شاعیر: کەمالی کتێب: دیوانی کەمالی سەرناو: بەزمی دنیا سەیری هێندێ کونجی مەیخانەی ئەوێ بەزمی دنیا سەیری هێندێ کونجی مەیخانەی ئەوێ ساقی و جامی شەرابی ناب و پەیمانەی ئەوێ وشکە سۆفیش بۆ حیسابی بەینی خوا و خۆی دائیمە وا لە مزگەوتایە هەر تەزبیحی سەددانەی ئەوێ هێندێ دەورێشە بەهای و هووی لە تەکیە و خانەقا لوولک و تەپڵ و دەف و پرچ و خەنە و شانەی ئەوێ هێندێ وەک مەجنوون لە پای هەردەی دوجەیلا شێت و وێڵ هاودەمی وەحشی و ڕەفیقی شیت و دێوانەی ئەوێ هێندێ خاوەندی دووسەد دێ و قەیسەری و باخە کەچی هەر دڵی پڕ داخە تەخت و تاجی شاهانەی ئەوێ هێندێ نانێک و قومێ دۆی بێ، ئەکا شوکری خودا قانیعە و ڕازی، ژیانێکی هەژارانەی ئەوێ عەینی هەر وەک سینەمایە بەزمی دنیا چاوەکەم سەرسەری سەیری نەکەی بیری حەکیمانەی ئەوێ کەم کەسێ پەیدا ئەبێ مەقسوودی خوایی و هیچی تر سەیری هەرکەس من ئەکەم هەر دەرهەم و عانەی ئەوێ ++++++++++++++++++++++