شاعیر: کەمالی کتێب: دیوانی کەمالی سەرناو: ساقی لە داخی خەمی زەمانە ساقی لە داخی خەمی زەمانە دەردم گرانە دەخیلم هەڵسە زووکە ئازانە تو خوا مەردانە *** بگەرە فریام یەکجار پەشێوم زۆر بار بەلێوم عەوداڵی دەشت و ڕەهەندەی کێوم وا قوڕ ئەپێوم *** سوپای خەم و دەرد هێرشی هێنا ئەمڕۆ تا فەردا وڵاتی دڵم ئەکا ئیستیلا کەس چاری ناکا *** ساقی گیان مەگەر تۆ بە پێکی مەی جەیش و سوپای خەم بشکێنی ئازا ڕزگارم بکەی لە دەرد و ماتەم *** بە یادی دیدەی مەستی سێوەنگت تێکە پێکی مەی لە شەوقی لێوی ئاڵی گوڵ ڕەنگت بمدەرێ پەی پەی *** دڵەی بە تاڵان براوم قوربان لە دەست سوپای خەم بسێنەرەوە توخوا ساقی گیان تکات لێ ئەکەم *** هەرچەندە دڵم بێ کەڵکە لای تۆ ئازیز بزانە بمێنێ چاکە نەونەمامی تۆ بۆتۆ قەڵغانە *** دوور ئەخاتەوە لێت دەرد و بەڵا بە ڕۆژ و بە شەو بەڵا گەردانی باڵاتە بە خوا بێ خۆراکە و خەو *** ئەسووڕێتەوە وەکوو پاسەوان هەرگیز ناسرەوێ ئەپاڕێتەوە لە قاپی یەزدان قەزات لێی کەوێ *** کە وا بوو ئازیز شەرت و وەفات بێ ترسی خودات بێ ڕزگاری بکە با هەر لە لات بێ عەبدی دەرگات بێ *** حەیفە پێت بڵێن کە بێ وەفا بوو چاری نەکرد زوو بە تاڵان برا دڵەی کۆست کەوتوو وا لەکیسی چوو ++++++++++++++++++++++