شاعیر: سەیفولقوزات کتێب: دیوانی سەیفولقوزات سەرناو: چ خۆشە من نەخۆش و یاری دڵکەش چ خۆشە من نەخۆش و یاری دڵکەش لە ڕێگەی لوتفەوە بمخاتە باوەش پەرێشانم لەبەر زولفی بڵاوت نەخۆش و مەستی ئەو دوو نەرگسی گەش نیشانم دە، فیدات بم، جووتە خاڵت لە ئەووەڵ نەردەوە چەن خۆشە دووشەش! ڕوخی زەحمەت مەدە زولفی مەحەک ڕەنگ! چ موحتاجە بە تۆ ئەو سیمی بێغەش؟ فیدای زولف و برۆ و پێڵوو و مژۆڵت کەمەندە هەم کەمان، هەم تیر و تەرکەش بە دوودی ئاهی من ڕەشپۆشە گەردوون بە ڕووتا خاڵ و پەرچەم بوون موشەووەش حەسەن! شوکری خودا ئەوڕۆکە وەسڵە نەجاتت بوو لە دەستی تالعی ڕەش بەڵێ، بەو شەرتە خۆشە وەسڵی دڵبەر کە دەمدەم دەم لەنێو دەم، دەس لە باوەش کز و زیزی لە کەم مەیلی، «عەزیز»م عەیامێکە عەوامی، تەبعی سەرکەش! هەتاکوو سارد و سڕ بوو مەیلی گەرمت ئەدەم جینگڵ وەکوو ماری سەر ئاتەش لەسەر ڕوخساری زەردم ئەشکی خوێنین هەتا کەی دێتە خوارێ؟ بەختەکەی ڕەش! سپای دووریت لە سێ لا دەوری داوم بەسانی مەنگوڕ و پیران و مامەش وەرە جارێ، بە جارێ لا مەدە لێم دەبێ وا بێ وەفای یارانی مەهوەش سەر و ماڵم دەکەم قوربانی ڕێگەت بەران و جوانەگا و لۆک و کەڵی ڕەش بە کوردی شایەرێکی زێدەچاکم لە شاباشی سەخای خۆت مەمکە بێبەش هەمیشە زیکر و فیکرم یادی تۆیە لە شایی تۆیە خۆشم بوومە چاوەش ++++++++++++++++++++++