شاعیر: سەیفولقوزات کتێب: دیوانی سەیفولقوزات سەرناو: عەزیز ناردبووی بۆم سەرکڵاوە عەزیز ناردبووی بۆم سەرکڵاوە دۆعای گەیاندبووم دەگەڵ سڵاوە کەیفم زۆر خۆش بوو بە دوعا و سڵاوی سەرپۆش و سوڕپۆش بوو سەرکڵاوی سەرکڵاوەکەم وەقتێک لەسەر کرد ترسی سەرمایەم لە سەرم دەرکرد سەرم بڵیند بوو، گەییە عاسمانێ دەتوانێ چ بکا سەرمای زستانێ لە ئاوریشمێ بوو، یا لە تووکی قوو گەرم و نەرم و ویشک، بێ کڕێژ، بێ موو قوبووڵی و دۆکڵیو، شۆرباوی قازی زۆر خۆشی کردن ناردنی پیوازی کێ دیویە پیواز، بۆنی گوڵ بدا؟ وەکوو گوڵقەندی تام بە دڵ بدا لەو دوو سەوقاتە، بێ درۆ و بێ بازی ڕازی و مەمنوونم، خوا لێت بێ ڕازی لە سەرمی دەکەم تا سەرمام نەبێ لە چێشتی دەکەم تا بێتام نەبێ دایم بەبێ تۆ غەمگین و ماتم «عەزیز»! تۆی مایەی عەیش و حەیاتم ژیانم ناوێ تاوێ بەبێ تۆ حەسەن ئارەزووی ڕووی تۆ لە دڵی تۆ «عومەر» و «عوسمان» نووری چاوانم فێنکایی دڵم «بووبەکر»ی جوانم. ++++++++++++++++++++++