شاعیر: پیرەمێرد کتێب: پەندەکانی پیرەمێرد سەرناو: فیرعەون کەوتە نیل وتی لە ترسا سەبارەت: پەندەکانی پیرەمێرد، ڕۆژنامه‌ی ژیان، ژماره‌ ٤٩١. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی فیرعەون کەوتە نیل وتی لە ترسا ئیمانم هێنا بە ڕەببی موسا "ئەبووتالیب"یش بە تەعنەی ژنان بە پێغەمبەری نەهێنا ئیمان ئەویان بۆ ژیان، ئەم عیززەتی نەفس بێ‌عیززەتی نەفس کەس نابێ بە کەس وەک کابرای کوردە شیریان نایە سەر "نووحی" گوت بەڵام نەیگوت پێغەمبەر لای هەندێ ماددەی نامووس بەتاڵە لە موودارادا وەک په‌شتە‌ماڵە لە قۆمیدیادا ئافتوری ماهیر هیچ فاڵسۆیێکی١ لێ نابێ زاهیر هەندێکیش فوو بای زوو دەردەکەوێ مایەپووچییان هەر بەر دەکەوێ نیسکی مۆریاس و هەرزنی ڕەنگاڵ بێ‌بەر و پشتن بۆ کەس نابنە ماڵ ئەوانە ڕاستیان چۆن دێتە سەر لێو دەم بە پێکەنین، دڵیان پڕ جنێو لەگەڵ یەک زاهیر دۆستی دەنوێنن خەرێکن ملی یەکتر بشکێنن هاکا لە ڕووی کار پەردە هەڵگیرا تەناف‌باز قۆڵی لە قەڵبە گیرا وەزیفەی گەورە زۆر پیاو گێژ ئەکا پیری شاعیریش فرە‌بێژ دەکا ١. فاڵسۆ: به زێڕ یان گه‌وهه‌ری ساخته ده‌وترێ. ++++++++++++++++++++++