شاعیر: مەستوورە کتێب: دیوانی مەستوورە سەرناو: گرفتارم بە نازی چاوەکانی مەستی فەتتانت گرفتارم بە نازی چاوەکانی مەستی فەتتانت بریندارم بە تیری سینەسووزی نێشی موژگانت بە تاڵی پەرچەمی ئەگریجەکانت غارەتت کردم دڵێکم بوو ئەویچیت خستە ناو چاهی زەنەخدانت بە قوربان، عاشقان ئەمڕۆ هەموو هاتوونە پابۆست منیش هاتم، بفەرموو بمکوژن، بمکەن بە قوربانت تەشەککور واجیبە بۆ من ئەگەر بمرم بە زەخمی تۆ بە شەرتێ کفنەکەم بدرووی بە تای زوڵفی پەرێشانت لە کوشتن گەردنت ئازا دەکەم خۆت بێیتە سەر قەبرم کە ڕۆژی جومعە بمنێژی لە لای نەعشی شەهیدانت کەسێ تۆ کوشتبێتت ڕۆژی مەحشەر زەحمەتی نادەن ئەگەر وەک من لە ئەم دونیایە سووتابێ لە هیجرانت هەمیشە سوژدەگاهم خاکی بەر دەرگانەکەی تۆیە ڕەقیب ڕووڕەش بێ چون ناڵێ بگا دەستم بە دامانت دڵم مەشکێنە چونکوو مەخزەنی دەرد و خەمی تۆیە فدای شەرت و وەفات بم چی بەسەر هات مەیلی جارانت ئەتۆ ئەمڕۆ لە موڵکی دڵبەریدا نادرەی دەهری بە ڕەسمی بەندەگی مەستوورە وا هاتۆتە دیوانت ++++++++++++++++++++++