شاعیر: کەمالی کتێب: دیوانی کەمالی سەرناو: دڵی دێوانەکەی سەودازەدەم کەوتۆتە ناو داوێ دڵی دێوانەکەی سەودازەدەم کەوتۆتە ناو داوێ ئەسیرە و دیل و پابەندە بە تاتای پەرچەمی خاوێ گەلێ تاڵاوی دووریم چەشتووە ئەی نازەنین تو خوا کەرەم کە لەو دەمی کانی حەیاتت پێکەشەکراوێ غەمی عەشقت بە جۆرێ کردمی شەیدا و سەرگەردان لە دنیادا نییە خۆ چەشنی من ئێستاکە بەدناوێ لە حەفتا ساڵیا پێکای دڵ و جەرگم چ بێ دینە بە تیری غەمزەکانی دڵڕفێنێکی کەژەڵ چاوێ جوانیت چاوەکەم خوا زیاد ئەکا عومرت ئەگەر بگری دەسی پیرێکی مانەندی کەمالی زویر و داماوێ ++++++++++++++++++++++