شاعیر: کەمالی کتێب: دیوانی کەمالی سەرناو: تاوس پیاوێکی زانا بۆ سەیران و گەشت ڕۆژێ لە ڕۆژان ئەگەڕا لە دەشت تاوسێکی دی جوان و دڵپەسەند پەڕەکانی خۆی یەک یەک هەڵئەکەند لە کاری تاوس زۆر سەری سوڕما وتی ئەی تاوس تۆ بیت و خودا پەڕەکانی تۆ نایاب و جوانن بە نرخن لە لای خەڵکی گرانن هێندە بەنرخە قورئان خوێنەکان دایئەنێن لە ناو لاپەڕەی قورئان خوا جوانی کردوویت مەکە ناشوکری بە ڕاستی یەکجار نەفام و کەری تاوس ئەمەی بیست بەر بووە گریان وتی بێ عەقڵ و نەفام و نەزان داو دانراوە بۆم لە هەموو لا پەڕە جوانەکان لێم بوونە بەڵا ڕاوکەران دائیم بۆ کوشتنی من تیر بە دەستەوە لێم بوون بە دوژمن ئەم جوانی و نرخە بۆ من بەڵایە ئەمە کەی لوتفە قەهری خودایە ++++++++++++++++++++++