شاعیر: جەوهەری کتێب: دیوانی جەوهەری سەرناو: مەقامی شێخ زۆر بەرز و بڵند بێ سەبارەت: بۆ حاجی سەید عەبدوڵڵا کە دیاری ناردبوو بۆ جەوهەری مەقامی شێخ زۆر بەرز و بڵند بێ دەگەڵ من زۆر بە لوتف و ئیلتیفاتە بە جوببە و مێزەرە و کەوڵی بوخارا سەراپا جەوهەری غەرقی خەڵاتە لەوان چاکتر کەلاموڵڵا و دەلاییل کە خوێندنیان بە حەق مایەی نەجاتە لەبۆ من سەربڵندیی و ئیفتیخارە لەنێو بێگانە و ئەهلی وڵاتە ئەوەی دۆستن دەڵێن زۆر زۆر موبارەک حەسوودیش زۆر خەفە و غەمبار و ماتە چ دەربەستم حەسوود با هەر بنووزێ قسەی حاسید لەلای من بێ مەناتە ئەگەر سەد پیر و ئوفتادە و زەعیفم لە سایەی شێخەوە بەختم لە هاتە حەسەن عەهدێکە بەستوویە لەگەڵ تۆ هەتا مردن لەسەر عەهد و وەفاتە ئەمن پیر بووم و عومرم زۆر نەماوە ئەتۆ خۆش بی سەر و قەلبم فیداتە ئەگەر بمرم لەسەر دنیاش نەمێنم بە دیدارت قەسەم ڕۆحم لە لاتە ++++++++++++++++++++++