شاعیر: سەیفولقوزات کتێب: دیوانی سەیفولقوزات سەرناو: قەدی یار سەروی جۆبار و ئەتۆ ئەی زولف لاولاوی قەدی یار سەروی جۆبار و ئەتۆ ئەی زولف لاولاوی! سەراپا، حەڵقە حەڵقە، وا لە باڵای بەرزی ئاڵاوی هەموو ئەعزام بریندارە لە حەملەی تیغی موژگانی دڵم شەیدا و پەرێشانە لەتاوی زولفی شێواوی خراپم کردووە ڕۆح و دڵم دانا لەپێناوت دەسا قوربان! لەبەرچی، بۆچی ئەمڕۆ لێمە تۆراوی؟ کەلام و عیشقی تۆ بوو باعیسی مەشهووریی حوسنی وی کەچی وێستا وەکوو زولفی لەبەرپێدا فڕێدراوی بەتوندی، یار چ شیرینە جەبین وەک عیقدەیی پەروین دوو کوڵمی لالەیی حەمرا، برۆی وەک تیغی خوێناوی دڵم ڕێی کەوتە نێو ئەگریجە و یاریش برۆی داخست سەمەندەر نی، لەنێو ئاور عەجەب ماوم چلۆن ماوی! بە خاڵی لێوی بردوومی، بە زولفی خاوی گرتوومی چ زوو ئەی مورغی زیرەک! بوویە سەیدی دانە و داوی بیساتی عەیش بەرپاکە لە ژێر پێ تا نەسووڕاوی لە مەستی بادە بشکێنە هەتا وەک شیشە نەشکاوی حەسەن! وا دیارە دیسان موبتەلای هیجرانی یاری تۆ بە ئەشکی سوور و ڕەنگی زەرد و ئەو دوو لێوی باراویی! ++++++++++++++++++++++