شاعیر: کەمالی کتێب: دیوانی کەمالی سەرناو: دنیا وەکوو زوڵفی بتان شێواوە حاڵی دەرهەمی دنیا هەموو کاتێکی مەحکوومی نەمانە عالەمی دنیا دەوامی هیچ نییە هەر ڕۆژە جۆرێکە ئەگۆڕێ زوو لە لای زانا وەکوو یەک وایە شادی و ماتەمی دنیا ئەوەی دانایە وەک یەک وایە لای ئیقباڵ و ئیدباری قەراری هیچ لە سەر بارێ نییە زۆر و کەمی دنیا ئەگەر شەکرت بداتێ ژەهری تێدایە نەکەی بیخۆی! دەخیلم خۆت بپارێزە لە شەهدی پڕ سەمی دنیا کەمن ڕەند و قەلەندەرمەشرەبم فەرقی نییە هەرگیز لە لام هەر وەک یەکە کاسەی کەل و جامی جەمی دنیا ئەگەر ئەهلی دڵی تۆ گوێ لە ناڵەی سازی دڵ بگرە کەمالی گوێ مەدە ئاوازەیی زیل و بەمی دنیا ++++++++++++++++++++++