۆناغێکی زیبایی، نەوەک شوبهی کڵێسا بێ نە جێگایێکی ناشەق بێ، دڵی تێدا موعەووەق بێ نەوەک حوجرەی موعەللەق بێ کە جێگای بەرد و سەرما بێ نەوەک حوجرەی موخەندەق بێ، دڵی تێدا مورەووەق بێ نە میسلی وەکری لەقلەق بێ زەلیل و گێژ و هەم با بێ نە جێگایێکی وا تەنگ بێ، وەکوو مەئوایی مێشەنگ بێ نە خانەی پیس و بەدڕەنگ بێ، بە عەینی دەبۆ وابێ نە جێگایێکی بێ دار بێ، هەموو کەس لێی بە هاوار بێ نە قەبز و پەرت و پەندار بێ، موغارەی دێو و سەحرا بێ نە خانەی مار و عەقرەب بێ، نە جێگەی ئەسب و مەرکەب بێ نە جێی منداڵ و مەکتەب بێ، نە سەقفی سەتحی ڕووخا بێ نە میسلی قەیسەری وا بێ، بە دائیم پڕ لە سەرما بێ نە وەک توونی حەمام وا بێ، کە ساحێب تار و هەودا بێ نە جێگەی خەوف و دەهشەت بێ، نە قەبرئاسا بە زوڵمەت بێ نە جێی ئافات و عیللەت بێ، نە جێگەی شین و غەوغا بێ نە حوجرەی کونکوناوی بێ، لەگەڵ سەحرا موساوی بێ نە تامانی بیاوی بێ، شیاکەی پێوە نووسا بێ نە پڕ زیڵ و گڵاوی بێ، دڵۆپەی بان گوڵاوی بێ نەوەک جێی دووکەڵاوی بێ، بە دوودی دیدە ئەعما بێ نە جێگەی تۆز و هەم غەم بێ، نە جێی ڕوباه و زەیغەم بێ نە جێی بێ عەقل و ئەبکەم بێ، نە جێگەی گەبر و تەرسا بێ نەوەک حوجرەی؟ ناوی، نەویی و بەرز و هەرداوی عەجەب ناخۆش و باداوی، بە میسلی توونی بابا بێ نە دار و بار و هەرزاڵی، لەبالەب بێ لە سیپاڵی بە گۆزەی کووپەیی خاڵی، سەراسەر ڕێگە گیرا بێ نە هێندە بێ سەروپا بێ، کەسێکی گەر لە نێودا بێ کە سبحەینێ هەڵستا بێ، سەراسیمەی عەجەب مابێ کە بێتە دەر لە سیپاڵی، شکابێ لاقی و باڵی کە دیققەت کا لە ئەحواڵی، بە جوزئی ڕۆحی تیا مابێ ئەگەر جێی عەقرەب و مارە، مەکانی ڕەنج و ئازارە کەسی تێدا بێ ناچارە، دەبێ قەسدی مودارا بێ نە ئەبلە و ناکەسی لێ بێ، نە بەدکارێ دراوسێ بێ کە وابێ، گووی خلەی تێ بێ، ئەگەر ئەو جێگە جێی چا بێ لەنێو ئەم ئەهلی دنیایە، ڕسووم و قاعیدە وایە سەدارەت لایقی شایە، سیاسەت بۆ کەر و گا بێ فەقیرە ڕووت و دڵ خەستە، عەزیزە مەستی سەربەستە شەهێنە هەر لەسەر دەستە، سەگە گەر جێی لە دەرگا بێ لە سەر ئەم ئەرزە ڕەنگینە، خەبیس بۆ پیسە ببینە کە چا بۆ قەندی شیرینە، نیکۆیی بۆ بەدان نابێ بەڵێ هەر چیزە بۆ چیزێ، ئەنێرێ چیزێ بۆ چیزێ بەڵێ هەر ڕیزە بۆ ڕیزێ، خراپە نابێ بۆ چا بێ وەکوو ئینگلیز و عوسمانی، وەکوو بولغار و یۆنانی شەبیهی ڕووس و ئەڵمانی، لەگەڵ یەکدا دەڕوا بێ مەقامی توونچی هەر توونە، ڕەفیقی لۆتی مەیموونە خەزێنە ماڵی قاڕوونە، عەسا بۆ دەستی مووسا بێ چ حاجەت تۆ بڵێی وایە، کە نەرگس مەست و شەهلایە شەهی مەجنوون کە لەیلایە، مەهی وامیق کە عوزرا بێ سولەیمان زەوجی بەلقیسە، عەزازیل کاری تەلبیسە خەیاتی ئیشی ئیدریسە، کەرامەت بۆ مەسیحا بێ سەخاوەت بۆ کەریمانە، ڕەزیلی بۆ بەخیلانە حەماقەت ڕەسمی نادانە، فەراسەت کاری دانا بێ ئەگەر ئاتەش ئەگەر دوودە، لەبۆ شەدداد و نەمروودە جەهەننەم سونعی مەعبوودە، لەبۆ کوفاری دونیا بێ ئەمە تەقسیمی سوبحانە، کە حیکمەت کاری لوقمانە خزر بۆ ئابی حەیوانە، سکەندەر موتەللیع نابێ ئەگەر یوونس نیهانی بێ، مەکانی بەتنی ماهی بێ چ شەو بێ یا بەیانی بێ، بە ئەمری حەق دەبێ وا بێ ئەمە تەقدیری مەولایە، کە داوود حەنجەرەی چایە ئەگەر یووسف دڵارایە، زوڵەیخا بۆی پەشێوا بێ ئەنیسی ڕەندە هەر ڕەندە، ڕەفیقی چایە هەر قەندە حەریفە مائیلی پەندە، ڕەقیبە جێی کەمینگا بێ عەبایە قابیلی شانە، کەپەنکە بەرگی چۆپانە لەتافەت بۆ جوانانە، کیتابەت ئیشی میرزا بێ بەهەشت بۆ سادق بێ، سەعیرە بۆ مونافیق بێ ئەوە بۆ ئێمە لایق بێ، ئەمیش با جێی نەسارا بێ بەشی من تەبعی مەوزوونە، شەرابم غوسسە و خوونە سورشکم شیبهی جەیحوونە، بە میسلی شەتتی بەغدا بێ غەزەل دڵدار و دڵبەرمە، کیتابەت ئەفسەری سەرمە فەساحەت بەرگی مەخمەرە، خودا بیدا دەبێ وابێ کەسێ ناییل بە دەوڵەت بێ، نەسیبی گەر بە ڕەحمەت بێ دەبێ غەرقی عیبادەت بێ، خەریکی شوکری ئەڵڵا بێ ئەگەر وا بێ عەیبدارە، مەقامێکی بە ئازارە هەموو کەس لێی بە هاوارە، مەقامی چا دەبێ چا بێ ئەگەر هات و کەسێ ئەمڕۆ سوئالی کرد لە جێی نیکۆ مەکانی قەرقەفی خۆشبۆ، دەبێ چۆن بێ دەبێ چا بێ ویساڵی تۆ ئەگەر دانی، جوابی دە بە ئاسانی شەبیهی ئاسەفی سانی، بڵێ قەسرێکی ئاوا بێ دەبێ حوجرەی موزەییەن بێ، دەبێ ساقی موعەییەن بێ لە هەر جانیب موبەییەن بێ، نەوایی ساز و گۆیا بێ دەبێ تاقی موقەووەس بێ، فرووشی سەحنی ئەتڵەس بێ هەموو جانیب موقەڕنەس بێ، وەکوو قەسری زوڵەیخا بێ دەبێ ئەو سەقفە نەیڕەنگ بێ، شەبیهی قەسری حەو ڕەنگ سەدایی تار و هەم چەنگ بێ، وەکوو مەیخانە ئاوا بێ دەبێ دیواری ئەو زەڕ بێ، هەموو ئەترافی زێوەر بێ لە نێویا میشکی ئەزفەر بێ، وەکوو ڕەیحانە بۆیا بێ بە فەوق و تەحت و حانووتی، بە کورسی و تەختی زومڕوتی بە کاهی دوڕڕ و یاقووتی، وەکوو قەلعەی شەهنشا بێ چ قەلعە فەرقی گونبەد بێ، بناغەی ئەو زوموڕڕەد بێ دەبێ پایەی زوبەرجەد بێ، هەموو دەروازە پۆڵا بێ منارەی خشتی گەوهەر بێ، ستوونی سیم و هەم زەڕ بێ مەکانی دوڕڕ و جەوهەر بێ، شەبیهی تاقی کەسرا بێ سەریری مەرجان بێ، وەکوو تەختی سولەیمان بێ لەسەر ئەو حوور و ویلدان بێ، فرووشی قەزز و دیبا بێ قەنادیلی لە گەوهەر بێ، لەسەر وی شەمعی ئەنوەر بێ سەراپەردەی موجەوهەر بێ، وەکوو قەسری موعەللا بێ قوسووری سەبز و ئەحمەر بێ، دەری سەقفی موعەنبەر بێ مەسیری ماه و ئەختەر بێ، بەوێنەی تاقی مینا بێ دەبێ ئاوی موتەههەر بێ، نەزیری حەوزی کەوسەر بێ شەرابی حور و گوڵبەر بێ، وەکوو شەهدی موجەففا بێ دەبێ ئەو خاکی ئەفخەر بێ، سەراسەر تاج و ئەفسەر بێ مەقامی میشک و عەنبەر بێ، میسالی خاکی تاتا بێ بە شەمعی ئەیوان ئەنوەر بێ، ڕەفەی یاقووتی ئەحمەر بێ نیقابی سەتحی ئەخزەر بێ، وەکوو عەرشی موعەللا بێ بە فانۆس و چراخانی، لە دەهلیز و لە ئەیوانی لە شەوقی شیشەبەندانی، جیهان یەک دەفعە ئاوا بێ حەسار و دیواری، مورەسسەع بێ بە مرواری لە شوعلەی عەکسی ئەنواری، شەوی تاریکی بەیزا بێ بە وێنەی قەسری خاقانی، مەیانی سەحن و دیوانی کەنار و سەتح و سەربانی، بە زیو و زەڕ موتەللا بێ لە دەورەی باغی عەرعەر بێ، سەهی و سەرو و زەوبەر بێ بە لالە و عوود و نەستەر بێ، وەکوو فیردەوسی ئەعلا بێ دەبێ مەئوایی غیلمان بێ، دەبێ جێی تەیر و مورغان بێ دەبێ ساقی لە مەیدان بێ، وەکوو یاری دڵارا بێ چ ساقی عەنبەرین گێسوو، گوڵ ئەندامێکی میشکین بوو کەبک سەیر و ڕەوشت ئاهوو، وەکوو تاووسی ڕەعنا بێ بەرابەر شاهید و دڵبەر، لە نێودا ساقی و سیمبەر شەبیهی مەجلیسی قەیسەر، میسالی بەزمی دارا بێ بە باغات و بە گوڵزاری، بە سەرو و عەرعەر و ناری بە ئاوی حەوز و جۆباری، وەکوو باغی ئیرەم وا بێ چ باغی ڕۆح ئەفزا، مەکانی سونبول و گوڵها بە دەنگی تەیر و بولبولها، عەجەب جەللابی دڵها بێ چ باغێ پڕ لە ڕەیحان بێ مەقامی سوحبەت و سەیران حەساتی عەنبەر و مەرجان، تورابی میشک ئاسا بێ دەبێ حەوزی لەبەر دەر بێ، کەناری بەردی مەڕمەڕ بێ فوارەی ناوی گەوهەر بێ، بە گەنجی تورەنپا بێ حەریری چینی بوستەر بێ، سەرینی عەینی مەخمەر بێ لەسەر ئەو ماهی ئەنوەر بێ، عەجەب یارێکی زیبا بێ لەحاقی قەزز و ئەتڵەس بێ، لە نێویا یاری نەوڕەس بێ ئەمە فەرزی هەموو کەس بێ، کە عەشقی وی لەسەردا بێ چ یارێ، یاری یاری بێ، مەهی بورجی تەلاری بێ خەریکی غەمزەکاری بێ، بە چاوی فیتنە گیرا بێ چ یارێ، یاری دڵبەر بێ، جوان و شووش و ئەسمەر بێ دەبێ هەمتایی ئەختەر بێ، وەکوو ئاهوویی سەحرا بێ دوو زوڵفی ئەو موسەلسەل بێ، دوو پایی ئەو موخەلخەل بێ دوو چاوانی موکەححەل بێ، بە نازی سورمە کێشا بێ چ یارێ ماهی پەیکەر بێ، چ یارێ تورکی سیمبەر بێ چ یارێ، یارێ گوڵبەر بێ، دەبێ میسلی زوڵەیخا بێ دەبێ چەشمان موعەتتەل بێ، دەبێ ساف و موسەققەل بێ لە نێو حووران موفەززەل بێ، وەکوو عوزرا و سەلما بێ دەبێ باڵا زەوبەر بێ، لەبی وەک شەهد و شەککەر بێ دەهان و دورجی گەوهەر بێ، ددانی دوڕڕی دەریا بێ زەقەن چون سیمی ئەحمەر بێ، دەبێ خەددی موعەنبەر بێ گوارەی گوێی لە گەوهەر بێ، وەکوو عیقدی سورەییا بێ دەبێ بەرگی لە ئەستەر بێ دیباری بوستەر بێ دەبێ ئەو حووری گوڵبەر بێ، خەرامان قومری ئاسا بێ لەگەڵ ئەم عەیش و ئەحواڵە، لەگەڵ ئەم بەخت و ئیقباڵە لەگەڵ ئەم یاری نەوساڵە، چ خۆشە هەمسەرت چا بێ چ خۆشە پیاو لەگەڵ یاری، بچێتە پەردەیی یاری چەتارەی سوور مەیلداری، لە غوڕفە قەسری هەڵدابێ چ خۆشە چاکە بنوێنی، چ خۆشە چاکە بستێنی ڕەگی بەدکاری بپسێنی، لە قەیدی میحنەت ئازا بێ حەقیقەت چی بڵێی وایە، فەقەت عیقدی لە دڵدایە چ مەردێ لاییقی چایە، چ مەردێ لێی موبەڕڕا بێ ویساڵی تۆ وەرە مەیدان، جوابی دە وەکوو مەردان کەسێ چاکە لە نێو خووبان، کە چاکەی ئەو هووەیدا بێ دەبێ وابێ کە حاتەم بێ، دەبێ دارایی خاتەم بێ نە غەرقی بەحری ماتەم بێ، بە میسلی پیرەزەنها بێ کەسێ تالیب بە چایی بێ، دەبێ لاییق بە شاهی بێ نە کوردێکی بەرانی بێ، سەفیه و ڕوو بە سەحرا بێ کەسێ ئەهلی تەبیعەت بێ، دەبێ بۆ چا بە ڕەغبەت بێ لە دووری چا بە میحنەت بێ، دەبێ غوربەتکەشی چا بێ دەبێ ساحێب تەکەللوم بێ، دەبێ ساحێب تەڕەحوم بێ نەبێ خەندە و تەبەسوم بێ، بە عەینی وەک موقەببا بێ دەبێ ئەسڵی بە پاکی بێ، دەبێ خۆی نەسلی چاکی بێ سەعادەت باب و داکی بێ، کە یەعنی دۆڕڕی یەکتا بێ دەبێ کانی مەلاحەت بێ، لەسەر لەهجەی فەساحەت بێ لەسەر ڕێگەی سەلاحەت بێ، ڕەشیدی هەردوو دنیا بێ نەوابێ تەبعی بێ دڵ بێ، لە بوخلا شوبهی مودخەل بێ نە کاکۆڵی لە پشت مل بێ، نە ئەو تەپلەی لەسەر نابێ نە بێ نامووس و عیسمەت بێ، لە دونیا بێ مرووەت بێ نە ئەو تالیب بە ڕشوەت بێ، وەکوو قازی ئاوێستا بێ نە وەک فیرعەون و هەرقل بێ، خەریکی کاری باتیل بێ لە فکری تۆبە غافڵ بێ، لە مەحشەر کوێر و ڕسوا بێ نە هەرز و شێت و ئەحمەق بێ، لە قەیدی عەقڵی موتڵەق بێ نە وەک کەر دێز و گوێ لەق بێ، بەدائیم هەر لە گەڵ گا بێ نە ئەو بێ عەقڵ و کەودەن بێ، وەکوو حەیوانی پێزەن بێ نە ئەو پشتیری مەسکەن بێ، ڕەفیقی عیجل و مانگا بێ نە عەفعەف قیسسەیی ئەو بێ، نە ڕوژدی حیسسەیی ئەو بێ نە کورتان حوللەیی ئەو بێ، نە وەک گا گزنی پەر چا بێ نە ڕووگرژ و غەزەنفەر بێ، بۆ نانێ تاڵیبی شەڕ بێ نەوا بەدفیعل و بەدفەڕ بێ، بە ڕق ناوچاوی تێک نابێ دەبێ خۆشخوڵق و خۆشخوو بێ، لەگەڵ میهمانی خۆشروو بێ درەنگ وەقتیشی پێ زوو بێ، بەدائیم بەزلە گۆیا بێ دەبێ عەینی حەلاوەت بێ، قسەی ساحێب تەراوەت بێ دەبێ کانی سەخاوەت بێ، سەخا تاجی لەسەر نابێ نە عالی بێ لە مەنسەبدا، وەکوو کەر بێ لە مەکتەبدا لە نێو جەهلی مورەککەبدا، وەکوو گۆساڵە داما بێ نە وەک حەیوانی کێوی بێ، ئەنیسی گورگ و ڕێوی بێ حەشیشی دەشت شێوی بێ، چەقەڵ دەم ڕەنگی تێ نابێ نە وەک کەر منجەمنجی بێ، لە گێژییدا برنجی بێ نە جببەی ئەو فەرەنجی بێ، عەمامەی پووشە خورما بێ نە کرمانجی گەڕووسی بێ، نە میسلی ئەهلی ڕووسی بێ نە ڕەنگی وەک مەجووسی بێ، بە هەیئەت وەک نەسارا بێ نە کوردی شارەزووری بێ، نە دێوی لەندەهووری بێ نە وەک ئیبلیس خەزووری بێ، نە سەخرەی جیننی زاوا بێ دەبێ وەک غونچەیی گوڵ بێ، جوانمەرد و سەخیدڵ بێ دەبێ ساحێب تەوەککول بێ، لە کاری چاکە ئازا بێ دەبێ مەردێکی زۆر چا بێ، بە کاری چاکە چارا بێ خەیاڵی هەر لەسەر چا بێ، لەگەڵ چا بەزمی گێڕا بێ غوڵام و نۆکەر و خادیم، بە دەستووری شەه و حاکم دەبێ حازر بکەن تاقم، نەبێ ناقیس چ ئەسبابێ ئەگەر وابێ گەلێ چاکە، بڵێ لەو جێگە چا چاکە لە بۆ چا خۆت موهەییا کە، بەبێ چا کارت چا نابێ بە قەهوەی ناب و ڕەیحانی، کە نێو فنجانی نوورانی بە چایی چاکی ڕەحمانی، خەلایق مەست و شەیدا بێ بە چادانێکی زۆر ڕەنگین، لەتیف و کارخانەیی چین بە جامی نازگ و نەقشین، دەبێ مەجلیس لە کەیفا بێ کەشفی وەک دوڕڕی بەیزا بێ، گوڵی وەک نەجمی زەهرا بێ ڕەنگی ساقی لە نێودا بێ، شوعاعی شوعلە بەرپا بێ دەبێ پیاڵەی بلوورین بێ، ڕۆغن دەوری ڕەنگین بێ دەبێ ژێرپیاڵەی نەقشین بێ، دەبێ مەجلیس لە کەیفا بێ دەبێ ئەقداحی زێڕین بێ، بە دەستی ساقی ڕەنگین بێ پڕی ڕەحراحی نوورین بێ، وەکوو جامی موسەففا بێ بە دەنگی موتریبی سەرخۆش، بە ناڵەی ساقیی موهوەش بە جورعەی نازک و دڵکەش، دەبێ جەننەت هووەیدا بێ لەپاش ڕەحراحی نوورانی، جیهان ڕووی کردە وێرانی نەما دیوانی ئینسانی، خودا سوڵتانی چا با بێ کەسێ بێ، تەبعی مەوزوون بێ، دەبێ بۆ چایی مەحزوون بێ لە شوربی چایی مەمنوون بێ، کە چایە لەززەتی چابێ کەسێ وەک من کە بێ چا بێ، دەبێ دائیم لە غەمدا بێ وەکوو پەروانە سووتا بێ، زەلیل و عاجزی چا بێ ویساڵی ئێستە بۆ چایە، وەکوو مەجنوونی شەیدایە بەدائیم وێڵی سەحرایە، مەگەر لەیلای چا یا بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بڵێن ساقی قەدەح پڕ کا شەرابی بێ ئەسەر نابێ بڵێن ساقی قەدەح پڕ کا، شەرابی بێ ئەسەر نابێ خریدە جام و ساغیر کا لە ئاخردا زەرەر نابێ بدا موتریب لە چەنگ و نەی، بە یادی دوڵبەری گۆڵرەنگ لە خزمەت پیری مەیخانەوە ئیللا موعتەبەر نابێ وەرن یاران بە دڵشادی بنووشن خەمری یاقووتی شوکر تۆپی ڕەقیبی سەگ ئیتر خەوف و خەتەر نابێ بەهاری عەیشی یارانە، لە شوربی مەی مەکە تەقسیر وەرن لەم بەزمە حازر بن، هەتا بەینێ سەفەر نابێ بەشارەت بێ دەڵێن دولبەر کە ئەمشەو دێتە مەیخانە بەبێ گۆبەند و کیف و عوشرەت و سەیر و نەزەر نابێ ویساڵی دولبەران ئەمشەو بووە حاسڵ لە مەیخانە نیهالی کۆششی عاشق بەڵێ قەت بێ ئەمەر نابێ بحمدالله لە بۆ ئینسان، نەما دەرد و غەم و هیجران موزەییەن بوو بە گوڵ بوستان لە بۆ بولول چەمەر نابێ لە ڕۆژی وەسلی گوڵ فکرن بەجێ بێڵن مەهی هیجران کە خورشید بێ لە جێگای، چ ڕەغبەت بۆ قەمەر نابێ قیاسی پەرچەمی دولبەر لە شکڵی ئەوەللی حوسنە لە ئیننتاجی لەتیفی ئەو تەبیعەت بێ خەبەر نابێ چییە شەمس و قەمەر؟ ! لە چاو ئەو سوورەتە یاران موحەققەق قەت لە دنیادا بە مسیلی ئەو سوەر نابێ بنۆشی شەەدی ئاسایش لە پیاڵەی گوفتی شیرینی وەکوو ئەو شەدە وا شیرین لە هیچ شارێ شەکر نابێ ببۆسن لەعلی مەیگوونی، ئەوە شاهی هەموو لەززەت هەموو ئەملاکی دنیایی بە یەک بۆسەی سەحەر نابێ ئەگەر چی زاهیرەن ئەمڕۆ نییە ئەو لەززەتە بۆ من خوماری ئەم شەوەم ەیچ دەم وەلی خاڵی بەسەر نابێ وەها مەحروومی دیدار و پەرێشان و پەراکەندەم کەسێ وەک من لە دنیادا غەریب و دەربەدەر نابێ مەڵێن ڕووی لە مەیخانە وەرگێڕا کە فەوتا مەیلی جاران بەوەڵڵا سەیدی دڵ هەرگیز لە قەیدی ئێۆە بەر نابێ ئەوەندە تاریکە خانەی دڵ لە حەسرەت میێری ڕوخساری وجوودی ڕۆشنی لەودا بە سەد شەمع و فەنەر نابێ ویساڵی چونکە موددێکە خەریکی خوێندنی عەشقە لە فەننی عاشقا هیچ کەس وەکوو ئەو بەهرەوەر نابێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جەنابا ئەوا من هاتوومە بارێ جەنابا ئەوا من هاتوومە بارێ لەسەر تۆ لازمە تەبریک جارێ کە چونکە هەردوو هەم جنسین من و تۆ سەریعەن واجیبە زوو بێیتە بارێ موبارەک بادی قوربان ئەمری شەرعە ئەبێ لوتفت وەکوو باران ببارێ کە بۆت مەعلووم بوو هاتووم و نەهاتی جەریمەت بێ شکە ئەکرێ بەجارێ ئەگەر تەبریکی مەنزڵمان نەفەرموون ئەبی مەحکووم لە سبحەی تا ئێوارێ ئەوا چاش حازرە فەرموو تەماشا هەموو جەمعین لەژێر سایەی چنارێ لە خزمەت حەزرەتی چا دا بە حەلقە هەموو دانیشتووین دڵخۆش بەجارێ عەجایب مەنزڵێکە جەننەت ئاسا لە دەوری چایی گوڵڕەنگ شەکر ئەبارێ لە بەینا چایی گوڵڕەنگ دانراوە مولەووەن پیاڵە هەر وەک لەعلی یارێ موزەییەن مەنزڵ و مەجلیس موڕەتتەب بە دەست و جامێ ساقی گوڵعوزارێ مەگەر باغی ئیرەم بێتە ڕەفیقی لە هەر لایێ ئەبینی لالەزارێ ویساڵی مەنزڵت تەعریفی نایە لە دنیادا نییە ئەمسالی بارێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زەمانە قەت لەگەڵ ئەولادی ئادەم باوە نابێ زەمانە قەت لەگەڵ ئەولادی ئادەم باوە نابێ وەکوو گورپەی سیاه ئەسڵەن بە مەردوم ئاشنا نابێ خودا تاکەی شکا پشتم بە باری میحنەتی دنیا کەسێ وەک من لە دنیادا زەلیل و بێنەوا نابێ بڕۆ لای موڕشیدی کامیل عیلاجی دەردی عوسیانت بکە، مەیلی خودا وایە کە عیللەت بێدەوا نابێ مەخۆ تەفرە لەبۆ نەفس و مەبە مەغروور بە ئەم دنیا درۆیە جیلوەیی دنیا لەبۆ هیچ کەس بەقای نابێ ئەوی ئەووەڵ خودا داینا ئەبێ مەوجوود بێت و بڕوا بەڵێ، بوون و نەبوون هیچیان بەبێ ئەمری خودا نابێ لەبۆ هەر دەرد دەوایێکە، لەبۆ پیری دەوا مردن حەیات و ژینی دنیایی، بە خواهانی شوما نابێ ئەگەر ئیمان سەلامەت بێ قوبووڵ کە زەحمەتی دنیا ویساڵی گوڵ لە ۆ بولبول بەبێ خاری جەفا نابێ ئەگەر مایەت هەبوو ئەکڕێ لە بازاڕا مەتاعی چاک ئەگەر ڕووت بی، مەڕۆ، ئەشیا لە هیچ لا بێ بەها نابێ بە عیززەت یا بە زیللەت بێ لە دنیا هەر ئەبێ دەرچین وەکوو ئەیبینی ئەم دنیا ئەمین بە، هەروەها نابێ عەزیزم مەنزڵت دوورە، خەریکی توێشەیی ڕێ بە هەتا کەی مەست و بێهۆشی سەفەر بێ توێشە جا نابێ وەفای بۆ کەس نەبوو دنیا هەتا بۆ تۆی ببێ یارا کەسێ عاقڵ بێ لەم دنیا بە ئوممێدی وەفا نابێ ویساڵی قوڕبەسەر چ بکا؟ بە بێ دەسمایە داماوە مەگەر غەففار ببەخشێت، وەئیللا بێ جەزا نابێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: من کە مەهجوورم لە یاران بوومەتە نەخجیر سێ من کە مەهجوورم لە یاران بوومەتە نەخجیر سێ عەشق یەک، مەعشووقە دوو، هەم شاهبازی پیر سێ حەرگی منیان زەخمدار و پارە پارە کردووە خاڵی یەک، چەشمانی دوو، موژگانی هەمچون تیر سێ سینەکەم قوبان کە چا بوو چاکی چاکیان کرد بە سێ خەتتی یەک، خەددەینی دوو، دوو ئەبرۆیی شمشێر سێ قەلب و جان و تەن بە جارێ هەر سێ ئاوێزانی سێن گێسوو یەک، ئەگریجە دوو، زولفەینی چون زنجیر سێ غەیری سێ ئەمنی نەکردووە مەست و مەخموور و حەزین ساقی یەک، هەم جامی مەی دوو، نالەهایی زیر سێ وەردی من تەعریفی سێیە شەب چو بولبول تا سەحەر گوڵ یەکێ، هەم گولستان دوو، شاهیدی دڵگیر سێ گەوهەرێکی دورجی زاری قیمەتی سێ کیشوەرە چین یەک، شامات دوو، هەم کوورەیی ئیزمیر سێ دوو لەبانی یارە بێ شەک ڕەغبەتی داوە بە سێ لەعلی یەک، یاقووتی دوو، هەم مەعدەنی ئەکسیر سێ یار ئەگەر مەیلی نییە باعیس بە سێ چیزە یەقین حوسنی ئەو یەک، قوبحی من دوو، وازیعی تەزویر سێ کردیان یەک دەفعە سێ شت غارەتی بازاڕی دڵ گەردنی یەک، غەبغەبەی دوو چەشمەیی پڕ شیر سێ بۆ حزوری بەزمی یاران مانعی من سێ شتە زوعف یەک، تەعنەی ڕەقیب دوو، نوقتەیی تەقسیر سێ تاجی شەئن و میهری حورمەت دورجی عیسمەتیان شکان یەک غەریبی، دوو فەقیری، پەنجەیی تەقدیر سێ جەوهەرم لەکن بە سێ شت، سەد شوکر دەرکەوتووە عیلم یەک، نەقشی عەمەل دوو، قووەیی تەحریر سێ ئەی دڵا ئەهلی خیرەد سێ هەمدەمی دائیم هەیە غەم یەک و ئاهی دەروون دوو، ناڵەیی شەبگیر سێ نەی ویساڵی هەمدەمت سێ بێ لە سێ غافڵ مەبە خوا یە ک و مەحبووبی دوو هەم پەندهایی پیر سێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەحمووەفەنی عەزیزم بەعزێ دەرمانم ئەوێ مەحمووەفەنی عەزیزم بەعزێ دەرمانم ئەوێ چون لە سرمەی مشک و هۆنەی مێش خەوم لێ ناکەوێ دەفعی ئەو دوانەش بە دەرمانی مەلاری تۆ ئەبێت ئێستە ئەینێری کە ڕۆژە یاخۆ نەیخەیتە شەوێ تۆ کە مەئمووری مەلاریت هەم حەکیمی لەرزوتای لازمە دەرمان بکەیت، دەرمان نەکەیت لێرەو لەوێ گشت بریندارین بە نێشی مێش و مشک و مار و موور لازمە گەورەی مەلاری تا زووە فریاکەوێ چاوەکەم با نەڵێمۆ زۆر گوتن قورئان خۆشە یەعنی دەرمان زۆر نەنێری لێت ئەخوێنم وەک کەوێ کەم نەبێ دەرمانەکەت وا بێ تەشەککور هەڵگرێت بێت و کەم بێت هەڵیەدێرم تا ئەگاتە بەرگەوێ من کە دەرمانی مەلاریم ئێستە داوا کردووە مەقسەدم وا بوو لە عالەم پیاوەتی تۆ دەرکەوێ هەر چی لەشمانە بە کێچ و مۆریان بۆتە برین خۆت ئەزانی ئێش و ئازار، هەر دوو دەرمانی ئەوێ خوا دەوامی فەیسەلی سانی بدا بۆ کردەوەی چونکە بۆتە موحسین و ئیسراحەتی بۆ عام ئەوێ موختەسەر دەرمان بنێرە بۆ ویساڵی ڕۆحەکەم هەر کە ناردت زۆر بنێرە، کەم بنێری نامەوێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ویساڵی تۆ لە گەماوی ئەمین بە تازە نایگەیتێ ویساڵی تۆ لە گەماوی ئەمین بە تازە نایگەیتێ ئیتر بێسوودە تێکوشین خەیاڵاتت هەموو خاوە ڕەفیقان چونکە ئازا بوون هەموو دیاری خۆیان ڕێکخست بە توێشووی چاکەوە ڕۆیین، بە دیاری چاک و ڕازاوە دەمێکە گەیونە مەنزڵ لە غوسسەی ڕێگا ڕاهی بوون لە جەننەت وا بە دڵشادی ئەکەن سەیرانی سەرچاوە کەسێ گەر ڕێی لەبەر بێ، لازمە بۆ ڕێ و لە بۆ مەولاش کە توێشووی خۆی بەرێ و بڕوا بەلای فەرمانی مەولاوە ویساڵی قوڕبەسەر چی کا؟ بەبێ توێشوو، بە بێ دیاری بە ڕووت و قووت و مەخجوولی ئەوا حەیران و داماوە مەگەر پێخاوس و سەرقوتین بچێ بۆ خزمەتی جەددی لەوێ هەر خاک بەسەردا کا بە مەحجووبی هەتا ماوە ویساڵی وێڵ و سەرگەردان، بەبێ هەمدم ئەکا ئەفغان ڕەفیق ڕۆیین بە ڕووسووری ئەویش ڕووڕەش بەجێ ماوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئێستە وا مەشهوور بووە ئەم هەرزنە ماڵی منە ئێستە وا مەشهوور بووە ئەم هەرزنە ماڵی منە نابێ کەس بیخوا بە کوللی دۆستە یا خود دوشمنە گەر کەسێ بیخوا بە عەمدەن، یا بە سەهو ئەو هەرزنە بێشک ئیعلانی ئەکەم، ئەو خۆی و ئەجدادی ژنە هەر کەسێ یا نەفسی خۆی یا بێ وڵاغی تێی کەوێ پێی ئەڵێم دووربین نییە، هەم دوور لە عەقڵە وەک بنە ئەی ویساڵی موژدە بێ زەحمەت وڵاغیش تێی کەوێ چونکە هی تۆیە کەسێ بیخوا جەزای ئەو کوشتنە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەلا ئەی عاشقی مسکین وەرە ئیمڕۆ بە مەیخانە ئەلا ئەی عاشقی مسکین وەرە ئیمڕۆ بە مەیخانە بنۆشە جورعەیی سەهبا لە جامی لەعلی جانانە بحمداللە زوموستانی فیراقی گوڵ ئەوا ڕۆیی ڕەبیعی ئەووەڵی عەیشە زەمانی وەسڵ و سەیرانە لە شامی مەغریبی زۆڵفت، هیلالی حاجیبی تۆم دی ئیشارەی کرمێ یەعنی کە سبحەی جەژنی قوربانە لە نێو زۆلماتی زۆڵفتدا دەڵێی ئەسکەندەرم جانە لە بۆ جەشمەی حەیاتی ڕووت سەراسیمەو پەرێشانە وەکوو هارووت و مارووتم لە چاهی بابولی غوربەت بە عەشقی پرتەوی ڕەنگت، دڵم وەک شێخی سەنعانە دەروونم گەرم و پر جۆشە بە میسلی کوورەیی حەدداد بە تابی ئاتەشی میێرت زەمیرم مورغی بوریانە حەبیبا چەشمی سەییادت ئەوێستا زۆر بە ئاشووبە نەچیرئاسا دڵی گرتوو خەریکی جەڕڕی ئیمانە لەبەر چی دەفعەیێ ئەی شەمعی جەمعی تائیفەی خووبان بە سەمعت ئاشنا نایێت فەسانەی ئەم غەریبانە بە نەقدی گەوهەری چەشمم مەتاع و پارچەیی عەشقت کڕیومە ئەی بۆتی چینی دڵم هێشتاکو هەرزانە حەریری چینی زۆڵفانت ئەگەر جەمعە، دڵیش جەمعە ئەگەر بێتوو پەرێشان بێت دووسەد کەس مەست و بێجانە بە بۆیی میشکی گیسوویت مەجالس مەست و مەدهۆشن سایەی شەمسی دیدارت، جێیان یەک دەفعە تابانە بەیازی گەردنت (باللە) کە تابی ئاهووانی برد لە چاهی غەبغەبت (نااللە) هەزاران حەپسی زیندانە قەدت وەک سەروی بوستان و مەمت ڕوممان و نارنجە حەقیقەت سینەیی یارم وەکوو فیردەوسی ڕیزوانە هەم ئاغۆشم حەبیبێکە نییە هەمتا و مانەندی بە دوڕڕی سیننوو لەعلی لەب دەهانی کانی مەرجانە عەجەب یارێکی شیرینە، عەجەب ئاهوویێ ڕەنگینە بەشەر نابێ بە میسلی ئەو، ئەگەر بێ حۆری ویلدانە بحمداللە نەما زەحمەت، لە دڵ دەرچوو غەم و میحنەت چەمەن گرنی گوڵی زینەت، زەمانی بەزم و سەیرانە برادەر گشت بنۆشن مەی، بە یادی عوشرەتی سابیق بەشارەت بێ نەما بەدگۆ جێیان هەمتایی جارانە ویساڵی مژدە بێ یارت، وەفای کرد وەعدەیی پارت ئەمیش وا هاتە ژێر بارت بنۆشە مەی بە پەیمانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەو پەرچەمە چین چینە لەسەر کوڵمی حەلاوە ئەو پەرچەمە چین چینە لەسەر کوڵمی حەلاوە مانەندی گوڵی سونبولە تێراوی شەواوە باعیس بە هەناسەی منی مەحزوونە سبەینان زوڵفی وەکوو ڕەیحانە لە هەر لاوە بڵاوە شوعلەی شەمی ڕوخساری وەکوو ڕۆژی سەمایە بۆنی نەفەسی زاری میسلی عەتری گوڵاوە بۆ چی نەگری بولبولی بێچارە لە گوڵزار چون عەتری گوڵی ڕۆیی بە دەم بادی سەباوە مورغی سەحەری حەقیە ئەکا ناڵە و هاوار مایەی هەموو سووتاوە، هەموو ماڵی بڕاوە خەڵقینە مەدەن تانە لە ناڵینی دڵی من ئەم حوزن و غەمە بوو بە بەشی من لە خوداوە وەک کوورەیی حەددادە دەروونم بە گڕی عەشق بەو ئاگرە برژاوە، دڵم گۆشتی کوڵاوە داوێنی کەوا ئاڵە، مەڵێ خامەکی سوورە گشتی دەمی عوشاقە بە داوێنی ڕژاوە باعیس بە غەمی یووسفی دڵدارە عەزیزم پشتم وەکوو چەوگانە کە پیرانە چەماوە چ بکەم، چ بڵێم، تیری ڕەقیب جەرگی بڕیوم مەعلوومە بە ئەو تیرە ئەچم، کارم کراوە ئەی یار ڕەقیب دەرکە لەبەر ئەو دەرە پاکە وەڵلاهی لە سەگ پیسترە، گشت گیانی گڵاوە وەک دێوی لەعین بۆتە عەدووی زومرەیی عوشاق لێێ لادە، دەبا لا بێ، هەزار مەکری بە دواوە ئەو سڕڕە کە مەخفی بووە لە بەینی من و یارا سەیری کە ئەوێستا کە لە نێو عالەما بوە ئەو مەیل و مولاقاتە، لە پێشا هەبوو ڕۆیی ئەو ئایین و ئادابە هەر ئاساری نەماوە عاشق ئەبێ مل کەچ بێ لەلا حەزرەتی مەحبووب ماندەندی ویساڵی کە ملی ناوە بەلاوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەڵێن چونکە نەیانداینێ ئیدارە میللەتی لادێ سەبارەت: ئیدارەی مەلا ئێستا لە لادێ ئەڵێن چونکە نەیانداینێ ئیدارە، میللەتی لادێ قوبووڵمان کرد مەعاش گوتمان هەموو قەیناکا قەوماوە حکوومەت حەوت دینار و نیو هەموو مانگێ سەری میعاد بەبێ مننەت ئەمانداتێ، هەزار جار ماڵی بێ ئاوە ئەگەر خوا وای نەکردایە ئەبووین قەرزاری چوارتایی سەدی وەک تۆ لەژێر قەرزا تەماشا پشتی چۆماوە بە حەمدیللا نەجاتمان بوو لە بۆڵەی میللەتی لادێ ئەوی ئێستا مەلا ئەیخوا لەلادێ عەینی ژەهراوە بەراتی ئەشرەفی لادێ کە ساڵی دوانزە پەنجایی ئەمە ساڵێک و سێ مانگە کە ئێستا دوانی هەر ماوە مەلای بێ کەسب و کار ئاوا ئیدارەی چۆن ئەبێ تەئمین ئەگەر بێت و قوبووڵی کا، مەلا شێت و خڵافاوە مەگەر هەر زەڕڕەیە غیرەت لە دڵیا قەت نەبێ مەوجوود وەئیللا بار ئەکا ئەڕوا کە ئەرزی خوایی نەبڕاوە مەلا گەر هەر قوبووڵی کا نەتیجە خوا قوبووڵ ناکا لە جێیێ تر ئەدا ڕزقی خۆ خوا ماڵی نەسووتاوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی جەنابی عەلی یەفەندی چی گوتوومە قافییە ئەی جەنابی عەلی یەفەندی، چی گوتوومە قافییە تۆ کە موئموور مەرکەزی دیققەت بکە لەم قافییە تۆ لەلا خۆت ئیلتیفاتت بوو لەگەڵ من چاوەکەم بۆ چی ناپرسی عەزیزم ئێستە ئەحواڵم چییە؟ وا لەدەس چەرخی زەمانە، سەیری کە وەک فڕفڕە هەڵدەسووڕێم دائیمە یەک لەحزە ئارامم نییە هەم لەبۆ دەفعی پەرێشانی و بەیانی حاڵی خۆم هەر خەریکی گردوشاتم ڕۆژ و شەو وەک دەورییە تۆ کە جاران ئاشنا بووی بۆ منی دێوانەڕەنگ ئێستە نازانم کە ئایە ئاشناییت باقییە؟ ڕۆحەکەم بیستوومە چایی و شەکر و کووتاڵ هاتووە هیچ دڵم پێی خۆش نییە، ئێستا کە من پارەم نییە ئێستە با تەدبیر حەواڵەی ڕەئیی تۆ بێ ڕۆحەکەم یەعنی بۆ وەرگرتنی ئەم دوو شتە چارەم چییە؟ ئەی ویساڵی عەلی یەفەندی بۆت وەرئەگرێ تۆیش نەڵێی موختەسەر با پێت بڵێم ئەو حاتەمێکی سانییە گەر ئەزانی هاتنم بێ پارە سوودێکی هەیە پێم بڵێ بێ یا مەیە، یا لێی گەڕێ قیری سییە گەر بە وەعدەی چەند شەوێ کووتاڵ و چام بۆ وەرگرێ تا قیامەت هەر لە بیرمە و باعیسی مەمنوونییە یا بفەرموێ بیفرۆشە ئەبمە کابرای پیازفرۆش چون لە ئەسڵا کەم نفووسم، هیچی بۆ من تیا نییە چونکە هەر چی چوو لەلا بایع ئەبا بۆ من نەبم یا بە تەنها من کەری قازی ئەگێم لەم ناحییە کاکە ڕازی نیم بە قورئان ئیستیقاقی خۆم ئەبەم هەر ئەبێ بمداتێ بایع ئیشەکەم مەجبوورییە چونکە وەک عالەم منیش لەم ئەمرەدا ساحێب بەشم یا ویساڵی بۆی بڕاوە هەر بەشی غەمخوارییە ماڵی بێ چایی هەمیشە پڕ لە بۆڵە و پرتەیە هەر بەوە مەعلوومە چایی باعیسی دڵ جەمعییە بۆ هەموو دەم چاکە چایی، خۆ خسووس فەسڵی بەهار چونکە سەحرا سەوزە سوورە، موقتەزایی چاییە تا زەمان چا بوو بە قوربان زیرەک و فەرزانە بووم ئێستە گەر مات و نەخۆشم باعیسی بێ چاییە من بە ئوممێدی وەفا تۆم کرد بە جێگەی ئیلتیماس گەر چی نەفسم پێم ئەڵێ تەکلیفەکەت خۆراییە عەلی یەفەندی ماڵی ئاوا شەکر و چاکەی بۆ کڕیم با بزانم چۆنە ئەمجا تۆرە باجی حاجییە ئەی ویساڵی وا مەزانە حاجی عالی هیممەتە چون لە تۆفانی بەڵا بۆ ئێمە نووحی ناجییە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی مستەفایی شەیدا تێ فکرە لەم پەیامە ئەی مستەفایی شەیدا تێ فکرە لەم پەیامە! بۆ عاشقانی مسکین پەندێکی پڕ مەرامە بە چاوی پڕ نەدامەت بڕوانە ئەم شەقامە مەبینە حالی زاهیر، سەیری کە ئەم مەقامە محەممەد وەک هەباسە، لەم جێگە هەر غوڵامە هەرچیکە هانە ئێرە بێ نوتق و بێ کەلامە نەقسە کە هەر چی بڵێم لەم کەبکی خۆش خەرامە از خون دلم نوشتم نزدیک یار نامه شایەد کە باغی سینەی بنێرێ یەک شەمامە با پێت بڵێم بە کوردی لە باشی ئەم سەلامە هەزاری وەک من و تۆ لەم جێگە حەبسی دامە مورشید کە بێ مورید بێ، شێخێکی ناتەمامە سۆفیش کە بێ سلووک بێ بەهەشتی لێ حەرامە خەیاڵی خاوە ئیمڕۆ لە هەرچی دەشت و بامە ئێستە لە زوور بەهارە، مەجلیس بە گوڵ تەمامە هەرچی نەخۆش بێ، بێ شک، شیفای دێ بەم کەلامە چونکە بە چاوی خۆت دیت لەم هیجرە سەد قیامە خزمەت بکە بە ڕاستی لەم باغی پڕ نەمامە خودا گەلم حاڵی کە لەم ڕەمز و لەم مەرامە! هەر کەسێ تۆی خۆش نەوێ هەموو شتی حەرامە لە ناو کوردانی خۆمان کاممان بە گشتی عامە بۆ نیاز و ڕازی وەتەن بە ڕەمزە هەر هەرامە ویساڵی بەسیە ئیتر هەموو خەیاڵت خامە إنّی رأیتُ دَهرا مِن هِجرک القیامَه ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ کەسێ کە تێ بگا لەم شیعرە مسیلی دوڕە بۆ کەسێ کە تێ بگا لەم شیعرە مسیلی دوڕە هەر کەسێ فکری هەیە بیڵێ ئیتر نەیبێ قڕە کەس نەڵێ ئەم شاعیرە سەیری ئەڵێی بەردی خڕە خزمەکان بەو زاتە وا حوکمی لەسەر بەحر و بەڕە بەرخە نێرێ گەر نەنێرێ هەر کەسێ ساحێب مەڕە دێم بە گژیا ئەیکوژم گەر فی المثل شێری نەڕە با نەقەومێت وا نەزانن ئەم هەموو شۆڕ و شەڕە گشت لەسەر کاوڕی کەڕ و بزنی گەڕە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەزمی دنیایی لەسەر ئاغای میراودەلییە سەبارەت: پاک و خاوێنی و نیشتمان پەروەریی میراودەلی بەزمی دنیایی لەسەر ئاغای میراودەلییە چەرخی ئەم بەختە ئیعانەتدەری میراودەلییە عالەم و جوملە عەشیرەت لە نزیکان و دوور سەیری ئەمڕۆ، کە بە دڵ، نۆکەری میراودەلییە موددەعی حەڵقە بە گۆشێکە، نییە مانەندی دوژمنی چار تەرەفی یاوەری میراودەلییە عەکسی فەوقانی بە ڕووناکی لەسەر دنیا کەوت پەڕتەوی ئاینەیی خەنجەری میراودەلییە گەر دەبێ مەردی نەبەرد، بەبێ تەن و ساحێب یەد ساعەتەن حەربەخۆر و بێ سەری میراودەلییە هەر ئەمیرێ کە بەیداغی بوڵەندی هەڵکرد پەستی نێو فکری فوتادەیی میراودەلییە لەشکری فەتحە کە دێت و نییەتی پەروای تیپی فورسان و سەفی عەسکەری میراودەلییە پشدەر ئەمڕۆکە کە مەحفووزە لە تابی سەختی یەکسەری پڕ سەمەری سێبەری میراودەلییە کەڵەکی چەرخە کە دەڕوات و سەرەوبن نابێ باعیسی سەولەزەنی لەنگەری میراودەلییە هەر کە نافەوتێ لە کاکۆی زەفەری یەک دانە سەبەبی تەسویەیی بێداری میراودەلییە ئولفەتی جان و تەنی عالەمی ئەم خاکە لە بار ئاوی باژێڕ و هەوای پشدەری میراودەلییە فەلەکی دەهرە کە مەعموورە محەممەد ئەک چۆڵ ڕەوشەنی میهر و مەه و ئەختەری میراودەلییە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەماشا تەلعەتی یارم وەکوو خورشیدی تابانە تەماشا تەلعەتی یارم وەکوو خورشیدی تابانە بە هەیئەت قامەتی بەرزی دەڵێی شمشادی بوستانە ئەگەر بێ تاقی دوو ئەبرۆی لە دنیا ساتێ مەعدووم بێ بە جارێ عالەمی ئێسلام بە بێ قەبیلە پەرێشانە بە زاهیر شکڵی ئینسانە، بە مەعنا حۆری ڕیزوانە تەماشا عەکسی ڕوویی کەن لە چاومدا نومایانە لە داغی تاقی ئەبرۆیی و لە حەسرەت پیاڵەیی چاوی بە نوعێ خەم بووە پشتم شەبیهی خەمی چۆگانە لە ناوی عەنبەری زوڵفی ئەوەندە زار و گریاوم بە ئاهی سەرد و ئەشکی سوور، کەنارم وەک گولستانە دەەرونم پڕ لە نازی عەشقی دڵدارە وەکوو مەجمەر دڵم ڕەش بوو خەڵووزئاسا، جگەر پەرداغی پەیمانە قەرارم لێ بڕا چی بکەم، بە شوعلەی شەمعی ڕوخساری مەگەر پەروانە وەک من بێ لە دەوری شەمعی دەورانە بە دەسک و دۆڵی غەم ئەعزای کوتاوم چەرخ وەکوو چەڵتووک نییە قووەی هەڵستانم، وجوودم وا پەرێشانە لە تیرئەندازیا میسلی نییە ئەو شۆخە شیرینە بە غەمزەی تاقی سەد خەسرەو کوژراوی تیر و پەیکانە وەها ئەفسوردەیە جیسمم بە گەرمی گەرمیانی گەرم وجوودم بێ وجوود ماوە لە بۆتەی شێوی مۆڵانە ویساڵی شیفتەیی یارە، بە دائیم چاوی خونبارە مەگەر جەرگی بریندارە، دوو لەعلی یاری دەرمانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جیهان بووکێکە موهریشی جەفایە جیهان بووکێکە موهریشی جەفایە بە غایەت حیلەباز و بێوەفایە هەموو عالەم دەزانێ بێ بەقایە دەزانێ وایە دەشڵێ ئاشنایە تەماشا قەول و فیعلی ناموافیق بە ئەمری پادشاهی حەییی بێچوون شەهی ئیسلام و کافر و هەرچی بوون لە گەنج و موڵکی دنیا بێبەری بوون چ نەمروود و ج فیرعەون و چ قاروون لەگەڵ گورگی زەمانە موتتەفیق بوون لە گەڵ تۆمە جیهانی بێ بن و سەر لەگەڵ مادوون و لۆتی بووی بە هەمسەر خۆیان پیاداوی کیهتەر، تاکوو میهتەر کەیوومەرس و جەم و دارا و ئەسکەندەر هەموویان مێردی تۆ بوون کۆنە ماکەر برا پیر بووی، بەسەرچوو عومری لاوی بەسە تا کەی پەرێشان و بڵاوی دەمی ئاخر ئەزانی بەشبڕاوی قەفەس دنیایە، ئێمەش کەو لە ناوی بەدەس خۆمان نەبوو کەوتینە داوی نەماوە ڕاحەت و ئارامی جانم چەماوی دەستی جەوری زەمانم بەدائیم چون لە مردن بێ ئەمانم بە دانە و ئاوی خۆش دڵ نیم ئەزانم وەکوو ئەمسالەکان ئەمکا قوڕاوی مەکە باوەڕ بە وەزعی چەرخی دەوران جەم و ئەسکەندەر و دارا و سولەیمان بە یەک زەربە هەمووی کردن پەرێشان برا دنیا وەکوو بووکێکە خەندان تەڕ و تازە و جوان و شۆخ و ئەلوان دەمێ شادت ئەکا دنیا بە کەیفی لەناکاو ئەتکوژێ ئاخر بە سەیفی کە نەیگرت تاکوو سەر ئیکرامی زەیفی وەلی مەعلوومە زاواکوژە حەیفی لە سینەیدا بە سەد کیسرایی و خاقان لەبۆ دنیا خەلایق وەک هەلووکە هەزاری کوشت ئەم دنیایە چرووکە ئەوێستاش هەر خەریکی نووکە نووکە لە پێش چاومان زەمانە مسیلی بووکە سپی و سوور و مولەووەن وەک گوڵووکە لەبۆ باغی دیانەت عیلمە پەرژین بەبێ عیلم و عەمەل قەت نابێ تەئمین خەریکی مەعریفەت بەو کەسب و زانین چرایێکە عیلم، بێ نەوت و بەنزین ئەکا هۆدەی دڵت ڕووناک و ڕەنگین عیلم دوڕڕە، عەجەب ساحێب جەلایە کە عیلمت بوو دڵت ساحێب سەفایە عیلم ئەسبابی عیرفان و حەیایە دەوامی هێندە زۆرە ئەو چرایە هەزار ساڵیش ئەبێ شوعلەی لەدوو ژین ڕەفیق بە بۆ کەسێ عالی نەژادە لەگەڵ جەهلا هەموو عومرت بە بادە کە عیلمت بوو دڵت مەسروور و شادە هەتا خەرجی بکەی دەخڵت زیادە عەجەب گەنجێکە نابینم زەوالی دەخیلە فرسەتە مەردانە هەستن هەتا کەی غافڵ و بێهۆش و سستن بە یەک دەفعە هەموو دنیاپەرستن ئەوانەی ژووردەست و ژێردەستن لە عەشقی بووکی ئەم دنیایە مەستن موعانید هەر کەسێ بوو مەیدوێنن ئەوی دوژمن ئازا بیمرێنن مەبادا وابزانن هەر ئەمێنن خەریک بن، جوملە تەنها بیستێنن لە تاوا نییە پەلی یەکدی دەبەستن ئەگەر غەیرەت ببوایە و نووری عیرفان هەموو یەک دڵ ئەبوون، یە ک زات و یەک جان نەی ئەتوانی عەدوو گەر بێتە مەیدان ئەگەر پشدەر میسالی جاری جاران ڕەئیسێکی ئەبوو بێ فەرق و نێوان لە هەر لا دەنگی تار و ڕوباب بوو دڵیش مایل بە مەیخانە و شەراب بوو لە دنیایی دەنی عالەم غوباب بوو لە هەر جێگا دوو کەس شاب و خراب بوو لەنێو کوردان هەزاریش پادشایە جیهان بووکێکی بێ شەرم و شکۆیە عەجایب سیحرباز و حیلەجۆیە مەخۆ تەفرە لەبۆی ساحێب درۆیە تەمەع زاڵێکە بەتنی پڕ درۆیە کە مارەی کەی درۆ ئەولادی تۆیە نەچی دەرچی لە ڕەسمی حاتەمییەت مەپۆشە قەت لیباسی ماتەمییەت مەبە خاریج لە لیسەی عالەمییەت نەبی غافڵ لە پیشەی ئادەمییەت نەکەی تەعلیمی نادانی وەکوو جاف بەبێ زانین هەموو کارت هەبایە بەبێ عیرفان دەروونت بێ سەفایە کە جاهیل بی وجوودت بێ بەهایە بەزایع دانی ئەوقاتت خەتایە نەکەی تەنپەروەری بۆ جان، جەفایە هەتا دونیا بە چاکی سەوز و شینە لەسەر ڕێی مەسڵەحەت پێی خۆت ببینە کە ڕیسوا بووی ژیانت وەک نەژینە برا، ئەرزی خودا پان و بەرینە فەقیر و شا لەنێویا خۆشەچینە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: حەمد و سەنا بۆ خوایێ کە رب العالمینە سەبارەت: قەسیدەی باران الحمدالله منقسیء الخلق و الاسرار ثم الصلاة علی حببیبه المختار حەمد و سەنا بۆ خوایێ کە رب العالمینە منه الصلاة علىٰ شفیع المذنبینە بفضلک یا رب صل علی المختار و آله الاطهار و الصحب أجمعینە یا ڕەب بۆ خاتری ئەو شاهی مەککە و مەدینە بفەرموو یا میکائیل بارانێ ببارێنە بارانێ بە ڕەحمەت بێ، بێ ڕەنج و موشەققەت بێ بەسەر خاکی عالەما بە لوتفی خۆت بڕژێنە هەموو خاکی ناسووتی، بە ڕەحمەتی لاهووتی بە زومڕود و یاقووتی، سەوز و سوور بنەخشێنە ئێمە شووم و بەدکارین، هەموو خەجاڵەتبارین لە ڕووی تۆ شەرمەسارین، تۆ ڕەحمی خۆت بنوێنە بە ناو هەموو ئیسلامین، قەومێکی ناتەمامین دەمێکە حەپسی دامین، لە زەیقەت دەرمان بێنە مەخلووقێکی زەعیفین، فێری گەنمی زەریفین بە نانی جۆ کەسیفین، بە چاکە بن لاوێنە مەعلوومە کەس نامێنێ، هەموو عالەم ئەمرێنی بە ڕەحمەتی خۆت یا ڕەب بە قاتیمان مەمرێنە غەریب و دڵ مەحزوونین، هەموو شێت و مەجنوونین لە قاپی تۆ مەحجووبین، چاوی لوتفت هەڵبێنە ماڵخوراو و مەعزوورین، ئیمساڵ هەموو مەغدوورین بە ئافات و مەئموورین، یا ڕەب هەقمان بسێنە فەقیر و گرفتارین، هەموو دڵ بریندارین ئەتباعی شای موختارین، نیهایەتی غەم بێنە عالەمێکی بێهۆشین، مەستی خواب و بێگۆشین بە شمشێری قەهری خۆت، یا ڕەب مەمانترسێنە موقتەدیر و کارسازی هەم غەنی و بێ نیازی سا تو ئیمامی ڕازی ئەم چەرخە وەرسووڕێنە ئێمە هەر چەند غەددارین، ڕووڕەش و لێوبەبارین نەخۆش و دەردەدارین، بێ ئاو مەمانخنکێنە ئێمە کورد و بێعارین، پڕ کینە و نابارین یا ڕەب هەر چەند بێزارین، پەرژینی دین مەشکێنە کورد خەریک گڕوگاڵە، وەک مناڵی یەک ساڵە بێ قووەت و کەم باڵە، مایەپووچ و بێ شوێنە کورد تازە توو دەچێنێ، بەرد لە بۆرە دەردێنی لە جۆی نۆکەند ئاو دێنێ، خودا باشی بۆ بێنە بێچار و ناعیلاجین بە ڕەحمی تۆ موحتاجین ئومێدەوار و ڕاجین، بێ ئاو مەمانفەوتێنە ڕەززاقی کائیناتی، بکە دەفعی ئافاتی بە پاڵەوانی قاتی یا ڕەب مەمانپروێنە هەر چەند ئێمە حەیوانین، بێ عەقڵ و هەم نادانین زۆر تالیبی بارانین، یا ڕەب مەمانڕەنجێنە ڕووت و قووت و بێ تووکین، ناڕەواج و مەهتووکین لەناو عالەما سووکین، یا ڕەب دڵمان مەشکێنە یاخوا باران ببارێ، دڵخۆش ببین بەجارێ بە گوڵهایی بەهاری، سەراسەر بیخەمڵێنە وەختێ کە هەرزانی بوو، دڵ مەیلی سوڵتانی بوو شوغلی غەزەلخوانی بوو، یا ڕەب مەمانشێوێنە تۆ کەریم و ڕەحمانی، بە ڕەحمەتی ئاسمانی بە موسیمی نیسانی، نرخی ئەشیا بشکێنە هەم ڕەحیم و کارزانی، بۆ عالەمی ئینسانی بە بارانی ئاسمانی باغ و بوستان بەربێنە دینی ئیسلام شیرینە، بە نان دڵی نوورینە یاڕەب لەسەر ئەم دینە، تا هەین بمانژیێنە عالەم دڵی پڕ شۆرە، خودا تۆ ڕەحمت زۆرە بە ڕەحمەتی عامی خۆت، زەراعەتمان پێک بێنە خودا گەر مەیلی بێنێ، لە زیللەت دەرمان بێنێ هەموو ئافات ئەمرێنی، قادرێکی حەق سێنە یا ڕەب بە بێ بارانی، کەوتووینە پەرێشانی بە عیللەتی گرانی، یاڕەب مەمانمرێنە عالەم هەموو شێواون، حەیران و ناتەواون بە ئایەی لا تقنطوا، ئاوی ڕەحمەت بڕژێنە مەخلووق لەبەر بێ نانی، کەوتوونە سەرگەردانی یا ڕەب بە بێ بارانی، مەزرووعمان مەسووتێنە ویساڵی تۆ نادانی، مەکە فیکری بێ نانی ئەکەویەوە هەرزانی، خوا أرحَمُ راحِمینە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خودا تۆی حافزی شاری بیارە خودا تۆی حافزی شاری بیارە بکە زوو دەفعی بەدکاری بیارە لە چاوی پیس و بوغز و حەسدی حاسد ببە دائیم نیگەهداری بیارە موکەسسەر بوو قەڵای تەزویر و بەدگۆ بە تۆپی لوتفی سالاری بیارە کەمەریان بەست عموومەن جەمعی مونکیر لەبەر دەرگاهی سەرداری بیارە خەلایق میسلی بولبول شێت و شەیدان بە بۆیی وەردی گوڵزاری بیارە ئەفەوتێ تابی زەویی و ماه و خورشید موقابیل شەمسی ئەنواری بیارە ببوون مەجنوون سەراسەر ئەهلی دنیا بە عەشقی تەلعەتی یاری بیارە ڕبوودەکەرد دڵی فەرهادی عالەم قسەی ژینی دڵداری بیارە کەلامی نەقشی قەلبە بۆیە عالەم بوون دائیم بە سەییاری بیارە هەڵی کەندووە لە دڵ نەقشی تەریقەت موحەققەق شای جیهانداری بیارە ڕەوا بوو مەقسەدی ئەهلی جیهانی لە سایەی قوتبی ئەسراری بیارە لە میخانەی حەقیقەت بادەنۆشن ئەوانەی بوون بە زوواری بیارە بە جەیشی تاعەت و تۆپی ڕیازەت بەهەشتی گرت، عەلەمداری بیارە وەکوو جەننەت وەهایە باغ و دەوری هەموو تەسنیمە ئەنهاری بیارە هەموو یەک دەفعە داعی شێخی عالەم بۆ وەسڵی پیر و دڵداری بیارە زیائەددینە، ئێستە قوتبی ئەوتاد وەکوو ڕۆژە لە ئەقتاری بیارە لەپاش ئەو شاهی نەجمەدین بوو سالیک لە ڕێی دین بوو بە ئەبساری بیارە عەلائەددین، سوپەهسالاری دینە حەقیقەت بوو بە کیباری بیارە موعەنبەر بوو سەراسەر خاکی دنیا بە عەتری میشکی ئەزهاری بیارە ویساڵی تۆیش وەکوو جوملەی موریدان ببە شاغیل بە ئەزکاری بیارە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خورشیدی ڕوخت جانا مەعلووم و هووەیدا کە سەبارەت: پێنج خشتەکی لەسەر شیعری سادق خورشیدی ڕوخت جانا مەعلووم و هووەیدا کە ئەم عالەمە وەک مەجنوون دێوانەیی سەحرا کە سەد مووسیی عیمرانی مەخمووری تەجەللا کە ئەگریجەیی میقرازت پەخشان و موهییا کە پەرگوڵ بکە پۆشینت، گێلگێلە بە سەردا کە ئەنواری مەه و خورشید، عەکسی ڕوخ و سیماتە شمشادی بەهەشتی هەم بەندەی قەد و باڵاتە جەمشیدی دڵم داغی لعلی لەبی سەهباتە هەوری ڕەشی لێ لادە لەو گەردنی میناتە نارنجی مەمت چەسپی نێو سوخمەیی خارا کە دەر باغچەیی سینەت تەحقیقە نییە کەسرێ کەچ نابێ یەقین کەعبەی دڵ بارێ ئیزن بدرێ تا گورگی ڕەقیب و هەم شەیتانی عەدوو بمرێ بەرمووری دەرت با بێ قوببەی کەمەرت بگرێ دەسوانە و خڕخاڵت یەک دەفعە بە دەسدا کە گەردی ڕەهی ئەقدامت تاجی سەری سوڵتانە سەربەرزییە لوتفی تۆ بۆ عاشقی دێوانە تۆ پادشەه و عالەم یەکبارە نیگەهبانە فەرموو سەری ئەو بانە، دەستت لە کەمەر دانە هەر وەک منی دێوانە ئەم عالەمە شەیدا کە ڕوشکی هەموو حوورانە مینایی سیمین ساقت دونیایی ڕوخی خوبی نوورینە بە ئەشواقت بازاڕی شەکەر ئەمڕۆ شیرینە بە ئەخلاقت هاتوونەتە سەر سەیری باڵا، سەفی عوششاقت هەنگامەیی غەوغایە ئەو بەزمە تەماشا کە ئەسکەندەری دڵها بێ دەر چاهی زەنخدانت مەحبووس و پەرێشانن بۆ چەشمەیی حەیوانت سەد شاهیدی کەنعانی کەوتوونەتە زیندانت هاتوومەتە مەیدانت ڕۆحم کەمە قوربانت بەو عەسکەری مۆژگانت فەرمان بدە هیلاکە مەدداحی گوڵی ڕووتم، وەک بولبولی گوڵزارم ڕەحمێ بکە بەم بەندە توخودا بەسە ئازارم ئاشوفتەیی زوڵفی تۆم شێواو و بریندارم ڕەنگین بکە پەنجەت بە خوێناوی دڵی زارم سبحەی کە قیامەت دێ شاهید نییە حاشا کە لەم ساحەتی عوششاقە بۆچی کاس و ڕەوتی؟ لەم مەجلیسی ڕەندانە بۆچی خوێڕی و دەم چەوتی؟ هێند تاڵی وەکوو حەنزەل، بیعەینە دەڵێی جەوتی سۆفی چییە مل چەوتی، قەد قامەتی مزگەوتی هەستە بڕۆ سەر سەیری قەد قامەتی ڕەعنا کە من کۆتە و بێچارە، ئەو سەروە دڵی بردم بێسوودە دەڵێ قیسسەت، چی دیکە مەکە عەرزم بێ مایە و نابووتم، مەبهووتی غەم و قەرزم من شێتی پەری تەرزم، ئەو دێت و دەدا وەعزم کاکە وەرە دەسکەننەی ڕیشی فشی موللا کە تەسریفی بینای حوسنت تەکمیلی بە تەحویلە مەفهوومی کەلیماتت شایستە بە تەسجیلە تەهزیبی خەتی لێوت تەشریحی بە تەفسیلە موختەسەر ئەگریجەیی ئەو زوڵفە موتەوویلە هەر شەو بە چرای کوڵمت تەحقیق و موتاڵا کە مانەندی دەمی تەنگی گوڵخونچە نییە حاشا تەرویجی بە دوڕ داوە دندانەیی لەیلا موشکینە بە زوڵفینی چون خاکی خوتەن سەحرا هەوری ڕەشی ڕووی مانگی پۆشیوە کەچی دونیا وا ڕوونە دەڵێ ئێستا هەر مانگە شەوی پاکە فەرهاد سیفەت کەوتووم سەرگەشتە و غەمگین دڵ لەم وادییە سەرسامم تەنخەستە و خوێنین دڵ نەزدیکە ببێ ئاخر غەرقی غەم و ئەسرین دڵ هاو وەحشە لە هیجرانی ڕەعنا گوڵی سەنگین دڵ جان بێ تەڵەبم ساقی، ماتەڵ مەبە، ئازا کە ئەو ڕوومەتە گوڵزارە، زینەتی دە گوڵزارە پڕ نار و بەیە سینەت وەک جەننەتی غەففارە ئەی ساقی لەبالەب کە، ئەو بادەیی گوڵزارە لەو چاییە ڕەنگدارە، وەک لەعلی لەبی یارە فنجانی بلوورینت، لەبرێز و موهەییا کە موتریب وەرە مەیخانە بۆم لێدە لە چنگ و نەی وەک مورغی غەزەلخوانم، هەر لەحزە لەبۆ غونچەی مەخمووری لەب و جامم، ئازا کە هەتا سا دەی بۆم تێکە پەیەندەر پەی، هەتتاکوو دەڵێم ئۆخەی جەرگم کە کونە وەک نەی، بەو شەربەتە ئیحیا کە مەنواڕە لە ڕوخسارم گەر زەرد و پەشێواوە بنواڕە لە گوفتارم وەک قەندی سپی خاوە ڕەحمێ بە ویساڵی کە، مەفتوونی برۆ و چاوە تا بەندی جگەر ماوە، یەک دەفعە نەسووتاوە هەر دەم غەزەلی سادق بۆ دڵبەرت ئینشا کە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دوێشەوێ لە مەیکەدە شاهید بە ڕوویی نازەوە دوێشەوێ لە مەیکەدە شاهید بە ڕوویی نازەوە هاتبوە بەزمی عاشقان بە سەد ڕمووز و ڕازەوە ئامادە بوو موتریب لەوێ بە تار و چەنگ و سازەوە ساقیش بە جام و بادەوە، بە غەمزە و فەخر و نازەوە گەدا بوو پادشا لەوێ، بە سەد هەزار ئەیازەوە عەجەب شەوێ بوو ئەو شەوە جام بلوورینی دەم بە دەم دائیر بوو دائیم پڕ لە مەی، مانەندی دەوری بەزمی جەم جۆش هاتبوو بە ناری عەشق کوورەی دڵی ئەهلی کەرەم لەم دەوری پڕ عەدالەتە نەمابوو زوڵم و جەور و غەم ڕەقیب خەریک بوو شەق بەرێ بە ڕەنگی وەک بەرازەوە بەڵێ زۆر خۆش بوو ئەو دەمە سەیری گوڵستان و چەمەن ڕەنگین بوو سارا بە گوڵی مینا و لالە و سەمەن ئاوازی قومری و عەندەلیب خۆش بوو لە گوێچکەی ئەنجوومەن هەر کەس باوەشی گرتبوو شیرین حەبیبەی گوڵبەدەن منیش ئەمڕوانی بۆ دڵبەر کە بێ لە ڕێی نیازەوە کە دیم لە وەختی سوبحدەم شۆخێ بە دوو شەمامەوە سەلامی کرد و هاتە پێش قەدەم قەدەم بە لامەوە لەبانی نایە سەر لەبم بە ناز و ئیبتیسامەوە لە خۆشییا هۆشم نەما، حەیاتی خستە قامەوە بۆ قەتڵی عاشق هاتبوو بە شەمعی جانگودازەوە ڕامان بوارد ئەو شەوە بە دەنگی جەنگ و ئای و نەی ---------- من مەستی لەعلی ساقیی و شاهید خەمۆشی جامە مەی لە فەیزی جام و بادەوە بووبووین بە شاهی موڵکی ڕەی دنیا لە ڕەغمی موددەعی خۆشە بە عەیش و نازەوە حەمدەن زەمانی عوشرەتە ڕۆیی بەجارێ هەوری غەم سارێژ بوو زامی تیغی غەم، نەماوە هیچ دەرد و ستەم حەدیقە جوان و خۆش هەوا هەروەک گوڵستانی ئیرەم مەیخانە ساز و پڕ نەوا لە دەنگی سازو زیر و بەم بە جامی زەڕ بە من ئەدا ساقی بە عیشوە و نازەوە ئەی نەونیهالی مەستی جەم، ئەی یاری گوڵعوزاری من ئەی سەرووی باغی گوڵ بە دەم، ئەی شۆخی نازداری من ئەی شەمعی عاشقان بە جەم، ئەی نووری چاوی تاری من ئەی دافعی دەرد و ئەلەم، ئەی غونچەی سەوزاری من هێنای بەهاری عاشقان بە ڕەنگ و بۆیی تازەوە بە لەنجە چون کەبوتەری، لە شێوەدا وەکوو پەری مەوزوونە سەروی قامەتت، مانەندی تەبعی ئەنوەری حەیاتی جاویدان ئەدەی بە لێو کە عەینی کەوسەری کردت بە ڕۆژ دەیجووری شەو، بە ڕوو وەک شەمسی ئەنوەری تەسدیقە دەعوای یووسفیت بە جووتێ چاوی بازەوە سوبحی فەرەح تلووعی کرد ڕەقیب خەریکی هیجرەتە عوسرەت بەجارێ باری کرد، ڕۆژی ویسال و عوشرەتە ڕۆیی زستانی حوزن و غەم بەهاری عەیش و لەززەتە موژدە ویساڵی، مەیکەدە، ئیمڕۆ میسالی حەننەتە مەعشووقە ڕووی لە ڕەحمەتە، لە لوتفی بێ نیازەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵ حەپسی چییە فیرقەتی دڵدار و نەحیفە دڵ حەپسی چییە؟ فیرقەتی دڵدار و نەحیفە وەک مورغی قەفەس بێکەس و بێ یار و کەسیفە ڕووزەردە بەدائیم وەکوو ئەوراقی خەریفە ئەی یار لە ڕوو لابدە ڕووبەندی قەدیفە بە مسیلی قەمەر دەرکەوێ ئەو ڕەنگە زەریفە لەم غوربەت و بێ ڕاهییە وا لەنگ بووە قاچم لەم کەوتن و هەڵسانە وەکوو کۆنە دەمی پاچم زینهار لە ۆ کۆیی حەبیب جارێ کە ناچم بەینێکە منی بەندە بەبێ خەلعەتی ماچم بۆ مەنعی دەکەی مەتڵەبی من سووک و خەفیفە من مەستی شەرابی لەبی نەویاری ڕەسیدەم یەک دەفعە لە وەسڵت گوڵی ئارام نەچیدەم ئەی باعیسی ئارام و دڵ و قەلبی ڕەمیدەم گەردانی قەد و قامەتی تۆ، جیسمی خەمیدەم قوبانی غوباری بەری پێت جانی شەریفە بەم عەترە وەکوو غونچەیی بوستانی بەهەشتی بەم هەیئەتە حەسرەت، حۆر و غیلمانی بەهەشتی بەم سافییە وەک لوئلوئوو و مەرجانی بەهەشتی مەعلوومە کە سەردەفتەری حوورانی بەهەشتی سەر تا بە قەدەم نازک و پڕ وەسف و لەتیفە مەجنوون و سەراسیمەیە جەمعییەتی دانە بەم جیلوەیی ڕوخسارە دەڵێی سوبح و بەیانە ئەو ئەبرۆ و موژگانە، دەڵێی تیر و کەوانە ئەو نوقتە کە دەیکەی بە زوبان پێم بڵێ جانە بۆچ وایە کە تەئسیری وەکوو شەرعی حەنیفە بۆ دەردی مەریزان لەبی مەحبووبە، دەوایە گەر سەرفی بووە عومر بە خۆڕایی ڕەوایە ئەم سینە کە وەک مەیکەدە پر ساز و نەوایە لەم کاولە دنیایە کە جێی جەور و جەفایە مەقسوودی دڵ و دیدەمە دیداری حەنیفە تۆ شاهیدی گوڵبەرگ و ئەمن شێت و فەقیرم تو شاهی جوان بەخت و ئەمن پیرێ کەبیرم تۆ ماهی جیهان تاب و ئەمن کوێر و زەریرم تەزعیف کەمەندم، نییە لازم، مەعلوومە ئەسیرم بەو پەرچەمە موعتەللەیە، بەو زولفە لەفیفە مەجرووحە دەردی هیجرانە محەممەد هەمتایی ویساڵی دڵی بوریانە محەممەد شەیدایی ڕوخ و دڵبەری جانانە محەممەد ئەلئانە کە ئاوارەیی ئالانە محەممەد ببینە کە بێ هەمدەم و بێ یار و حەریفە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دیانەت باری کرد ڕۆیی مەگەر پاشبارەکەی ماوە دیانەت باری کرد ڕۆیی مەگەر پاشبارەکەی ماوە بە دینار و درەم عالەم هەموو ئایینی گۆڕاوە بە ڕاستی نابینێ ڕێگەی هیدایەت چاوی کەس چونکە قەناعەت بووەتە خاشاک و تەماعیش عەینی لافاوە مقەڕڕی ئەسلیەی ئێمە لە ئەوەڵ باغی جەننەت بوو کە چی بۆ حیرسی یەکدانە هەموو کەوتینە دونیاوە وەکوو لاولاو ئاڵاوین، لە دنیا تازە بەرنابین نەجاتی زەحمەتە هەر کەس کە ئیمڕۆ کەوتە ئەم داوە ئەمن ترسم هەیە یاران لە هەر دوو لاوە بێبەش بین لە گێژاوی تەمەع سەیری کە عالەم زۆری خنکاوە لە گێژاوی تەماعا نەفس و شەیتان هەر وەکوو سەییاد خەریکی جەڕڕی ئیمانن کە ئیمڕۆ دین لە تەنکاوە دەسا خالیق موعینمان لێ نەبن غالب بە سەرمانا کە دین وا لە هەلاکەتدا میسالی کەشتی سەر ئاوە چ عالم بێ، چ سەیید بێ، هەموو گیرۆدەیی نەفسین ئیتر بەرزەنجییە ئایە وەیا ساداتی باراوە خودا ئیمان سەلامەت کا، ئەژین ناژین بە دەربەس نیم کە ئەم لاشمان نەبێ چاکە نەبین مەحرووم لە ئەو لاوە بەڵێ زۆر کەس مودەڕڕیس بوون خەریکی کەسبی دینی بوون لەگەڵ گوێچکەی دیناریان دی عەمامە کەوتە ئەو لاوە گوتم ئێوە مودەڕڕیس بوون بەجارێ بۆچی لاتان دا گوتی بۆ دەفعی مایەحتاج لە ئێمە بەس بکە قاوە گرانە باری ئیحتیاجی بۆمان هەڵناگیرێ چ بکەین تەماشا کە لە موحتاجی گەلێ کەس چاوی نووساوە لەپێشا گشت بە نانی جۆ هەموو پووکمان بریندار بوو ئەوا ئێستا گەیشتووینە قوبووڵی و گۆشت و پاقلاوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ساقی وەرە مەیخانە و مەی تێکە درەنگە سەبارەت: پێنج خشتەکی لەسەر شیعری تاهیربەگی جاف ساقی وەرە مەیخانە و مەی تێکە درەنگە لەم بەزمە تەماشاکە کە وەک بەزمی پەشەنگە ئەو ئەبرۆ و موژگانە وەکوو تیغ و خەدەنگە ئەی پەڕتەوی ڕەنگت وەکوو ڕەنگی هەمە ڕەنگە خاڵت بە مەسەل... زولفی سیاهت، شەوەزەنگە ئەی سەروی چەمەن، قەدد و میانت بە مەسەل موو ئەی ڕوویی تۆ ئەفلاک و جەبین میهر و مەه ئەبروو تا چەند لە عوششاق دەبی نافەڕ و بەدخوو بەزم و تەرەب ئامادەیە، ساقی مەیێ فەرموو دەنگی دەف و ناڵەی نەی و ئاوازەیی چەنگە گێسوویی تۆ وەک عەنبەر و فیردەوسە کەنارت گۆنای تۆ وەک مەجمەر و چون عوودە عوزارت دڵ مورغی پڕ ئازارە لەبۆ غونچەیی زارت سەد نامی خودا بێ لە دوو پوستانی ئەنارت گرد و شلک و نازک و پڕ چنگ و قەشەنگە سەیری کە زەنخدانی چ شیرینە بە کاڵی مەحجووبە لە پێش کانی دەم و دورجی لوئالی کردوویە دڵم خەستە و ئاشوفتەیە حاڵی لێوت کە وەکوو لەعلی بەدەخشانە بە ئاڵی ڕەنجووری مەکە بەینی دەهان غونچەیی تەنگە ئەو ڕۆژە لەگەڵ عەشقی تۆ من بوومە برادەر غەم هات و فەرەح ڕۆیی دەروون بوو بە سەماوەر گرتوویە شەهی حوسنی تۆ ئەم موڵکە سەراسەر تابووری موژانت لە گەڵ ئەگریجە بەرابەر وێستاوە دەڵێی عەسکەری ژاپۆن و فەرەنگە خورشیدی ڕوخت زینەتی دنیایە وەلاکین سینەت بە مەسەل ڕۆزەیی گوڵهایە وەلاکین ئەقداحی لەبت شیشەیی سەهبایە وەلاکین چاوت بە مەسەل ئافەتی دڵهایە وەلاکین بۆچ وایە کە ئەبرۆیی کەچت مەیلی بە جەنگە بۆ لەعلی لەبی تۆ بوو، کە وامیق بوو پەرێشان نەک هەر منی بێچارە کە بووم والە و حەیران یەک دەفعە تەماشا کە تۆ ئەی شاهیدی کەنعان جیسم و دڵەکەم خەستە و خوێنینە بە قوربان کوژراوی موژەی تۆیە نە کوژراوی خەدەنگە ڕەحمێ بکە ئەی گوڵ بە دڵی بولبولی ناشاد کاشانەیی ئەحزانی غەریبان بکە ئاباد بڕوانە کە خەرمانی ئومێدم بووە بەرباد غەڵتانی دمی حەسرەتی عەشقم وەکوو فەرهاد کێوە بەدەن و سینەیی و سەرپەنجە قوڵنگە مەجنوون و سەراسیمە و ئوفتادە و بێ ڕێم بەو وەعدە کە ئەو دایی و وتی بمرە ئەمن دێم زینهار کە ئەو یارە دڵ ئازوردە بووە لێم دووچارە بە جەنگ تالیبە، من مایلی سوڵحم گەر سوڵحە وەگەر جەنگە دەسا فەرموو درەنگە ئەی پەرتەوی ڕەنگت وەکوو ڕەنگی هەمەڕەنگە خاڵت بە مەسەل زولفی سیاهت، شەوەزەنگە بەزم و تەرەب ئامادەیە، ساقی مەیێ فەرموو دەنگی دەف و ناڵەی نەی و ئاوازەیی چەنگە لێوت کە وەکوو لەعلی بەدەخشانە بە ئاڵی گەنجوور و نگەهبانی دەهان و دەمی تەنگە تابووری موژانت لەگەڵ ئەگریجە بەرابەر وەستاوە ئەڵێی لەشکری ژاپۆن و فەرەنگە سەد نامی خودا بێ لە دوو پوستانی ئەنارت گرد و شلک و نازک و پڕ چنگ و قەشەنگە بۆ باری خەمت گەر بەدەنم سستە مەڕەنجە پێکراوی موژەی تۆیە نە کوژراوی تفەنگە سەرگەشتە و و ئاشوفتەیی ئەشقم وەکوو فەرهاد کێوم بە دڵ و سینە و سەر، پەنجە قوڵەنگە چاوت بە مەسەل ئافەتی دڵهایە وەلیکن بۆچ وایە کە ئەبرۆیی کەچت مەیلی وە جەنگە لەم ڕۆژە کە ڕووم خستە بەری پێی و وتی پێم ئەی ئەبلەهە، کەی ماڵشی ئاوێنە بە سەنگە؟ مەنعی مەکە تاهیر کە ئەگەر مات و خەمۆشە دێوانەیی ڕووی تۆیە نە مەستی مەی و بەنگە «تاهیربەگ» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەد شوکر ئیمشەو کە ڕەیحان ساقیی مەیخانەیە سەد شوکر ئیمشەو کە ڕەیحان ساقیی مەیخانەیە هەر کەس ئەیبینێ بە نازی چاوی ئەو دێوانەیە سەیری باڵای بەرز و جوانی میسلی سەرو و عەرعەرە قومری ئاسا، لەنجە شیرین، بولعەجەب جانانەیە بولبولی دڵ ئینتیزاری عەتری غونچەی دەمیەتی خاسە هەر ڕەیحانە بۆنی وەک گوڵی ڕەیحانەیە نەک بە تەنها هەر منی خستۆتە داوی پەرچەمی سەد هەزارانی وەکوو من وێڵی ئەو کێوانەیە تا بڵێی شیرینە ڕەیحان خاڵ و زوڵف و پەرچەمی زوڵفی داوی عاشقانە خاڵی کوڵمی دانەیە هەر کەسێ پابەندی عەشقی ڕوویی بوو مەنعی مەکەن عالەمی دونیا سەراپا مەستی ئەو چاوانەیە شیلان بە سەریا گەر بە ڕیز دێنێتە خوار عالەمێ ئەمرێنێ فەورەن بەو سەر و لەرزانەیە لازمە ئێستە بۆ گەردن ئاهو باجی بۆ بەرن هەر لەبەر جوانی سەروپێچی کە پڕ گەردانەیە سینەکەی باغی بەهشەتە پڕ لە نارنج و بەهێ پێی کە سافە وەک بلوورە لائیقی پاوانەیە عالەمێ بێ ڕۆح ئەکا وەختێ کە خۆیی ون ئەکا دیارە ڕۆژی تیا نەبێ دونیا وەکوو وێرانەیە قەت مەکەن لۆمەی ویساڵی خزمەتی ڕەیحان ئەکا وا لە دەوری شەمعی کوڵمی قەلبی وەک پەروانەیە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەیری کە جیهان مەخزەنی ئەسراری خودایە سەیری کە جیهان مەخزەنی ئەسراری خودایە ئەم دڵبەری نەوڕەستە کە موشتەق لە سەفایە جانا وەرە تێفیکرە لە ئەوزاعی جیهانی ئامالی خەلایق کە هەموو جەور و جەفایە عاجز مەبە ئەی یار لە گوفتاری ڕەقیبت مەعلوومە شەیاتینی عەدووی مەردی خودایە بۆیە وەکوو سەگ کەوتووە ئەو پیسە لە دەرگا دامانی ئەمن بگریت و هەر چی سوڵەحایە خۆت لادە ئەتۆ لەو کەرە نەک تووشی زەرەر بی تێی هەڵدە بە شەق ئەو سەگە تەعەجلجوزی جەزایە تەسبیحی لە دەس ناوە وەکوو دێوی مەکرباز ئەورادی هەموو غەیبەتی شێخان و مەلایە نازانێ کەوا غەرقە لەنێو جەهلی مورەککەب ئەو جاهیلە لای وایە ڕەئیسول عولەمایە کەللەی وەکوو دەستاڕە بە دەستاڕی خووەینی بۆ جیفەیی دنیایی هەموو کاری ڕیایە بەحسی مەکە ئەو پیسە وەکوو گووی نەجیسە تا تێوەی ژەنی بۆنی لەبۆ خەلقی خودایە بەحسی مەکە ئەمجا وەرە نێو باخی لەتافەت بەعزێ بچنە غونچە لە بۆ ئەهلی وەفایە پارچەی غەزەلت بێنە لە دوکانی خەیاڵت بۆ قامەتی ئەم نەوگوڵی بوستانی سەفایە ئەم بیکرە عەرووسە کە دەڵێی حۆری جینانە شایستەیی مەددە بە مەسەل شەمسی زوحایە مەنعی مەکە دڵ دائیزی نێو زوڵمەتی زوڵفە پەروانە بە شەو زاهیرە، مائیل بە چرایە وەک بێژەنی بێچارە لە زیندانی غەریبی دڵ مونتەزیری میهتەری ئەلتافی خودایە یارەببی ڕەقیب تووشی بەڵا بێ بە عەیانی فاریغ نەبێ یەک دەم لە غەم و جەور و جەفایە وەک حەزرەتی مووسا وەرە مەیدانی موباریز خەوفت نەبێ ئەو حیلەیە دەفعی بە عەسایە گوێ مەگرە ویساڵی لە قسەی عالەمی نادان هەر چی دەڵێ هەر کیزبە لە سەر دامی خەتایە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەیری کە عەجەب مەنبەعی ئیحسانە تەوێڵە سەیری کە عەجەب مەنبەعی ئیحسانە تەوێڵە ئیمرۆکە کە پایتەختی سولەیمانە تەوێڵە وەک بورجی سەما، مەتلەعی ئەنواری ئیلاهە جێی ماهی بەها و شارقی عوسمانە تەوێڵە مەجنوون و سەراسیمەیە هەرکەس بە ئومێدێ بۆ دین و جیهان مەلجەئی ئیحسانە تەوێڵە ناحەق نییە عالەم وەکوو پەروانە دەسووتێن بۆ ئەهلی دڵان شەمعەی شەبستانە تەوێڵە بە حەقیقەت عەلییە قائیمی ئیرشادی تەریقەت سەد شوکر کە جێی شاهی موریدانە تەوێڵە مەحفووزە یەقین خاکی لە بەدکار و حەسوودان ئێستاکە کە وا مەنزەری سوبحانە تەوێڵە وەک نووحە لەبۆ بەحری شەریعەت شەهی مەولا ئەلحەق لە ئەزەل مەنزڵی شاهانە وەڵە بەسیەتی ویساڵی مەکە تەعریفی خیسالی مەعلوومە کە وا ڕەوزەیی جانانە تەوێڵە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شاهیدم ئەمڕۆ لە باغا غونچەیەکی سەرچڵە شاهیدم ئەمڕۆ لە باغا غونچەیەکی سەرچڵە مەنشەئی عەشقی دەروون و مەرکەزی فیکری دڵە بولبولی دڵ گەر نەبێ سەرمەست بە عەتری میشک و خەت یەحتەمیل لەم باغە نەڕوا، ڕۆینی ناقابیلە خزمەتی مزگەوت و حوجرە و خانەقاکەی بۆ چییە؟ ڕەندی عاشق هەر لە مەیخانە مورادی حاسڵە سونبول و ڕێحانە و مینای لەلا مەتلەب نییە کۆششی بولبول لە شەودا بەینێکە هەربۆ گوڵە بێ ڕیا ئێستە ویساڵی عاشقێکی موخلیسە گەر گوڵێکی پێ نەدەن لەو باغە کاری موشکیلە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: عەجەب دەشتێکە مێرگاسە پڕی نەسرین و لالایە سەبارەت: تەعریفی مێرگاسە عەجەب دەشتێکە مێرگاسە پڕی نەسرین و لالایە مەکانێکی خۆش و ئەعلا وەکوو خولدی بەرین وایە عەجەب دەشتێکی مەیدانە، جەمیعی باغ و بوستانە مەکانی حوور و ویلدانە، بەهەشت ئاسا دڵارایە عەجەب دەشتێکی ڕەنگینە، بە ڕەیحانە و بە نەسرینە عەجەب قەسرێکی شیرینە، وەکوو باغی زوڵەیخایە وەرن یاران تەماشا کەن، تەماشای مەجلیسی چا کەن دەف و تەمبوورێ پەیدا کەن، لەبۆ ئەم بەزمی دارایە تەماشا کەن لە گوڵزاری، لە مەحبووبانی گوڵزاری لە بولبول بۆ ڕوخی یاری، چلۆن حەیران و شەیدایە مەکانی عوشرەت و عەیشە، مەکانێکی فەرەحبەخشە بەدائیم مەست و سەرخۆشە، کەسێ گەر وا لەوێدایە تەماشا کەن لە بوستانی، گوڵی وەک لەعلی ڕوممانی تەماشا کەن لە مەرجانی، چلۆن پەخشانی سەحرایە مەکانی عوشرەت و شادی، مەکانی گەردن ئازادی مەقامی کەیف و دڵشادی وەکوو مەیخانە ئاوایە عەجەب خاکێکی نوورینە، مەکانی تەن بلوورینە برووجی ماه و پەروینە، شەبیهی تاقی مینایە عەجەب ئەرزێکی پڕ میسکە، لەگەڵ ئەرزی ئیرەم خوشکە مەکانی عەنبەر و میشکە، میسالی خاکی تاتایە بەدائیم بادەیی ئەحمەر، بە دەستی ساقیی سیمبەر نەزیری مەجلیسی قەیسەر، شەبیهی بەزمی دارایە کە بۆ مەخلووقی مێرگاسا وەکوو جەننەت بەهەشت دەرکا لە مەخلووقانی بێهەمتا، نیشانەی لوتفی مەولایە کە کانیلان و سارد ئاوە و بنەفشەزار و لاولاوە عەجەب دڵگیر و خۆش ئاوە، مەقامی عەیشی دنیایە چنار و ڕاهی زینوانە. قەریبی باغی ئاشانە عوموومی سونبولستانە، نەزیری ڕۆح ئەفزایە یەکێ دەروی سڵاوگانە، کڵاومەند و کلێتانە جەمیعی ڕێی موسڵمانە، چ مسکین و چ پاشایە بەڵێ ئەم باغ و بوستانە نەزەرگاهی حەبیبانە فەرەحبەخشی دڵ و جانە، مەقامی گشت ئەتیببایە وەرن تێر بن لە سەیرانی، لە سەروی عەرعەر و بانی بکەن مەدح و سەناخوانی، بڵێن یا غەوسی بەغدایە تەماشا کەن لە ئەنهاری، وەکوو تەسنیمە جۆباری لە چەشمەی گەر دەبێ جاری، دەڵێی شەهدی موسەففایە عەجەب سەرچەشمەیی جانە، مەکانی دوڕڕ و مەرجانە شیفایی جەمعی دەردانە، وەکوو ئاوی بەقا وایە بە سەردی هەر دەڵێی بەفرە، بە ڕەنگی هەر وەکوو خەمرە بە تەعمی هەر وەکوو شەکرە، عەجایب نەشئە بەخشایە بە هەیئەت چەشمەیی کەوسەر، لە دەوری عەرعەر و ئەستەر مەکانی لالە و شەشپەڕ، مەقامی ئاڵ و واڵایە لە لایێ لالەیی حەمرا، لە لایێ نەرگسی شەهلا لە لایێ سەبزەیی غەبرا، هەموو نەعنا و مینایە لە لایێ باغ و بوستانە، لە لایێ خەیمە هەڵدانە لە لایێ بەزم و سەیرانە، لە لایێ بادە پەیمانە لە لایێ بەزمی شاهانە، لە لایێ بەزمی خووبانە لە لایێ بەزمی شۆخانە، میسالی عیدی پاشایە لە لایێ نەوجوانانە، لە لایێ نەوعرووسانە لە لایێ نەونەمامانە، لە لایێ ماهی سیمایە لە لایێ باغی ڕەیحانە، لە لایێ سێو و ڕوممانە لە لایێ مورغی حەیرانە، کە ئاوازی هووەیدایە لە لایێ چایی گێرانە، لە لایێ هەر چراخانە لە لایێ بەزمی ڕەندانە، سەدا و ئاوازی گۆیایە لە لایێ بەزمی تورکانە، لە لایێ گەوهەر ئەفشانە لە لایێ مەی لە مەیدانە، لە لایێ ساقی شەیدایە لە هەر چی تۆ تەسەوور کەی، لە هەرچی تۆ تەفەککور کەی لە هەرچی تۆ تەنەززور کەی، لەوێ یەکسەر موهەییایە عەجەب دەشتێکی دڵگیرە، مەکانی سێو و هەنجیرە کە خاکی عەینی ئیکسیرە، مەکانی عەتری بیزایە عەجەب جایێکە مێرگاسا، میسالی گومبەدی مینا نییە ئەسڵەن مەقامی وا، لە نوقسانی موبەڕڕایە عەجەب دەشتێکی ڕاوەندە، بە سابات و سەکۆ بەندە خۆش و دڵگیر و خورسەندە، مەزیلی دەرد و غەمهایە عەجەب دەشتێکە شین ڕەنگە، دوڕ و لەعل و گوڵ و سەنگە بە میسلی تاقی مەی ڕەنگە، لە ڕەنگی چەرخی خەزرایە بیحەمدیللا هەموو ئەکمەل، هەموو شیرین لەب و ئەفزەل هەموو زیباڕوخ و ئەجمەل، وەکوو ئەهلی بیارایە جیهان مەعموورە بەو جێگە، دڵیش مەجبوورە بەو جێگە کە چون پڕ نوورە ئەو جێگە، لەبۆ وی شێت و شەیدایە بەڵێ جێگەی سولەیمانە، نەزەرگەی شاهی سوڵتانە سەراسەر پڕ لە خووبانە، بەڵێ، بێ میسل و هەمتایە مەکانی شەیس و جەرجیسە، مەقامی حەمد و تەقدیسە مەکانی دەرس و تەدریسە، نەزیری میسر و بەغدایە عەجەب خاکێکی؟ عەجەب خاکێکی مەسعوودە مەکانی سەندەلی و عوودە، وەکوو باغی سەمەن وایە منم گەر وا لە بێتووشا، شکست و خار و بێتۆشە دڵم پڕ تاب و پڕ جۆشە، دەڵێی گێژابی دەریایە عەجەب باغێکە ئەو باغە، محەممەد سینە پڕداغە مەکانی گەر قەرەداغە، دەڵێی دائیم لەوێدایە دڵیش گەر وا لەوێ ئێستا، بەخۆرایی نییە وەڵڵا شکەنجی توڕڕەیی لەیلا، لەبۆ مەجنوونی شەیدایە لەبەر سایەی درەختانی، نەبینی شەمسی نوورانی وەرە گەر تۆ قسەزانی، بکە تەعریفی ئەو جایە تەماشا ئەرغەوانانی، تەماشا کە گوڵاڵانی تەماشا گوڵبەهارانی، بەدائیم چەتری هەڵدایە تەماشا زەڕڕی تێزابی، تەماشا دوڕڕی خۆشابی تەماشا سەروی تێرابی، شەبیهی زوڵفی ڕەعنایە چ حاجەت وەسفی ئەو جێگا، ویساڵی تۆ بکەی ئینشا نیشانەی وەسفی مێرگاسا، لەسەر ئیسمی موسەممایە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: موحەققەق بوو لە عالەمدا وەرن یاران بە مەردانە سەبارەت: بۆ شێخ عەبدولکەریمی گەیلانی موحەققەق بوو لە عالەمدا وەرن یاران بە مەردانە شەهی عەبدولکەریم نائیب مەنابی پیری گەیلانە دڵی عالەم مونەووەر بوو بە دنگی کۆسی ئیرشادی ئیلاهی بەرقەراری کەی لەبۆ ئەم گشت مریدانە بحمد الله تەریقەی قادری ئەمڕۆ بە لوتفی ئەو بووە ئەحیا بە یەک دەفعە موقابیل ڕەسمی جارانە عەجائیب مورشیدی چاکە، لە ئەفکاری بەدی پاکە لە قسەی خەڵقی بێباکە، غەریقی بەحری عیرفانە بە خووبی یۆسفی سانی، بە هیممەت قوتبی ڕەببانی لەلای جەهر و نیهانی وەکوو یەک هەر نومایانە سەخاوەت حاتەمی تائی، شوجاعەت خالیدی غازی بە حیکمەت ئیبنوسینایی، فەساحەت شوبهی سەحبانە لە سیدقا میسلی سەدیقە. لە عەدلا ئیبنی خەتتابە لە عیلما شێری کەڕڕارە، لە حیلما شوبهی عوسمانە عوموومەن پیری ئەم وەقتە لە ئیرشادی پەرێشانن کە عالەم وا بە یەک دەفعە بوون مەجزووب و دێوانە کەسێ مەعلوولە ئەمڕۆ کە بچێتە ژێر کەمەندی ئەو کە لوتفی ئەو لەبۆ دەردی گونەه دەرمانی لوقمانە بریقەی بەرقی ئیرشادی هەڵی گیرسان سیراجەددین لە تەئسیری حەدیسی ئەو هەموو عالەم موسوڵمانە لە دونیا مورشیدی کامیل ئەوە بۆ حەللی هەر موشکیل ئەوە لوقمانی دەردی دڵ گوڵی فیردەوسی ڕیزوانە عەسای لوتفی دەکا شەققی یەمی عوسیان لە بۆ خەڵقی خۆتان ڕاهی کەن ئەی عالەم لەنێو ئەم بەحری نسیانە چ حاجەت تۆ بەیانی کەی ویساڵی فەزڵی ئەو شێخە دیارە کەشفی ئەو پیرە وەکوو خورشیدی تابانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: موددەتێکی زۆرە عەزمی دیدەنی یارم هەیە موددەتێکی زۆرە عەزمی دیدەنی یارم هەیە بۆ ئیشارەی مەقدەمی گوڵ، چاوی خونبارم هەیە سینەکەم سووتا بەتابی عەشقی ڕویی نازەنین هەروەکوو مەجمەر هەمیشە قەلبی پڕ نارم هەیە هەمقەرینی ڕۆژ و شەومە حوببی بەلقیسی حەبیب وەک سولێمانی جێیانی لەعلی دڵدارم هەیە هەر وەکوو بولبول غەزەلخوانم بەسەر شاخی گڵۆ بەزمی عوشرەت ساز ئەکەم چون عەیشی گوڵزارم هەیە من لەگەڵ دەمسازی غەمدا تەپڵی شاهی لێ ئەدەم خەسرەوی شیرین نیگارم، قەسری زرکارم هەیە وا تەڵاقم دا عەجووزەی هیجر و شاهید بن ڕەفیق بیکر و وەسڵم بۆ پەیا بوو، ئارەزووی نارم هەیە هەوری زوڵفی وا لەسەر ماهی ڕوخی زائیل بووە تاری هیجرانم بەسەر چوو، شەمسی دیدارم هەیە وا لە مەیخانی فەرەحدا شاهید و مەی حازرن خاترێکی جەمع و خۆش و یاری نازدام هەیە هەر سەحەرگە نەغمەخانم میسلی قومری خۆش نەوا سەد شوکر ئێستە لە باغا وەردی بێ خارم هەیە ڕۆژ و شەو مەستم بە جامی خەمری بۆسی لێوی یار هەر وەکوو قەیسەر هەمیشە یاری خوممارم هەیە کەوکەبی سەعدم لە مەتلەع حمدللە تالیعە بەم هەموو جاه و جەلالە بەختی بێدارم هەیە نەونیهالی باغی ئۆمید، ئەی ویساڵی هاتە بەر لائیقە ئێستە بنازم سەرو و جوبارم هەیە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: موژدە بێ ئەی دڵ دەڵێن بولبولی تابستان هاتەوە موژدە بێ ئەی دڵ دەڵێن بولبولی تابستان هاتەوە بەزمی گێڕا ئەهلی عەسر و دڵحەزینان هاتەوە مووددەیێ بوو چوو بوو بۆ هەولێر و کۆ بۆ ئیش و کار حەمدولیللا، کاری چا بوو، گوڵ بە خەندان هاتەوە جەمعی ئەحباب هەموو بووبوون بە یەعقووبی زەمان ئێستە دڵخۆشن کەوا شاهید بە کەنعان هاتەوە گوڵ کە ڕۆیی لەم مەقامە چاوی دڵ تاریک بووە ئێستە پڕ نوورە کەوا ماهی درەخشان هاتەوە قاسیدی بادی سەبا موژدەی بە گۆشی من گەیاند باعیسی تەفریحی قەلبی جینن و ئینسان هاتەوە تێفکرە ئێمڕۆ لە سایەی خوا و فەخری ئەنبیا بۆ شکستی دوشمنی دین، مەردی مەیدان هاتەوە با حوسوولی جوملە مەتڵەب ئەی دڵا شادی بکە لەو وڵاتی دوورەوە تەشریفی جانان هاتەوە هەر کەسێ عەقڵی ببێ ئیمڕۆ جلووسێ ساز ئەکا چونکە بۆ ئەم عالەمە شەمعی شەبستان هاتەوە زەمزەمەی شادی لەناکاو کەوتە ناو ئەهلی زەمان چون لەبۆ موژدەی سەبا مورغی سولەیمان هاتەوە مەست و دڵخۆش بووم لەگەڵ زومرەی مەریزانی جیهان وەقتێ مەعلووم بوو کەوا تەشریفی لوقمان هاتەوە موڵکی کوردان بەینێکە بووەتە نەشیمەنگاهی کوند موژدە بۆ یاران ئەوا میعماری وێران هاتەوە زەڕڕەیە ئاسایش و ڕاحەت نەما بۆ بوعدی یار شوکرولیللا مەنبەعی ئەلتاف و ئیحسان هاتەوە ئەو کەسە خالیق کە ئەووەڵ دەفعە ناوی نا حەسەن ئیمڕۆ با حوسنی تەواو و تەبعی شادان هاتەوە تائیفەی کوردان دوێنێ پەرێشان بوو بە غەم کەوکەبی فەرخوندەیان ئیمڕۆ بە تابان هاتەوە ئەی ویساڵی غەم مەخۆ چیدی لەبۆ دیداری یار گوڵ لەبۆ جێی خۆی بە ئەمری شاه و سوڵتان هاتەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەفەرموو پیرە عومری سەد ساڵە مەفەرموو پیرە عومری سەد ساڵە لە تەبیعەتا هەر چواردە ساڵە با هەموو عالەم بڵێن زۆر پیرە ئەوە تێناگەن هێشتا مناڵە چونکە زاهیرەن کاڵ دەس ناکەوێت بەهی کوڵیویش هەر ئەلێم کاڵە لە بەدەس کورتی پیرم لا جوانە بێ ماڵ کچی جوان خەیلێ مەحاڵە بە بێ دەسمایە کە چوویتە بازار سەد سەودا بکەی هەمووی بەتاڵە وەختی بە گەڕان هیچت دەس نەکەوت موحتاج ئەبیوە بەو پیرەزاڵە بەڵێ زۆر خۆشە ئەگەر دەس بدەن ئەو چاوە کاڵ و ئەو لێوە ئاڵە هونەر هیچ نییە، سەروەت حەسابە چونکە عیززەتی دنیا بە ماڵە چاو بقووچێنە و ڕازی بە بە پیر کچ بۆ تۆ نابێ خاڵە، خەیاڵە زەمانە نەیهێشت بگەین بە مەقسوود زوو خستنیە ناو ئەم کێو و چاڵە فەورەن پێستیان لەبەر داڕنی هەتا خوێنیەوە ڕێوی قەباڵە الحکم لله، ڕازیم بە قەزا مناڵ دوام کەوتوون بە خاڵە خاڵە خودا کە نەیدا شەرابی شیرین بەم ئاوە ڕازیم هەرچەند کە تاڵە ویساڵی مەدوێ ئێتر لە بنکڕ بۆ تۆ ناخورێ ددانت ئاڵە کە نەیبوو گوڵی گوڵاو ویساڵی مەجبوور ڕازییە بە گوڵی ژاڵە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وتم دەمتە وە یا غونچە وتی ئەو نوقتە مەوهوومە وتم دەمتە وە یا غونچە؟ وتی ئەو نوقتە مەوهوومە وتم زاغە لە باغی ڕووت؟ وتی خالێکی هندوومە وتم بۆچ ڕا بە عینوانی؟ وتی من شاهی خووبانم وتم ئێمەیش غۆڵامی تۆین، وتی مەشهوور و مەعلوومە وتم تۆ بۆ چی وا سرکی؟ وتی بۆ دولبەران ڕەسمە وتم بۆ عاشقت شێت کرد؟ وتی بابیشی هەر جوومە وتم شەو بوو لەسەر ڕۆژت؟ وتی بۆ کوێر بووی زوڵفە وتم چی شوعاعی خستە دڵ؟ وتی شوعلەیی مەهڕوومە دەمم برد ماچی لێوی کەم، وتی حەددت چیە لاچۆ وتم بۆ کێیە ئەو بەهرە؟ وتی بۆ یاری مەقسوومە تەنافی خستە ئەستۆی دڵ، وتم بۆ چیتە ئەم جوزئە؟ وتی لێی بێ میهرە، بە شەرعی ئێمە مەحکوومە وتم تۆ پادشای حوسنی، بە ئوممێدی خەڵاتی تۆین وتی خۆت شێت مەکە، بولبول هەمیشە خوار و مەحروومە وتم تا کەی دڵی میحنەتزەدەم ئاوارە بێ جانا وتی ڕێی باغی خۆم نادەم بە مسیلی کوندەبوو شوومە وتم تۆ سەیری ئەحواڵم وەکوو زوڵفت کە شێواوە وتی مردووت مرێ پەروانە دایم شیفتەیی موومە وتم کون کون بووە جەرگم بە نووکی تیری موژگانت وتی منداڵی تێناگەی لە نازی چاوی جادوومە وتم مەخمووری لێوی تۆم، خودا هەڵناگرێ، بەسیە! وتی هەی هەی سەدی وەک تۆ نچیری داوی گێسوومە وتم تۆ بۆ نیگا ناکەی؟ هەموو هەر ئینتیزاری تۆین وتی ئێۆە عاقڵ نابن، بە ڕۆژ ئەستێرە مەعدوومە وتم بۆ ئاشنا نابێ بە سەمعت دەنگی ئەفغانم وتی وا تێ مەگە بێ دڵ، منیش بەینێکە بیستوومە وتم پەڕەی گوڵی کوڵمت وەکوو پەژموردە بێ وایە وتی عەڵت ببێ، نابێ، گوڵی من غەیرە مەشموومە وتم تاکەی لە گوڵزارت ویساڵی خوار و مەحرووم بێ؟ وتی کافی! ئەوە بەسیە کە شیعری خۆش و مەنزوومە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەک ڕەحمەتی بۆ عام شوکر ناوت ئەمینە سەبارەت: پێنج خشتەکی لەسەر شیعری وەفایی وەک ڕەحمەتی بۆ عام، شوکر ناوت ئەمینە بۆ دەردی دڵان لەعلی لەبت مائی مەعینە ئەقتاری مەدینەت وەکوو فیردەوسی بەرینە «ڕۆحم بە فیدات ئەی گوڵی گوڵزاری مەدینە لوتفت ببێ، ڕوو وا بکە، مەقسوودی مە دینە» پەروانەیی ڕووی تۆ بە دڵی جیننی و ئینسان بۆ تۆیە کە چاوم دەڕژێنێ دوڕ و مەرجان هیجرانی وەکوو زەهر و ویسالت وەکوو لوقمان «دەرمان مەکە هاتووینە حەکیمی هەموو دەردان دەرمان بکە، جەرگم کە هەموو کۆنە برینە» عالەم هەموو سەرگەشتەیە بۆ لەیل و نەهارت دڵ مەستە بە بۆی سونبولی تارت هەرچەندە کە دوورم لە گوڵستانی دیارت «عومرێکە دەناڵم بە ئومێدی گوڵی زارت جارێکی بفەرموو کە چ هاوارە، چ شینە» هاواری ---- موژەی تۆیە ---- فانی ئەبێ هەر کەسێ کە ئەبینێ خەم ئەبوو باکم نییە گەر دەوڵەتی دنیام لە دەس چوو «فەرزەن هەموو دنیای من و عومری خزرم بوو بێ جەننەتی ڕووی تۆ، چ حەیاتێکە چ ژینە» بۆ کوشتنی دڵ، سەیفی دوو ئەبرۆی لە ساودا دڵ عاشقی بێ چارەیی مەزڵوومی لە داودا سڕڕێکە کە هەر بەحسی جوانیتە لە ناودا «ئیحسانی گلی خاکی دەری پاکە لە چاودا بۆیە کە فەلەک تا هەیە چاوی لە زەمینە» ڕەحمێ بکە ئەی شاه لە گەڵ دەربەدەری خۆت باسی بکە جارێ بە لەبی گوڵ شەکەری خۆت ئیزنی دە کە بێت جارێ لەبۆ ڕەهگوزەری خۆت «ڕۆشن بکە چاوی بە گڵی خاکی دەری خۆت بۆ غەیرە کە فەرشی قەدەمت عەرشی بەرینە» هەر کەس چوو ویساڵی کە نەبا باری مەلامەت حاسڵ نییە بۆ ئەو کەسە قەت گەنجی کەرامەت گەر جارێ ببینم بە عەیان ماهی تەمامەت «نایدەم بە هەموو دەوڵەتی دنیا و قیامەت جارێ بە وەفایی کە بڵێی کەلبی ئەمینە» ڕۆحم بە فیدات ئەی گوڵی گوڵزاری مەدینە لوتفت هەبێ ڕوو وا بکە مەقسوودی مە، دینە بەو جێگە بوویتە شەرەف و قورب و مەقامت لوتفت ببێ بمبەخشە وەرە جورمێ مەبینە دەرمان مەکە، هاتوومە حەکیمی هەموو دەردان! دەرمان بکە جەرگم کە هەموو کۆنەبرینە عومرێکە دەناڵم بە ئومێدی گوڵی زارت جارێکی بفەرموو کە چ هاوارە؟ چ شینە؟ فەڕزەن هەموو دونیا من و عومری خزرم بوو بێ جەننەتی ڕووی تۆ چ حەیاتێکە؟ چ ژینە؟ ئیحسانی گوڵ و خاکی دەری پاکی لە چاودا بۆیێکە فەلەک تا هەیە چاوی لە زەمینە ڕەوشەن بکە چاوم بە کلی خاکی دەری خۆت بەو عیززەتە فەرشی قەدەمت عەرشی بەرینە زولفت لە دوولا شاد و گوشادن بە جەماڵت کوا ئەهلی شیمالی؟ هەموو ئەسحابی یەمینە مەوقووفی نیگاهێکە بفەرموو بە تەڕەححوم ژەنگاوییە ئاوی نییە ئاوێنەیی سینە پابەندی ئیشارێکە دەری کە لە دەروونم خودبینی و بوخل و حەسەد و نیخوەت و کینە بەو خاڵ و خەت و سووڕەتی گیسووی هەتە حەقیە مانی کە پەرێشانی سەنەمخانەیی چینە نایدەم بە هەموو دەوڵەتی دنیا و قیامەت جارێ بە وەفایی کە بڵێ کەلبی ئەمینە «وەفایی» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕەفیقان سەیری ئامین کەن کە چ مومتاز و شیرینە ڕەفیقان سەیری ئامین کەن کە چ مومتاز و شیرینە لە باغی جوانیا دائیم خەریکی ناز و گوڵچینە لە بۆ ماچی دەمی کوڵمی تەماشا ئەرقەمی زوڵفی بە میسلی ئەژدەها هەر دوو چ مەنناعێکی پەرژینە دووسەد عاشق لەلای بمرن ئەبەد ڕوویان لە لا ناکا ئەوەندەی عەیبە ئامنیە کە چەند بێ ڕەحم و بێ دینە بە جوانی ماهی ڕوخساری لە نەوعێ مەست و مەغروورە لە کەس باکی نییە ئەسڵەن، لە تیری تانە تەئمینە بە تیری غەمزەیی نازی دڵ و جەرگم بریندارە بحمدالله شەهیدم من، بە سوێی ئەو زامە خوێنینە وەکوو مەجنوونی سەرگەشتە، هەمیشە جێم دەر و دەشتە لە عەشقی ڕوویی ئامینە کە دڵ هەر شوغڵی ناڵینە ڕەفیقان ئێوە هەر وەک من تەماشای جوانی ئامین کەن جەماڵی حوانی ڕەنگینە، بەڵی قابیل بە تەحسینە دەمی ئاخر ئەگەر جارێ ببینم ڕوویی پڕ نووری سەلب نابێ ئیمانم، ئەو مردنەیشم لە لا ژینە زەعیف و زەردی ئامینم، نەخۆشی دەردی ئامینم لە دووری یاری شیرینم وجوودم خەیلێ بێ تینە ئەگەر بۆم بانگی ئامین کەن، بخوێنن سوورەتی یاسین کە زیندوو ئەبمەوە دووبارە بە ئەو ئەلفازە شیرینە ویساڵی دڵ بریندارە، بە دەردی خۆی گرفتارە شیفای ئەو دەرد و ئازارە، بە ماچی لێوی ئامینە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەم چایە لەم جیهانە مەحبووبی ئینس و جانە هەم چایە لەم جیهانە، مەحبووبی ئینس و جانە تەبیبی دەردی قەلب و ئارامی ڕۆح و جانە ئەسبابی نەزمی سەقفی بەیتی وجوود و عامە ئەرکانی بەزم و عەیشی دڵداری جاویدانە تەفریحی ئەهلی ویجد و تەزیینی تەختی شایە مەمدووحی ئەهلی حاڵ و مەتڵووبی عاشقانە تەنقیحی نەفسی عام و ئەربابی ئەولیایە مەشرووبی ئەهلی دنیا، خورشیدی گوڵستانە تەحسینی وەجهی شەخس و تەسکینی ئێشی سەرە تەنویری چاو و ڕوکنی ئەبدانی ناتەوانە ئەسبابی زیکر و فیکری پیران و پارسایە تەرفیعی عیزز و جاهی مەخلووقی ئاسمانە تەشریحی سەدری خەڵک و ڕەنگین و مەجلیس ئارا تەرتیبی زوڵف و خاڵ و گێسوویی دڵبەرانە مەنزووری شێخ و عالەم، مەعشووقی پیر و جوان مەبغووزی مودخیلان و مەقبوولی سەروەرانە مانەندی لەعلی یارە، دەرمانی دەردەدارە شیرین و ئابدارە، ڕەنگ میسلی ئەرغەوانە شیفای دڵی فیگارە، ئەوسافی بێ شومارە مەتبووعی یاری غارە، ڕەفیقی ڕاستانە عەدوویی ئەغنیایە، مەنسووبی ئەتقیایە هەم دەرد و هەم دەوایە، جانبەخش و جانستانە بێجورم و بێ هەوایە، پڕ نوور و پڕ سەفایە مەوجوودی لوتفی خوایە، ڕەفیقی شا و سەپانە شەوقی دڵی ویساڵی، دائیم بە عەکسی چایە بە شەمعی چایە ڕۆشن، بەزمی عێراق و بانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەوی خوێڕی نەبێ و ئازانە بڕوا ئەوی خوێڕی نەبێ و ئازانە بڕوا لە مەحشەر نابێ قەت مەهتووک و ڕیسوا ئەگەر بێکارە بێ وەک تۆ ویساڵی سەروبن تێی ئەخەن مەئمووری مەولا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەتا لەم تۆزە عومرت ماوە ئێستا هەتا لەم تۆزە عومرت ماوە ئێستا مەبە غافڵ لە زیکر و فیکری مەولا بەجێ بێنە ئومووری خوا و ڕەسوولی وەکوو جەلبە لە قاپی حەق تەعالا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەگەر چی زۆرە ئەلحەق بەحری ڕەحمەت ئەگەر چی زۆرە ئەلحەق بەحری ڕەحمەت بە تۆ چی موزنیب و دڵ پڕ لە قەسوەت دڵم خۆشە بە ئایات ئەی ویساڵی ڕەحم بۆ موزنیبە، ئەمما بە زەحمەت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەبە لاڕێ لەسەر جادەی شەریعەت مەبە لاڕێ لەسەر جادەی شەریعەت مەبە غافڵ لە ئادابی تەریقەت لە بەحری مەعریفەتدا ئەی ویساڵی ئەگەر غەوواسی بۆ دوڕڕی حەقیقەت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەگەر عەفوی خودا نەتکا سەبوکبار ئەگەر عەفوی خودا نەتکا سەبوکبار بە زنجیری عوقووبەت مل گرفتار ویساڵی بەرمەدە داوێنی ئەبرار ئیتر تۆبە بکە و لادە لە ئەشرار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەگەر مەردی بەبێ دەسمایە ئەی یار ئەگەر مەردی بەبێ دەسمایە ئەی یار ئەبی ڕیسوا لە بەینی یار و ئەغیار بە تاعەت مایە پەیدا کە ویساڵی بە موحتاجی مەچۆرە شار و بازاڕ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بڕۆ شێخێکی کامیل بگرە ئەی پیر بڕۆ شێخێکی کامیل بگرە ئەی پیر لەبۆ دونیا و قیامەت بێتە دەستگیر ئەگەر پەیدا نەکەی شێخێک ویساڵی ملت حازر بکە بۆ داوی زنجیر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەگوێرەی ئەمری نەفس و دێوی غەددار بەگوێرەی ئەمری نەفس و دێوی غەددار خەریکی ئیشی بەد بی و پیسیی کردار ویساڵی بێشک ئەیبینی و ئەچێژی عەزابی سەخت و ئێشی شیددەتی نار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەدە عومرت بە زایع ئەی برادەر مەدە عومرت بە زایع ئەی برادەر مەبە غافڵ لە یادی حەییی ئەکبەر بە کارت نایێ ماڵ و حاڵ و دونیا ویساڵی هەوڵ بدە بۆ ماڵی ئەو سەر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەتۆ کەی بووی موتیعی ئەمر و فەرمان ئەتۆ کەی بووی موتیعی ئەمر و فەرمان بە چی داوا ئەکەی تەشریف و غوفران بە ڕێگەی موستەقیما ئەی ویساڵی بڕۆ، تا خۆش ببێ لێت حەییی مەننان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەوانەی پیاوی خوا بوون گشت بە ئیمان ئەوانەی پیاوی خوا بوون گشت بە ئیمان بە مەردی گۆی خۆیان دەربرد لە مەیدان ویساڵی تۆ گەر نەباری بە عیسیان بە جێ مای، تازە قەت ناگەیتە مەردان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە شەونوێژ و لە ئەورادی سبەینان بە شەونوێژ و لە ئەورادی سبەینان بکە جەلبی ڕەزایی حەییی مەننان مەکە تەلویسی داوێنت ویساڵی ئەگەر پێت خۆشە عەیشی باخ و ڕیزوان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەڵێ ئێمە شکست و ناتەواوین بەڵێ ئێمە شکست و ناتەواوین لەژێر باری گوناها پشت شکاوین ویساڵی دوورە ڕێت ناگەیتە مەنزڵ هەموو پێخاوس و ڕووت و بڵاوین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەرابی جەننەتم ناوێ بەغەیری وەسلی مەعشووقان شەرابی جەننەتم ناوێ بەغەیری وەسلی مەعشووقان کە بێ زینەت ئەمێنێ شەمعی لاچوو مەجلیسی ڕەندان ویساڵی عاشقی یارە، لە دووری یارە بیمارە دڵی پڕ جۆش و هاوارە، ئەڵێ یا ڕەب بەسە حیرمان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەبی لاڕێ لە جادەی ئەولیاکان نەبی لاڕێ لە جادەی ئەولیاکان نەوەک ون بی و ببی وێڵی بیابان ویساڵی وەک سەگی ئەسحابی کەهفی دەخیلە بەرمەدە دامێنی چاکان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کاکە بۆ حیرس و تەمەع بەسیە ئیتر سوێنی درۆ کاکە بۆ حیرس و تەمەع بەسیە ئیتر سوێنی درۆ لادە لەم جادە کەچە هەستە وەرە ڕاست بڕۆ ئەی ویساڵی قسەکەت سوودی نییە ڕاستی نەما چون نەما ناوی خودا ئێستە بەڕاس غەیری درۆ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەبە تالیب بە ئەسبابی مەلاهی مەبە تالیب بە ئەسبابی مەلاهی تەجەننوب کە لە گێژاوی مەناهی مەکە سستی ویساڵی شەو لە تاعەت مەبە مەحرووم لە فەیزی سوبحگاهی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەتا کەی تابیعی نەفسی خەسیسی هەتا کەی تابیعی نەفسی خەسیسی لەگەڵ مادوون و ناکەس هەمجەلیسی دڵی گرتووی ویساڵی ژەنگی عیسیان چلۆن ئەچیە حوزووری خوا بە پیسی؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەتا کەی جاهیل و بێ عەقڵ و خاوی هەتا کەی جاهیل و بێ عەقڵ و خاوی توفەیلی ساڵحان بە تاکوو ماوی ئەگەر بتبێ هەموو دنیا ویساڵی کە مردی مالیکی شەش یەردە جاوی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بڕۆ خاکت بەسەر هەر قۆڕ بەسەر کە بڕۆ خاکت بەسەر، هەر قۆڕ بەسەر کە لە فاک و فیکی دنیا خۆت بەدەر کە ڕەفیقیی ئەهلی بیدعەت ئەی ویساڵی هەتا کەی؟ ڕوو لە قاپی پێغەمەر کە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەسە تاکەی ئیتر تەرکی جەفا کە بەسە تاکەی؟ ئیتر تەرکی جەفا کە بە عەهد و شەرتی خۆت ئاخر وەفا کە سیاسەت پارە ناکا ئەی ویساڵی بەڕاستی ڕوو لە قاپی موستەفا کە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕەنگ و ڕووی خۆت بە تاعەت سوور و جوان کە ڕەنگ و ڕووی خۆت بە تاعەت سوور و جوان کە کە بەڵکی ڕووت ببێ ڕۆژی قیامەت لە خزمەت فەخری عالەمدا ویساڵی بە چاکی بت بێ ئوممێدی شیفاعەت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کە چونکە خوا غەفوور و هەم ڕەحیمە کە چونکە خوا غەفوور و هەم ڕەحیمە لەبۆ عالەم لەتیف و هەم کەریمە لەبۆ خاتری موحەممەد ئەی ویساڵی ئومێدە لێت ببوورێ ئەو حەکیمە ++++++++++++++++++++++