شاعیر: جەوهەری کتێب: دیوانی جەوهەری سەرناو: ئوستادی دانا میرزای خۆش ئەخلاق سەبارەت: داوا لە وەستا ئەحمەدی ئەڵڵامرادی کە ئاش دروست بکات بۆ قاسم ئاغای جامەرد ئوستادی دانا میرزای خۆش ئەخلاق بە عیلم و سەنعەت مەشهووری ئافاق وەستا ئەحمەدی ئەڵڵامرادی نێوت ڕۆیشتووە وادی بە وادی ئەتۆ شەخسێکی ڕەند و جەوانمەرد زەحمەت قەبووڵ کە تاکوو جەوانمەرد تەمامە ئاشێک لە نوێ بینا کەم بە شیعری کوردی با بۆت تەواوکەم دوو جۆگەی ببێ بە ڕۆژ و نسار نە مەند و نە خوڕ تەراز و هەموار سەرەنیای تەراز مەند و بە میزان بە ڕاستە و گۆنیا وەک حەوزی بۆکان دۆڵی دارێ بێ ساف و بێ گرێ هێندە لەبار بێ دەستی لێ نەدرێ زەمبوورەی گەورە ساف و موددەوەر کیسەڵ بێ زەحمەت پێیدا بێتە دەر ئاشێک بێ سەخرە ڕێی پێ نەبردبێ بینای وا عالی هیچکەس نەیکردبێ بەردەئاشەکەی حەو بست و گێر بێ گرمە و زرمەکەی وەک نەڕڕەشێر بێ گەنم بکا بە ئارد ڕۆژێ سێ تەغار گرمەگرمی بێ وەک هەوری بەهار چەقەنەی وا بێ لە هاتنی داندا نەزیری نەبێ لە ڕووی دنیادا ئا لەم تاریفە هیچی کەم نەبێ خەڵاتت دەکەم ئەگەر ئاوا بێ تەوەرە بستە و پەڕە و تۆپەکەی ژێر دوزەقە و ئاو، مووروە سەنگەکەی هەمووی ڕێکوپێک، ڕاست و مونەززەم هیچ نەقسی نەبێ نە زۆر و نەکەم ----- ----- ----- ----- لە قەولی ئاغاوە من عەرزت دەکەم حەسەن جەوهەری مەلای دێیەکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی جەنابی موستەتاب ئەی سەییدی عالی نەسەب سەبارەت: داوای تووتن لە خەلیفە سەیید خدری داشاغڵ ئەی جەنابی موستەتاب ئەی سەییدی عالی نەسەب ئەی موریدی قادریی و غەوسی گەیلانی نەسەب ئەوڕۆ دوو ڕۆژە لە ماڵێ نۆبەتی میهمانمە فەرموو با دەرچێ لە ماڵم کافرەدێوی لامەزەب بۆ دەوای ئەم نۆبەتێیە تووتنێکم لێت دەوێ نەرم و خۆش و زەرد و جوان، تای نەبێت و مونتەخەب ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شیعری نەغز و نەسری پڕمەغزت وەکوو ئاوی حەیات شیعری نەغز و نەسری پڕمەغزت وەکوو ئاوی حەیات گەینە سەر مردووی دڵم إحیاءُ مِن بَعدِ المَمات مەزرەعەی ڕووحم وەکوو دەشتی حیجازێ توشنە بوو توونیەتی لاچوو کە هاتن هەر دوو وەک دیجلە و فوڕات مەسئەلەی مەشهوورە هەر جارێ دەڵێن خۆشە بەهەشت موخلیسی تۆم و لە دڵ دەرناچی تا یوم الممات ++++++++++++++++++++++ سەرناو: موبارەک بێ وەتاغی بەرز و جوانت سەبارەت: بەبۆنەی تەواو بوونی سپی کردنەوەی ژووری سەلیم خانی باغچە برای سەعیدخانی ئەدهەمی موبارەک بێ وەتاغی بەرز و جوانت هەمیشە ئاوەدان بێ دەرک و بانت بە شادی و عیززەت و دەوڵەت بمێنی سەلامەت بن هەموو ئەولادەکانت هەزار و سێسەد و حەفتا تەواو بوو سپی کاری وەتاغی خانومانت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی نەسیمی سوبحدەم وەی شارەزای دەشت و دەر سەبارەت: بەشێک لە شیعرێکی درێژ کە ئێستا نەماوە ئەی نەسیمی سوبحدەم وەی شارەزایی دەشت و دەر خۆم بە قوربانی شنەت بم هەستە زوو بە وا وەرە زۆر دەمێکە ئارەزوومە وا بنێرم قاسیدێک بۆ حوزووری خۆشەویستم بۆ سەرم تاجی سەرە کاغەزێکت بۆ دەنووسم زۆر بە زەوق و ئاب و تاب دەیدەمە دەستت بەڵان تۆ خودا زەریفی هەڵگرە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی جەنابی موقتەدیر ئەی هەمدەمی شەوگاری دوور سەبارەت: نامە بۆ مەلا محەممەدی ئەییوبی کە لە کاتی سەردانی تووبا خانمی خوشکی سەرداری بۆکان، جەوهەریی لە دەرەوە بەجێهێشتبوو. ئەی جەنابی موقتەدیر ئەی هەمدەمی شەوگاری دوور بۆچ ڕەفێقی خۆت بەجێهێشت و بەتەنیا چوویە ژوور گەر دەڵێی تۆ ئەهلی عیلمی ئێرە جێگای تۆ نییە خێر، لە حەق گەر لانەدەی هەر بۆ مەیە حۆر و قوسوور داری تووبا سێبەر و بەرگ و بەری هەر بۆ مەیە هەر دەبێ من بچمە ژێری و تۆ تەماشا کەی لە دوور تاقەتی هیجرم نییە تۆخودا لە من دووری مەکە یا ئەتۆ زوو بێرەدەر، یا فەرموو تا منیش بێمە ژوور ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەلامون عەلەیک عەلەیکەسەلام سەبارەت: وڵامی نامەی خەلیفە سەید خدری داشاغڵ سەلامون عەلەیک، عەلەیکەسەلام سولالەی پاکی ڕەسوولی ئەنام جەنابی ئاغای سەییدی سەروەر خەلیفەی بەڕاست ئاغای سەیدخدر شاعیر و ئەدیب خۆشخەت و خۆشڕوو ماقووڵ و نەجیب، خۆشخولق و خۆشخوو سەرحەڵقەی زیکری شەو و بەیانی مەزهەری لوتفی غەوسی گەیلانی دەنگی تەهلیلت پیاو دەسووتێنێ سۆزەی ئەشعارت دڵ دەڕفێنێ ئەشعارت گەییشت نامە سەر چاوم کردم بە نوشتەی سەر و کڵاوم بۆنم پێوە کرد نەشئەی دا بەسەر عومری جوانیم لە نوێ هاتە بەر بێنی چەند خۆش بوو وەک میسکی تەتار تازە هاتبۆدەر لە کولبەی عەتتار چاوم ڕوون بۆوە بە خەتی خۆشی بوو بە دەرمانی دەرد و نەخۆشی بە موژدەی ساغییت دڵی حەزینم شاد بوو ساڕێژ بوو کۆنەبرینم لە خودا دەخوازم هەر بە دەماغ بی پایەبڵند و سەلیم و ساغ بی لە هەر دوو دنیا مەقسوود حاسڵ بی هەر وەک کامیلی هەر وا کامڵ بی پیر و ناتەوان بە سەر زیندووم بە حاڵ دەبزووم دەڵێی مردووم وڵاغی سواری و باریم نەماوە پیادە کەوتووم ئەژنۆم شکاوە هەرگیز گلەیی لە من مەفەرموو باریک بوومەوە هەر وەک تاڵەموو ئەگەر بمبینی بۆ حاڵم دەگری دەڵێی هەزارحەیف بۆ تۆ جەوهەری کوا عەیش و سەفای باغی جوانی؟ کەوتوویە سەحرای پیریی و زورهانی کوا خەتتی خۆشت کوا ئینشا و ئیملات؟ قەڵەمدانی گوێز، قەڵەم و دەوات؟ کوا سەر و سواریی، دەست و جڵەوت پڕمەی ماینشێ، سەدای هەوهەوت؟ کوا توولە و تاجی ڕاوی لاپاڵان لە سەختی قەڵبە و لە دەشتی دوڵان کوا ڕان و ڕکێف، زینی ساچاخدار چەکمە و کەوشی ڕەش بەرقی و سیڕەدار کەوای بۆرسای شام مێزەرەی کەتان لە خۆت شیرین بوو شنیلی لای شان کوا حەڵقەی دەرس و دەوری فەقێیان ئوسووڵ و فرووع، تەفسیر و قورئان چەمغینی و تەشریح لە عیلمی هەیئەت ڕیسالەی حیساب کەلام و حیکمەت کوا حەڵقەی خەتمی بابی ئەهلوڵڵا حاجی خەلیفە مەلا عەبدوڵڵا کوانێ خانەقای جێگای سالیکان کوا وەتاغی بەرز جێگای ئاغاکان کوا شوغڵی سۆفی کوا جەزبەی مورید کوا حاجی یاقووب، کوا سۆفی سەعید کوا بزن و مەڕ و گیسک و کاوڕت چڵە بەندانی دەوری چادرت کوا مایین و جوانوو، دوو و سێ و چوار بەهاران دەچوون بۆ ڕەوە و هەوار کوا مەزرا و مووچە و ئاش و بناوان خرینگەی داسی ڕەنجبەر و سەپان براگیان هەرچەند ئەوزاعم وایە ڕازیم بە قەزا کاری خودایە زاهیر تێکچووە باتین ئابادە فکرم لەسەرخۆ قەلبم ئازادە ئەعزای زاهیرم ڕاستە سەقیمە فیکر و حەواسم جەمع و سەلیمە بە نووری ئیمان دڵم ڕەوشەنە لە لوتفی خودا دڵم گوڵشەنە لە کتێبا دیوتە مەعنای دەزانی قَلب المؤمنی عَرش الرحمنی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گوڵی گوڵزاری نەهری هاتە نێو باغ سەبارەت: بەبۆنەی هاتنی حاجی سەید عەبدوڵڵای نەهری بۆ سابڵاغ و موکریان گوڵی گوڵزاری نەهری هاتە نێو باغ چرای ساداتی شەمزین هاتە سابڵاغ موبارەک بێ قودوومی حەزرەتی شێخ شفایە بۆ نەخۆشی و قەلبی ناساغ هومایە هاتە نێو ئێمە خودایە لەنێو لابەی چەقەی کوند و قڕەی زاغ موسوڵمانان بکەن تۆبەی نەسووحی بە قەلبێکی سەحیح و بێ درۆ و ساغ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەرێ ئەی پیری شەمزینم ئەرێ ئەی کۆڵەکەی دینم سەبارەت: بۆ حاجی سەیید عەبدوڵڵای شەمزینی ئەرێ ئەی پیری شەمزینم، ئەرێ ئەی کۆڵەکەی دینم ئەرێ ئەی ڕۆحی شیرینم، خودا بمکا بە قوربانت فەقیر و موستەمەندی تۆم، گرفتاری کەمەندی تۆم شەو و ڕۆژ دڵ لە بەندی تۆم، خودا بمکا بە قوربانت ئەتۆ ئەولادی گەیلانی، ئەتۆ شابازی شێخانی ئەتۆ دەرمانی دەردانی، خودا بمکا بە قوربانت بە جامی عیشقی تۆ مەستم، لە عیشقی تۆوەیە هەستم گرفتاری سەر و دەستم، خودا بمکا بە قوربانت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جەنابی کاکەمین دایم دۆعاگۆی بەژن و باڵاتم سەبارەت: داوای حوب و قورس (شەکۆلات) لە حەمەدەمین بەگی تیکانتەپە جەنابی کاکەمین دایم دۆعاگۆی بەژن و باڵاتم بە عێلی حاجی سەرتیپە هەموو فەخر و موباهاتم سەرم نەختێ گرانە، سەردڵم قورسە، دەمم وشکە منیش زۆر ترسەنۆکم دایمەن غەرقی خەیاڵاتم هەتا دەستم دەگاتە شار و بازاڕ و حەکیمی چاک ئەگەر ماوە لەلات موحتاجی دوو دانە شەکۆلاتم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نە حیزبی کۆمەڵە و توودە نە پابەندی دیموکڕاتم نە حیزبی کۆمەڵە و توودە، نە پابەندی دیموکڕاتم نە جوزوی نەهزەتی میللی، نە ئەربابی سیاساتم لەسەر ئەم عەرزە پانە مالکی یەک بستە خاکێک نیم عەمامە و خەرقە و بەرماڵە ئەسباب و موهیمماتم ئەمن پیرێکی حەفتاساڵە عومر و پێ لە سەر تابووت هەمیشە قەبر و کفن و مردنە فکر و خەیاڵاتم لە حەد بانگم دەکا ئەی جەوهەری زوو وەختی هاتنتە لە جوابدا پێی دەڵێم تۆ مونتەزیر بە وا منیش هاتم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەمدەزانی هەر ئەمن ساحیب وجوود و جەوهەرم سەبارەت: لەپاش وتاری نوێژی جێژنی جەعفەراغای کەریمی ئاغای قوونقەڵا وەمدەزانی هەر ئەمن ساحیب وجوود و جەوهەرم بۆ خەتابەت دەست و داوێن پڕ لە لەعل و گەوهەرم تا لە جێژنێدا کەریمی هاتە سەر نوتق و خیتاب بۆم موسەللەم بوو کە من شاگردی ئاغای جەعفەرم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەر دەمانهێنێ و دەمانبا ئیقتیسادی بۆ گەنم سەبارەت: وەڵامی مەئموورێکی ئیدارەی غەللە کە داوای گەنمی لە سالاری ئاغای ئاڵبڵاغ کردبوو هەر دەمانهێنێ و دەمانبا ئیقتیسادی بۆ گەنم هیچ نەما تەحویلی غەللەی دەم، مەگەر کیرم و گونم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەوای دیداری یارانی وەتەن کەوتۆتە سەر فکرم سەبارەت: تاسەی دۆستان و وڵات و دیداری مەلا ساڵحی برای و نەوەکانی لە دزەوە هەوای دیداری یارانی وەتەن کەوتۆتە سەر فکرم هەتا ئەمجار دەیانبینم بە چاوانم خودا نەمرم لە هیجرانی مەلا ساڵحی برام و دوو نەوەم دایم بە چاوی پڕ لە فرمێسکم کوڵی گریان و شین دەگرم بە ئیزنی حەزرەتی شێخ چەندە پێم خۆشە بە دڵخۆشی لە ورمێ سواری ماشین بم جەوازی ڕێگە وەربگرم لە سابڵاغ و لە میاندواو و لە بۆکان تێپەڕم یەکسەر لە هیچ لایێ هەتا سەر مەرقەدانی باغچە خۆ نەگرم لەنێو ئەو سێ خەلیفانە بە ئیخلاس و بە هۆشیاری لە ئەڕواحی ئەوان زاتانە فەیز و بەهرە وەربگرم لە بەرپێی باب و دایک و ژوور سەری کاکەعەلی چەند ڕۆژ بە گریان سەر لە سەر ئەو مەرقەدانە ساتێ هەڵنەگرم بە چاوی پڕ لە ئەسرین دەست هەڵێنم ڕەببی ئەمجارە بە ئیمانێکی زۆر کامیل بە لوتف و ڕوحمی تۆ بمرم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وا دەڵێن کوردانی ئەتڕافی شیمال مەردانە بوون سەبارەت: لە ساڵانی ١٩٤٥ - ١٩٤٦ دا لە ژمارەی ٢٩ و ٣٦ ڕۆژنامەی کوهستان لە تاران بڵاو بووەتەوە وا دەڵێن کوردانی ئەتڕافی شیمال مەردانە بوون باوەفا بوون تالیبی میهر و وەفای بێگانە بوون عاشق و مەفتوونی عیشوە و غەمزەکەی جانانە بوون ئاخۆ ڕاس بێ یا کە خەڵکی تابیعی ئەفسانە بوون؟ چاکە تێفکرین لە ئەحواڵی وەتەن بۆچی وا وێران بووە ماڵی وەتەن عیللەتی ئەسڵی نیفاق و ئیختیلافی میللەتە باعیسی ئەم ئیختیلافاتە گەزافی میللەتە ئەم هەموو بەدبەختییە ناشی لە لافی میللەتە چاری ئەم ناچارییە باز ئیئتیلافی میللەتە لەتلەتە جەرگم لە دەس ئەم میللەتە کوتکوتە بەرگم لە دەس ئەم میللەتە ئەو دەڵێ ئەم سونییە و کافر، بە شێخە موعتەقید ئەم دەڵێ ئەو شیعەیە و بۆ سەببە و ڕەفز موستەعید ئەم دەڵێ ئەو زاڵمە و مایل بە جەور و موستەبید ئەو دەڵێ ئەم یاغییە، ئەم باغییە، ئەم مونتەقید داد لە دەس ئەحواڵی جوههالی وەتەن داد لە دەس ئەعمالی عوممالی وەتەن پێشەواکانمان دەکەن هەر یەک بە نەوعێ ئیجتیهاد ئەم دەکا لەو ئیجتیناب و ئەو دەکا لەم ئینتیقاد ئەم دەدا نیسبەت بە کرداری ئەوی تر ئیڕتیداد ئەو دەکا نیسبەت بە گوفتاری ئەوی تر ئیستیناد زار و بێزارم لە بێکاریی وەتەن هەمدەمی عارم لە بیماریی وەتەن ئەم دەڵێ من بادەنۆشم بادەیی سەرشار ئەخۆم ئەو دەڵێ من تالیبی یارم، فریبی یار ئەخۆم ئەم دەڵێ من حیزبم و بەرتیل لە دەس ئەغیار ئەخۆم ئەو دەڵێ من خادیمم وا نێعمەتی دەربار ئەخۆم ئەم گەزاف و ئەم خرافاتە چییە؟ باعیسی ئەم ئیختیلافاتە چییە؟ جەوهەری تا قەومی ئێمە یەکدڵ و یەکسان نەبن تابیعی ئەمری خودا و پەیڕەوی قورئان نەبن تابیعینی موسلیمین و حەلقەیی مەردان نەبن تا موبیعی... و ئەمری ئولولئەمران نەبن موشکیلە ئەم دەردە دەرمانی ببێ زەحمەتە ئەم هیجرە پایانی ببێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕۆژی جێژن و شادییە یاران وەرن با کۆوەبین سەبارەت: پیرۆزبایی بۆ حاجی بابە شێخی جەمیان کە ڕەزا شا گۆچانێکی بە خەڵات بۆ دەنێرێ ڕۆژی جێژن و شادییە یاران وەرن با کۆوە بین زاهید و سۆفی وەدەرنێین گوێ نەدەینە واعیزین موتریب و ساقی بڵا بێن دەست بە تار و جامی مەی بۆ تەماشا بێن بە لەنجە دڵبەرانی نازەنین سونبول و ڕێحانە و گوڵناز و شەوبۆ و سوورەگوڵ خاڵ و پەرچەمیان وەدەرخەن خونچە بێنە پێکەنین سەرو و شمشاد و چنار و نەخل و نار و ناروەن ڕابوەستن، ببنە خزمەتکار لالە و یاسەمین هەوری ڕەحمەت با ببارێنێ لەسەر گوڵزار و باغ بای سەبا با بێنێ بێنی ڕەوزەیی خولدی بەرین سەفبەسەف غیلمان بڵا بێن دەست بە تار و جامی مەی دەستەدەستە بۆ نەوا و خونیاگەریی بێن حۆری عین تاق و جووتی تاق بە تاقم بچنە پێشوازی خەڵات وا ئەمیر هێنای لەلای شاهەنشەهی ئێران زەمین واریسی تەختی کەیان سوڵتان ڕەزا شای پەهلەوی سێبەری ئەمن و ئەمان و ساحەبی تەخت و نگین یەک سەدا و ئاوازە با دەستی دوعا پێشی خودا بۆ دەوامی دەوڵەت و عومری شەهەنشا ڕاگرین وا عەسایێکی موڕەسسەع پڕ جەواهێر ناردی بۆ حاجی بابا شێخی جەمیان نەسلی خەیرولموڕسەلین ساحیبی سەیف و قەڵەم حاجیی و غازی و پێشەوا ساحیبی شەرع و تەریقی موقتەدایی موتتەقین ئەو عەسایە بۆ شکستی حاسیدانی ئەو بڵێ وەک عەسای مووسایە یەعنی تِلک سَعبانٌ مُبین سەد هەزار جارت موبارەک بێ خەڵاتی پادشا ئەو یەدی بەیزا و عەسایە هەر دوو ئایاتی مەتین بۆ نیساری ئەو خەڵاتە من کە دەستم خاڵییە ڕۆحی خۆم هێناوە فەرموو ئەی ڕەئیسولعاریفین بۆ عوموم ئەوڕۆکە جەمیان مەلجەئو دارولئومید خاسە بۆ تۆ جەوهەری، حَمدً لِربّ العالَمین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەتا شاری جامەرد بوو یەک مەلا بوو سەبارەت: بۆ مەلا محەمەدی جامی (مەلا دوودوو) کاتێک دێ بۆ جامەرد و دەبێتە مەلای ئەوێ هەتا شاری جامەرد بوو یەک مەلا بوو ئەوێستاکە مەلاکەی بۆتە دوودوو جەنابی قاسم ئاغا پایەدار بێ بە دووی دێ سێ، دوو دێنە سەر دوو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەرێ ئەی نەفسی بێ شەرم و حەیا تاکەی هەوەسڕانی ئەرێ ئەی نەفسی بێ شەرم و حەیا تا کەی هەوەسڕانی؟ هەتا کەی غەفڵەت و سستی، هەتا کەی جەهل و نادانی؟ هەتا کەی پێڕەوی شەیتان و ڕێگەی خوار و خێچ دەگری؟ هەتا کەی سەرکەشی و فیسق و فجوور و کیبر و توغیانی؟ لە بیرت ماوە دەورەی زیندەگانیت چۆن بە سەردا هات؟ لە منداڵیتەوە تا عەسری پیری و عومری نۆجوانی سەراسەر بۆت حیساب کەم عومری شیرینت چلۆن ڕابرد چلۆن لات دا لە ڕێی حەق، کەوتێ ڕێی تاریک و زوڵمانی نە بۆ دنیا نە بۆ عوقبا بە کاری خۆت و کەس هاتی نە قەول و فێعلی چاکت بوو لە هەر دوو لاوە خوسرانی لەبەر قاپێن و مەزرەق داکوتان و خازەڵی و بازی بە منداڵی نەچوویە مەدرەسەی تەحسیلی ئینسانی بە ڕۆژ مێشێن و تۆپێن سەنعەتت بوو تاکوو ڕۆژئاوا بە شەو گورزێن و شایی تا تلووعی ڕۆژی نوورانی بە زللە یا لەبەر داردەستی مامۆستا بڕێکت خوێند لە ئەلف و بێ و حینجە و سایە، دوو سێ جوزوی قورئانی لە تۆماری سمایلنامە نەختێ، ناگەهان دوو پەڕ ئەویشت زوو فەرامۆش کرد و نەتفاماند و نەتزانی لە لای خۆ هاتیە سەر نووسین و مەشقی فارسی ئەمما هەتا هاتی خرابتر بووی لەبەر قەڵبی و گرانجانی لە خەتتی فارسی و تازی نەسیبێکت نەبوو حەیفێ لە شێوەی ڕەسم و نەسخ و نەستەعلیق و ڕەیحانی لە دەوری مەکتەبا وا بوو کە کەوتیە مەدرەسەی عیلمی دوو سێ نەوعت عەوامیل خوێند لەدووی تەسریفی زەنجانی لە سەعدوڵڵا چکۆلە و شەرحە موغنی، دوو پەڕ و لایێ لە سەعدینی هەتا فەسڵ و بەجێت هێشتن بە نوقسانی لە وەڵع و ئیستیعارە و جامی و سیوتی کە سەرکەوتی وەدووی نەفس و هەوا کەوتیی و کەوتیە مەشقی شەیتانی موتاڵای دەرسی ڕۆژانت - نەزەر و ئیشارەت بوو لەباتی دەوری سیوتی هەر دەڵێ بابا و گۆرانی شەوی سێ شەممە و جومعە هەتا ڕۆژ گۆرەویبازی لە تاوکەوتن هەتا ئێوارە هەر کەوشێن و زۆرانی لیباسی جاهیلانت کردە بەر بۆ ملقوتەی بانان کڵاوی لار و پشتێنی زل و ئەنگوچکەسۆرانی کە دەستت کرد بە مەنتیق جینس و فەسڵێکت کە حاڵی بوو بە دەعیە و فیزەوە باڵتەی دەبیبت خستە لاشانی کەوای قوتنی درێژت ڕاست لە پەنجەی کەوشی سوور دەخشا کەتانی ڕیشوەدارت پێچ دەدا وەک بەفری --انی مووتەووەل بوو بە دەرست، موختەسەر دەرچووی لە خوێندندا بەدیعت وەک بەیان ناقیس، مەعانیت نیوەچڵ زانی خەیاڵی خوێندنی جەمعولجەوامیع کەوتە سەر فکرت لەگەڵ مینهاج و ئیبنولقاسم و تەحریری بەننانی لە تەجرید و مواقیف، قازی لاریی و چەغمینی لە ئوستورلاب و زیج و هەندەسە، ئەشکاڵی بورهانی لەوان عیلمانە هەر یەک یەک دوو بەحس و مەسئەلەت خوێندن لەلات وا بوو تەواو بووی وەک مەلای بۆکان و تورجانی هەوایێکی بڵندت کەوتە سەر با بۆی بڕۆم، ئەمجار گەڕای، سووڕایەوە کەرکووک و هەولێر و سولەیمانی لەبەر تەنپەروەریی شەش مانگ لە هیچ لایە نەبووی ساکین بەڵێ کەرکووک و هەولێر گەرمە ناخۆشە سولەیمانی هەوای ئاو و هەوای شاری سنەت کەوتە خەیاڵ و چووی بە سەت زەحمەت کە دامەزرای لە حوجرەی دارولیحسانی لەپاش دوو ڕۆژ کە سووڕت خوارد لە دەوری شار و باغاتی کە چاوت کەوت بە مزگەوت و بە بازاڕ و بە دووکانی وتت ئەم جێیە جێی عەیشە بە دەور و دەرسی قەت نادەم سەفای ئاویدەر و کانی شەفا و باغ و گوڵستانی شەو و ڕۆژ کووچەگەردی و چایی خواردن کار و پیشەت بوو لەسەر حەوزان و باغان چەپڵەڕێزان و غەزەڵخوانی لەبەر تەعنەی ڕەفیق و هاوسەر و باب و برا و جیران ئیجازە و کاغەزت وەرگرت لەپاش عومرێکی توولانی کە دەرکەوتی، وەڕێ کەوتی بەرەو ماڵ موژدەیان هێنا بیحەمدیللا مەلامان هاتەوە دایکم بە قوربانی لە ئاغا و نۆکەر و پیر و جەوان، بێ ماڵ و دەوڵەتمەند بە ئیستیقبالەوە دەرچوون لە دێ، ژن هاتنە سەر بانی سڵاوات لێدرا، شەربەت خورا، شادی کرا ئەمجار مەلامان پیاوی چاکە زوو دەناسین ڕێی موسوڵمانی عەبای نایین لە لای ئاغاوە بۆت هات و موعەییەن بوو بەرات و ئاش و خانوو، مووچە و جێ جووت بە تەرخانی کە جێی خۆت گرت و دامەزرای و نەختێ ئیحتڕامت بوو بەجێت هێشت مینبەر و میحراب و ئەحکاماتی قوڕئانی لە ئەبوابی قەزا و دەعوا، لە جەرح و تەزکیەی شاهید بەڵا بۆچی عیبادەت شەرت و ڕوکنی جومعە نازانی وەتاغت کردە مەنزڵ لای سەرووی ئاغاوە دانیشتی بە چۆکدا هاتی وەک بولبول بە قەووالی زمانپانی ئیتر ئینسافە تا کەی ڕەحمی خێرێکیش بە خۆت ناکەی هەتا کەی تالیبی دنیا، ڕەفیقی نەفس و شەیتانی سەر و ڕیش و سمێڵت پاک سپی بوون و ددانت کەوت سەری بێ مەغز و دەستی لەرز و باڵای خوار و گۆچانی تەمای چیت ماوە بەو گوێچکەی گران و چاوی نابینا ئیتر تا کەی بە غەفڵەت هەر وەکوو تفڵی دەبستانی ئەوێستاش تاکوو ماوی تا نەمردووی چارەسازێ کە چرای خێرات و تاعەت هەڵکە بۆ نێو قەبری زوڵمانی لە کرداری خراپ و قەولی بێ مەعنی پەشیمان بە دەخیلت بم لەپاش مردن بە کار نایە پەشیمانی لەبەر قاپی خودا ڕاوەستە عەفوی لێ تەمەننا کە بە سۆزی سینە و جەرگی کەباب و ئەشکی بارانی لەبەر دەرکی خودا کەس ناهومێد و بێنەسیب نابێ مەڵێ جورم و گوناهم زۆرە مەئیووسم لە ئێحسانی خوداوەندا بە حەققی زاتی بێچوون و سیفاتی خۆت بە تەوڕات و بە ئینجیل و بە ئیعجازاتی قورئانی بە عەرش و کورسی و لەوح و بەهەشت و جەننەتولمەئوا بە تەسبیح و بە تەهلیل و سجوودی خەیلی ڕووحانی بە حەققی ئادم و شەیس و شوعەیب و نووح و ئیبڕاهیم بە زولکیفل و مەسیحا و کەلیم و پیری کەنعانی بە تاقی دوو برۆی سەردار و سەرحەڵقەی ڕەسوولانت بە ئەهل و بەیت و ئەسحاب و ڕەفیق و دۆست و خوێشانی بە سیدقی حەزرەتی سیددیق و عەدلی حەزرەتی فاڕووق بە زوهدی حەزرەتی حەیدەر، بە زیننوورەینی عوسمانی بە ئەخلاقی حەسەن، خوێنی حوسێن و باقی مەزڵوومان بە نەوحەی فاتیمەی زەهرا لە گەڵ فرمێسکی چاوانی بە نووری پاکی زەینولعابدین و باقر و جەعفەر بە مووسای کازم و سەبری ڕەزا، شاهی خۆراسانی بە ئیخلاسی تەقیی و هەم نەقی ئەمجار نەجاتم بێ لە دەست مەکر و فەسادی نەفس و تەسویلاتی شەیتانی بە حەققی عەسکەری و مەهدی، بە حەققی قاسم و سەلمان بە حەققی عەشقی شاهی بایەزید و پیری کەنعانی بە حەققی بووعەلی و یۆسف، بە عەبدولخالق و عارف بە حەققی خواجەیی ڕامتینی و پیری عەزیزانی بە حەققی خواجەبابای سەماسیی و ئەمیرسەیید بە عیززی شاهی نەقشبەند و بە قوربی غەوسی گەیلانی بە حەققی شاهی عەتتار و بە یەعقووب و عوبەیدیللا بە حەققی زاهید و دەروێش و باقی قوتبی ڕەببانی بە حەققی عوڕوەتولوسقا، بە سەیفوددین و سەییدنوور بە ئەتواری حەبیبوڵڵا و مەزهەر، جانی جانانی بە حەققی شاهی دێهلی، نووری سینەی حەزرەتی خالید بە ساداتی کیرامی نەهریە و پیرانی عوسمانی زەلیل و بێکەسم کەوتووم لەبەر دەرکی خودایی تۆ گوناهم زۆرە بمبەخشە خوداوەندێکی مەننانی بۆ خۆت فەرمووتە پەردەی عەیبی کەس هەڵناگرم یا ڕەب بپۆشە عەیبی ئەم بێچارە تۆ سەتتاری عەیبانی بۆ خۆت فەرمووتە غەففاری زنووبی ئەهلی عیسیانم ئەمن تۆبە، ئەتۆ بمبەخشە، بەخشەندەی گوناهانی بە قوربی قابەقەوسەینی ڕەسوولانت بگە فریام لە وەختی نەزعدا مەرگێ بە ئیمان و بە ئاسانی خەجاڵەتباری قەبر و حەشر و میزانم نەکەی یا ڕەب لە دنیا و ئاخیرەت هەر تۆ خوداوەندێکی ڕەحمانی لە سفرەی نیعمەتی خۆت جەوهەری بێبەش نەکەی یا ڕەب کەریم و موحسین و موعتی، وەدود و ساحیب ئیحسانی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جەنابی ئەدهەمی ئەوڕۆ لەگەڵ ئاغای سەلیمخانی سەبارەت: بۆ سەعید خانی ئەدهەمی جەنابی ئەدهەمی ئەوڕۆ لەگەڵ ئاغای سەلیمخانی بەجووت هاتووینە باغچەی تۆ بە ڕەسمی دید و میهمانی بەبێ تۆ باغچە بێ سەیر و سەفایە، دڵ لە غەمدایە لە فەیزی مەقدەمت شادمان بکە تۆ غەوسی گەیلانی ئەگەرچی جەوهەری پیرە لە جەمعی ئێوەدا بەڵکوو شەوقێکی تازەی بێتە سەر وەکوو ئەو پیری سەنعانی؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جەنابی موستەتاب ئاغای سەیدخدری داشاغڵ سەبارەت: وەڵامی نامەی خەلیفە سەید خدری داشاغڵ جەنابی موستەتاب ئاغای سەیدخدری داشاغڵ خەلیفەی قادری یەعنی تەریقی غەوسی گەیلانی گەیاندی ئەحمەدی مزگەر، ڕەقیمەی عەنبەرینی تۆ کراسی یووسفی هێنا لەبۆ یەعقووبی کەنعانی وەرمگرت و لەسەر چاو و سەرم دانا و ماچم کرد سروور و نووری بەخشی بۆ سەر و بۆ چاوی زوڵمانی بە خەتتی خۆش و شیرینی، بە شیعر و نەسری ڕەنگینی وەکوو ئاوی حەیاتێ دای بە حاڵم عومری نۆجوانی بە موژدەی سیححەتی زاتی شەریفت شاد و مەسروورم دڵم پشکووت وەکوو گوڵخونچەیی باغی حەسەنخانی لەڕووی لوتف و موحیببەت گەر دەپرسی حاڵی بەندەی خۆت بیحەمدیللا لە سایەی ئیلتیفاتی شێخی گەیلانی هەتا فەرمووی بە کەیفم مەنزڵم تەنیایە زۆر گەرمە هەموو ئەسبابی سازە کوورە و فەرشی خۆراسانی لە شێوەی دۆستی و مەیلت گەلێ مەمنوون و مەرهوونم کە ئەم بەندەت لە بیر ماوە لە دوای موددێکی توولانی مەفەرموو جەوهەری حەیفێ غەریب و دووروەتەن کەوتووی بە گوڵزاری وەتەن نادەم غوباری دەرکی گەیلانی وەرە با پێت بڵێم ئەو شێخە کێیە تاکوو بیناسی جەنابی حاجی سەیید شێخ عوبەیدیللاهی گەیلانی چرای ساداتی شەمزینە سیراجی میللەت و دینە نەوەی تاها و یاسینە لە سولبی غەوسی گەیلانی لەبەر چاوی هەموو کەس خۆشەویستە جوان و شیرینە چ شیعی بێ چ سوننی بێ چ تەورێزی چ تارانی مەقامی شێخ بڵندە پادشاهان حورمەتی دەگرن عەسای پڕ لەعل و یاقووتی لەبۆ نادر شاهی ئێرانی لە لوتفی حەق تەعالاوە لە هەر چوار فەسڵی ساڵێدا زیارەتگاهی ئەشڕافە دەر و دیوار و هەیوانی لە هەر لایێ دەبینی بۆ تەوافی دین لە ڕێگای دوور لە ئەشڕاف و مەلا و ئاغا، لە گەرمێنی، لە کوێستانی لە دیوانخانەیی ئەودا کە دانیشتن لەسەر سفرە فەقیر و دەوڵەمەند وەک یەک لەبۆیان دێ بە یەکسانی پەنایێکی بڵندە، عالییە بۆ دین و بۆ دنیا خودا هەر پایەداری کا، هەتا دنیا دەبێ فانی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەفر هاتە خوار بۆ دەوری دزێ سەبارەت: بۆ حاجی سەید عەبدوڵڵا بەفر هاتە خوار بۆ دەوری دزێ لە ترسی سەرما دڵم دەلەرزێ کە بیت و وا زوو کوورە دانەنرێ بێ شک جەوهەری لە سەرما دەمرێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قەسیدێک دادەنێم شیعری فەسیح و ساف و غەڕڕا بێ قەسیدێک دادەنێم شیعری فەسیح و ساف و غەڕڕا بێ زەریف و خەندەئاوەر وەک کتێبی ئەلف لەیلا بێ بڵند و پڕ لە مەعنی لەغز و پڕ مەغز و سروورئاوەر لەنێو جەرگەی قەسیدان وەک جحێڵی تازەزاوا بێ هەچی وەزعم هەیە پاکی دەنووسم هیچی نابوێرم هەچی دەردم هەیە پاکی دەڵێم ئەعلاجی ئەدنا بێ پەرێشانی و غەم و مەینەت لە دەورەم حەڵقەیان داوە بە عومری خۆم گومان ناکەم وەکوو ئەو ساڵە قەوما بێ لە سوختی داردا سوختم لە گوێنی و دەستەچیلەش دا هەمووی سەر یەک بخەی هیچی نەیێڵی کوورەیەک نابێ وەتاغم بووەتە نێوماڵی کەسیف و پڕ گەنە و قڕنوو لەتاو کێچ تاکوو ڕۆژ قەت بیست دەقیقە ڕاحەتم نابێ لەبەر بێشوانی هاوین گایەکانم ناردە ئەو دێیە تەپاڵەشمان نەبوو، کەم بوو، بەشی بیست ڕۆژ ئەگەر مابێ کە تەندوور دادەخەن دووکەڵ فەزای ماڵ پڕ دەکا وەک مژ وەکوو توونی حەمامێک دەرک و ڕۆچنەی پاکی گیرا بێ بە ڕۆژدا کار و جێگەم خوێندنی ئەوراد و مێحرابە لەبەر قوولە و هەرا گوێچکەم لە قورئان خوێندنم نابێ شەوێ دوای نوێژی خەوتنان چووم تفاق بۆ ماینەشێ بێنم تەماشای کا دەکەم هەیهوو هەمووی سێ باری چا نابێ بە ڕۆژوو بووم لەبۆ ئیفتار لە مزگەوت چوومەوە ماڵێ کوتم برسیمە چێشت و نان و چایی حازرە با بێ لە جوابدا پێی کوتم کابانی ماڵێ چارەسازێ کە نە قەند و چا و ڕۆنت ماوە، نەوتیش حەو درەم نابێ لەجێی نان گۆزەیەک ئاو داندرا وەک دەوری ئەسحابان کوتم ڕەببی شوکر یا ڕەب کە تۆ نەیدەی ئەویش نابێ خولاسە تا سەعاتێک کەوتمە نێو بەحری خەیاڵ و خەم خودایا چۆن دەبێ و کارم بە کێ چا بێ سەدایە هاتە گوێم ئەی جەوهەری با بەس بێ دەردی دڵ دەبێ کاری هەموو چا بێ کەسێ سالاری ئاغا بێ لە هەر دوو دەستی وەک هەوری بەهاری زێڕ و زێو دەڕژێ لە بەگزادە و لە دێبوکری وەکوو ئەو پیاوە چا نابێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زریانەشێتە سەری من فیدای شنەشنت سەبارەت: بە زریاندا نامە دەنووسێ بۆ سەعید خانی ئەدهەمی باغچە لە ئۆردووی نەڵێنی فەقێ ئیسیان زریانەشێتە سەری من فیدای شنەشنت قوربانی تۆزی ڕێگەتم ئەمجارە وا وەرە کاڵان دەپێ کە بۆ نەڵێنی فەقێ ئیسییان ئۆردوو لەوێیە خێوەتە، خەرگایە چادرە جەمعن لەوێ هەموو عێلاتی موکریان ئەو دەشتە پڕ لە نۆکەر و ئاغا و بەگلەرە بیستوومە چۆڵە ڕێگەش بڕێک بێ زەخیرە برسیت نەبێ هەتا دەتوانی تۆشە هەڵگرە تۆراغ و قەند و چایی ئەوەند تا دەگەییە وێ نان و کولێرەچەورە و پەنیر و کەرەش بەرە ڕێگەش بڕێک بە ترسە نەوەک تووشی کێشە بی خەنجەر وە بەر چەقێنە و دەمانچە و تفەنگ بەرە ئەو دەستە پاکەتە بنێ گیرفانی باخەڵت دەسرێکی تێوە پێچە و زۆر جوانی هەڵگرە نووسیومە بۆ حوزووری سەعید خانی ئەدهەمی ڕان و ڕکێفی جوانە، تیغی دەبانە موجەوهەرە تەعریف ناکرێ بە قەڵەم چۆن تەواو دەبێ میرزایە، سواری چاکە، ڕەشیدە، دلاوەرە ئەووەڵ بڕۆ هەتا وەکوو نزیک خێوەتان کانییەکی لێیە ئاوی وەکوو ئاوی کەوسەرە دەوری گوڵۆکە پاکی هەڵاڵە و وەنەوشەیە گیاخاوە، سوێسنە، مەندێیە، شەستپەڕە دانیشە دەست و دەم و چاوی خۆت بشۆ خاوێن لە تۆزی ڕێگە و دەستنوێژێ هەڵگرە ئەمجارە هەستە نەختێ لەسەر گردی خێوەتان ڕاوێستە تاکوو سەعاتێ سەبر گرە چاوت بگێڕە تاکوو دێنە دەرێ نۆکەر و غوڵام جانگیر و مستەفا و عەلی بانگ کە ئەو سەرە دەست تێکگرن، قەدرێ هەڵپەڕن بڵێ بڵێ تۆخودا عەلی بە یادی ڕەسووڵ چاکی هەڵگرە تێکڕا بڕۆنە خوارێ بە لینگدان و پێکەنین تا دەچنە بەردەمی ئەو گەورەچادرە ئەووەڵ بچۆرە خێوەتی سەرتیپی شاریکەند قوببەی هەموو لە زێڕە پەراوێزی مەخمەرە مەزن و ڕەئیسی عێڵ و خەوانینی موکرییە سەر تا قەدەم لە عەقڵ و شەجاعەت موسەووەرە ڕاوەستە هەندێ لەبەر دەرکی خێوەتا ئێزنێ بخوازە، زۆر بە ئەدەب پەردە لابەرە دوای سەلام، زۆر دوعای خێر و ئیشتیاق بۆ عەرزی ئەم نیازە ئیجازێکی وەرگرە عەرزیان کە، بێت و عەرزی نیازم قەبووڵ بکەن مەمنوونی لوتفی ئێوە دەبم تاکوو مەحشەرە ئەمجارە کاکە سەعیدم بۆ بنێرنەوە بۆ هاتنەوەی هەمیشە دوو چاوم لەبەر دەرە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەسمائی شەریفی شەڕەفی عەڕشی بەرینە سەبارەت: پەسنی پێغەمبەر ئەسمائی شەریفی شەڕەفی عەڕشی بەرینە مومتازە لە خەڵک، ئەحمەدە، مەحموودە ئەمینە تەشبیهی قەدی ڕێک و دلارایی بە چی بکەم هەر چی کە بڵێم چاترە باڵاتری نینە یا ڕەب مەکە ئەم سینەمە خاڵی لە خەیاڵی بێ قیمەتە ئەنگوشتەری خاڵیی لە نگینە مسەلمانی سولەیمانە دەبێ عوممەری چی بێ فاڕووقێکە ملبادەری شەیتانی لەعینە --- حەبەش خادیمی دەرگاهی بیلالی کەمتر خەدەمی خادیمەکانی شەهی چینە شەرحی دەرەجەی گەورەییی یارانی چ نادەم جەووادە، خودادادە، ئەدەب زادە، مەکینە مێعراجی بە یەک دەم لە شەوی تار و سیادا سووڕهێنەری سەر بۆ بەشەری واقعبینە هەر تا دەگەمە خزمەتی، بێ وەقفە براکەم بەم مەرهەمە ساڕێژی کەم ئەم هەموە برینە خاکی دەری ئارامی دڵە دائیمە جێی بێ بێبەش نەبێ بەڵکوو لە عەتای ئەم شەهی چینە بەم شەوقەوە عەزمی سەفەری مڵکی سەبا کە قەسدی سەفەری وا بەری عەزمێکی مەتینە سۆزێکی لە دڵدایە، دڵاوایە، بڵێسەی پڕشنگەکە لەو نووری درەخشانی مەدینە شەوقی ئەوە تۆشەی سەفەری جەوهەری هەردەم ئەو شەوقە حەیاتی منی غەمبار و حەزینە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەفری هیجرت قوللەیی کێوی دڵی وا گرتووم بەفری هیجرت قوللەیی کێوی دڵی وا گرتووم مەر شەماڵی وەسڵی تۆ ئەم بەفرە بتوێنێتەوە ئاوری دووریت وەها جەرگ و دڵی سووتاندووم مەر هەناسەی وەسڵی تۆ ئەم ئاورە بکوژێنێتەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەشەککور واجبە بەه بەه کە جێی فەخر و موباهاتە سەبارەت: نامە بۆ ئەوڕەحمان بەگی تیکانتەپە کە بە زۆر بردوویانە بۆ بۆکان بیکەن بە ڕەئیسی سەندووقی ئینتیخابات تەشەککور واجبە بەهبەه کە جێی فەخر و موباهاتە دەڵێن شاهم لە بۆکانە ڕەئیسی ئینتیخاباتە بەبێ دەستووری ئەو زاتە ڕەئی -- بدەی نابێ لە قانوونی حەقدا جزات سزاواتە ئەگەر دەورەی عەداڵەت بێ، ڕەئیس قەت پیاوی کەر نابێ هەموو شت بۆتە کەربازاڕ و مەجلیسیش خورافاتە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دوو تڕ بە هەر حاڵ نیوتڕ مەحاڵە سەبارەت: نامە بۆ ئەو مامۆستایانە کە وتوویانە تەڵاقی سۆفی ساڵە کەوتووە. (سۆفی ساڵە لەگەڵ ژنەکەی لێیان دەبێ بە شەڕ و دەڵێت سێ تەڵاقەت کەوێ لەسەر دوو تڕ و نیوێک. ) دوای سەلام و دەست ماچ کردنی مامۆستاکان دوو تڕ بە هەر حاڵ نیوتڕ مەحاڵە دوو تڕ و نیو تڕ بە ڕیشی ساڵە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەبیرم هەر دە بیرە وەک زمانم زیکری تەوحیدە سەبارەت: بۆ چوار مەئمووری ئیدارەی سجیلی ئەودەمی بۆکان: دەبیر، تەوحیدی، مفتی زادە و جاوید دەبیرم هەر دە بیرە وەک زمانم زیکری تەوحیدە دڵم مەشغووڵی مفتی زادەیە و موخلیسی جاویدە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەمێکە ڕۆژ و شەو کارم دەمادەم زارییە و شینە دەمێکە ڕۆژ و شەو کارم دەمادەم زارییە و شینە سەر و بەرگم لە هیجرانی وەتەن سەرتابەپێ شینە نەخۆشن میللەتی ئێران، تەبیبی دەوڵەتیش ناشی نەتیجەی ئینتزاریش بۆ خوەشی میللەت نەخۆشینە هەموو یاران لە بێکاری دەکەن تیکراری بێعاری وەلێ تیکرار و کاری من هەمووی یاسینە یا شینە شەڕاب و شاهید و شەمعم لە شەودا شوعلەیی ئاهە شهوودم عادیلە شیعرم کە ئاخریان هەموو شینە دەجۆشم هەر وەکوو قازان دەڕێژم ئەشکی وەک باران نەماوە جۆشش و کۆشش شەوی من بۆیە جۆشینە هەتا جۆشش نەکا بەحری ئیرادە و عەزمی مەردانە لەلام بێحاسڵە ئەم قیل و قالە، وەختی کۆشینە دەپۆشن چارشەوی عار و دەنۆشن جامی بێعاریی ئەتۆ مەردی لەبۆ پۆشاکی تۆ پۆشینی پووشینە لە ئەشکی هەروەکوو یاقووت پیاڵەی چاو لەبالەب بوو شەو و ڕۆژ کار و باری جەوهەری لەم بادەنۆشینە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەقامی شێخ زۆر بەرز و بڵند بێ سەبارەت: بۆ حاجی سەید عەبدوڵڵا کە دیاری ناردبوو بۆ جەوهەری مەقامی شێخ زۆر بەرز و بڵند بێ دەگەڵ من زۆر بە لوتف و ئیلتیفاتە بە جوببە و مێزەرە و کەوڵی بوخارا سەراپا جەوهەری غەرقی خەڵاتە لەوان چاکتر کەلاموڵڵا و دەلاییل کە خوێندنیان بە حەق مایەی نەجاتە لەبۆ من سەربڵندیی و ئیفتیخارە لەنێو بێگانە و ئەهلی وڵاتە ئەوەی دۆستن دەڵێن زۆر زۆر موبارەک حەسوودیش زۆر خەفە و غەمبار و ماتە چ دەربەستم حەسوود با هەر بنووزێ قسەی حاسید لەلای من بێ مەناتە ئەگەر سەد پیر و ئوفتادە و زەعیفم لە سایەی شێخەوە بەختم لە هاتە حەسەن عەهدێکە بەستوویە لەگەڵ تۆ هەتا مردن لەسەر عەهد و وەفاتە ئەمن پیر بووم و عومرم زۆر نەماوە ئەتۆ خۆش بی سەر و قەلبم فیداتە ئەگەر بمرم لەسەر دنیاش نەمێنم بە دیدارت قەسەم ڕۆحم لە لاتە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نووکی قەڵەمی جەوهەری بڕوانە چ تیژە سەبارەت: بۆ سەعیدخانی ئەدهەمی باغچە نووکی قەڵەمی جەوهەری بڕوانە چ تیژە بۆ ک... نی موخالیف زە... ەرە تیری قەزایە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕەفێقان با بکەین شیوەن کە وەختی هیجری یارانە سەبارەت: شینی شێخ عەبدولقادری نەهری و هاوڕێکانی ڕەفێقان با بکەین شیوەن کە وەختی هیجری یارانە پیاڵە و شووشە بشکێنین کە شادی ڕووی لە شێوانە بیساتی عەیش و خۆشی هەڵگرن، نۆرەی غەم و دەردە هەموو لایە سیاپۆش بن کە تازیەی پیری مەیخانە بڵێن ساقی لەباتی مەی پیاڵێک پڕ لە خەم بێنێ بڵێن موتریب دەف و نەی لابەرێ جا وەختی ئەفغانە حەریفان، تاکوو ئێستە بەزم و ڕەزم و چەپڵەڕێزان بوو ئەوێستا وەختی قوڕپێوان و نۆبەی شین و گریانە لە هەر لایێ کە دەتدی مەجڵیسی ئاوازەخانی بوو لە هەر کۆشکێ دەبینی ئێستە واوەیلا و لەخۆدانە دریغا پشتی ئیسلامێ بەجارێ تێک شکا حەیفێ کە شای دنیا و دین یەخسیری دەستی زوڵمی تورکانە شەهی شەمزین و غەوسی سانی و هانی و گەیلانی ڕەواجی دینی ئەحمەد بوو چرای ئێران و توورانە لەپاش حەفتاد و چەند ساڵێ لە دیاربەکرێ بە دەست تورکان لەگەڵ جەمعێ لە سادات و مەشایخ بوونە نیشانە یەزید و کەربەلا ئەوڕۆ کەماڵ پاشا و دیاربەکرە کە ئەو سەید و مەلایەی کرد بە ناحەق تیرەبارانە دڵم بۆ شێخ محەممەد پڕ لە زووخاوە مەکەن مەنعم کە دوو جۆگە لە خوێن جاری بکەم لەو هەر دوو چاوانە کەسێ بوو عالم و عابید، نەجیب و عاقڵ و کامیل دەبێ هەر خاک بە سەردا کەم لەپاش ئەو شێخە نۆجوانە لەپاش ساداتی نەهری مردنم زۆر خۆشترە لە ژیان لەدوای ئەو خانەقا چۆڵە دەبا کوێر بم لە چاوانە بناغەی دینی ئیسلامێ سەروبن بوو و تێک ڕووخا لە بەر یەک هاتەدەر حەیفێ بە تۆپی زوڵمی ترکانە ڕەفێقی ئیبنی مولجەم یاری شومرە گەورەیی ترکان کە قەتڵ و عامی کردن بێ خەتا ئەو پیاوەچاکانە کە ئەو شێخ و مەلا و ساداتەیان هێنانە پێی ئێعدام لە پێی سێدارە ڕاوەستان و فەرموویان بە کوردانە تەماشای گەردن و دار و تەنافی ئێمە کەن بەڵکوو لەدوای ئێعدامی ئێمە تۆڵە بستێنن لە ترکانە لە ڕێی دینی موحەممەد سەربڕێن زۆر فەخرە بۆ ئیسلام لە مردن قەت مەترسن کوشتنی وا ڕەسمی پیاوانە لە سەر ڕێی دین و شەرعی موستەفا قەت لامەچن کوردان کەلاموڵڵا قەبووڵ کەن چاکە نە قانوونی ترکانە ئەوەی ترکان بە سەر ئیسلامیان هێنا بە هیچ دەورێ نەماندی غەیری حەججاج و یەزید و شمری شەیتانە ++++++++++++++++++++++