شاعیر: کەمالی کتێب: دیوانی کەمالی سەرناو: وەتەن ئەی نیشتمانی خۆشەویستم بۆ چی داماوی وەتەن ئەی نیشتمانی خۆشەویستم، بۆ چی داماوی وەکوو بەرگی درەختی پاییزان بۆچ زەرد و ژاکاوی بە وێنەی پەرچەمی یارم چییە وا گرژ و شێواوی مەگەر نازانی تۆ هێزی هەناو و نووری دوو چاوی بەسە! سەر هەڵبڕە توو بی و خودا ئەی نیشتمانی جوان وەتەن ئەی دایکی زەند و بەختیار و کەڵهوڕ و بابان وەتەن وا ڕۆڵەکانت پێگەیشتوون شێری مەیدانن لە دنیا تێگەیشتوون، ئەهلی عیلم و فەنن و عیرفانن لە ڕێی تۆدا هەموو یەک یەک فیداکاری دڵ و گیانن کە تۆ ماتی هەموو ماتن، کە شادبی جوملە شادانن فیدات بم بەسیە بەس! عاجز مەبە ئەی نیشتمانی جوان وەتەن ئەی دایکی زەند و بەختیار و کەڵهوڕ و بابان ئەمین بە ڕۆڵەکانت یەک نەفەس غافڵ لە تۆ نابن بە حیلە و مەکری شەیتانزادەکان هەرگیز خەڕۆ نابن بە پارەی دوژمن و بێگانە فێری هاتوچۆ نابن وەکوو جاران ئەبەد وێڵی قسەی پووچ و درۆ نابن ئەکەین قوربانی تۆ دایکی وەتەن، یەک دەفعە، ماڵ و گیان بژی ئەی دایکی زەند و بەختیاری و کەڵهوڕ و بابان ++++++++++++++++++++++