شاعیر: ویساڵی کتێب: دیوانی ویساڵی سەرناو: هەم چایە لەم جیهانە مەحبووبی ئینس و جانە هەم چایە لەم جیهانە، مەحبووبی ئینس و جانە تەبیبی دەردی قەلب و ئارامی ڕۆح و جانە ئەسبابی نەزمی سەقفی بەیتی وجوود و عامە ئەرکانی بەزم و عەیشی دڵداری جاویدانە تەفریحی ئەهلی ویجد و تەزیینی تەختی شایە مەمدووحی ئەهلی حاڵ و مەتڵووبی عاشقانە تەنقیحی نەفسی عام و ئەربابی ئەولیایە مەشرووبی ئەهلی دنیا، خورشیدی گوڵستانە تەحسینی وەجهی شەخس و تەسکینی ئێشی سەرە تەنویری چاو و ڕوکنی ئەبدانی ناتەوانە ئەسبابی زیکر و فیکری پیران و پارسایە تەرفیعی عیزز و جاهی مەخلووقی ئاسمانە تەشریحی سەدری خەڵک و ڕەنگین و مەجلیس ئارا تەرتیبی زوڵف و خاڵ و گێسوویی دڵبەرانە مەنزووری شێخ و عالەم، مەعشووقی پیر و جوان مەبغووزی مودخیلان و مەقبوولی سەروەرانە مانەندی لەعلی یارە، دەرمانی دەردەدارە شیرین و ئابدارە، ڕەنگ میسلی ئەرغەوانە شیفای دڵی فیگارە، ئەوسافی بێ شومارە مەتبووعی یاری غارە، ڕەفیقی ڕاستانە عەدوویی ئەغنیایە، مەنسووبی ئەتقیایە هەم دەرد و هەم دەوایە، جانبەخش و جانستانە بێجورم و بێ هەوایە، پڕ نوور و پڕ سەفایە مەوجوودی لوتفی خوایە، ڕەفیقی شا و سەپانە شەوقی دڵی ویساڵی، دائیم بە عەکسی چایە بە شەمعی چایە ڕۆشن، بەزمی عێراق و بانە ++++++++++++++++++++++