شاعیر: کەمالی کتێب: دیوانی کەمالی سەرناو: مەشهوورە ئەڵێن شێر کە برسی بوو سەبارەت: ئامۆژگاری بۆ لاوەکان مەشهوورە ئەڵێن شێر کە برسی بوو لە بێشەکەی خۆی یەتە دەرێ زوو ئەگەڕێ بە تاو لە دەشت و سارا هەتا نێچیرێ زوو بکات پەیدا کە نێچیری دی خوێنی ئەمژێ تێکی ئەشکێنێ ئازا ئەیکوژێ تێری لێ ئەخوا و ئەگەڕێتەوە لە پاش ئەو ڕێوی ئەسووڕێتەوە ئەدۆزێتەوە زوو پاشماوەی شێر تێری لێ ئەخوا جا ڕێوی بێ خێر هەندێ مەرد هەیە هەروەکوو شێرن نەبەز و گەورە و ئازا و دلێرن زۆر کۆشش ئەکەن هەتاکوو ئەمرن منەتی باوکی خۆشیان هەڵناگرن پەیدا ئەکەن و تێری لێ ئەخۆن پاشماوەکەیان جێ دێڵن ئەڕۆن لە پاش ماوەیەک ئینسانی تەمەڵ تێر ئەبێ هەروەک مام ڕێویی دەغەڵ پاش ماوە مەخۆ وەک ڕێوی کاکە شێر بە پاشماوەی تۆ بخۆن چاکە ++++++++++++++++++++++