شاعیر: کەمالی کتێب: دیوانی کەمالی سەرناو: من فەخر ئەکەم کە کوردم و کوردی زوبانمە من فەخر ئەکەم کە کوردم و کوردی زوبانمە ئەم شاخ و کێوە دڵکەشە وا نیشتمانە ئەم خاکە پاکە جێگەمە هەر زەڕڕەیەکی ئەو خاڵ و برۆ و سەری شەهی زەند و بەبانمە ئەم خاکە تووتیا سیفەتە پاکەیە کە وا دەرمانی چاوی پڕ گڵ و پڕ دەرد و ژانمە من فەخر ئەکەم کە شاعیر و ڕەند و قەلەندەرم شیعرە کە تاج و نەجمە و ڕووتبە ونیشانمە ئوستادی شیعرم و نییە ترسم لە ڕەخنەگر با بێتە ڕوو ئەوەی بە تەمای ئیمتیحانمە شیعرم ڕەوان و ڕاستە وەکوو بەژنی دلبەرم ئەو دلبەرەی کە ڕۆح و دڵ و جەرگ و گیانمە ئەو دلبەرەی کە نیوە نیگای چاوی ساحیری مایەی حەیات و خۆشی و شادیی ژیانمە ئەو دڵبەرەی کە لێوی ئەبەخشێ بە من حەیات کافر نەبم ئەڵێم: ئەوە عیسای زەمانمە ئەو دلبەرەی کە وا دەمی گەوهەرفشانەکەی نوقڵ و نەبات و شەککەر و گوڵخەندە دانمە لادە کەمالی بێرەوە سەر باسی نیشتمان ئەم نیشتمانە دلبەری پڕ حوسن و ئانمە ئەم نیشتمانە جوانەیە وا وردە بەردی ئەو یاقووت و دوڕ و گەوهەر و ئەڵماسی کانمە ++++++++++++++++++++++