شاعیر: فانی کتێب: دیوانی فانی سەرناو: ستایشی پێغەمبەر ئەی محەممەد گەر دەرم کەی ڕوو لە کێ کەم بچمە کوێ خۆ گەدای دەروازەیی تۆ، باڵاتری هەر پادشا غەوسی ئەعزەم تۆ کوڕی دڵسۆزی ئەم زاتەی مەدەد بۆ دەوای دەردم بپاڕێوە لە دەرگانەی خودا بێقەرار و دەردەدار و دڵفیگار، ئیمڕۆ منم ئەی خوداوەندی شیفادەر پێم کەرەم کە یەک دەوا تاکوو ماچ کەم خاکی دەرگای ئەحمەدی موختاری توو خاکی ئیکسیرە لەبۆ ئەنواعی دەردی بێ شیفا من بە ڕوویی ڕەشمەوە دێمە لات چی لێم بکەی چونکی شک نابەم چە جێگای تر حەبیبی کیبریا چوومە لای ڕۆژی فیراقم دەردی هیجرم عەرز کرد وەسڵی من یەکسانە فەرمووی بۆ هەموو ئەهلی منا فانی یا دەرمانی دەردت هەر لە یەک جێگایە بەس تاکوو ماوی هەر بکەی هاوار خودا هاوار خودا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی ڕەسوولی ئینس و جن ئەی ساحیبی وەعد و وەفا ئەی ڕەسوولی ئینس و جن ئەی ساحەبی وەعد و وەفا ڕوویی ڕەش موویی سپیم هێنایتە لات پشتم دووتا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: باکم چییە لە دەوری فەلەک چی دەکا بکا باکم چییە لە دەوری فەلەک چی دەکا بکا جارێ منی بڵند نەکرد چۆنم لە عەرز ئەدا بێباکە فانی لە فەقر و فەنا چونکی هەردەمێ دەستم لەسەر دڵم بێ گەوهەر بێ عەدەد دەدا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەخمیسی فانی لەسەر هەڵبەستی نووری غەریب و شەرمەزار و بێ نەواما یا رسول اللە زەبوونی کاری نافەرمای خوداما یا رسول اللە ئەگەر چی موو سپیمە ڕوو سیاما یا رسول اللە دوچاری حیرسی دونیا و ڕیاما یا رسول اللە ئەسیری پەنجەیی نەفس و هەواما یا رسول اللە بە مەستی موسکیری دونیا لە ئەوقاتی ئیزاعەتدا لەداوی دێوی بەدفەرما لەژێر ئەمر و ئیشارەتدا بە مەشغووڵ بوونی غەیری حەق حەیاتی خۆم بە غارەت دا لە دەستی نەفسی ئەممارە لە زنجیری ئەسارەتدا سەراپا غەرقی عسیان و خەتاما یا رسول اللە لە بەدکاری بە بێهۆشی لە دونیا بێ خەوم قوربان بە بێعەقڵی دایم بۆ شەت و پەت پەیڕەوم قوربان عەمەل ناخۆشم و بۆ قەولی خۆشیش خۆشدەوم قوربان خەجاڵەتبار و شەرمەندە و حەقیر و کەوتووم وا من لە دەرگەت بەندە ناچیز و گەداما یا رسول اللە لە گۆشەی ناتەواوی و ناقسیی خۆم زۆر ڕیاکارم بە بێعاری بە باری کاری بێمەعنا گرانبارم فەقیری دەرگەیی تۆم و سیەه ڕۆژ و تەباکارم شەفاعەت کە دەخیلت بم گەلێ عاسی گوناهکارم کە وا زۆر ڕوو ڕەشی ڕۆژی دەواما یا رسول اللە دەوایی دەردمەندان تووی و ویردی سەر زوبانیش تووی ڕەوانی قابی مەوجوود و هۆشی نێو سەرانیش تووی حەبیبم تووی تەبیبم تووی سەفا و سەیری دڵانیش تووی عیلاجی دەردی عسیانان تەبیبی میهرەبانیش تووی نەخۆشم بەندە موحتاجی دەواما یا رسول اللە فیدای خاکی بەر پێی تۆ جانی من قوربان تەماشایی بکە فرمێسکی چاوی ئاڵی من قوربان ئەگەر لوتفت هەبی پەیرووزە بەخت و فاڵی من قوربان بە چاوی مەرحەمەت جارێ بنۆڕە حاڵی من قوربان لە گۆشەی دەرگەیی لوطفت خزاما یا رسول اللە نییە بۆ فانی بێ کەس، بەبێ خاکی دەرت مەئوا قبووڵم گەر بکەی یاخۆ نەکەی وا من سەرم ناوا لە مەقدەمگاهی شاهانت هەتا ڕووحم لە تەن ماوە لە دوو عالەم ئومێدی نووری بێ کەس بێ تەوانا بەمە ئاسوودەیی ڕۆژی جەزاما یا رسول اللە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پیر بووم و کاتی بەستنی چاوە لە ماسیوا پیر بووم و کاتی بەستنی چاوە لە ماسیوا چاوێکی بێ عەینەک و ڕوونیشی پێم داوە خودا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە هەر شتێ دیار بێ دیارە ڕووی حەبیبم سەبارەت: ستایشی خودا لە هەر شتێ دیار بێ دیارە ڕووی حەبیبم تەماشای کە لە هەر ڕوو ئەی برای ساحیب هیممەت وجوودی تۆش نەینووکە بۆ ڕوویی زاتی پاکی بێ لە جەماڵ نابینێ لە هیچ ساحیب زەکاوەت گەر تۆ ساحیب نەزەر بی دەبینی سوورەتی ئەو لە سەر تا قەدەمی خۆت دیارە بە سەراحەت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەک مورغی پایەبەندم بۆ دانەیی سیاهت وەک مورغی پایەبەندم بۆ دانەیی سیاهت چۆن ماهی نێو کەمەندم بۆ ڕوویی هەمچو ماهت نەشئەی زوڵاڵی بۆسەم کەی لوتف ئەکەی بفەرمووی تا جان و دڵ فیدا کەم لە شاهڕاهی ڕاهت لە ڕێی فیراقی جانان چاوم غەریقی خوێنە تەنم پڕ زەخمی خەنجەر بەدوو تاقی سیاهت فەرید و بێنەزیری لە کیشوەر و نەزاکەت سالاری تیپی حوسنی وەی بم فیدای سپاهت هەمتایی خۆشە جانا لە ڕەغمی عالەم ئەمما فانی لە وەعز و نسحەت غەرقی یەمی سەفاهەت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گوفتاری فەلەک گردی سەری ئەم دەم و لەهجەت گوفتاری فەلەک گردی سەری ئەم دەم و لەهجەت ڕەفتاری فەلەک بێ بە فیدای گەردوش و لەنجەت بێ لوتفی و کەم مەرحەمەتی وەرنە بەقوربان خوێنی گەشی من لایقە بۆ زینەتی پەنجەت لفکە و گوڵی سەرپۆش و قەد و ڕیشوەیی مشکیت چەند قۆزە لەگەڵ قۆبخە و پاپۆشەر و لەنجەت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مادامە ترس نەما لە غەیری زاتی سەمەد مادامە ترس نەما لە غەیری زاتی سەمەد لە هەر زەمان هەر دەلێم یا سەمەد و یا ئەحەد مەعنای ئەحەد زاتی ئەو لە هەر شتێک تەنیایە مەعنای سەمەد بێ فەراغ جێی ماسیوا نەمایە هەر ئەو هەیە بانگی کەی بۆ هەر مەقسەدێ هەبێ دونیەوی یا ئوخرەوی بۆ هەر کارێ کە دەتبێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە ساڵی ١٩٤٢ لە کاتی شەڕی جیهانی دووەم فانی ئەم هەڵبەستەی داناوە وەرن ڕێک کەوین ئەی کوردی هەژار بێ ترس بەردێک بۆ قەل چەند هەزار لەپاش سەلاح و مظفرالدین تا کەی زەبوون بین ژێردەستی ئەغیار ئەگەر بێ بڵێن بۆچی ئەم غەدرە دەڵێ یا عینی قد صار ما صار ئینجا تو خودا وەرە شەق نەبا وەرە تەق نەکا زەبوونی بەدکار قسەی شۆبنهۆر کەوتەوە یادم هیچ حەقی حەیات نییە بۆ هەژار مردن واجبە بۆ مەردی فەقیر قووەت بمێنێ تا ڕۆژی قەرار بکوژرێنەوە فەقیرانی عار لەپێش قەدەمی ئەقویای سالار هەر ئەم قسە بوو ئەڵمانی سووتاند لە حەربی عوزما بۆ خوێنی ئەغیار ئاگری بڵند کرد بۆ ڕوویی زەمین خوێنی ناسکان وەک جۆگە و ڕووبار ئەرواح چوونە دەر لەنێو جەسەدیان لاشەی بێنازان وەکوو بەرد و دار ئێمەش کە وایە حەیفە بمێنیین بکوژرێنەوە بۆ غەزای ئەغیار ئەی لاوانی کورد ئیمڕۆ تاریکە بەڵام ڕووناکە بۆ مەردی ناودار ڕۆژی لێدانە بەرزی پێشکەوتن یا شەهید بوونە بۆ نعم القرار لە زوڵمی نامەرد با بچینە دەر خوێنمان با بڕژێ لە ڕێی ئیفتخار لە من دەپرسن من ڕاوەستاوم بە ماڵ و بە سەر نەوەک دەرکەنار شوورەی پۆڵا بین بۆ حیفزی وڵات لە چنگ ڕووسیە و ئەڵمان و بولغار فەریاد سەد فەریاد برایانی کورد وا چاخی کارە هاوار سەد هاوار بە حکومەتێک پەنا ببەستین ڕاست بێ لەگەڵمان ساغ بێ وەفادار بە مەدافع و ئالاتی جەنگی ڕوو کەینە دوژمن بەبێ بەرخ و دار مەرد ئەو کەسەیە کاری سەرکەوێ نەوەک بکەوێ وەک لاشەی مردار پیاوی باش بن غیرەت بنوێنن دەستی هەڵێنن وەک شێری زامدار ڕەئیسانی کورد وەڵام بنێرن بۆ لای یەکتری لە یەک ئاگادار خۆتان دەزانن هەموو نەهەنگین لە دەریای شەڕی ڕۆژی توند و تار فائیدەی ئێمە لە ئیتیفاقە گەر موتەفیق بین دەبینە سەردار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە تەقلیدی مەلایی مەعنەوی بۆ شێخی بێ مەعنا لە تەقلیدی مەلایی مەعنەوی بۆ شێخی بێ مەعنا دەسووتێ دڵ وەکوو مووم و لە فەوتی سەر لە ترسانم چ باکت زینەتی ظاهر ئەگەر توو پاکی دڵ چاکی بە مانی ئیحتیاجێکی نییە دیواری باغانم ئەگەر باتنت ڕەش بێ بە من چی شانەکەی ڕیشت سەری ڕەنگین بێ نەفعی چی هەیە زیندانی شاهانم فیدایی طاعەتی بێ دەستنوێژی بێ تەماعانم کە دەستنوێژ ئاوەکە و بارێکە بۆ تەقوافرۆشانم لە بێقەدریت نییە فانی کە ناگیرێ قسەت قەدری گرانە قیمەتی زۆرە دوڕ و یاقووتی عیرفانم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: من بە تەنیا قەت مەزانە غەم دەخۆم من بە تەنیا قەت مەزانە غەم دەخۆم دین و دنیام لایە هەردەم خوام و خۆم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گوتم بۆ چی بە ڕەنگی خوێنی نووسیوە موژەت سینگم گوتم بۆ چی بە ڕەنگی خوێنی نووسیوە موژەت سینگم گوتی نەقشی شەهیدم وایە گەرچی خۆم سیەه ڕەنگم سەری تیری موژەت میهمانی سینە و سورمە بۆیێکە بە چاو بۆی دێنم ئاو و دڵ کەباب و نەغمەیە دەنگم کە من زۆر بێکەس و بێئاشنامە ڕووحەکەم، بۆچی لە ڕەغمی دوژمنانم دوو شەمامەت ناخەیە چەنگم؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هات فەسڵی بەهار کەوتمە نێو بەحری غەمانم هات فەسڵی بەهار کەوتمە نێو بەحری غەمانم دەڕژێ لە دوو چاوم بە شەپۆل ئاوی ڕەوانم هەرچەند گوڵی دونیا هەبوو لێکڕا هەموو دەرچوو تەنیا گوڵی من کەوتە خەفا ڕوو لە جینانم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەشکالی عالەم شووشەی گووناگوون سەبارەت: لەسەر یەکیەتی خودا (وحدﺓ الوجود) دەدوێ ئەشکالی عالەم شووشەی گووناگوون وەک ڕژا سەریان شوعلەی ڕۆژی ڕوون لە هەر شووشەیێ بێ کەم و زیاد هەر عەینی شوعلەی خۆی تیا نواند بە ڕەنگی شووشە، چ زەرد بێ چ سۆر چ سپی، چ ڕەش، چ سەبز و چ بۆر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی لە ئەندامی مەدینە جسمی تۆ ڕووحی ڕەوان ئەی لە ئەندامی مەدینە جسمی تۆ ڕووحی ڕەوان دینی پاکت دایە بەر خۆی قاف تا قافی جیهان مەه لە ئیعجازت دوو لەت بوو دینی گرتە ناوە خۆی مەسکەنت بوونی مەدینە قابەقەوسینت مەکان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی کەڕەمت هەمنەفەسی بێکەسان سەبارەت: لەسەر وەسیەتی خۆی ئەم شیعرە لەسەر کێلی گۆڕەکەی نووسرایەوە بۆ یادگار ئەی کەڕەمت هەمنەفەسی بێکەسان بێ توو نییە هیچ کەسی بێکەسان بێکەسم و هەمنەفەسم هەر ئەتووی ڕوو لە چە کەم ئەی کەسی هەر بێکەسان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەسەر بوونی ئینسان دایناوە بەبیرت دێ کە هاتییە ڕوویی دونیا لە گریان بووی و عالەم بۆ تۆ خەندان کە مردیشی یەقینە پێکەنینت لە خزم و دۆستەکانیش شین و گریان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پەرچەمت ژاپۆن و ئەبرۆت ئینگلیسە نێوچەوان پەرچەمت ژاپۆن و ئەبرۆت ئینگلیسە نێوچەوان مڵکی سەنغافوورە کەوتە بەینی شاخی دووبەران تورکی کوڵمت باغی ڕەم بەحری سیای دوو زولفی تۆ جەڕمەنی خاڵت، نییە ڕێ ڕەت بێ بۆ نێو بۆستان چونکی زولفت ئەژدەهایێکە بە خوێنی عاشقان تینووە وەک تینوو بوونی نازیان بۆ ڕووسیان حاسڵی ئەم گفتوگۆیەم مەیلی زولفت ئەی وەتەن قەت تەواو نابێ لە هیچکەس بێ تەواو بوونی جیهان شەرق و غەربی عارد کوردە، مەرد بە مردوو مەبە هەر لە ئەقشەهر و ئەنقەرە، هیند و بەلووج، ئەفغانیان بێ لە تورکییە و عەجەم خۆ ژێر و ژووریشی پڕە جۆرجیا و ئەرمینیا تا خەلیجی بەسڕەمان چەند ویلایاتی لە شیراز و تاروم و بەندەرعەباس دوڕ و داری جەرد و خێرا پاکی یەک کوردن، بران چەند لە ئەترافی بوخارا تا دەگاتە ئەرزەڕۆم بێ لە کوردستان لوڕستان بایەزید ئازربێیجان سووریە و حومس و تەرابلۆس و حەلەب، شام و حەما تا دەگاتە ڕەشت و گێلان، ئەنقەرە و سەمسوونیان پڕ لە کوردی خزمی خۆمن وەک یەکێ بن هەر یەکە خوێنمان و گۆشتمان و پێستەمان و ئێسقان لێرە گریان بۆ برایان دەستی لەرزاندم وتی کاکە هەڵبگرە قەڵەم تۆ خودا نەیبەوە گیرفان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گوڵ لەبەر مەغرووری کەی هەیتی سەری پەروایی من گوڵ لەبەر مەغرووری کەی هەیتی سەری پەروایی من کەی لە سەرکێشی دڕک دەڕوا لەژێری پایی من بۆ شکستی من فیراقت هیچ قسوورێکی نەکرد کاغەزێکی پڕ لە پێچ و لۆچە سەرتاپایی من هەر وەکوو نەقشی قەدەم من سەرفیرازیم بۆ چییە خاکساری تێدەگەی بنواڕییە سیمایی من دامەنت بۆ لادەدەی فانی لە دونیا، کەی دەگا ئاوی ئەم بەحرە بە پشتی پێی ئیستغنایی من؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەختەکەی بێهێزم ئیمڕۆ قووەتی تەدبیری چوو بەختەکەی بێهێزم ئیمڕۆ قووەتی تەدبیری چوو بەیتەکانی کاولیشم ڕێگەیی تەعمیری چوو گەر ئەتوو بەم نەوعە دڵخۆش بی بە خوێنی عاشقان بۆ ڕوانی داری تیریش غەیری خوێن تەئسیری چوو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خودایەمن ئەگەر بەد بم ئەگەر چاک خودایا من ئەگەر بەد بم ئەگەر چاک ارنی بابَ دارِ غیرِ مأواک لەسەر ڕوویی ڕەشم گەر خۆ ڕەزات بێ فطوبی لی الوفا حین القاک و لکن صورة الوجه منافٍ لمرضاک الهی کیف ارضاک ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پێنج خشتەکی فانی لەسەر غەزەلی زێوەر بۆ وەسڵی شیفا فیکری سەفەر مەرهەمە ئیمڕۆ بۆ چاوی کزم خاکی ڕەهت سورمەمە ئیمڕۆ کۆیی تووە قەدر و شەڕەفم کەعبە مە ئیمڕۆ عالەم بە سەبەب قافڵەیی ئاهم تەمە ئیمڕۆ شۆڕاوی سروشکم بەمەسەل زەمزەمە ئیمڕۆ ڕووم زەردە ئەگەر بێت و بڵێم شاهی جیهانی شایانی جیهان شاهن تۆ شاهی ئەوانی ڕەمزی دەمە یا جەوهەرە یا نوقتەیی مانی لێوت کە عەقیقە بووەتە ڕوکنی یەمانی ماچی کە جەوازی نییە جێی پەنجەمە ئیمڕۆ بۆ نەوعی بەشەر جن و مەلەک مەحرەم و ئەغیار تەوفی حەرەمی تۆ بەسە بۆ دەردی دڵی زار بوێە کە دەسووڕێن وە دەگرێین و لە هاوار مەحفووزە لە بۆسە و لە دەسی عاشقی غەمبار ئەو ڕوکنەیی شامی کە دەڵێ پەرچەمە ئیمڕۆ زوڵفت کە بە تاریکی و پێچی بە چە ناچێ لەو زوڵمەتە ترسم هەیە ڕووحم بە فەنا چێ ڕێی ماچی ڕوخی گرتووی توخوا بڵێ لاچێ چونکی خاڵت حجرالاسود ە دەست ناکەوێ ماچێ دەستم کە بگاتێ سەبەبی ژینمە ئیمڕۆ نەسرین و سەمەن یاسەمەن و سەوسەن و سونبوڵ سەودازەدەیی پەرچەمی تۆن ناڵەیی بوڵبوڵ پڕ حیکمەتی غونچەی دەمتە باعیسی ئەی گوڵ کو بۆتەوە حەجاجی خەیاڵم لە مینا ی دڵ شەیتان ی ڕەقیب ڕەجمی لە لام ئەلزەمە ئیمڕۆ دەرمانە مەگەر خاکی دەرت بۆ دڵی پڕ زام بۆ شرذمە یی خاس و لەبۆ مەجمەعەیی عام سەد جار بە فیدات خاکی سەفا ت ئەوسەری هێنام شەب تا بە سەحەر حوجرەیە مەئوام ئەما عەرەفە کۆیی تووە جێگەمە ئیمڕۆ ئەی پادشەهی ئایین و دین پایین بەرزە لوتفت بە چە ڕەنگێکە جەماڵت بە چە تەرزە ئەمری تو شیفا و حیکمەتە حیکمەت هەموو فەرزە (لبیک و سعد ێک) دەڵێم لەحزە بە لەحزە یەعنی لە حوزوورت قەدەمم مەحکەمە ئیمڕۆ بۆ کوشتنی من جانمە پێناوە لەبۆ تۆ بۆ ڕەهگوزەرت ڕووح و سەرم ناوە لەبۆ تۆ تەن گوڵخەنی غەم دوور لە وەتەن ماوە لەبۆ تۆ جان و دڵی من بۆتە سەفا و مەڕوە لەبۆ تۆ ڕاکە لە دڵا جانا کە جێی مەقدەمە ئیمڕۆ تو خودا مەڵێ فانی لەجەفادایە لەمیشە ڕووحم لە خەیاڵی توو فیراقی نییە پیشە خۆشی لە دڵێکە کە لە یادی توو لە ئیشە زێوەر وەکوو حاجی لە تەوافایە هەمیشە ئەم تەوفە وەداعی نییە لەو بێغەمە ئیمڕۆ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دانەی دوڕە دەندانی بە قەد سەروە مەمەی مەی دانەی دوڕە دەندانی، بە قەد سەروە، مەمەی مەی حوسنی خەتەری تورک و عەرەب هیندو کوڕەی ڕەی بەم جسمە پەڕی جان و ئەندامی درەخشان مروەت نییە تۆ لافی تەقابول لە جودەی دەی یەک بۆسە کە سەرشارە لە جامی لەبی سورخت کەی بۆی بووە جەمشید و کەی ئەسکەندەر و کەی کەی پێم گوت وەرە پڕ نەشئەیە ماچی لەبی لەعلت فەرمووی بڕۆ مردووت مرێ جێگەی نییە هەی هەی فانی وە مەکە عومری عەزیزت بە فەنا چێ بێ فائیدە مایەت مەکە وەک حاتەمی تەی تەی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەتت هات زولفەکەت لەرزی لەسەر خاڵی سیەه گۆیا خەتت هات زولفەکەت لەرزی لەسەر خاڵی سیەه گۆیا حەبەش بۆ چین لە تێلیدا کە هیند و ڕۆمە شەڕیانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شێوان لە شەپۆلی غەم پیشەی جیگەردار نییە شێوان لە شەپۆلی غەم پیشەی جیگەردار نییە شوکر ئاوی تینەتم بۆیێ مەوجدار نییە بێ مەرکەبی ئیشتیاق ناگەی بەجێگەی مەقسوود سالک هەر ماندوو دەبێ لە ڕێ گەر سوار نییە بۆلهەوەسی خودپەسند دڵی هەر لای ڕیایە بۆیە لە سووڕانەوەی چاتر لە پەرگار نییە عارف وەک حوبابی ئاو چاوی لە ناس پۆشیوە بێ باکە لە پەنجەرە گەر خانەی دڵ تار نییە کەسێک ئومێدی بڕی نایەوێ لە خۆشیدا بێ دار وەکوو بڕایەوە چاوی لە بەهار نییە دڵ لە جۆش و خرۆشی بێباکە لە باری غەم شووشە وەک توایەوە ترسی لە غوبار نییە کفنی جەنازەی خۆشم لە دەفتەری خۆم دەکەم مەعنا غەیری قسەی خۆش بۆ خۆم یادگار نییە هەر باخێکی مەحەببەت لەوێ گەر باخەوان بی غەیری هێلانەی سووتاو لەسەر لقی دار نییە دەستی قەدەر وەکوو مووم لە باخی فەرەحناکی گوڵ لەبەر سەری دەنێ دەربەستی دەستار نییە گەر قسەم کێشی نییە لە سووکیی قسەم نییە ماڵی زۆر بەقیمەت بێ هەرایی کڕیار نییە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گەه مەدرەسە و گەه تەکیە گەه گەه مەدرەسە و گەه تەکیە گەه ج.. دی ئاغاوات دانیشتووە لە یەک جێگا شارەزایی ئەتوار نییە لە جەهلی دەشتی هەولێر دڵم ڕووناک و سافە سەلیقەی ئاوێنەی من بە غەیری ژەنگار نییە مەرتەبەی ناکەس و هیچ لای ناکەسان بڵندە بۆیە کە جێگای دڕک غەیری سەر دیوار نییە تاڵی و شیرینیی قسەم تابعی حاڵی خۆمە ناڵەیی زیندانیی غەم نەغمەیی گوڵزار نییە دڵ کە سووتا مەحو بوو فانی چ باکت هەیە بەردی حادسە با بێ بادەیی سەرشار نییە ++++++++++++++++++++++