شاعیر: عورفی کتێب: دیوانی عارف عورفی سەرناو: سەبەب نامیهرەبانی حەزرەتی جانانەیە ئیمشەو سەبەب نامیهرەبانی حەزرەتی جانانەیە ئیمشەو کە شاری شۆڕشی سینەم وەکوو وێرانەیە ئیمشەو لە شوعلەی نووری ڕووی یارە دڵ ئارام ناگرێ ساتێ بەدەوری شەمعی ڕوویا هەروەکوو پەروانەیە ئیمشەو بەبێ جورم و جینایەت ئەم دڵی بێچارەیە بۆ چی؟ بە کۆتی دەست و پێ بەسراوی بەندیخانەیە ئیمشەو بەهاری غونچەیی گوڵزاری ڕووی جانانە باعیس بوو بەبێ سەبر و قەرار، دڵ ئارەزووی مەیخانەیە ئیمشەو لە کێوی بێستوونا دێ سەدایی گریەیی فەرهاد لە شۆری عەشقی شیرینی وەکوو دێوانەیە ئیمشەو دەمێکە مەزرەعەی بەختم ئەکێشێ دەردی بێ ئاوی شکور وا دەوری حەڵقەی مەه لەسەر خەرمانەیە ئیمشەو دەماغت زائیلە عورفی ئەبینم جوملە ئەشعارت لە لاوی لاچووە شێوەی لەسەر پیرانەیە ئیمشەو ++++++++++++++++++++++