شاعیر: کەمالی کتێب: دیوانی کەمالی سەرناو: گیانەکەم بۆچ وا لەگەڵما هەر بە قار و قینی تۆ گیانەکەم بۆچ وا لەگەڵما هەر بە قار و قینی تۆ بۆچ وەها تینوو بە خوێنی عاشقی میسکینی تۆ من کە دیلی زوڵفی تۆم بۆ چی بە شمشێری برۆت ئەمکوژی بە خوا گەلێ بێ مروەت و بێ دینی تۆ بێ سەبەب دائیم لەگەڵما ترش و تاڵە ڕووت کەچی هێندە تالعداری لای من وەک شەکر شیرینی تۆ پێم بڵێ ئەی زوڵفی دلبەر بۆ بەقەسدی کوشتنم دائیمە مایل بە پێچ و تا و حەڵقە و چینی تۆ چوویتە ناو باخ ئەمڕۆ بێچارە وەنەوشە بوو خەجڵ گەردنی کەچ کرد بەرامبەر وردە خاڵی شینی تۆ مونفەعیل بوون و خەجڵ پەروین و مانگی یەک شەوە هەر کە دەرکەوت تاقی ئەبرۆ و پڵپڵەی زیوینی تۆ ئەی فەلەک ئەی دوژمنی ئینسانی خاوەن عەقڵ و فام بۆ چی هەر حامیی کەر و گا و پیاوی بێ تەمکینی تۆ! ++++++++++++++++++++++