شاعیر: کەمالی کتێب: دیوانی کەمالی سەرناو: لە شاخ و کێوی دەرد و مەینەتا فەرهادی بێ حاڵم لە شاخ و کێوی دەرد و مەینەتا فەرهادی بێ حاڵم لە دەشت و چۆڵ و هەردەی وەحشەتا مەجنوونی عەوداڵم لە باس و خواسی دنیا ناگەم و قەت ناوی کەس نابەم لە عەیبی خەڵکی چاوپۆشی ئەکەم کوێر و کەڕ و لاڵم خەت و مەت پەشمە لام چیمە لە دەرسی کاڵی نەحو و سەرف خەریکی مەشقی عەشق و خوێندنی دەرسی خەت و خاڵم لە حەفتا تێپەڕیم و وا ئەزانن پیر و داماوم لەسایەی عەشقەوە وا تازە مەشغووڵی گڕوگاڵم بە شوعلەی هەر چرایەک من وەکوو پەروانە ناسووتێم بە شەوقی ڕووی نیگاری مەهجەبین سووتا پەڕ و باڵم کەمالم بێ ئیتر بۆ چیمە ماڵ و زیو و زێڕ لە سایەی خواوە خۆم خاوەن کەمالم گەرچی بێ ماڵم ++++++++++++++++++++++