شاعیر: کەمالی کتێب: دیوانی کەمالی سەرناو: تۆ تەماشا کاکە هەنگامی خەزان تۆ تەماشا کاکە هەنگامی خەزان بە وەیشوومەی بای پێشڕەوی زستان گەڵای درەختی تازە و سەوز تەڕ شەوبۆ، ڕێحانە و وەنەوشە و شەستپەڕ زەرد ئەبن ئەڕزێن گشت هەڵئەوەرن بەرگەی وەیشوومەی بای زستان ناگرن بەڵام یارەکەی نازەنینی من پەرچەم ڕێحانە و گوڵ جەبینی من بەهار و پاییز هاوین و زستان بە هەر جوار کاتی تەڕ و تازە و جوان چونکە پێی ئەوان لە ناو گڵدایە پێی یارم لە ناو جەرگ و دڵدایە بە تینی دڵەی پڕگڕە و شەرەر لە سەرمای زستان نابینێ زەرەر ++++++++++++++++++++++