شاعیر: کەمالی کتێب: دیوانی کەمالی سەرناو: نەک بە تەنیا سەبر و هۆشی عاشقی مسکین ئەبا نەک بە تەنیا سەبر و هۆشی عاشقی مسکین ئەبا ئەو نیگارەی کافرە ئیمان و عەقڵ و دین ئەبا تیرە بارانی کە کردم یار بە برژانگی وتی: ئەم شەهیدی عەشقە بۆ مەحشەر جلی خوێنین ئەبا بۆ تەوافی کەعبەیی ڕووی چووم بە موشتاقی کەچی زوڵفی کافر حوسنی وا بۆمن مەحاڵی چین ئەبا؟ پەرچەمی تاتای شکاندی قەدری شەوبۆ و یاسەمین پێکەنینی حورمەتی گوڵ شەککەر و هەنگوین ئەبا گەر بچێتە سەیری گوڵزار و چەمەن ئەو دولبەرە ئابڕووی گوڵخونچە و لالە و حەیای نەسرین ئەبا داستانی عەشقی یاری من بزانن خەڵکی گەر زەحمەتە کێ ناوی عەشقی کۆکەن و شیرین ئەبا شاعیری کوردە کەمالی فیکری بیکر و وردی ئەو وا ڕەواجی شیعرەکانی شاعیری پێشین ئەبا ++++++++++++++++++++++