شاعیر: کەمالی کتێب: دیوانی کەمالی سەرناو: وەک نیگاهت کرد و نرخی بادەیی سەهبات شکاند وەک نیگاهت کرد و نرخی بادەیی سەهبات شکاند ڕووت کە دەرخست گیانە بازاڕی گوڵی حەمرات شکاند زوڵفەکانت شانە کرد نرخی شکا میسکی خەتا پێکەنیت بازاڕی شەکری میسر و بەلچیکات شکاند کەعبە کەچ نابێ عەزیزم بۆچ لە لای زومرەی ڕەقیب تۆ لەسەر ماچێ بە جارێ عاشقی شەیدات شکاند! موحتەسیب ناترسێ بشکێ شووشەیی نامووسەکەت هەر وەکوو شووشەی شەراب و گەردنی مینات شکاند ئەی فەلەک یا ڕەببی بشکێ دەستی چەرخی کەچڕەوت بێ سەبەب بۆ چی هەزار شووشەی دڵی دانات شکاند خاکی دەرگاکەت چ ئیکسیرێکە سەرسامم کە بەو وا کە قەدری تەختی شاهی خوسرەو و دارات شکاند سیحرە ئەشعاری بەلیغەت ئەی کەمالی ئافەرین! قیمەتی شیعری هەزاران شاعیری غەڕات شکاند ++++++++++++++++++++++