شاعیر: کەمالی کتێب: دیوانی کەمالی سەرناو: چ خۆشە کاتی جوانی عەشقی یاری ماه ڕوخساری چ خۆشە کاتی جوانی عەشقی یاری ماه ڕوخساری کە عاشق دڵ بدا وەک من بە دڵداری وەفاداری لە ناو باخ و گوڵستانا هەوای سافی چەمەنزاری لەگەڵ یارا بکەی سەیر و سەفای بێ ترسی ئەغیاری شەرابی ناب و گوێی ئاو و شەوی مەهتاب و فەسڵی گوڵ خوڕەی ئاو و سەدایی عوود و تار و نەغمەیی بولبول شنەی با بێت بەسەرما خۆشە دائیم وا لە ڕووی سەحرا بهێنێ بۆم هەمیشە بۆنی عەتر و عەنبەری سارا لە لام خۆشە بە ڕاستی جێگەیێکی وا و فەسڵی وا لەگەڵ تۆ ئەی نیگاری نازەنین ئەی شۆخی بێ هاوتا بەڵام دووربین لە چاوی دوژمنان و خۆیش و بێگانە سەری تۆ بێ لەسەر ڕانم دەسی من بگرێ پەیمانە بەڕاستی خۆشە لام بچنم لە باخی ڕووی نیگارم گوڵ لە دەستما بێ دەسی دڵدار و بەختیار بین بە کامی دڵ بکەین ڕاز و گلە جارجار بنۆشین پێکی بادە و مول بە دەنگی یا کەریمی قومری و بانگ و سەدای بولبول لەسەر سنگم بێ ڕووت ئاڵۆز بکا با زوڵفی پڕ چینت دەمی من بێ لەسەر دوو لێوی ئاڵی لەعلی شیرینت چ خۆشە ماچی کەم سەرتا بە پێ سینە و گریبانت گەهێ دووچاوی مەخموورت گەهێ زوڵفی پەرێشانت دەم ولێو و چەناگە و ڕوومەت و سەرسەنگ و مەمکانت وەکوو ئاسک ئەگەر سڵ کەی بکەم گیانم بە قوربانت شەوێکی وام ئەوێ بۆ تۆڵەیی شەوگاری جیاییمان هەتاکوو تازەکەم دووبارە یادی ئاشناییمان ++++++++++++++++++++++