شاعیر: کەمالی کتێب: دیوانی کەمالی سەرناو: شوکور ئینسانم ئەسڵا حەز بە ئازاری بەشەر ناکەم شوکور ئینسانم ئەسڵا حەز بە ئازاری بەشەر ناکەم زەرەر نادەم لە کەس خۆم تووشی فیتنە و دەردیسەر ناکەم لە توانامایە دائیم هاودەمی دێو و شەیاتین بم بەڵام مومکین نییە ساتێ ڕفێقی پیاوی کەر ناکەم گەلێ دوورن بڵندیی هیممەت و کۆکردنەوەی پارە قەلەندەر مەشرەبم من جەمعی خاشاک و شەرەر ناکەم فەلەک گەر بێ و بکا شاباشی من ئەستێرەکانی خۆی تەنەزوول بۆ تەماشای شەوقی خورشید و قەمەر ناکەم قەناعەت پەروەرم بە خوا تەمەعکاریم لە لا کوفرە دەنی نیم مەدحی خەڵکی بۆ دەسندە و زیو و زەڕ ناکەم موتەووەل بوو کەمالی باسی زوڵف و پەرچەمی دلبەر لە پێچ و تابی پەرچەمیا حیکایەت موختەسەر ناکەم ++++++++++++++++++++++