شاعیر: عورفی کتێب: دیوانی عارف عورفی سەرناو: خوا ئەو زاڵمە بگرێ دوچاری مەرحەلەی کردم خوا ئەو زاڵمە بگرێ دوچاری مەرحەلەی کردم لە جوملەی ساڵحانا بووم و بەناحەق چۆن تەرەی کردم لەدیوانی جەزادا، با گوناهی من لە ئەستۆی بێ کە چاوی مەستی بوو، مەستی سوراحی و جامی مەی کردم دەمێ بوو گۆشەی خەڵوەت مەقامی جێنشینم بوو لەجێی کونجی عیبادەت وا دووچاری ساز و نەی کردم لە موددەی عومری خۆم هەرچەندە حەرفێکم نەزانیبوو وەلی ئایەی سەری گۆنای بوو فێری ئەلف و بێی کردم غەم و عەشق و فیراق و بێوەفاییی یاری ناهەموار کە شێوەی ئەرغەوانی ڕووم، بە زەردی ڕەنگی بەی کردم دەمێ بوو پاسەوانی میوەی باغی جەمالی بووم شوکور پێکهات دڵم ئەمجارە هاتوو و نۆبەرەی کردم جوانی چوو، بەسەر چوو عەشقبازی و لافی دڵداری کە چی تازە تەمەننای وادەی ئیمڕۆ و سوبەی کردم مەقامی عەیش، بارانی بەهاری سەبزی و خوڕڕەم بوو کە چی بەختی منیش وا هات حەواڵەی فەسڵی دەی کردم لە کونجی خەڵوەتا بێ غائیلە شاهانە ڕام ئەبوارد خودایا ئەو کەسە بگرێ دووچاری ئای و وەی کردم ++++++++++++++++++++++